بۆچی ئێران هەوڵدەدات پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان باش بكات؟

24/01/2019

:: ئیدریس سیوەیلی

 

ماوەیەكە حكومەتی ئێران لە هەوڵدایە پەیوەندی خۆی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان باشتر بكات، هەرچەندە ئەم هەوڵانە نوێ نین، لە ماوەی رابردودا بەردەوام كەناڵی پەیوەندی لە نێوان هەردولادا هەبووە، بەڵام ئەوەی نوێیە ئەوەیە كە ئێران ئەمجارە بەئاشكرا باس لەو پەیوەندیانە دەكات و نایشارێـتەوە، هاوكات هەوڵدەدات پەیوەندییەكات لەگەل تاڵیبان توندوتۆڵ بكات، ئەمەش لە زمان بەرپرسانی ئێرانەوە باسكراوە، لەوانە  محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتیی ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە، ئەمەش رەنگە دەستپێكی ئامادەسازی گێڕانەوەی میلیشیاكانی فاتمی بێت بۆ گۆڕەپانی سیاسیی ئەفغان یان بۆ ئەگەری كشانەوەی لەناكاوی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان وەك ئەوەی لە سوریا رویدا.


ئاماژەكانی پەیوەندی

 ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئێران بەم دواییانە سوربوون لەسەر ئەوەی وڵاتەكەیان پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان پەرەپێبدات، هەرچەندە ئەو بزووتنەوەیە لە ماوەی حوكمڕانی ئەفغانستان لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو نەیاری تاران بوو، دوای دیداری لەگەڵ نوێنەری بزووتنەوەی تاڵیبان لە 29 كانونی یەكەمی 2018، عەباس عێراقچی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی كابولی كرد، لەگەڵ ئەشرەف عەلی سەرۆكی ئەفغانستان كۆبوویەوە، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئێران ئەوە هەنگاوێك بوو بۆ پشتگیریكردنی پرۆسەی سیاسیی لە ئەفغانستان، ئاماژەیەكیشە كە ئێران رۆڵی نێوەندگیر دەبینێت لە نێوان حكومەتی ئەفغان و بزووتنەوەی تاڵیبان. ئەم ئامانجەش لە لێدوانی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە 10 كانونی دووەمی 2019 بەڕوونی دەركەوت، كە جەختیكردەوە لەسەر پێویستی رۆڵی تاڵیبان لە داهاتووی ئەفغانستان، هاوكات جەختی لەوەش كردەوە كە نابێت ئەو رۆڵە بگاتە ئاستی سەركردایەتی حكومەتی ئەفغانستان.


ئەم لێدوانانە ئاماژەی ئەوەی تیایە كە ئێران دیدێكی تایبەتی خۆی هەیە بۆ داهاتوی ئەفغانستان، كە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە نابێت بزووتنەوەی تاڵیبان ریشەكێش بكرێت، لەگەڵ بوونی هێڵی سور لەسەر بزووتنەوەی تاڵیبان كە دەبێت بەشدارییەكەی بەجۆرێك بێت ئەو بزووتنەوەیە جارێكی تر نەگاتە لوتكەی دەسەڵات، نەك هەمان ئەزمونی رابردوو دووبارە بێتەوە بە تایبەت ئەوەی سای 1998 كە چەند دیبلۆماتكارێكی ئێرانی لە شاری مەزار شەریف كوژران و بووە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندی ئێران و تاڵیبان.


ئەگەری نوێ

 دەكرێت هۆكاری سووربوونی ئێران لەسەر باشتركردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان لەم چەند خاڵەدا كورتبكەینەوە:


1-ئامادەسازی بۆ گەڕانەوەی میلیشیای فاتمی: میلیشیای فاتمییەكان كە بە كۆمەكیو پشتیوانی ئێران دروستكرا و لە سوریا رۆڵیان بینی لە بەهێزكردنەوەی حكومەتی سوریا و پێگەی ئێران لەو وڵاتە، دوای گۆڕانی هاوسەنگی هێز و شكانەوەی تای تەرازوەكە بەلای حكومەتی سوریا و هاوپەیمانەكانی، چاوەڕوان دەكرێت ئێران بەشێك لەو میلیشیایانە بگوێزێتەوە بۆ ناو خاكی ئەفغانستان تا لەوێش بەرژەوەندییەكانی خۆی پێبپارێزێت، لەو چوراچێوەشدا ئێران دەخوازێت لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان هەماهەنگی بكات تا دەستەبەری گەڕانەوەی میلیشای فاتمییەكان بۆ ئەفغانستان بكات و لەگەڵ تاڵیبان نەكەونە جەنگ و ململانێ. ئێرانیش وای راگەیاندووە كە دەتوانێت لە ئەفغانستانیش بەرەنگاری هێزەكانی داعش بێتەوە.


2-ئامادەسازی بۆ ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا: ئێران وایدەبینێت كە ئەگەری هەیە ئەمەریكا هاوشێوەی سوریا بڕیاری كتوپڕ بدات بۆ كشانەوەی هێزەكانی لە ئەفغانستان، هەروەك لە ئێستادا ئێران هەوڵدەدات ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە، پێشیوایە ئامادەسازی پێشوەخت بۆ ئەگەری كشانەوەی ئەمەریكا لە ئەفغانستان وا دەكات ئێران گۆڕەپانی ئەو وڵاتە بە زوویی بۆخۆی یەكلابكاتەوە و كۆنتڕۆڵی بكات.


3-رووبەڕووبوونەوەی فشارەكان: لە ئێستادا ئەمەریكا و دۆستەكانی لە هەوڵی ئەوەدان لە رۆژانی 12-13 شوباتی 2019 لە پۆڵەندا كۆببنەوە تا پێكەوە پلانی بەرەنگاربوونەووەی نفوزی ئێران دابڕێژن، بە تایبەت دوای ئەوەی یەكێتی ئەوروپا لە هەشتی ئەم مانگە چەند سزایەكی بەسەر ئێراندا سەپاند بە تۆمەتی ئەوەی هەوڵیداوە ژمارەیەك سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە ئەوروپا بە ئامانج بگرێـت. بۆیە ئێران دەخوازێت لە رێگەی بەهێزكردنی پێگەی خۆی لەو ناوچانەی كێشەی تیایە خۆی لە كێشەكان رزگار بكات.


ئاستەنگەكان

 ئەو سیاسەتەی ئێران پەیڕەوی لێدەكات كە دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان باشتر بكات، رووبەڕووی ئاستەنگی زۆردەبێتەوە، لەم دواییانەشدا حكومەتی كابول لەسەر زاری حسێن مورتەزەوی جێگری وتەبێژی سەرۆكایەتی ئەفغانستان رەخنەی لەو سیاسەتەی ئێران گرت و وتی "باشترە ئێران گوێ لە نەیارە سیاسییەكانی خۆی بگرێت نەك بزووتنەوەی تاڵیبان"، لەلایەكی تریشەوە حكومەتی كابول دژی هەوڵی ئێرانە بۆ گێڕانەوەی چەكدارانی میلیشیای فاتمیەكان بۆ ناو خاكی ئەفغانستان و پێیوایە ئەمە كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ئاسایشی ئەفغانستان.

سەرچاوە:
المستقبل للابحاث والدراسات المتقدمة

# تاڵیبان # ئێران

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure