::
ئارام مەحمود ئەحمەد
بە پێچەوانەی ئەوەی حزبە ئیسلامییەکان بە تایبەتی
سەركردایەتیی بزووتنەوە و یەکگرتووی ئیسلامی کە هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکانیان بۆ
ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا دەگێڕنەوە، بەڵام بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
لە هەرێمی کوردستان هۆکارەکەی بۆ نەبوونی هەڵوێستی ئەو لایەنانە لە کاتە هەستیارەکاندا
دەگێڕنەوە و پێیانوایە بزووتنەوە و یەکگرتووی ئیسلامی نەیانتوانیوە لە ئاستی بەرپرسیارێتی
قۆناغەکەدا بن.
یەکگرتووی ئیسلامی: جەماوەرەکەی سزای دا
لەو کۆمێنتانەی کە لەسەر لاپەڕەی تایبەتی سەڵاحەدین
بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی نوسراون، هەڵوێستی جەماوەر دەردەکەوێت کە
بۆچی یەکگرتوو دەنگی کەم هێناوە و (عەبدولڕەحمان محەمەد) نوسیویەتی "خۆی ئەم ئەنجامەی
ئێوە زۆر چاوەڕوان کراو بوو، ئەوە چاوەڕوان نەکراوە کە ئێوە بڵێن ئەنجامەکان چاوەڕوان
نەکراون".
بە وتەی (فەرهاد عوسمان خۆشناو)یش "هەموو
هەڵەیەک باجی هەیە ئێوەش باجی هەڵەی خۆتان دا خەڵک ووتی بۆچی دەنگ بدەم بە یەکگرتوو
تا پاشان بیفرۆشێتەوە بە حزبێکی تر".
(زانا تەحسین)
پێیوایە ئامانجی کۆتایی یەکگرتوو وەک ئامانجەکانی سەرەتای دروستبوونی نییە و لە ئێستادا
ئامانجی "وەرگرتنی پلە و پۆست بوو لەحکومەت و پشتکردن بوو لە داوا ڕەواکانی خەڵک،
بە ئاشکرا لە کۆڕەکان دەتانگوت کورسی واتا داهات داهاتیش وا لەحزب دەکات بەدەوام بێت
." (محەمەد عەبدولقادر) نوسیویەتی "دەبێ قبوڵی بکەن، چونکە هەڵوێست و کارەکانتان
دیاره."
(دلۆڤان
ئیبراهیم) نوسیویەتی: "پێداچوونەوەی سەرتاسەری بكەن و كۆنگرەی بەپەلەش ئەنجام
بدەن. چوون به فعلی شكستتان هێنا." (شەیما عەبدوڵا) دەڵێت، کە لای جەماوەری خوارەوە
کەمبوونەوەی دەنگی یەکگرتووی ئیسلامی چاوەڕوان کراوبووە، بەڵام لای بەرپرسەکان
"کە هەر لە بارەگاکان دادەنیشن و نێکەڵاوی خەڵک نابن و لەم ساڵانەی دواییدا بۆ
پاراستنی بەرژەوەندی چەند کەسێک لاتان دا، ئەو کەسانەش حزبیان فریودا هیوادارین هەستی
پێ بکەن و باوەڕ بکەن هەر نەڵێن وانییە وانییە." (فاروق زۆراب حسێن) نوسیویەتی
"تا بەردەوام بن لەسەر ئەم سیاسه تە پێشکەوتن بە خۆتانەوه نابینن پێویست به بەخۆدا
چوونەوه دەکات"، (هێرش مەحمود)یش هەمان ڕای هەیە و پێیوایە "ئەنجامی هەڵبژاردن،
بەرئەنجامی بڕیار و ئیزدیواجێتی خۆتان بوو لەماوەی ئەم چوارساڵەی ڕابردوو."
ژمارەیەکی تر لە بەکاربەران هۆکارەکەی دەگێڕنەوە
بۆ نزیکی لە پارتی داد و گەشەپێدان لە تورکیا، (هاوتا مەحمود) ئاماژەی بەوە کردووە،
کە "ئەو کاتە بەهێز دەبن، نەبنە گۆچانی دەستی ئەردۆگان و واز لەجێبەجێکردنی بەرنامەی
تورکی فاشیست بێنن."
(سدیق ئەوڕەحمان)
سەرکردایەتی حزبەکە بە هۆکاری شکست دەزانێت و نوسیویەتی "ئەو مۆتەکەیەی کەناوی
سەرکردایەتییە و لەکۆڵ ئەم حزبە نابێتەوە دوورخەنەوە، ئەوکات ھەڵوێست و ئەدای حزب باش
دەبێت و دەنگیشتان زیاد دەکا. ئیتر پێویست بەبیانوو ھێنانەوە ناکات". (شکور محەمەد)
بەکارهێنەرێکی تر دەپرسێت "بۆچى ناوى قەوارەكەتان ناوێكى كوردى نەبوو."
هەروەها لە کۆمەڵێک کۆمێنتدا کە لەسەر پەیامێکی
ئەبوبەکر هەڵەدنی پەرلەمانتاری یەکگرتوو كە لەژێر ناوی (داوای لێبوردن لە جەماوەری
یەکگرتوو دەکەین) نووسراوە، (هیوا عەلی) دەپرسێت "داوای لێبوردن دوای چی؟ ڕێکخستنەکانتان
زۆریان هاوار کرد زۆر بێباکانە و زۆر بێمنەتانە گوێتان بۆ نەدەگرتن. هەرچی ئەوترا ئەتانوت
حیکمەتی سەرکردایەتیە.هەموو حیکمەتی سەرکردایەتی 40 دەنگ زیاتر ناکات ئەگەر گەرموگوڕی
هەوڵ و ماندوبونی ڕێکخستن نەبێت ." (ئەحمەد حسێن)یش نوسیویەتی "دەستخۆش مامۆستا
هەڵەکانتان ئەوەندەزۆربوو شایەنی سزادانن لە هەڵوێستی پارێزگای سلێمانیدا و لە دابەشبونتان
لە پەرلەمان ئەو ڕۆژەتان گەیاند بەم ڕۆژە و پاساوی بێ بنەماتان دەهێنایەوە ئەوکات هەڵوێستی
جدی و بوێرانە و پاشکۆیەتیتان هەڵنەبژاردایە ئێوە شایەنی حکومڕانی بوون نەک ئاوا جەماوەرەکەتان
سزاتان بدات."
(حاجى سالار)
ئاماژەی بەوە کردووە کە "لە بری بیانووی ساختەكاری، پێموایە كاتی هاتووە ئەمیندار
و سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی چۆڵی بكەن بۆ گەنجەكان با ئەزمونی نوێ تاقی بكرێتەوە.
حەقه سەرکردایەتی یەکگرتوو ئستیقاله بکات داوای لێبوردن له جەماوەرەکەی بکات."
(شێنێ جەبار) نوسیویەتی "ئەگەر ئێوە حزبێكی باش بوونایە، نە دەسەڵات دەیتوانی
كەس لە ئێوە بكات، نە 42% ەكەش دڵیدەهات ئێوە بایكۆت بكات، كەمی دەنگتان هیچ نییە جگە
لە شكستی سیاسیتان."
پێشمەرگە دێرینەکانی بزووتنەوە دەنگ دەدەن
بە کۆمەڵی ئیسلامی
ئەو کۆمێنتانەی کە لە سەر لاپەڕەی تایبەتی
بەرپرسانی بزووتنەوەی ئیسلامی نوسراوە، هەمان کێشەی ناوخۆی حزبەکە وەک هۆکاری کەمبوونەوەی
ژمارەی دەنگەکانی ئەو حزبە لێکدراوەتەوە و ژمارەیەکیش لە بەکاربەران هاوپەیمانی لەگەڵ
یەکگرتوو بە هۆکاری شکستەکە دەزانن. هەروەک (رێبوار ئازاد) لەسەر پەیامێکی (سەرباز
محەمەد) کەسایەتی دیاری بزووتنەوەی ئیسلامی لە هەولێر نوسیویەتی "حزبە ئیسلامییەکان
خۆیان لاوازن، ئەو دەنگانەی دەشیهێنن خەڵك لە ڕێی خوا پێیان دەدا و حیساب بۆ قیامەتی
خۆی دەکات ئەگینا هەموو حزبە ئیسلامیەکانی کوردستان بەردێکیان پێ لانابردرێ لە ساحەی
کوردستان، لە لوتکەی زەعیفی و بێ بەرنامەیی دان."
(ڕەسوڵ
کوردی) دەپرسێت "ئەوا 100 ساڵە کۆتا دەوڵەتی ئیسلامی ڕوخێنرا و ئەو هەموو وڵاتەی
لێوە دروستکرا، بۆچی لە هیچ وڵاتێک لەم وڵاتانە کە زۆرینەی دانیشتوانی موسڵمانن نەتوانرا
بە دەنگدان دەوڵەتێکی ئیسلامی دروست بکەن کە حوکمی خوا جێبەجێبکەن؟" باوکی ئەنەس
پێیوایە "ئیسلامیە کان زۆرلاوازن بەدەنگێک و دوو دەنگ ڕاست نابنەوە، دەبێت خۆیان
خۆیان ڕاستکەنەوە." (گۆران نووری) نوسیویەتی "حزبایەتی چۆن وا دەبێت کۆمەڵێک
هەلپەرست دەوری ئەم حزبەی داوە و نایەڵێت کاری خۆی بکات. چ لە مەکتەبی ڕابەر چ لە دەزگاکاتی
تر هەموویان خۆڵ دەکەنە چاوی بەرپرسەکان، تاکەی ئەمە چاک ناکەن بۆ قبوڵی ئەم شکستەی
بزووتنەوە دەکەن؟"
(ئارام
ناسر) و ژمارەیەکی تر لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لە کۆمێنتەکانیانەوە
وادەردەکەوێت ئەندامی بزووتنەوە بن، پێیانوایە کە پێشمەرگە کۆنەکانی بزووتنەوە دەنگ
بە حزبەکەیان نادەن و دەنگ دەدەن بە کۆمەڵی ئیسلامی و نوسیویانە "هەرچی پێشمەرگەی
کۆنی بزووتنەوە هەیە گشتی دەنگی داوەتە کۆمەڵ و مەڵبەندەکانیش خەوتون. من پێشمەرگەی
کۆنی بزووتنەوە دەزانم دەنگی داوەتە گۆڕان" (سەڵاحەدین)یش نویسیویەتی "کاک
ئارام ڕاست دەکات منیش خانەنشینتان بۆ دێنم بە بەڵگەوە دەنگیان داوەتە کۆمەڵ و گۆڕان."
کۆمەڵێک کۆمێنتی تر لەسەر پەیامێکی (مونیرە
عەبدولعەزیز) کچی (مەلا عەلی عەبدولعەزیز) خوشكی ڕابەری ئێستای بزووتنەوە نوسراون و
ئاماژەن بە هەمان ئەم ڕەخنانەی سەرەوە و (ئەمین خواڕەحم) نوسیویەتی "زۆردەمێکە
هاواردەکەین بەگوێمان ناکرێت سوێند بە الله چاک سازی نەکەن بۆنیشمان نامێنێ."
(حاجی ئەیوب) ڕەخنە لە خانەنشینانی بزووتنەوە دەگرێت کە نەچوون بۆ دەنگدان و نوسیویەتی
"چووم بۆ ماڵی خانەنشینێکی بزووتنەوه پرسیارم له خێزان و منداڵەکانی کرد، وتم
دەنگتان به ژماره چەندی کاندیدەکانی بزووتنەوه داوه؟ وتیان والله هیچمان نەچووین بۆ
دەنگدان."
(کۆسەڵان
عەبدولکەریم) پێیوایە بزووتنەوە جەماوەری هەیە بەڵام سەرکردەی نییە و نوسیویەتی
"هەندێک لەو دەموچاوانەی زیادەن با لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی دووربکەونەوە،
چونکە هیچیان پێناکرێت." (مەلا ساڵح) داوا دەکات گەندەڵەکانی ناو حزبەکە لە پلە
و پۆست دووربخرێنەوە و کەسی شیاو بخرێتە شوێنی شیاو. هەروەک (عەبدوڵا عەلی)ش ئاماژەی
پێداوە "هەرکاتێک کەسانێکی نەشیاو ببرێنە ئەو شوێنانەوە بەدڵنیاوە بانگەوازی ئیسلامی
توشی شکست دەبێت،هەرکاتێک مەسڵەحەتی دنیایی وخزم خزمێنە کەوتە پێش بەرژەوەندی موسڵمانانەوە
دەعوە توشی شکست دەبێت."
هەروەها کامیل مەحمود وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی
و یەکێک لە کاندیدەکانی ئەو حزبە بۆ پەڕلەمانی کوردستان لە پەیامێکیدا بە ناوی (سوپاس
و ڕوونکردنەوە) ڕەخنەی توندی لە حزبەکەی گرتووە و پێیوایە "سەركردایەتى بزووتنەوەى
ئیسلامى لەبەردەم دوو خیاردایە: كۆتاییهێنان بەژیانى سیاسى بزووتنەوەى ئیسلامى، یان
كۆتاییهێنان بەو فەوزاو بێسەروبەرى و ئەدا ناڕێكخراوەییەى چەندین ساڵە درێژەى پێ دەدرێت
و حزبەكەى كردووەتە گۆمێكى لێڵ و كۆمەڵێك خەڵكى بەرژەوەندچى و هەلپەرست و ماستاوچى
مەلەى تیادا دەكەن.."
کۆمەڵێك لە بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی
فەیسبووک کۆمێنتی خۆیان لەسەر ئەم پەیام و شکستەی بزووتنەوەی ئیسلامی هەیە، لە ناویاندا
(فازیل قەرەداغی) نووسەری ئیسلامیی نوسیویەتی "بزووتنەوە ئەوەی بۆ دەمێنێتەوە
كە لە هەڵەبجە دەنگەكانی لیستەكەی بەرز كردەوە ئەگینا ئەوەندەشی نەدەهێنا، بەڵگەش ناوچەكانی
ترە. دەمێكە گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتەی كە ئیسلامییەكان هاوكاریی یەكتر بكەن، بەڵام
ئیشەكانیان تێكەڵ نەكەن چونكە بەداخەوە ئیسلامییەكانیش هەیانە حسابی وەكو عەلمانییەكان
دەكەن. لیستی ئیسلامی دەرگا دەكاتەوە بۆ قسەی ناهەق وەك ئەوەی لایەك سەركەوتن بە هی
خۆی دەزانێت و منەت بەسەر لاكانی تر بكات لەكاتی شكستیش دەیخاتە پاڵ لاكانی تر."
(هێمن ئەحمەد)
نوسیویەتی "زۆرم پێ سەیرە ئێوەش ڕەخنە لە ئەدای حزبەکەتان دەگرن، ئێوە خۆتان جێگای
ڕەخنەن نەک ڕەخنە بگرن، هەموو ئەو کێشانەی لە ئیدارەدانی حزبەکەتانا هەیە هەمووتان
(مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی) بەرپرسیارن. تکایە با واز لەو کردارە بێنین خۆمان بکەینە
خاوەنی سەرکەوتنەکان و شکستەکانیش بە جێبهێڵین بۆ خەڵکی تر." (سەربەست لوقمان
شەمێرانی) پێیوایە "ئەگەر وایە بزووتنەوە بەدەستی کەسانی هەلپەرستەوەیە چۆن داوا
دەکەن خەڵکی دەنگ بدات بەحزبێک کە خەڵکی هەلپەرستی تێدایە و خوداپەرستەکان پەراوێز
خراون! ئەمە چ سیاسەتێکە؟"
(بەهەشت
کەیوانی) سەری سوڕماوە و نوسیویەتی "من تێناگەم هەمووی گلەیی هەیە، کادرێک گلەیی
هەیە، پۆلیسێک گلەیی هەیە، ئەندام مەڵبەندێک گلەیی هەیە،سەرکردایەتی گلەیی هەیە، ئەی
کەواتە ئەم گلەییانە لە کێ دەکرێت؟ دەبیت کێ بەخۆیدا بچێتەوە؟" (جیهاد مەحمود)
ئومێدێک بەدیناکات بۆ باشبوونی بزووتنەوە و نوسیویەتی "دەستتان بە ڕابەر ناگات
ئەم قسانەی پێبڵێن، تازاە درەنگە پێموابێت و تاکە چارەسەر کۆتایی هێنانە بە بزووتنەوە
و هەڵوەشاندنەوەیەتی. هەرگیز ئومێدی باشبونی لێناکرێت." (ئیبراهیم زمناکۆیی) لە
(کامیل مەحمود) دەپرسێت "جەنابتان بەو شێوەیە باسی بزووتنەوە بکەن کەسانی دیکە
چۆن بن؟ بەڕاستی شکست زۆر ناخۆشە، بەڵام لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەیە ئێوە همووتان دەتانەوێت
لەژێر ئەو بەرپرسیارێتیە خۆتان قوتار بکەن."
(شەهرام
عەلی) داوای دەستلەکارکێشانەوەی ڕابەری بزووتنەوە دەکات و ئاماژەی بەوە کردووە، کە
"پێش هەر ڕێگەچارەیەک فشارخستنەسەر ڕابەری گشتی ئێستایە دەست لە کار بکێشێتەوە
پاشان ئەو نەخوێندەوارە سیاسیانەی کە بونەتە بار بەسەر ئەم بزووتنەوەیەوە." (دانا
ئەحمەد) ڕەخنەی لە بەرپرسەکانی بزووتنەوە گرتووە و نوسیویەتی "قیادەیەکی بێ منەت
کە خۆیان بەلێهاتوو دەزانن، بەڵام بەداخەوە الف بێی سیاسی نازانن، چوارساڵی بێ هەڵوێست،
بەڵام بۆپڕکردنی باخەڵ، چوارساڵ عاجز کردنی ئەندامە دڵسۆزەکانی بزووتنەوە، چوارساڵ
بۆجە نابیان و ڕۆژێک و چ ند ساتێک بۆ ئێمە."
(حەسەن
ئەحمەد) بەڵام بۆچوونێکی تری هەیە و پێیوایە هاوپەیمانی بزووتنەوە لەگەڵ یەکگرتوو وایکرد
دەنگەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی کەم ببنەوە و نوسیویەتی "لەگەڵ یەکگرتوودا نەبوونایە
زیاد لە کورسییەکتان دەهێنا، چونکە خەڵکی کوردستان عاجزە لە هەڵوێستەکانی یەکگرتوو."
ناوبراو هاوپەیمانی بزووتنەوە و کۆمەڵی پێباشترە و ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئەگەر
هاوپەیمانیتان لەگەڵ کۆمەڵ بکردایە لانی کەم 3 کورسی پەرلەمانتان دەبوو. ئێوە سیاسەت
و بیرکردنەوەتان لەکۆمەڵەوە نزیکە تا یەکگرتوو. ببورە ڕاشکاوانە پێت دەڵێم بزووتنەوە
وەک پاشکۆی یەکگرتوو دەرکەوت." (ئەبوبەکر حەسەن گەڵاڵەیی) کە وەک لە کۆمێنتەکەیدا
دەردەکەوێت کاندیدی یەکگرتوو بووە، ڕەخنەی لە (کامیل مەحمود) گرتووە و نوسیویەتی
"کاک کامیل تۆ کاندیدی بزووتنەوە بووی منیش کاندیدی یەکگرتوو بۆ گلەیی لە یەکگرتوو
و دروستبوونی هاوپەیمانی بەرەو ئیسلاح دەگریت؟ ئەی بۆ گلەیی لە ڕێکخستن و ئەو سێ هەزار
خانەنشینەی خۆتان و سەدان پۆلیس و هەزاران ئەندامەی خۆتان ناگریت بۆ دەنگی بە ئێوەی
کاندیدی بزووتنەوە نەدا؟ دەنگی کاندیدەکانتان کۆبکەنەوە ژمارەکەی دیارە؟ دەبێت هەڵوێستەی
جدی لەسەر بکەن بۆ دەنگیان نەدا بەبەرەی ئیسلاح؟"
س: رۆژنامەی ئاژانس
#
یەکگرتوو
#
بزوتنەوە
#
ئیسلامی سیاسی