ئایا لە 2019 رێكخراوی قاعیدە سەرنجەكان بەلای خۆیدا كەمەندكێش دەكات؟

14/03/2019

:: ئیدریس سیوەیلی

ناوەندی ئەلمیسبار بۆ توێژینەوە و لێكۆڵینەوە

هەوڵی زۆر هەن لە مێژووی هاوچەرخ لە لایەن بزووتنەوە ئیسلامییەكانەوە كە دروشمی "یەكخستنی ئوممەت" و "بەئیسلامكردنەوەی كۆمەڵگە" بەرزدەكەنەوە. گرووپە ئیسلامییەكان خاڵ و دۆخی هاوبەشیان هەیە، هەروەك لە رووی جوگرافی و رۆشنبیرییەوە بەسەر جەمسەری جیاوازدا دابەشدەبن، بە گشتی چوار جەمسەری سەرەكی هەن، ئەوانیش: جەمسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی عەرەبیی، جەمسەری نیمچەدورگەی هیندیی، جەمسەری ئێرانی و جەمسەری توركی.


بەگوێرەی شێوازی گەیشتن بە ئامانجی دیاریكراو و لە رووی ئایدۆلۆجییەوە، گرووپە ئیسلامییەكان بۆ دوو جەمسەر دابەشدەبن، ئەوانیش: شۆرشگێڕی و چاكسازیخوازان، جەمسەری یەكەم پێیوایە بەئیسلامكردنەوەی كۆمەڵگە تەنها لە رێگەی دەوڵەت و  دەسەڵاتەوە چاوی بە رۆشنایی هەڵدێت، بەڵام جەمسەری دووەم پێیوایە لە رێگەی چالاكیی كۆمەڵایەتیی و سیاسیی لە بنەوەی كۆمەڵگە بۆ سەرەوە دەبێت، لەسەر ئەم بنەمایەش جیاوازی مامەڵەی جەمسەرە ئیسلامییەكان و گرووپی سەر بە هەر جەمسەرێك لەگەڵ دەسەڵات لە چوارچێوەیەكی جوگرافیدا دەردەكەوێـت، هەندێك گرووپ دەسەڵات تەكفیر دەكەن، هەندێكی تر دەبنە ئۆپۆزسیۆن، هەندێك دەسەڵات پشتگوێ دەخات یان هاوكاری دەكات بەپێی بڕی بەدیهاتنی ئامانجەكانی و خزمەتكردنی ئایدۆلۆجیاكەی. لەسەر ئاستی جوگرافی ئەو جەمسەرانە بۆ گرووپی خۆجێیی، هەرێمیی و نێودەوڵەتی دابەشدەبن.


پەیوەندی مێژوویی لە نێوان ئەو جەمسەرانە پەیوەستە بە قۆناغی ئیستعماری و بوونی پاساو بۆ دەركەوتن و كارلێكیان پێكەوە، هەروەك ئەو پەیوەندیەی لە نێوان ئیخوان موسلیمین لە نیشتمانی عەرەبی و ئیسلامییەكانی توركیا و گرووپ و پارتە ئیسلامییەكانی نیمچەدورگەی هیندیی دروستبوو، كە بۆ ماوەیەك بەردەوامی هەبوو، تا دەركەوتنی رەوتی قوتبی لەناو ئیخوان موسلیمین و كاریگەربوونی بزووتنەوە ئیسلامییەكانی ئەفغانستان بەو رەوتە و بنەمای "حاكمییەت" و جیهادیی جیهانی لەسەر دەستی عەبدوڵا عەزام.


لەگەڵ تێپەڕبوونی كات و پەرەگرتنی گرووپە ئیسلامییەكان و لێكترازانیان و تەنگپێهەڵچنینی ئەمنی هەندێك لەو هێزانە و زیادبوونی توانای هەندێك لەو گرووپانە بۆ ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی، هەوڵی ئەو گرووپانە بۆ پەرەپێدانی تواناكانیان و بەردەوامبون لە چالاكیی تا كاریگەرییان هەبێت، پەیوەندی و پەیوەستبوونی ئەو گرووپانە بە یەكترەوە لە چوارچێوەی ئایدۆلۆجیا و یەكئامانجی تێپەڕاند، بەڵكو هۆكاری بنەڕەتی لە بوونی پەیوەندی نێوان گرووپەكان پارەداركردن و توانای رێكخستنە جیهانییەكان بوو لە لەخۆگرتن و پەیوەستكردنی رێكخستنە خۆجێیەكان بەخۆیانەوە، بە تایبەت دوای دەركەوتنی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام (داعش) كە شێوازی هەڕەمی باوی لای رێكخراوی قاعیدە لاواز كرد كە لەگەڵ شوێنكەوتوەكانی پەیڕەوی لێدەكرد، ئەمەش دەتوانرێت وەك هۆكاری ئەو لێتكرازانانە ئەژماربكرێت كە هەندێك گرووپ لە قاعیدە جیابوونەوە و بەیعەتیان دا بە داعش.


لە ئێستادا، لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشی هاوپەیمانی نێودوڵەتی دژی داعش بۆ كۆتایهێنان بەو هێزە، بەڵام داعش لە هەوڵی خۆرێكخستنەوە و خۆهێشتنەوەدایە، هاوكات چەندین پرسیار دەربارەی ئایندەی قاعیدە و ئەگەری دەركەوتنەوەی یاخود چونە ناو قۆناغی پێنج (قۆناغی دەرچوون _ ئەم قۆناغە بەپێی ئەو پۆلێنەیە كە تیۆرسێنی سەلەفی جیهادی ئەبو موسعەبی سوری بۆ گرووپە جیهادییەكانی داناوە) خۆی دەسەپێنێت، بۆیە دەبێت لەسەر جموجوڵ و ئایندەی رێكخراوی قاعیدە هەڵوەستە بكەین، دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە كە رێكخراوی قاعیدە تا چ رادەیەك دەتوانێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەربكەوێتەوە و رێكخراوە تیرۆریستیەكان لەخۆبگرێـت؟

 

بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە

# قاعیدە

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure