كۆمەڵی جیهادی ئیسلامیی لە كوردستانی عێراق

16/02/2019

:: ئیدریس سیوەیلی

سەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵی جیهادی ئیسلامیی لە كوردستانی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ڕێكخستنێكی نهێنی كە لە سەرەتای هەشتاكانەوە دەستبەكاربوون، مەلا ئەمین پیرداود خۆشناو دامەزرێنەر و بەرپرسی یەكەمی ئەم كۆمەڵەیە، یەكێكە لە ئەندامە دێرینەكانی ئیخوان‌ و لە سەرەتای حەفتاكانەوە وازی لە ئیخوان هێنابوو، هەڵوێستی بەرامبەر ئیخوان توندبوو، نەهامەتی ‌و لاوازیی بێداری ئیسلامیی دەخستە ئەستۆی ئیخوان‌ و بڕوای وابوو بەرنامەی ئیخوان هەڵە‌ و لادانی زۆری تێدایە.

مەلا ئەمین بە هاوكاری (مەلا جەمیل، مەلا جەمال، مەلا یەحیا) دەستیان بە كار كرد، جگە لەوانەی پێشوو چەند كەسایەتی تری وەكو (حاجی عومەر، ئیبراهیم تاهیر - د.ئیبراهیم، ڕەشید - شەهید كەیفی، مەلا عومەر مورادی، ئازاد حوجرانی) لە ئەندامە هەڵسوڕاوەكان ئەژمار دەكرێن.

ئەمانە لە هەولێر كەوتنە جموجۆڵ ‌و كاركردن‌ و دواتر بوونە بەهێزترین باڵی ڕەوتی ئیسلامیی هەولێر لە هەشتاكاندا، تاڕادەیەكیش لە موسڵ‌ و سلێمانی چالاكییان هەبوو.
كۆمەڵی جیهاد، ئەندامەكانی لەسەر ڕۆحیەتێكی جیهادی پەروەردە دەكرد، بۆ پەروەردەكردنی ئەندامان، زیاتر جەخت دەكرا لەسەر لەبەركردنی قورئان ‌و فەرمودە‌ و گرنگیدان بە مێژووی ئیسلامیی.

كۆمەڵی جیهاد، بە شێوەی ڕێكخستنێكی نهێنی توند‌وتۆڵ بەدرێژایی هەشتاكان چالاكی دەنواند، ئەندامانی كۆمەڵی جیهاد، پەروەردەیەكی جیهادی توند‌وتۆڵ دەكران. هەر لە سەرەتای ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی پەیوەندی‌ و بزووتنەوەی ئیسلامیی، بە مەبەستی ڕاگەیاندنی كاری جیهادی و پەیوەندی كردن بەو دوو بزووتنەوەیەوە، مەلا ئەمین چەند جارێك سەردانی ئێران دەكات‌ و چاوی بە سەركردەكانی هەردوو بزووتنەوەی ناوبراو دەكەوێت، دوای وتوێژ و ڕاگۆڕینەوە، مەلا ئەمین بە نیگەرانییەوە دەگەڕێتەوە‌ و سەركردەكانیان بە شایستەی سەركردایەتیكردنی كارێكی جیهادی نازانێت، بۆیە ڕازی نابێت پەیوەندی بەو بزووتنەوانەوە بكات.

دوای چەند ساڵ لە خەباتی نهێنی ‌و پەروەردەكردنی چەند كادیر‌ و ئەندام، سەركردەكانی كۆمەڵی جیهاد، لە ڕاپەڕینی ئازاری (1991) لە میحوەری هەولێرەوە پەیوەندییان كرد بە بزووتنەوەی ئیسلامییەوە، ئەم پەیوەندیكردنە كارێكی بێ بەرنامە‌ و لە ژێر فشاری ئەندام‌ و كادیرانیاندا بوو، كە بە ڕۆحیەتێكی جیهادی پەروەردە كرابوون، هەر بۆیە دوای ماوەیەكی كەم ‌و لە مانگی (حوزەیرانی 1991) كۆمەڵێك ناكۆكی لاوەكیان لەگەڵ بزووتنەوە بۆ دروستبوو، سەرەنجام لە بزووتنەوە جیابوونەوە‌ و هەرسێ‌ بارەگای (چۆمان، خەلیفان، حوجران) لەژێر دەستیاندا مایەوە، ئەمەش ڕیزەكانی پەرتكردن ‌و ژمارەیەك ئەندامی چالاكیان دەستبەرداری كۆمەڵی جیهاد بوون‌ و لە ناو ڕێزەكانی بزووتنەوە درێژەیان بە چالاكی خۆیاندا.

دواتر مەلا ئەمین هەوڵیدا لەگەڵ كۆمەڵەی ئیسلامیی كە فاتح كرێكار ڕایگەیاندبوو یەكبگرێت، دوای چەند دانیشتن لە نێوان هەردوولادا، بۆچوونەكانیان هێندە لە یەكتر دووربوون نەیانتوانی یەكبگرن، دوای ئەوە مەلا ئەمین دوو بارەگای تری لەدەستدا‌ و تەنها بارەگای خەلیفانی بەدەستەوە مایەوە.

ساڵی 1995 مەلا ئەمین كەسی یەكەمی رێكخراوەكە لە رووداوێكی تەمومژاویدا كوژرا، ئەمەش كاریگەری هەبوو لەسەر لاوازبوونی ئەو پارتە، بەشێوەیەك كە لەو مێژووە بەدواوە بەشێوەیەكی لاواز و سنووردار چالاكیان هەبوو، لە 2001 ژمارەیەك لە سەركردەكانی ئەو پارتە بە فەڕمی چوونە ناو كۆمەلی ئیسلامیی لە كوردستان و بەمەش بە تەواوی كۆتایهات بە ژیانی سیاسیی ئەو پارتە.

كۆمەڵی جیهاد هەڵگری فكری سەلەفی جیهادی بوو، هەروەك لە پەیڕەوی ناوخۆدا هاتووە ئامانجی ئەو پارتە ئەنجامدانی جیهادە بەپێی قۆناغەكان بانگەواز، پێڕاگەیاندن، پەروەردە، فێركردن، ئامادەسازی چەكداری بۆ بەرگری لە ئیسلام و پیرۆزییەكانی موسڵمانان و چەسپاندنی حوكمی شەریعەت لەسەر زەوی. هەروەك كاردەكەن بۆ دامەزراندنی خیلافەتی ئیسلامیی لەسەر زەوی و جێبەجێكردنی حوكمەكانی شەریعەت وەكو خۆی و بێ هیچ كەموكورتییەك، پێشیانوابوو دیاریكردنی خەلیفە بە دوو شێوە دەبێت یان خەلیفەی پێشوو كەسێك دانێت دوای خۆی ببێتە خەلیفە، یان شورای موسڵمانان كەسێك دەستنیشان دەكات ببێتە خەلیفە، ئیتر دیموكراسی و بابەتی پەیوەست پێوەی رەتدەكەنە و بە پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامیی دەزانن.

# ئیسلامی سیاسی # ئیخوان موسلمین

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure