::
ئیدریس سیوەیلی
كۆمەڵەی برایەتی ئیسلامیی (جمعیة الاخوةالإسلامیة)
لە (13 ئەیلول 1949ز) لە بەغدا دامەزرا، دامەزرێنەرانی بریتین لە: (ئەمجەد زەهاوی
- سەرۆك، موحەممەد عاسم ئەلنەقیب - جێگری سەرۆك، موحەممەد مەحمود سەواف - سكرتێر، ئیبراهیم مستەفا ئەلئەیوبی - ئەمین سندوق،
دكتۆر تەقیەدین هیلالی- ئەندام، پارێزەر عەبدوڕڕەحمان خزر- ئەندام، موحەممەد تەها
فەیاز- ئەندام، مەلا موحەممەد قزڵجی- ئەندام).
كۆمەڵەی برایەتی، چالاكترین كۆمەڵەی ئیسلامیی ئەو
سەردەم بوو، ببوە ڕووكارێك بۆ كاری ئیخوان لە عێراق، لە چەندین شار و شارۆچكە لقی
كردەوە، لەناو زانكۆ و پەیمانگاكان ئەندام و لایەنگری پەیدا كرد، گۆڤاری (الاخوة
الإسلامیة) زمانحاڵی كۆمەڵە، بە تیراژێكی زۆر دەردەچوو، بیرو بۆچوون و چالاكی
كۆمەڵە و وتاری بڵاودەكردەوە.
محەمەد مەحمود سەواف سكرتێری كۆمەڵە، مامۆستای
زانكۆ و وتاربێژێكی لێهاتوو بوو، لە ناو خوێندكارانی زانكۆ، بە تایبەتیش لە
كۆلێجی شەریعە، شانەی ڕێكخستنی بنیادنا، لەناو ئەو خوێندكارانەدا ژمارەیەك كوردی
نیشتەجێی كەركووكی تێدابوو، لەوانە (نیزامەدین عەبدولحەمید، موحسین عەبدولحەمید،
ئەحمەد نەجمەدین بەرزنجی، سوبحی داودی، نورەدین واعیز، ...). ئەمانە بوونە بناغەی
كاری ئیخوان لە شاری كەركوك.
لە چوارچێوەی كاری كۆمەڵەی برایەتی، ئیخوانەكانی
كەركووك چالاكانە هەڵدەسوڕان، لە سەرەتای (1953) مۆڵەتیان لە وەزارەتی ناوخۆ
وەرگرت و لقی كۆمەڵەی برایەتی ئیسلامیی لە كەركووك كرایەوە، دەستەی كارگێڕی لق
هەڵبژێردرا كە پێكهاتبوو لە: نورەدین واعیز – سەرۆك، سلێمان موحەممەد ئەمین
ئەلقابیلی – جێگری سەرۆك، سەید ئەحمەد – ئەندام. لە ئاهەنگی كردنەوەی لقدا سەواف
وتارێكی پێشكەش كرد و هەردوو شێخ محێدین بەرزنجی و مەلا ساڵح كۆزەپانكی كە دوو
زانای ناسراوی كورد بوون لە هەولێرەوە
هاتبوون بۆ ئاهەنگەكە.
لە ناوەڕاستی (1953) لقی هەولێری كۆمەڵەی برایەتی
ئیسلامیی كرایەوە و موحەممەد سادق موختار بە سەرۆكی لق هەڵبژێردرا، لە ناو
بارەگای لقدا كتێبخانەیەكی تێدابوو كە موحسین موجاهید بەڕێوەبەری بوو، دوای ئەویش
ئەحمەد عەبباسی دەیبرد بەڕێوە. ئاهەنگی كردنەوەی لق بە سەرپەرشتی شێخ محێدین
بەرزنجی و ئامادەبوونی سەواف بەڕێوەچوو، مەلا ساڵح كۆزەپانكی رۆڵی بەرچاوی هەبوو
لە هاندانی لاوان بۆ پابەندبوون بەم كۆمەڵەیەوە.
لقی موسڵ، چالاكترین لقی ئیخوان بوو لە عێراق،
كاتێك لە (4 تشرینی یەكەمی 1952ز) ڕەزامەندی حكومەتیان بۆ كردنەوەی لقی كۆمەڵەی
برایەتی ئیسلامیی لە موسڵ وەرگرت، لە (5 تشرینی یەكەمی 1953) دەستەی كارگێڕی
هەڵبژێردرا و عەبدوڵڵا موحەممەد ئەربیلی بووە سەرۆكی لق، دەستەی كارگێڕیش
پێكهاتبوو لە: عەبدولمونعیم زورەری – سكرتێر، موحەممەد نەجیب عەلی – ئەمین سندوق،
عەتائوڵڵا موحەممەد سەعید – ژمێریار. ئەم لقە بە شێوەیەك چالاك بوو، توانی هۆبەیەك
لە سنجار بكاتەوە لە (13 ئاب 1953) دەستەی كارگێڕی هۆبە هەڵبژێردرا و حاجی تەها
كەسایەتی ئایینی كورد بووە سەرۆك، ئەندامانی تری دەستەی كارگێڕیش بریتیبوون لە یونس
زەنون – جێگری سەرۆك، عەبدوڵڵا فەتحی – سكرتێر، حسێن شەریف – ژمێریار، جەرجیس یونس
– ئەمین سندوق. لە (ئەیلولی 1953) بارەگا بە فەرمی كرایەوە و بەو بۆنەیەوە
ئاهەنگێكی وتارخوێندنەوە ساز كرا. هاوكات
حاجی تەها كتێبخانەیەكی بە ناوی (اڵاخوە الإسلامیە) لە سنجار كردەوە.
یەكێكیش لەو چالاكییانەی ئیخوان بۆ پەروەردەكردنی
ئەندامەكانی سوودی لێ وەردەگرت لە چوارچێوەی كۆمەڵەی برایەتی، كردنەوەی خێوەتگە
بوو، لە پەنجاكاندا ئیخوان چەندین خێوەتگەی لە هاوینەهەوارەكانی كوردستان كردەوە،
لەوانە: خێوەتگەی دهۆك لە 1953، خێوەتگەی سوارەتوكە 1954، چەند خێوەتگەیەكی تر لە
سەرسەنگ، بامەڕنی، مانكیش و لوماتا.
تا ساڵی (1954ز) و هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵەی برایەتی
ئیسلامیی لەلایەن حكومەتی پاشایەتییەوە، بە سەردەمی زێڕینی كاری ئیخوان دادەنرێت،
لەو ماوەدا كۆمەڵەی برایەتی وەك رووكاری ئیخوان كار و چالاكیی زۆری ئەنجامدا و
كاری ئیخوانی گەیاندە ئاستكی بەرز، بەڵام حكومەت بەرامبەر ئەم چالاكیانەی ئیخوان
بیدەنگ نەبوو، هەربۆیە بریاری داخستنی كۆمەڵەی دا.
#
ئیخوان موسلمین