سەید قوتب، نووسینەکانى چۆن کاریگەریان لەسەر دروستبونى ڕەوتە جیهادیەکان هەبوو؟

19/11/2018

:: شاناز هيرانى

 


دواى دە ساڵ زیندانیکردن و پاشان ئازادکردنى لەساڵى 1964. تەنیا دواى یەک ساڵ، سەید قوتب کتێبێكى لەژێر ناونیشانى (معالم فی الطریق) بڵاوکردەوە، دواتریش لە بیست و نۆى ئاپى ساڵى 1966 لەسێدارە درا.


ئەو دیمەنانەى یەک لەدواى یەک هەن و پێویستە خوێنەر قوڵتر بیانخوێنێتەوە تا رۆبچێتە ناخى سەید قوتبەوە، بەتایبەتى لەبارەى پەروەردەبونى و فیکر و کاریگەریەکانى، کە بەجۆرێکى یەکجار بەرچاو دریژبۆتەوە و وایکردوە واقعێکى جیاوازى دروست بکات و دواجار بیخاتە بەردەم پەتى سێدارە. دواجاریش بیرۆکەکانى ببنە میراتێک بۆ ئەوانەى دواى خۆى و ببنە بەشێکیش لەو واقیعەى ئێستا تێیدا دەژین.


سەید قوتب پیاوێکى ئاینى نەبوو بە مانا تەقلیدیەکەى، چونکە فێربونێکى مەدەنیانەى هەبووە نەک ئەزهەریانە. دەرچووى کۆلیژى زانستەکان بوو. هەر ئەمەش وایلێکرد چاکەت و پانتۆڵ بپۆشێت نەک عەمامە. قوتب یەکێک بوو لە نوخبە ڕۆشنبیرەکانى رۆژگارى خۆى، گەشتى کردبوو بۆ ئەمەریکا پاش وەرگرتنى بەخشینێکى (منحة) خوێندن، کە هەندێک لە کەسە دیارەکانى میسر یارمەتیاندا تا بەدەستى بهێنێت، لەوانەش مێژوونووسى میسرى محەمەد شەفیق غربال. ئەو دۆخە وایکرد سەید بەتەواوى ئاشناى ڕۆشنبیرانى ئەوروپى و شەریعەتیش بێت بەیەکەوە. ئەمەش دوورە لەو پێناسەیەى کە پیاوانى ئاینى پێى دەناسرێن، بەو پێیەى دووردەکەنەوە لە ژیانى گشتى و سەرجەم مەسەلەکانى ترى دونیا. بەم بیرکردنەوە و ئاگایەوە سەید قوتب هەلێکى بۆ رەخسا ئاشنا ببێت بە فەلسەفەى رۆژئاوایى.


سەربارى پێکهاتە رۆشنبیریەکەى، کەچى کتێبەکانى، کە بریتى بوون لەو بیرۆکانەى لەبارەى ئیسلام و تێگەیشتنەکانى هەبوون، یەکجار زۆر بەربڵاوبون لەنێو ناوەندەکانى (گەنجانى ئیسلامى) لە حەفتا و هەشتاکانى سەدەى رابردوو(1). هەرچەندە سەید بە کەسێکى رۆشنبیر و رەخنەگر، پاشان رۆشنبیرێکى خەباتگێڕ لەپێناو دادپەروەرى کۆمەڵایەتى ناسرابوو، کەچى لە هەمان کات وەک تیۆرسێن و وەک بیرمەندێکى ئیسلامى ناوى ڕۆیشتبوو. ئەوەى کە زیاتریش ئەو دیمەنە نزیکتر دەکاتەوە، هاتنى ناوى ئەو بوو لە سەرووى لیستى تیۆرسێنەکانى جیهادى هاوچەرخ. بۆیە وەک دەبینین هەر کاتێک ناوى گروپە جیهادییەکانى عەرەبى دێت یەکسەر بە ناوى سەید ئەبەسترێنەوە، هەر لە شوکرى مستەفا و سالح سریە و عەبدوڵڵا عەزان و عەبود ئەلزومەر تا دەگاتە ئەیمەن زەواهیرى، سەید هەمیشە ئامادەبوێکى نا ئامادەبوو بووە لە کار و کردەوە و بیرى ئەو کەسانەدا(2). هەر ئەوەش بوو وایکرد سەید تۆمەتبار بکرێت بەوەى، کە بیرۆکە و نووسینەکانى، جگە لە هەڵوێستەکانیشى، لە پشتەوەى دامەزراندنى نەوەى جیهادیەکان بێت لە شەست و حەفتاکان. تا ئەو رادەیەى تەنیا ناوى (سەید قوتب) خۆى لەخۆیدا تۆمەتێک بێت. چونکە زۆربەى جار  لە ناوەندى توێژنەوەکانى رۆژئاویدا قوتب ناوى دەبەسترایەوە بە تیرۆرەوە، تەنانەت لە ژمارەیەکى زۆرى وڵاتانى رۆژئاوا کـتێبەکانى قەدەغە کراون(3).


سەید قوتب لەناو کۆمەڵگەى میسریدا، یەکەمجار بە یەکێک لە نوخبەى رۆشنبیر وەک ئەدیب و رەخنەگر ناسرا، هەروەها تاکێکیش لە تاکەکانى قوتابخانەى ئەبولو*، کە پەیوەندی بە نووسەر عەباس مەحمود عەقاد ــ ەوە هەبوو. قوتب پەیوەندییەکى پتەوى بە ئەدیب و کەسە دیارەکانى سەردەمى خۆى هەبوو. سەلاح خالیدى دەڵێت: (ئەو ئەدیبانەى سەید پەیوەندییەکى باشى لەگەڵیان هەبووە: تەها حسێن، ئەحمەد حەسن زیات، عەبدولقادر حەمزە، ئەحمەد زەکى پاشا، تۆفیق حەکیم و عەلى تەنتاوى، نەجیب مەحفوز و یەحیا حەقى و چەندى تریش(4). بەڵام ناوو ناوبانگى سەید پاش لەسێدارەدانى هات، چونکە گەنجان بەشێوەیەکى فراوانتر قوتبیان ناسى و کتێبەکانیشى گەیشتە دەست سەرجەم چین و توێژە جیاجیاکان، بۆیە بوونە پڕفرۆشترین کتێب.


بەڵام ئەو کتێبانەى وەک رەخنەگر و ئەدیبێک بڵاویکردبوونەوە زۆر پێشوازیان لێنەکرا لەلایەن ئیسلامییەکان. وەک: رۆمانى (اشواک). هەروەها زۆر گرنگیان نەدا بە سەربوردەى ژیانى لە کتێبەکەى بەناوى (طفل من القریة) و لەگەڵ (الاطیاف الاربعة)، کە باس لە ژیانى خۆى و خوشک و براکانى دەکات. جەماوەرى ئیسلامى سەید و پەیوەندیەکانى بە کەسە دیارەکانى ئەدەب بەرێگەى کتێبەکەى (کتب وشخصیات) نەدەناسى، کە تێیدا گوڵچنێکى لەسەر ئەدیبەکانى سەردەمى خۆى کردووە، وەک تەها حسێن و عەبدولحەمید جودە سەحار.


بەم شێوەیە لاپەڕەکەى سەید قوتب وەک ئەدیبێک لاى ئیسلامیەکان هەڵدرایەوە، بەتایبەتى ئەوانەى تا ئەمڕۆش ناوى سەیدیان هەڵگرتووە و یەکەمجار لە گرتوخانەکانى ناسریە لە نزیکەوە ناسویانە. بۆیە شانازیان بە قوتب وەک بیرمەندێکى ئیسلامى (صاحب الظلال) دەکرد، نەک وەک قوتبى رەخنەگر و ئەدیب. ئەو گەنجانە چەندین نازناوى تریان بۆ سەید دانا، کە هەمویان پەیوەندیان بەو هێڵانەوە هەبوو، کە ئاماژە بە ئیسلام دەکات بە شێوەیەکى راشکاوانە یان بەشێوەی ناوەرۆکى. دەستپێکیش لە (المستقبل لهذا الدین) و (هذا الدين) تا دەگاتە (خصائص ومقومات التصور الاسلامى) و (نحو مجتمع إسلامى) و دواجاریش گەیشتە (فی ظلال القران) و (معالم فی الطریق).


ئەو بەروێنە و خۆڕاگریە زۆر بەروونى رەنگ دەدەنەوە کاتێک وێناکردنەکانى خۆى لەبارەى تێگەیشتنى ئیسلامیەت و تێڕوانینەکانى بۆ کۆمەڵگەى کوفر و بیروباوەڕ دادەرێژێت. محەمەد حامد ئەحمەرى لەو بارەیەوە دەڵێت: سەید قوتب قەڵەمێکى ئەدیبانە بوو، باوەڕى زۆریشى بەو بیروباوەڕە هەبوو کە خۆى تەبەناى کردبوو(5).


ئەو تێکەڵیەى پێشتر باسمان کرد، وا دەکات زمانى ئاینى قوتب، بە سادەیى بیرۆكە جیا بکرێتەوە، کە كاریگەرییەكی بەهێز لەسەر دڵ و دەرونى خوێنەر دروست دەكات. ئەمە زۆر بە ڕوونى لە نووسینەکانى سەیدا دەبینرێن. ئەو، خۆى فەقیهـ نەبوو تا بەدواى وردەکاریەکانى فیقهدا بگەڕێت لە نووسینەکانى، هیچ کاتێکیش ئەو دەستەواژانەی بەكارنەدەهێنا، بۆیە بە زمانى ئەشعەرى و غەزالى و ئیبن تەمیمە نەینووسیوە. لە چوارچێوەى رەخنەگرتنیشى لە جیهانگیرى، خۆى بە فەیلەسوفێک نیشان نەداوە  کە زمانى هیدگر و سارتەر و نیچە بەکار بهێنێت، بەڵکو بە زمانێکى تایبەت بە خۆى دەینووسى و بێوچان هەوڵى دەدا بۆ دووبارە ناساندنەوەى رۆڵى دین لە ژیاندا.


ئەو بارە فیکریە بە لق و پۆپەکانیەوە، وا دەکات دەستەواژەکانى سەید بەرهەمێکیان هەبێ کە هەمیشە مایەى مشتومڕن. بۆ ئەوەى ئەدیب و شاعیر و فوقەهاکان و رۆشنبیرانیش بە یەکەوە لە پێشبڕکێ دابن بۆ شرۆڤەکردنى. هەریەکەش بە شێوەیەک لێى تێبگات، چونکە (الجماعة المؤمنة) و (المجتمع الجاهلی) و (الحاکمیة) و (العزلة الشعوریة) و (الجاهلیة) و (المفاصلة)، ئەمانە هەموویان ئەو چەمكانەن کە لە مەیدانێکى جیاواز و تەواو نوێ دەرهاتون و پێشتر شتێكی ئەوتۆ لەبارەیانەوە نەنووسراوە.


سەید قوتب لە چلەکانى سەدەى رابردوو گرنگى داوە بە خەباتى گەلان و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیبەکان، ئەمەش وایکرد نزیک بێتەوە لەگەڵ نووسینەکانى مارکسیەت، بۆیە شێوازێکى شۆڕشگێڕانەى بەدەست هێنابوو. ئەوکاتە هەندێک لە گۆڤارەکانى وەک مینبەرێک بۆ بیرۆکە شۆڕشگێڕیەکانى بەکارهێناوە، وەک گۆڤارى (الفکر الجدید) و گۆڤارى (التطور). ستونێکیشى هەبوو بەناونیشانى (کفاح العمال)، بۆ ئەوەى تێکەڵەیەک لە مارکسیەت و ئیسلامى شۆڕشگێڕى تێکەڵاوى یەک بکات(6). ئەوکاتە قوتب شاى میسرى تووڕە کرد. دواجاریش قوتب بەهۆى توندى نووسینەکانى ببوە میوانێکى هەمیشەیى لێکۆڵینەوەى رۆژنامەیى و تۆمەتبار بکرێت بە قسەكردن لەسەر خودى پادشا و سوکایەتیکردن بە ئەنجومەنى وەزیران، یان هاندانى هەژاران لە دەوڵەمەندان!


سەید قوتب لە رۆژگارى خۆیدا بە هەڵگرتنى ناسنامەى ئیسلامیەتى لەگەڵ مەزهەبە نوێیەکان بە یەکدا هەڵپژاون، ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ نزیکبونەوەى لە بیرى ناسۆنالیستى، بۆیە (معرکة الاسلام و الرأسمالیة)ى نووسیوە. پاشان کتێبى (العدالة الاجتماعیة فی الاسلام) لەساڵى 1949. واتە پێش شۆڕشى 1952 بە سێ ساڵ. مەبەستی لە نووسینى ئەو دوو کتێبە سەلماندنى ئەوە بووە، کە دەکرێت ژیانى ئیسلامى دووبارە بکرێتەوە لەگەڵ ژیانى سەردەمیانەدا. ساڵى 1952 لەسەروبەندى بزوتنەوەى ئەفسەرانى ئازاد، وتارێکى نووسیوە بەناوى (ئیسلامى ئەمەریکى)(7). تێیدا ملکەچبونى ئیسلام بۆ ئابوریەکانى بازاڕ و ئارەزوەکانى ئەمەریکا ڕەتدەکاتەوە.


قۆناغەکانى پێشووتر روخسارێکى پێکهێنا بۆ یەکگرتنەوەى ئەو بۆچونانەى لەنێوان قوتب و ئەفسەرانى ئازادیخوازاندا هەبوو، بەتایبەت ئەوەى پەیوەست بوو بە ستەمکاریى ڕژێمى پادشایەتى. کاتێکیش بزووتنەوەى ئەفسەرانى ئازادیخواز دروستبوو لەساڵى 1952 سەید رۆڵى هەبوو لە پشتیوانیکردنیان. چونکە هەمیشە رەخنەى لە سیستەمى حوکمى پادشایەتى دەگرت. چەندین وتاریشى وەک پشتیوانى بۆ ئەو بزووتنەوەیە نووسى.


سەید ئەو بزوتنەوە شۆڕشگێڕییەى بە ئازادى کۆمەڵایەتى سەیر دەکرد. زیادەڕۆیشى کرد لە پێدانى شەرعیەت بە ئەفسەرانى ئازادیخواز و پاساو هێنانەوە بۆ هەڵوێستەکانیان. تەنانەت پێى وابوو ئەو شۆڕشە تاکە هیوایە بۆ گەلانى میسر.


هەر ئەوەش بوو وایکرد ئەفسەرانى شۆڕش سەید بە چاوێکى زۆر بەرز سەیر بکەن. تەنانەت قوتب کاندید بوو بۆ ئەوەى جێگەى محەمەد حەسنێن هەیکەل بگرێتەوە بە گوێرەى وتەکانى حوسام تەمام پەیوەندیەکى توندوتۆڵى لەگەڵ جەمال عەبدولناسر هەبوو. دواجاریش قوتب کرایە (دەستەى نووسەران). کاتێکیش عەبدولناسر ئاهەنگى گێڕا بە دامەزراندنى ئەو دەستەیە، ژمارەیەکى زۆر لە ئەدیب و ئەفسەران ئامادەى بوون. عەبدولناسر لەوێ بەناوى قوتب هاوارى کردو وتى (بە رۆح خۆمان فیدات دەکەین) بەڵێنیشى پێدا هەرگیز خدێوى ناتوانێ دەستى بۆ ببات، کەچى دواتر هەر خۆى فەرمانى لەسێدارەدانى بۆ دەرکرد.


نزیکبونەوەى ئیخوان و قوتب لەو روانگەوە بوو كە ئیخوان پرۆژەیەکى ئیسلامى دیارن لەو كاتەدا و رەهەندێکى بزاڤى بەخۆیانەوە هەڵدەگرن، کە رەنگە گەلان بتوانن بەشداربن تێیدا. شەریف یونس دەڵێت: رەنگە یەکێک لە گرنگترین فاکتەرەکانى نزیکبونەوەى لە ئیخوان ئەوە بێت، کە ئیسلامى وەک پرۆژەیەکى سیاسى کۆمەڵایەتى سەرتاسەر سەیر دەکرد و ڕەتى دەکردەوە ئیسلام وەک بانگەشە و فرتوفێڵ پێشنیاز بکرێت، چونکە پێى وابوو ئەوە وەکو بێهۆشکردنى جەماوەر وایە(8).


بە نزیکبونەوەى سەید لە ئیخوان، ئیخوانەکان داواى دامەزراندنى رۆژنامەیەکیان کرد كە قوتب سەرپەرشتى بکات. هەر لەو چرکەساتەوە پەیوەندى نێوان قوتب و عەبدولناسر تێکچوو. چونکە لەنێوان عەبدولناسر و ئیخوان ئەوکاتە کێشە و ناکۆکى هەبوو، بۆیە ئەو کارەى سەید قوتبى بە پشتیوانى ئیخوان وەسف کرد، کە لەئەنجامدا بوە هۆى لەسێدارەدانى ژمارەیەک سەرکردەى ئیخوانەکان لەسەرووى هەمووشیانەوە عەبدولقادر عۆدە، دەستگیرکردنى ئەوانى تریش، لەنێویشیاندا سەید قوتب، کە بۆ ماوەى دە ساڵ لە نەخۆشخانەى لیمان تەرە مایەوە!


بیروباوەڕى قوتب بە ئیسلام لەناو زیندان پتەوتر بوو. دواتریش ژمارەیەک نووسین بەرهەم هاتن، کە باسیان لە مەسەلە ئیسلامییەکان دەکرد.  ئەمە جگە لە خوێندنەوەى قورئان و شرۆڤەکردنى کتێبى (في ظلال القران) نووسى. قوتب دەڵێت: ژیان لەسایەى قورئاندا نیعمەتە، تەنیا ئەو کەسە هەستى پێدەکات کە تامى کردووە. نیعمەتێک تەمەن درێژ دەکات و پیرۆزى دەکات. شوکور بۆ خوا، ئەو ژیانەى پێ بەخشیم تا لەژێر سایەى قورئان ماوەیەک بژیم. تێیدا چێژم لەو نیعمەتە کرد... خوێندنەوەى قوڵى بۆ قورئان و چوونە ناو قوڵایى وایلێکرد جارێکى تر قوتب بڵێت: لەژێر سایەى قورئاندا، لە بەرزیەوە سەیرى ئەو جاهیلیەتەم کرد کە لە زەویدا هەیە، هەروەها ئەو گرنگیدانە خەڵکەکەى بە سوکترین شت دەیدەن.


دواین کتێبى قوتب بریتى بوو لە کتێبى (معالم فی الطریق) کە تێیدا کورتکراوەى بیرۆکەکانى خستۆتە ڕوو، هەروەها ئەو تایبمەندیانەى نەوەى باوەڕدار پێى دەناسرێتەوە. چونکە بە بڕوای ئەو باوەڕدار ڕووبەرووى تاریکى و کوێرى و ستەمکارى و فریودان بۆتەوە، ڕووبەرووى چەوساندنەوە و لادان، هەڕەشە و ئاوارە بوون بۆتەوە. کەچى لەگەڵ ئەوەشدا بە هەنگاوى ڕاست و دروست و ویژدانێکى ئاسودە و متمانە بە سەرکەوتنى خودا هەنگاو دەنێت.


زمانى سەید لەو کتێبەدا، زمانێکى جۆشوخرۆشیە، سەرەتا بە باسکردنى نەوەى قورئانى دەست پێدەکات، کە پێغەمبەر دروستى کردووە، بە بۆچونى خۆى ئەوە ڕێنیشاندەرێکە و پێویستە نەوەى ئێستا سودى لێیەوە ببینین. پاشان باسەکە درێژ دەکاتەوە لەبارەى دامەزراندنى کۆمەڵگەیەکى ئیسلامى و تایبەتمەندیەکانى ئەو کۆمەڵگەیە. پاشان باس لە ماناى (لا الە الا الله و الجهاد) دەکات. دواتر باس لە هەندێک پرسى سەردەمیانە دەکات، کە ئینتیماى موسڵمان بۆ نەتەوەکەى لاواز دەكات، وەک مەسەلەى رەگەز، بەو پێیەى رەگەزى موسڵمان دینەکەیەنى. کتێبەکەى بە جیاکردنەوەى بەشێک کۆتایى دەهێنێت بەناونیشانى (ئەوەیە رێگا)، چونکە بە گوێرەى بۆچوونی قوتب، "رێگە هەر ئەوە نییە زەوى لە تاغوتى* رۆمانى یان تاغوتى فارسى یان تاغوتى عەرەبى پاک بکەینەوە، چونکە تاغوت هەمووى تاغوتە، رێگە هەر ئەوە نییە خەڵک لە تاغوتێکەوە بۆ تاغوتێکى تر رزگارى ببێت لەسەر ئەو زەویە. خەڵک هەموى کۆیلەى خوایە.. حاکمیەت تەنیا بۆ خوایە، شەریعەش تەنیا بۆ خوایە، کەسیش دەسەڵاتى بەسەر کەسدا نییە. ئەمەیە رێگە......"(9).


سەید قوتب زۆر باس لە پەروەردەى ئەو "ژمارە کەمە باوەڕدارە دڵسۆزانەى هیچ تەنگانەیەک ساردیان ناکاتەوە" دەكات. جیهانیش لەهەر شتێکى تر زیاتر پێویستى بە موسڵمانە، بۆیە دەڵێت: باوەڕدارى باڵا، سەرچاوە و پاڵپشتیە، هەموو زەوى، هەموو بەها باوەکانى سەر زەوى؟ هەموو ئەو شتانەى لاى خەڵک گرنگە. هەر دەچێتەوە لاى خواو و دەگەڕێتەوە لاى خوا و لەسەر رێچکەى ئەو دەڕوات.


ئەو سیمایانە بە پێى قسەی شەریف یونس: ئیسلامیەتى قوتبى جێگیرتر کرد، کە تەنیا رەش و سپى دەبینى. (تێگەیشتن لە حاکمیەت بنەماى سەرەکى فیقهى ئیسلامى قوتبى بەشێوەیەکى زۆر بەرچاو دادەنێت لە ڕووى پتەوى و خۆراگرى). بە بۆچونى شەریف یونس: بیرۆکەى قوتب لەڕووى کرداریەوە، واتە تەکفیرکردنى سیستەم و کۆمەڵگەکەى كە لە میسر دامەزراو بوو(10)). هەر ئەوەش بوو، بوە هۆى بەرهەمهێنانى ڕەوتى جیهادى هاوچەرخ.

لە مەشخەڵی رێگاوە بۆ قوربانی رێگە

 توێژەران تا رادەیەکی زۆر کۆکن لەسەر کاریگەرى نووسینەکانى قوتب بەسەر نەوەى جیهادى، کە لە حەفتاکانى سەدەى رابردوو بەدیارکەوتن. شەریف یونسى مێژوونووسى عەلمانى پێى وایە: سەید قوتب کاریگەرى زۆرى هەبوو لەسەر ئەو گروپە جیهادیانەى لەو سەردەمەدا بەدیارکەوتن(11). کەچى ئەبو موسعەب سورى دەڵێت: بیرى سەید قوتب بازدانێکى جۆرى بوو بۆ رابونى ئیسلامى بە گشتى. کتێبى (معالم)یش بیرى سەیدى بەرجەستە دەکرد، کە بریتى بوو لە بیرى حاکمیەت و جیاكاری، ئەمانەش نەخشە رێگاى جیهادین(12) ئەیمەن زەواهیرى ــ ئەندامى گروپى جیهادیەکان و سەرکردە دیارەکەى قاعیدە دەڵێت: بزوتنەوەى جیهادى لەمیسر ئەوکاتە دەستى پێکرد دژى حکومەت، کاتێک ناسر هەڵمەتە بەناوبانگەکەى ئەنجامدا لە ساڵى 1965 دژى ئیخوان و سەید قوتبى لەسێدارە دا(13).


کاریگەرى قوتب لە رووبەڕووبونەوەى حکومەت زۆر بە زەقى دەبینرا، ئەمەش روونتر لە تۆکمەیى رێکخستنەکانى گەنجانى ئیخوان بەدى کرا کە لەساڵى 1965 قوتب سەرپەرشتیکردن، ئەوکاتە کارى کرد بۆ ئامادەکردن و ئامادەسازى بۆ لادانى ناسر لەسەر حوکم. هەر ئەوەش بوو وایکرد چاوى بخرێتە سەر و دەسەڵاتداران بەچاوى دوژمنکارانەوە سەیرى بکەن. دواتریش قوتب درایە دادگاى باڵا بە واژۆى سەلاح سالم ــ سەرۆکى لێکۆڵینەوە و پاشان لەسێدارەدانى سەید و شەش كەسی تر لە ئەندامانى رێکخستن، لەسەرووى هەمووشیانەوە محەمەد یوسف هەواش و عەبدولفەتاح ئیسماعیل و عەلى عەبدە عەشماوى. هەریەک لە زەینەب غەزالى بە زیندانى هەتا هەتایى و حەمیدە قوتب بە دە ساڵ زیندانی لەگەڵ کارى قورس(14).


پاش ماوەیەکى کەم ژمارەیەک زیندانى بەدیارکەوتن، ئەوانەى بیرى قوتبیان لە مێشکدا چەسپابوو، هەر کەسێکیش نەهاتبوایە سەر بیرى ئەوان بە کافریان دادەنا، تەنانەت وایان لێهات خودى ئیخوان تەکفیر بکەن(15). لەسەرووى ئەمانەشەوە (شوکرى مستەفا) دامەزرێنەرى گروپى ئیخوان، کە تا دواین چرکەکانى ژیانى بە بیروباوەڕى قوتبى کارى دەکرد و بانگەشەى بۆ ئەوە دەکرد، هەر کەسێک لەو بیروباوەڕە بچێتە دەرەوە و دان بە ئیسلامیەتى کۆمەڵگە هاوچەرخەکان بنێت، ئەوە دەکەوێتە ناو کوفر و جاهیلەیەتى گەورە. شوکرى یەکێک بوو لە کەسە نزیکەکانى قوتب لەناو زینداندا. دەسەڵاتدارانى میسریش رایانگەیاند ئەو گروپە لە پشتەوەى ڕفاندن و کوشتنى شێخ زەهەبى، شێخى ئەزهەرى میسرى بوون. دواجاریش سزاى سێدارە بەسەر شوکرى مستەفا و هاوڕێکانى سەپێنرا.(16).


لەوە بەدواوەوە چەندین گروپ و دەستەى چەکدارى تر پەیدابوون و هەموویان سەر بە قوتبیەت بوون، لەوانەش گروپى (سالح سریە) یان ئەوەى پێى دەوترا (هونەرى سەربازى)، کە دامەزرێنەرەکەى سالح سریە بوو، پایەکانى ئەو گروپە لەسەر بیرى سەید قوتب دامەزراندبوو(17). هەر لەو ماوەیەدا گروپێکى ترى ئیسلامى دامەزران لەسەر دەستى شێخ حەسەن عەبدولرەحمان، کە ئەویش بەهەمان شێوە تەبەنى میتۆد و ئەدەبیاتى قوتبی کرد، بەتایبەتى (المعالم). سەرکەوتووش بوون لە تیرۆرکردنى ئەنوەر سادات لەسەر دەستى خالید ئیسلامبولى و عەبود و تاریق زومەر و چەندى تر بە هاوکارى لەگەڵ رێکخستنى جیهادى میسرى.


دواى ئەوەش گروپى جیهادى لە میسر دامەزران، کە بە تەواوى لەسەر بیرى قوتبیەت کاریان دەکرد و ژمارەیەک لە سەرکردەکانى قوتابى سەید بون. ئەیمەن زەواهیرى لە کتێبى (فرسان رایة النبى) بەناونیشانى (البدایة) دەڵێت: بیرى سەید قوتب بوە یەکەم داینەمۆ بۆ جیهادکردن لەناو دڵ و دەرونیاندا(18). دواتر ئەندامانى ئەو گروپە بوونە ڕەوتى قاعیدە، کە ئوسامە بن لادن لە ئەفغانستان پشتى پێ دەبەستن و لەسەرووى هەموشیانەوە ئەیمەن زەواهیرى، کە بووە دووەم پیاو لەدواى بن لادن. ئەبو موسعەب سورى دەڵێت: "شێخ ئوسامە بە هەوڵ و کۆششى کادرەکانى جیهادى میسرى قاعیدەى دروستکرد"(19).


کاریگەریەکانى سەید هەر بەردەوام بوو بەسەر ڕەوتى جیهادى میسرى. چەندین گروپی ترى جیهادیەکان لە جیهانى نوێیشدا پێى کاریگەر بوون. وەک کاریگەربونى قوتابیەکانى شێخ مەروان حەدید لە سوریا و شەڕکردنیان دژی حكومەتی سوریا لە ساڵى 1975(20). جیهادیەکان هەمیشە لە گوتار و دروشمیاندا ناوى سەیدیان بە مەزنى دەهێنا. هەر ئەوەش بوو وایکرد کەسێکى بانگخوازى وەک شێخ عەبدوڵڵا عەزام زۆربەی جار لە گوتار و پۆلێنکردنەکانیدا ناوى ببات(21). بەڵام ئەو بیرۆکانە سەربارى بڵاوبونەوەى بەو شێوەیە، کەچى بووە مایەى پەیدابونى مشتومڕى زۆر و توند لەبارەى ماناو نیشانەکانى.


ململانێى ئیخوان ــ ئیخوانى لەبارەى سەید قوتب

 ناکۆکیەکى زۆر لەنێوان ئەندامانى ئیخوان پەیدابوو لەسەر بیرى سەید قوتب، بە تایبەت ئەوکاتەى لەزیندان بووە. بۆیە هەندێک شانەى (تەکفیرى) سەر بە ئیخوان لە لیمان تەرە بەدیارکەوتن. (الهضیبى) بەدوایدا ناردن و هەڕەشەى لێکردن، یان پاشگەز ببنەوە لەو بیرۆکەیان یان لە ئیخوان بچنە دەرەوە(22). دواتریش راوێژکار سالم بەهنساوى و دکتور عەبدولعەزیز کامل ئەندامى پێشووتر لە رێکخستنى تایبەتدا نێردران تا سەید قوتب لەگەڵ سەركردەكانی ئیخوان، وەک: سالم بەهنساوى و فەرید عەبدولخالق سکرتێرى پێشووترى بەنا گفتوگۆ بكات. هەندێک باس لەوە دەکەن، کە قوتب ئەوکاتە پێى ڕاگەیاندون، ئەو مەبەستى نەبووە سەرجەم کۆمەڵگەکان بەگشتى تەکفیر بکرێن. بەڵام ناکۆکى نێوان قوتب و ڕەوتەکانى ترى ئیخوان هەر لەئارادابوو لەناو زینداندا.


دیارە هەوڵى شرۆڤەکردنى وتەکانى سەید بەو پێیەى کە چەند ئاماژەیەکى لەخۆ گرتووە، کە لەناو دەقە بنچینەکاندا نییە و کۆدەنگى لەسەر نەبووە. بۆیە دەبینین سەربارى ئەوەى شێخ یوسف قەرزاوى سەید قوتبى خۆش نەویستوە، بەڵام دەڵێت: "نە هیچ خوێنەرێکى دادپەروەر و نە چاودێرێکى دادپەوەریش گومان لەوە ناکات کە سەید قوتب موسڵمانێکى مەزن و بانگخوازێکى گەورە و نووسەرێکى بە توانا و بیرمەندێکى جیاواز بووە. ئەو پیاوە لەپێناو دینەکەى خۆى لە هەموو شتێک داتاشیوە و هیچ پەڵەیەکى ڕەشى نەبوو. تەنیا بیرى لاى خواى خۆى بوو. نوێژ و نزاکانى بۆ خواى گەورە بوو.

 

بێگومان دڵسۆزى سەید قوتب بۆ بیروباوەرەکەى، کە زۆر باوەڕى پێى بووە. بەدەر بوو لەهیچ گومانێک. رۆحى خۆى لەو پێناوەدا دانا"(23). بەڵام شێخ لە یادداشتەکانیدا (سیرة ومسیرة) باس لەوە دەکات، کە سەید هەڵەى کردووە لە گوزراشت و مانادا و سەرکەوتووش نەبووە لە نووسینەکانى لەبارەى کۆمەڵگە و کۆمەڵەى باوەڕداران. قەرزاوى زۆر راشکاوانە لە ژێر ناونیشانى (وقفە مع سید) دەڵێت: بیرى سەید لە (تەکفیرکردنى کۆمەڵگە و تەکفیرکردنى خەڵک بەگشتى نزیکە، چونکە ئەوان حاکمیەتى خواى گەورەیان لاداوە و بە حوکمى تر رازى بوون. زیاتر کاریان بە سیستەمى مرۆڤەکان و یاسا دانراوەکان و بەهاکانى زەوى کردووە.....). یان لانى کەم وتەکانى سەید پێچەوانەن و هەندێکیان وەڵامى یەکتر دەدەنەوە، قەرزاوى دەڵێت: من لەگەڵى کۆک نیم لە کۆى ئاراستە فیکریە نوێیەکانى. کە تێیدا سەید قوتب پێچەوانەى فیکرە کۆنەکانیەتى. هەر خودى قوتب تێیاندا ڕەتکەرەوەی سەید قوتبى بانگەشەکەرى ئاشتیخوازیە، یان بە پێچەوانەى کتێبەکانى خۆى، ئەوە سەید قوتبى خاوەن (دادپەوەرى) دژى سەید قوتبى خاوەن (المعالم)ە(24).


لەلایەکى ترەوە، هەندێک کەس بەرگریان لە قوتب کردوە، بەو پێیەى مەبەستى تەکفیر نەبووە، بەڵکو بۆى هەڵبەستراوە. لەسەرووى هەموشیانەوە محەمەد قوتب براى بچوکى. کە لەنامەیەکیدا بۆ عەبدولرەحمان هەرفى دان بەوەدا دەنێت، کە سەید پاشگەز بۆتەوە لەهەموو کتێبەکانى تەنیا (الظلال و المعالم) نەبێت، لەگەڵ ژمارەیەک لە نووسینەکانى لەسەر ئیسلامیەت. بەو نووسیانەشى دەتوانین دادگاى فیکرى سەید بکەین(25).

دواجار هەموو ئەو مشتومڕانەى لەسەر فیکرى سەید دەکرێن هەمیشە مایەى تێڕامانن. بەڵام هەرچەندى بوترێت لەسەر فیکرەکانى سەید، یان سەلماندنى، کەچى سەید هەر بە حاڵەتێکى سەخت دادەنرێت لەشرۆڤەکردنێکى ڕووکەشیانە لە کارى ئیسلامى هاوچەرخدا. چونکە زۆر بەروونى دیارە بیرى قوتب قورساییەکى رەمزى هەبووە و بە تەواوى بەندە بە کەسایەتى خۆیەوە.

بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە


سەرچاوەکان:
وثائقى انتقام مفکر من انتاج الجزیرة
انظر مرافعة صالح سرية
لسعودية.. سحب كتب سيد قطب والبنا والقرضاوى
سيد قطب من الميلاد إلى الاستشهاد - صلاح الخالدى
مناقشة د. محمد حامد الأحمري لكتاب معالم في الطريق
سيد قطب والأصولية الإسلامية - شريف يونس
سلام أمريكاني، وقد نشر في كتاب دراسات إسلامية لقطب
مجلة الرسالة، نقلا عن سيد قطب والأصولية لشريف يونس
سيد قطب من الميلاد إلى الاستشهاد - صلاح الخالدي
سيد قطب والأصولية - شريف يونس
في ظلال القرآن - سيد قطب
معالم فی الطریق ــ سید قطب
سید قطب والاصولیة ــ شریف یونس
دعوة المقاومة الاسلامیة ــ أوب مصعی السورى
فرسان تحت رایة النبی ــ أیمن الظواهري
واقعة راجیع سید قطب، والبوابة السوداء ــ أحمد رائف
مذكرات يوسف القرضاوي، والبوابة السوداء - أحمد رائف
وثائقى، اغتیال الشیخ الذهبي
الجهاديون في الجيش المصري من الفنية العسكرية لهشام العشماوي
فرسان تحت راية النبي - أيمن الظواهري
دعوة المقاومة الإسلامية - أبو مصعب السورى
وثائقي الصندوق الأسود - حماة 82
الأعمال الكاملة لعبد الله عزام
البوابة السوداء - أحمد رائف
وقفة مع سيد - يوسف القرضاوى



ئەم بابەتە لە ماڵپەڕى midan.aljazeera.net/reality وەرگیراوە


*قوتابخانەى ئەبولو: یەکێکە لە قوتابخانە ئەدبیە گرنگەکانى ئەدەبى عەرەبى هاوچەرخ. دامەزرێنەرەکەى شاعیرى گەورە ئەحمەد زەکى ئەبو شادیە. ئەو قوتابخانەیە ژمارەیەک شاعیرى لە میسرو وڵاتانى عەرەبى لەخۆ گرتبوو... وەرگێڕ
*تاغوت: واتە شەیتان... وەرگێر

# سەید قوتب # جیهاد

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure