::
ئیدریس سیوەیلی
پێوەرەكانی تیرۆری جیهانی
ئەوە ئاشكرا دەكەن كە قوربانیانی دەستی تیرۆر لە 2017 ژمارەیان 18814 كەس بووە.
هەر بە پێی ئەو پێوەرانە
نیوەی قوربانییەكان لەسەر دەستی چوار گروپی تیرۆریستی بوون ئەوانیش: رێكخراوی
داعش، بزووتنەوەی تاڵیبان، بزووتنەوەی شەبابی سۆماڵ و گرووپی بۆكۆحەرام، بەهۆی
كردەوە تیرۆریستییەكانیشەوە جیهان زیانی 52 ملیار دۆلاری لێكەوتووە.
بەپێی پێوەرەكانی تیرۆری
جیهانیی ساڵی 2017، كە بە هاوبەشی پەیمانگەی ئابوری و ئاشتی (TEP)
ئەنجامدراوە و لە مانگی كانوونی یەكەمی 2018 بڵاوكرایەوە، ساڵی 2017 چوار گرووپی
تیرۆریستی بوونەتە هۆی كوژرانی 10.632 كەس. لەو ژمارەیەش 44% قوربانییەكان لە
ئەفغانستان، عێراق، نەیجیریا، سۆماڵ و سوریا بوون. ئەمەش ریزبەندی ئەو چوار گرووپە
تیرۆریستییەیە بەپێی پێوەری ناوبراو:
1-داعش
زیاتر لە 4.350 كەس لەسەر
دەستی رێكخراوی داعش لە 2017 بوونەتە
قوربانی، هەرچەندە ئەم رێكخراوە لە سوریا و عێراق گورزی كاریگەری بەركەوتووە،
بەڵام هێشتا توانای ئەنجامدانی هێرشی مەترسیداری هەیە، ئەمە وێڕای ئەوەی لە رێگەی
"گورگە تەنیاكان"ەوە دەتوانێت هێرشی تیرۆریستی ئەنجام بدات، جگە لە
تەقاندنەوە و كاری خۆكوژی، ئەم رێكخراوە پەنای بردووەتە بەر رفاندن و
بەبارمتەگرتنیش.
بە بڕوای شارەزایان توانای
داعش تا رێژەیەكی بەرچاو كەمیكردووە، لە 2017 رێژەی هێرشەكانی 22% كەمترە لە هی
ساڵی 2016، هەروەك ژمارەی قوربانییەكان لە 9.150 كەس لە ساڵی 2016 دابەزیوە بۆ 4.350
لە ساڵی 2017، بەمەش رێژەی قوربانی لە 8%
بۆ هەر هێرشێكی ساڵی 2016 كەمبووەتەوە بۆ رێژەی 4.9% لە 2017.
2-بزووتنەوەی تاڵیبان
لە ساڵی 2017 بە هۆی
هێرشەكانی بزووتنەوەی تاڵیبان 3.571 كەس بوونەتە قوربانی، لە ئێستاشدا تاڵیبان
بەردەوامە لە شەڕ دژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا كە ساڵی 2001
حكومەتی تاڵیبانی رووخاندووە، لە ناوەڕاستی 2017 بزووتنەوەی تاڵیبان دەستیگرتووە
بەسەر نزیكەی 11% رووبەری ئەفغانستان، هاوكات لە رووبەری 29% خاكی ئەفغانستان
چالاكی پارتیزانی هەیە، بە گشتیش لە نزیكەی 70% خاكی ئەو وڵاتە چالاكی جۆراوجۆری
هەیە.
بەپێی سەرچاوە
ناڕەسمییەكان ساڵی 2017 بزووتنەوەی تاڵیبان بەرپرس بووە لە 699 هێرشی تیرۆریستی كە
بووتە هۆی كوژرانی 5.771 كەس، بەڵام لە پێوەری نێودەوڵەتی ئاماژە بو ژمارەیە دراوە
كە پێشتر خرایەڕوو.
كاری تەقینەوە بەربڵاوترین
جۆری هێرشەكانی ئەو بزووتنەوەیە بووە، هاوكات لە وڵاتی پاكستانی دراوسێی
ئەفغانستانیش ئەو رێخكراوە 56 هێرشی تیرۆریستی ئەنجامداوە كە بووەتە هۆی كوژرانی
233 كەس.
بە پێی پێوەری جیهانی
قوربانی هێرشەكانی تاڵیبان بەراورد بە ساڵی پێش خۆی لە ریژەی 4.2 بۆ 5.1 كەس لە
هەر هێرشێكدا زیادیكردووە.
لەم دواییانەشدا ئەو
رێكخراوە ستراتیجی خۆی لە كوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنییەوە گۆڕیوە بۆ ئەندامانی سوپا
و پۆلیس، بەمەش لە ساڵی 2017 بزووتنەوەی تاڵیبان 2.419 ئەندامی سوپا و پۆلیسی
كوشتووە لە كاتێكدا ساڵی 2016 ژمارەكە 1.782 كوژراو بوو. ژمارەی هێرشەكانیشی بۆ
سەر دامەزراوەكانی سوپا و پۆلیس لە 369 هێرشەوە لە ساڵی 2016 بەرزبووەتەوە بۆ 386
هێرش لە ساڵی 2017، ساڵی 2016 ژمارەی كوژراوە مەدەنییەكان 1.223 كەس بوو، بەڵام
ساڵی 2017 دابەزیوە بۆ 548 كەس.
3-بزووتنەوەی شەباب:
بزووتنەوەی شەبابی سۆماڵ
ساڵی 2006 بەیعەتی داوە بە رێكخراوی ئەلقاعیدە، هەرچەندە سۆماڵ پێگەی سەرەكی
چالاكییەتی، بەڵام هێرشەكانی سنووری ئەو وڵاتەی تێپەڕاندوە و لە كینیا، ئەسیوپیا و
ئۆگەنداش كاری تیرۆریستی ئەنجامداوە.
هێرشەكانی ئەم بزووتنەوەیە
لە ساڵی 2017 بە خوێناویترین هێرش لە ئەفەریقیا ئەژمار دەكرێن، بەهۆی هێرشەكانییەوە
1.457 كەس بوونەتە قوربانی، ئەمەش بە رێژەی 93% زیاترە لە ساڵی 2016، سێیەكی
قوربانییەكانیش لە مەقادیشیۆی پایتەختی سۆماڵ بوون.
گەورەترین هێرشی تیرۆریستی
ئەو رێكخراوە لە 2017 ئەوە بوو كە لە مانگی ئۆكتۆبەر لە دەرەوەی ئوتێل سەفاری لە
مەقادیشۆ ئەنجامیدا بەهۆیەوە 588 كەس كوژران و 316 كەسیش بریندار بوون.
4-بۆكۆحەرام
ئەم گرووپە لە نەیجیریا
دامەزرا و بەناوی (كۆمەڵی ئەهلی سوننەی گەورە)ش ناودەبرێن، سەردەمێك گەورەترین
گروپی تیرۆریستی بوو لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوو چەند
لێكترازان و جیابوونەوە لە ریزەكانی ئەو رێكخراوە روویدا، چەندین گرووپی لێدروستبوو،
یەكێك لەوانەش لقی رۆژئاوای ئەفەریقای رێكخراوی داعش.
هەندێك لەو گرووپانەی لەم
رێكخراوە جیابوونەوە چالاكی خۆیان لە وڵاتانی دراوسێی نەیجیریا ئەنجام دەدەن
لەوانە وڵاتانی :كامیرۆن، نەیجەر و چاد، زۆربەشیان بەیعەتیان داوە بە داعش، ژمارەی
كوژراوەكان لە 2017 بەراورد بە ساڵانی پێشوو كەمیكردووە، لە 2017 رێژەی كوژراوەكان
83% كەمتر بووە لەساڵی 2014، ئەمەش بەهۆی
رۆڵی هێزە ئەمنییەكان لەو ناوچەیە بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
بۆكۆحەرام 40% هێرشە
تیرۆریستییەكانی ئەنجامداوە و بەرپرسە لە كوژرانی 15% قوربانییەكانی تیرۆر لە 2017
بەراورد بە ساڵی 2016، زۆرترین هێرشەكانی بۆكۆحەرام لە ویلایەتی بۆرنۆ ئەنجامدراون
ئەمە وێڕای چەند هێرشێكیش لە نەیجر و كامیرۆن. بۆكۆحەرام ناوبانگێكی خراپی هەیە
لەسەر ئاستی جیهان بەهۆی ئەوەی بەبارمتەگرتنی بەكۆمەڵ ئەنجام دەدات و ئافرەتان و
منداڵان ناچار دەكات بەكاری خۆكوژی.
5-گرووپە تیرۆریستیەكانی تر
جگە لەو چوار گرووپە تیرۆریستیانەی
كە باسكران و لەسەر ئاستی جیهان بە مەترسیدارترین گرووپی تیرۆریستی ئەژمار دەكرێن،
چەندین گرووپی بچووك هەن كە بەشدارن لە كاری تیرۆریستی، ئەمە جگە لە رێكخراوی
قاعیدە كە بڕوا وایە 30 هەزار چەكدار و ئەندامی هەیە لە 17 وڵاتی رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست وئەفەریقا.
هەندێك لەو گرووپە
تیرۆرستیانەی تر ناوبانگی هێندەی ئەو چوار گرووپەی پیشوو نییە، بەڵام بەشدارن لە
كاری تیرۆریستی، لەوانە: (رێكخراوی فۆلانی) لە نەیجیریا كە بەرپرسە لە كوشتنی 321
كەس بەهۆی ئەنجامدانی 72 هێرش لە ساڵی 2017، بەپێی راپۆرتی پەیمانگای ئابوری و ئاشتی
ئەمە ئاماژەیەكی مەترسیدارە كە ئەو رێكخراوە پەرەیداوە بە كاری تیرۆریستی.
لە سوریا چەندین گرووپی
تیرۆریستی تر هەن كە كاری تیرۆریستیان ئەنجامداوە، لەوانە: دەستەی ئازادی شام
(بەرەی نوسرەی پێشوو)، سوپای ئیسلام، ئەو دوو رێكخراوە بەرپرسن لە 176 و 127
حاڵەتی كوشتن لە 2017.
لە پاكستانیش چەند گرووپی
تیرۆریستی بچوك هەن لەوانە: گرووپی (لەشكر جانجفی) هەروەها لقی خوراسانی رێكخراوی
داعش، كە لە پاكستان و ئەفغانستانیش چالاكی هەیە. لە هیندستانیش (حزبی شیوعی
هیندی) لە ناو ئەو لیستەدایە و بە هۆی ئەنجامدانی 150 هێرشەوە زیاتر لە 205 كەسی
كوشتوە.
ناوچەی جامۆ كشمیر پێگەی
چەند گرووپێكی تیرۆریستیە لەوانە: لەشكر تیبە، حیزبی -موجاهیدین. كە بەرپرسن لە
كوشتنی زیاتر لە 102 كەس.
لە یەمەن چەكدارە
حوسییەكان و لقی رێكخراوی قاعیدە لە نیمچە دورگەی عەرەبی و رێكخستنی (عەدەن
ئەبین)ی سەر بە داعش چەندین كاری تیرۆریستیان ئەنجامداوە، لە وڵاتی فلیپین گرووپی
(ئەبوسەییاف) كە بەیعەتی بە داعش داوە لە 2017 بەرپرسە لە كوشتنی 37 كەس، گرووپێكی
تریش بەناوی (ماتوی) بەرپرسن لە كوشتنی (26) كەس.
لە ئەوروپای رۆژئاوا و
ئەمەریكای باكور راستە توندڕەوەكان گەشەیان كردووە و بوونەتە مەترسی، ساڵی 2017
ئەو گرووپانە 59 هێرشی تیرۆریستیان ئەنجامداوە كە بوونە هۆی كوژرانی 17 كەس، ئەو
هێرشانەش بە پاساوی رەگەزی بوون، كە بڕوایان بە باڵابوونی رەگەزی سپی هەیە بەسەر
پێكهاتەكانی تر.
سەرچاوە: شەفەق نیوز
#
داعش
#
قاعیدە
#
بۆکۆحەرام
#
توندڕەوی
#
تیرۆریزم
#
تاڵیبان
#
جیهاد