::
ئیدریس سیوەیلی
ریشەی مێژوویی
ریشەی كاری ئەم حیزبە دەگەڕێتەوە بۆ رێكخستنەكانی ئیخوان موسلیمن، كە لە
پەنجاكان و شەستەكانی سەدی بیست لە ناوچە جۆربەجۆرەكانی باشووری كوردستان بە
شێوەیەكی لاواز بڵاوبویەوە، بەڵام لە (1971) بە فەرمی كاری ئیخوان لە عێراق
راگیرا، ئەم بڕیارە كاریگەری لەسەر كاری ئیخوان لە كوردستان هەبوو، وەكو ناوچەكانی
تری عێراق كاری ئەو رێكخستنە وەستا. بەڵام دوای چەند ساڵێك ژمارەیەك كادیری پێشوی ئیخوان
ئەو قەناعەتەیان لا دروست بوو كە جارێكی تر دەستبكەنەوە بەكار، بۆیە لە چەند شوێنی
جیاوازەوە بە ناوی ئیخوان كەوتنەوە جموجۆڵ، یەكێك لەو جموجوڵانە ساڵی (1980) بوو،
لە سەروبەندی دەستپێكردنی جەنگی عێراق- ئێران كۆبوونەوەیەك لە هەڵەبجە كرا، لە
كۆبوونەوەكەدا (سەلاحەددین موحەممەد، حەسەن شەمێرانی، ئیبراهیم ڕێشاوی، عەلی
موحەممەد، ... تاد) بەشداربوون، بیرۆكەی كۆبوونەوەكە لەلایەن سەلاحەددین
موحەممەدەوە پێشنیاز كرابوو، ناوبراو یەكێكە لە ئەندامە دێرینەكانی ئیخوان و هەر
خودی خۆشی سەرپەرشتی كۆبوونەوەكەی كرد.
لەو كۆبوونەوەدا، بڕیاردرا وەفدێك ڕەوانەی شارەكانی هەولێر و سلێمانی و
موسڵ بكرێت، تا دەربارەی دەستپێكردنی كار وتوێژ لەگەڵ ئەندامە دێرینەكانی ئیخوان
بكەن. چوونی ئەم وەفدە بۆ ئەو شارانە هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆی لێنەكەوتەوە و بە
هەڵایسانی جەنگی عێراق- ئێران زۆربەی گەنج بەرەو گوندەكان یاخود ئێران هەڵاتن تا
خۆیان لە ئاگری شەڕ بپارێزن، سەلاحەددین موحەممەد یەكێك بوو لەو هەڵاتوانە و
بەرەو ئێران ڕۆیشت، بەمەش ئەنجامی كۆبوونەوە و چاوپێكەوتنەكانی بێ ئاكام بوو.
هەوڵدان بۆ دروستكردنی حیزب
لە ماوەی دوو ساڵی یەكەمی شەڕی عێراق- ئێران ژمارەیەك ئەندامی دێرینی
ئیخوان و كەسایەتی ئیسلامیی ئاوارەی ئێران بوون، دوای كۆمەڵێك چاوپێكەوتن و
ڕاگۆڕینەوە لە (مایسی 1982) نزیكەی (15- 20) كەس لە ئوتێلی (ئەلوەندرود) لە تاران
كۆبوونەوەیەكیان كرد، لەوانە: (سەلاحەددین موحەممەد، شێخ عەبدوڕڕەحمان ئازادی،
فاتیح كرێكار، عەلی موحەممەد، حەسەن شەمێرانی، بورهان موحەممەد ئەمین، موحەممەد
حەسەن، دارا، ئەبو حەمید، ئەبو داود، رازی) ، دوای وتوێژ و ڕاگۆڕینەوە پێكهاتن
لەسەر ئەوەی حیزبێك بە ناوی (كۆمەڵەی ئەنساری ئیسلامیی) وەكو ڕوكارێك بۆ كاری
ئیخوان دروست بكەن، بەڵام ئەمە سەرینەگرت و پاش ماوەیەك لێكترازان و بڵاوبوونەوە.
سەلاحەددین موحەممەد كەوتەوە كاری ڕێكخستن و توانی لەناو ئاوارەكاندا
ڕێكخستنی ئیخوان دابمەزرێنێ و كەوتە كار و چالاكی پەروەردەیی و وێڕای دەركردنی
گۆڤارێك بەناوی (نداء الغریب)، چەند بڵاوكراوەیەكی ناوخۆیشیان دەركرد، بەم شێوەیە
لە كار و چالاكی بەردەوام بوون تا ساڵی (1985) سەلاحەددین موحەممەد لە سەردانێكی
بۆ ئیماراتی عەرەبی چاوی بە چەند سەركردەیەكی ئیخوانی عێراق كەوت و بە ڕەسمی
مۆڵەتی كاركردنی لێوەرگرتن و بوو بە بەرپرسی یەكەمی كاری ئیخوان لە ئێران.
یەكگرتنەوەی باڵەكانی ئیخوان
لە لایەكی ترەوە، ساڵی (1979) سدیق عەبدولعەزیز لە هەڵەبجە بە ناوی
ئیخوانەوە كەوتەوە چالاكی و رێكخستنی دروستكرد، لە ناوەڕاستی هەشتاكان لەگەڵ
رێكخستنێكی تری ئیخوان كە لە ناوەڕاستی عێراق چالاكیان دەستپێكردبوو یەكیانگرت،
بەڵام هەرزوو رێكخستنەكە ئاشكرابوو، ژمارەیەك ئەندامیان گیرا و ژمارەیكی تریش
لەگەل سدیق عەبدولعەزیز هەڵاتن بۆ ئێران، دوای ماوەیەك لێكترازان و كار و چالاكی
نواندن لە ئاوارەیدا، جارێكی تر لە (9/11/1988) لە وڵاتی ئێران هەردوو باڵی ئیخوان
سدیق عەبدولعەزیز و سەلاحەددین موحەممەد ڕێكەوتنیان ئیمزا كرد، بەمەش كاری
ئیخوان تێكەڵكرا و ئیتر پێكەوە لە كار و چالاكی پەروەردەیی و ڕێكخراوەیی و
خێرخوازی بەردەوام بوون تا ڕاپەڕینی (ئازاری 1991) و گەڕانەوەیان بۆ كوردستانی
عێراق.
راگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
دوای راپەڕینی (ئازاری 1991) جارێكی تر رێكخستنی ئیخوان لێكترازا و هەر
یەكە لە هێڵی سدیق عەبدولعەزیز و سەلاحەددین موحەممەد بە جیا كەوتنە نواندنی
چالاكیی.
سەرئەنجام هەریەكەیان بە ئاراستەیەكدا رۆیشتن، سدیق عەبدولعەزیز و هاوكارانی
دەستبەرداری بیری ئیخوان بوون و حیزبێكیان بەناوی (بزووتنەوەی راپەڕینی ئیسلامیی) لە (1992) دامەزراند، بەڵام باڵی سەلاحەددین
موحەممەد لەگەل هاوكارانی لە (6/2/1994) حیزبێكیان بە ناوی (یەكگرتووی ئیسلامیی
كوردستان) بە ئەمینداری سەلاحەددین موحەممەد ڕاگەیاند، ئەم حیزبە دروشمی (ئیسلاح و
میانەڕەوی) بەرزكردەوە، تا ئێستاش لەسەر هەمان ڕەوت بەردەوامە و بە نوێنەر و
ڕووكاری ئیخوان لە هەرێمی كوردستان ناسراون.
ئەم حیزبە، دوای ڕاگەیاندنی بەشێوەیەكی بەرفراوانتر لە پارتە ئیسلامییەكانی
دیكە لە كار و چالاكیدا بوو، تا وای لێهات لە ڕووی جەماوەریەوە لە قۆناغێكدا بووە
سێیەمین پارتی كوردستان لە دوای هەردوو پارتی دەسەڵاتدار (یەكێتیی نیشتمانیی
كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان)، دەبێت ئەوەش بەهەند بگرین كە كاری خێرخوازی
ئەم حیزبە كە لە ڕێگەی ڕێكخراوە خێرخوازیە ئیسلامییەكانەوە بەڕێوەدەچوو ڕۆڵی
بەرچاوی بینی لە فراوانیوونی بنكەی جەماوەری ئەم حیزبە، هەروەها توانیان لە زۆربەی
شار و شارۆچكەكانی كوردستان بنكە و بارەگا دابنێن.
یەكگرتووی ئیسلامیی، بۆ یەكەمجار لە كابینەی سێیەمی حكومەتی هەرێمی
كوردستان (ئیدارەی هەولێر) كە لە ساڵی (1996) پارتی دیموكراتی كوردستان پێكیهێنا
بە وەزیری هەرێم بەشداری كرد و لە كابینەی چوارەمیش بە وەزیری داد بەشدار بوون.
ئەم حیزبە لە دوای ڕاگەیاندنیەوە كاری سیاسیی و ڕێكخراوەیی دەكات، دوای
ڕووخانی حكومەتی بەعس سەلاحەددین موحەممەد بووە ئەندامی ئەنجومەنی حوكم و بەشداری
سەرجەم هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستانیان كردە، لە (2005-2018) لە چەند
كابینەیەكی حكومەت بەشداربوون، هەندێكجاریش وەكو ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان ماونەتەوە.
یەكگرتوو تا ساڵی (2016) حەوت
كۆنگرەی بەستووە، جگە لە كۆنگرەی شەشەم لە سەرجەم ئەو كۆنگرانە سەحەددین موحەممەد
بوەتەوە ئەمینداری گشتیی ئەو حیزبە، بەڵام لە كۆنگرەی شەشەم لە (2012) خۆی كاندید
نەكرد و موحەممەد فەرەج بووە ئەمیندار، بەڵام لە كۆنگرەی حەوت لە (2016) جارێكی تر
بوەوە ئەمینداری یەكگرتوو.
لە ئێستادا (2018) یەكگرتوی ئیسلامیی لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی
كوردستان بنكە و بارەگای هەیە، بە شێوازی جۆراوجۆر چالاكیی ئەنجام دەدات، لەوانە:
سیاسیی، ئایینی، راگەیاندن، خێرخوازی.
#
یەکگرتوو
#
ئیخوان موسلمین