میراتگرانی قاعیدە روودەكەنەوە سوریا و عێراق

12/01/2019

:: ئیدریس سیوەیلی

 

لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییە خێرایانەی گۆڕەپانی سیاسیی سوریا بەخۆیەوە دەبینێـت، هێزە جیهادیی و توندڕەوەكانیش لێكترازان و پێكهێنانی هێزی نوێیان بەخۆوە بینیوە، لەو نێوەندەشدا رێكخراوی ئەلقاعیدە دەخوازێت جارێكی تر جێپێی خۆی لە سوریا و عێراق قایم بكات، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە پێشتر تا ڕادەیەك پێگەی لەو دوو وڵاتە لاواز ببوو، بە تایبەت دوای دەركەوتنی داعش و دەستبەرداربوونی دەستەی رزگاری شام (بەرەی نوسرەی پیشوو) بە سەركردایەتی ئەبو محەمەد جۆلانی لە رێكخراوی قاعیدە لە 2016، ئەبو محەمەد جۆلانی كە پێشتر خۆی و رێكخستنەكەی نوێنەرایەتی رێكخراوی قاعیدەی دەكرد لە سوریا، بەم هەنگاوەی دڵی سەركردەكانی قاعیدەی لەخۆی رەنجاند، بە شێوەیەك  تا دەهات كەلێنی زۆرتر دەكەوتە نێوان هەردوولا، تا لە 26 تشرینی دووەمی 2017 دەستەی رزگاری شام هەڵمەتێكی دەستگیركردنی دەستپێكرد، هەڵمەتەكە ئەو سەركردە و كادیرە ناوەندیانەی دەستەكەی گرتەوە كە وەلائیان بۆ رێكخراوی قاعیدە هەبوو، لەناو دەستگیراوەكاندا سامی عورەیزی بەرپرسی پێشووی شەرعی بەرەی نوسرە، ئەیاد توباسی (ئەبو جولەیبیب)، خالید عورەیدی (ئەبو قەسام)، ئەبوهومام شامی سەركردەی سەربازی بەرەی نوسرەی پێشوو، ئەبو خەدیجە، ئەبو موسلیم و ئەبولەیس هەبوو. هەڵمەتی دەستگیركردنەكە بووە مایەی نیگەرانی ژمارەیەك رێبەری رەوتی جیهادی، ئەوان پێیانوابوو ئەو كەسایەتیانە رۆڵی بەرچاویان بینیوە لە وەستانەوە لە رووی داعش، بۆیە هەڵمەتەكە شەرعییەتی دەستەی رزگاری شام دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

ئەو پێشهاتانە پاڵینا بە ئەیمەن زەواهیر كەسی یەكەمی رێكخراوی قاعیدەوە كە هانی شوێنكەوتوەكانی بدات رێكخستنێكی نوێ تایبەت بە خۆیان لە سوریا و عێراق دامەزرێنن، بۆیە ئەوانیش  لە 27 شوباتی 2018 رێكخستنی پاسەوانانی ئایین (حراس الدین)یان راگەیاند.


ئەبو هومام شامی سەركردەی رێكخستنەكەیە، ئەبوهومام ئوردونی بەرپرسی سەربازی، گرنگترین سەركردەكانی تریش: سامی عورەیزی، ئەبوجولەیبیب ئوردونی، ئەبوبەسیر تەرتوسی، ئەبوئەنەس سعودی، حسین كوردی. ئەبویەقزان میسری، ئەبولفەتح فەرغەلی، ئەبوقەسام، ئەبوخەدیجە ئوردونی، ئەبو عەبدوڕەحمان مەكی.


لەگەڵ راگەیاندنی، ئەم رێكخستنە نوێیە بەیعەتی دا بە رێكخراوی ئەلقاعیدە، ژمارەیەكی زۆر لەو سەركردانەی كە ناڕازیبوون لە بڕیاری خۆداڕنینی دەستەی رزگاری شام لە رێكخراوی ئەلقاعیدە هاتنە ناو ئەم رێكخستنە نوێیە.


لەدەستپێكی راگەیاندنی، رێكخستنەكە وا خۆی ناساند كە لەناو منداڵدانی شۆڕشی سوریا لەدایكبوە بە مەبەستی رزگاركردنی موسڵمانان و بەرقەراركردنی دادپەروەری. دوای راگەیاندنی پاسەوانانی ئایین، چەند پێكهاتەیەكی تر هاتنە ناو ئەم رێكخستنە، لەوانە: جەیشی بادیەی شام، جەیشی ساحل، سریەی كابول، جەیشی مەلاحیم، جوندولشەریعە، رێكخستنەكە لە ناوچەكانی ئیدلب و دەوروبەری و حەما و لازقیە كەوتە چالاكی. هاوكات دەزگایەكی راگەیاندنی هەیە بەناوی (دەزگای شام بۆ بەرهەمی راگەیاندن) و لەو رێگەیەوە چالاكییەكانی خۆی بڵاودەكاتەوە.


لە ئێستادا ژمارە چەكدارەكانی بە نزیكەی 1800- 2000 كەس دەخەمڵێنرێت و لە رەگەزی جیاواز پێكهاتوون كە زۆربەیان لە نیمجچە دروگەی عەرەبییەوە هاتوون. یەكەم چالاكی رێكخستنەكەش لە نیسانی 2018 دژی هێزەكانی سوپای سوریا بوو لە باكوری حەما.


رێكخستنی پاسەوانانی ئایین هەردوو ستراتیجی قاعیدەی پێكەوەگرێداوە كە بریتین لە جەنگان دژی دوژمنی نزیك و دوژمنی دوور لە یەككاتدا و بۆ ئەوەش تاكتیكی جەنگی پارتیزانی پەیڕەو دەكات، ژمارەیەك چەكداری داعش كە دەستبەرداری ئەو رێكخراوە بوون لە ئێستادا لە ریزی ئەم رێكخستنە كاردەكەن، ئەمە وێرای ئەوەی ژمارەیەك لە ئەندامەكانی ئەم رێكخستنە پێشتر لە جەنگی ئەفغانستان و عێراق بەشدارییان كردووە و خاوەن ئەزمونی جەنگین، لە نیسانی 2018 رێكخراوی داعش ئەم رێكخستنەی بە دەرچوو لە ئیسلام و كافر ناوزەند كرد.


رێكخستنەكە گرفتی دارایی و سەربازی هەیە، دەستەی رزگاری شام دەستیگرتووە بەسەر چەكی زۆرینەی ئەوانەی ویستویانە یاخود چونەتە ناو رێكخستنەكە، ئەمە وێرای گرفتی نەبونی پەیكەری رێكخستن، چونكە رێخستنەكە بەشێوەیەكی پەرشوبڵاو لە باكوری سوریا چالاكی هەیە و دەخوازێت ئەو چەكدارانە لەخۆبگرێت كە رێزەكانی دەستەی رزگاری شام جێدێڵن.


دیارترین ئامانجی رێكخراوەكە پارێزگاریكردنە لە وەلاء بۆ رێكخراوی ئەلقاعیدە كە لەسەر ئاستێكی نێودەوڵەتی ململانێی هێزەكان دەكات و خۆی بە سنورێكی جوگرافی دیاریكراوەوە پەیوەست ناكردووە. ئەمە وێرای ئەوەی هەوڵدەدات خۆبپارێزێت لە ململانێكردن لەگەڵ گرووپە جیهادییەكانی تر تا بیسەلمێنن رێكخراوی قاعیدە كامڵترە و خۆی بەو ناكۆكی و ململانێی لاوەكیەوە سەرقاڵ ناكات.


بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ لە 29 كانونی یەكەمی 2018 ئەبو جولەیبیب، ئەبوتەلحە موهەندیس و سەلمان تونسی سێ سەركردەی ئەو رێكخستنە لە ناوچەی ریفی درعا لە كاتی ئەنجامدانی چالاكییەك دژی سوپای سوریا كوژراون. ئەم رێكخستنە لە لایەن رێكخراوی قاعیدەوە پاڵپشتی دەكرێت، بەمەش لەلایەن زۆربەی تیۆرسێنانی جیهادییەوە شەرعیەتی پێدراوە. پێشتریش سەرچاوەكانی هەواڵ رایانگەیاندبوو كە لە ماوەی دوو مانگی كۆتایی 2018 نزیكەی 400 چەكداری قاعیدە لە یەمەنەوە بە رێگەی توركیادا گوێزراونەتەوە بۆ سوریا و لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رێكخستنی پاسەوانانی ئایین جێگیركراون، ئەمەش گومان دەخاتە سەر بوونی جۆرێك لە پەیوەندی لە نێوان ئەو رێكخستنە و حكومەتی توركیا.


ماوەیەكە رێكخستنەكە لە سنووری عێراق كەوتوەتە چالاكیی، بەپێی لێدوانی بەرپرسە ئەمنیەكان لەوانەیە لە داهاتودا ئەم رێكخستنە ببێتە مەترسییەكی ئەمنی بۆ عێراق، بەپێی سەرچاوە ئەمنیەكان بەم دواییانە رێكخستنەكە لە عێراق چوتە پاڵ سوپای نەقشبەندی كە لە ناوچەكانی باكوری پارێزگای سەلاحەدین و دوزخورماتو و شەرگات و چەند ناوچەكی تری كەركوك و موسڵ چالاكیان هەیە. دەشوترێت چەند هێزێكی عێراقی پشتیوانی ئەو رێكخستنە دەكەن و ئامانجیانە هەرێمێك بۆ سوننە دروستبكەن دوور لە دەستێوەردانی حكومەتی ناوەندی لە بەغداد، بۆ ئەو مەبەستەش كۆبوونەوەی مانگانەیان لەگەڵ ئەو هێزە هەیە تا زانیاری ئەمنی و سیاسیی ئاڵوگۆڕ بكەن. هەندێك چاودێریش پێیانوایە بەهۆی ناجۆری پێكهاتەی ئەم رێكخراوە كە لە رەگەزی جیاوازی غەیرە عێراقی پێكهاتووە زەحمەتەكە لەگەڵ گۆمەڵگەی عێراقی كارلێك بكەن، بە تایبەت دوای ئەو ئەزمونە تاڵەی داعش لە ناوچە سوننەكان هەیەتی لەگەڵ دانیشتوانی ئەو ناوچانە.


محەمەد سەیهود سەركردە لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاندووە، پرۆژەی ئەمەریكا كە خۆی لە دروستكردنی داعش دەبینیەوە لە عێراق كە بۆ دابەشكرنی عێراق بوو شكیتی هێنا، ئێستا بەدورنازانرێت رێكخستنی پاسەوانانی ئایین بەكاربێنێت بۆ هێنانەدی ئامانجەكانی. بەپێی لێدوانی سەرچاوە ئەمنییەكان لە هەمان ئەو ناوچانەی پێشتر ئاڵا سپییەكان چالاكییان هەبوو، پاسەوانانی ئایین ئیستا چالاكییان هەیە،

# قاعیدە # توندڕەوی # تیرۆریزم

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure