شێخ عومه‌ر به‌رزنجی: چارەسەری تووندڕەوی ئەوەیە جارێکی تر خوێندنەوەی نوێ بکەین بۆ ״دەق״

30/03/2019

:: ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان


شێخ عومه‌ر به‌رزنجیی باڵیۆزی پێشووی عێراق له‌ ڤاتیكان‌، ئه‌و چه‌ند جار پاپای ڤاتیكانی دیوه‌ و په‌یامی ئاشتیانه‌ی ئیسلامی له‌و ده‌زگا باڵایه‌ی جیهانی مه‌سیحییه‌ت ڕوون كردووەته‌وه‌.
له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ مه‌زهه‌بییه‌كانی عێراق و گرنگیی پێكه‌وه‌ژیان و لێكتێگه‌یشتنی ئایینی و مه‌زهه‌بی له‌ جیهان و عێراقدا گفتوگۆ ده‌كه‌ین.

به ‌رای ئێوه‌ ئه‌مڕۆ جیهان تاچه‌ند پێویستیی به‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی هه‌یه‌؟

 عومه‌ر به‌رزنجی: ئایین به‌و هه‌موو بیروباوه‌ڕانه‌ ئه‌وترێ كه‌ خه‌ڵك له‌ هه‌موو دنیادا پێیانه‌وه‌ په‌یوه‌ستن و عیباده‌ته‌كانیان له‌سه‌ر بناغه‌ی ئایینه‌كانیانه‌، هه‌ندێك له‌و ئایینانه‌ ئاسمانین وه‌ك ئایینی ئیسلام و كریستیان و جوله‌كه ‌و سابیئی و ئیراهیمی و ڕه‌نگه‌ ئایینیی ئاسمانیی تریش هه‌بێت له‌ قورئاندا باسی نه‌كرابێت و ئێمه‌ نه‌یزانین، بۆیه‌ ئێمه‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ به ‌ئاسمانی ڕه‌فتار ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌یانزانین و ئایینی تریش زۆرن كه‌ ئاسمانی نین و ئیسلام ڕێگه‌‌ی ئاشتییانەی بۆ هه‌موویان داناوه‌، لێره‌دا پێویسته‌ بڵێین تاقه‌ چاره‌سه‌ری مرۆڤایه‌تی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕێگای پێكه‌وه‌ژیان هه‌ڵبژێرێ و ڕێگای گفتوگۆی ئاشتییانه‌ بگرێ و نابێ ئایین بكرێت به‌ كه‌ره‌سته‌ی وێرانكاری و كوشتن و بڕین و قڕكردن و جینۆساید چونكه‌ ئایین وەک ده‌رمان وایه‌ به‌كارهێنانی به‌ هه‌ڵه‌ ئه‌بێ به‌هۆی كاره‌سات و تیرۆر و كۆكوژی وێرانكاری، قورئانی پیرۆزیش ئه‌فه‌رموێ (لَا إِكْرَ‌اهَ فِي الدِّينِ) و (لَكُمْ دِينُكُمْ وَلِيَ دِينِ).

وه‌ك ده‌زانن پێكهاته‌ی عێراق پێكهاته‌یه‌كی فره‌ئایینی و فره‌مه‌زهه‌بییه‌ به‌ ڕای ئێوه‌ عێراق تا چه‌ند پێویستیی به‌ پێكه‌وه‌ژیان و لێكبووردنی ئایینییه‌؟
عومه‌ر به‌رزنجی: ڕاسته‌ عێراق پێكهاته‌یه‌كی فره‌ئایین و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییه‌، تاقه‌ ڕێگاش بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م فره‌ییه‌ نه‌بێته‌ هۆی شه‌ڕ و ئاژاوه ‌و وێرانكاری ئه‌وه‌یه‌ هه‌مووان قه‌بووڵی یه‌كتر بكه‌ن، هاووڵاتیبوون بكه‌ن به‌ بنه‌مای پێكه‌وه‌ژیان و خۆیان دوور بگرن له‌ دژایه‌تیی یه‌كتر و جیاوازیی نێوانیان به ‌شتێكی سروشتی ته‌ماشا بكه‌ن و كه‌س مافی ئه‌وه‌ به‌ خۆی نه‌دات كار له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی ئه‌وانی تر بكات و به‌ گیانێكی وه‌رزشیانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر بكه‌ن، و په‌لاماری خوێنڕشتن و تیرۆر نه‌ده‌ن به‌ بیانووی جیاوازیی نێوانیان.

له ‌ماوه‌كانی ڕابردوودا وه‌ك باڵیۆزی عێراق له‌ ڤاتیكان هه‌ندێك چالاكیتان بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئایینه‌كان هه‌بووه‌ ده‌توانین بزانین به‌رهه‌می ئه‌و چالاكییانه‌ چی بوون ئایا له‌ داهاتوودا چالاكیی زیاترتان ده‌بێت؟
عومه‌ر به‌رزنجی: له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی ده‌ستبه‌كاربوونمه‌وه‌ ئه‌وه‌م به ‌لاوه‌ گرنگ بووه‌ كار له‌سه‌ر خاڵه ‌هاوبه‌شه‌ مرۆڤایه‌تییه‌كان بكه‌م، زۆر سیمینار و چالاكیی تایبه‌تم بۆ كردوون چ له ‌ناوه‌وه‌ی ڤاتیكان یان له‌ زانكۆكانی ڤاتیكان، له‌ ڕۆما یان كه‌نیسه‌كانی سه‌ر به‌ ڤاتیكان، له‌ زۆرێك له ‌شاره‌كانی ئیتاڵیا، له‌م چالاكییانه‌دا ئه‌و ئایه‌تانه‌ی قورئانم ڕوون كردوونەته‌وه‌ كه‌ باسی حه‌زره‌تی عیسا و حه‌زره‌تی مه‌ریه‌م دەکات به‌ تایبه‌ت ئایه‌ته‌كانی سوره‌تی مه‌ریه‌م و شه‌هاده‌ی ته‌قدیریم پێ به‌خشراوه‌ .. ئه‌مڕۆ چالاكییه‌كی گرنگ هه‌بوو له‌ باره‌ی باسی حه‌زره‌تی مه‌ریه‌م له‌ ئیسلام و مه‌سیحییه‌تدا وه‌ك كۆتایی كارم له‌ ڤاتیكان.

پێكهاته‌یه‌كی ئایینی وه‌ك ئێزیدییه‌كان له ‌پاش ده‌ركه‌وتنی گروپی تیرۆرستیی داعش سته‌مێكی گه‌وره‌یان به‌رامبه‌ر كرا، به‌ ڕای ئێوه‌ ئه‌ركی جیهان له ‌پاراستنی ئه‌م كه‌مایه‌تییه‌ ئایینییانه‌دا چییه‌؟
عومه‌ر به‌رزنجی: به‌ڵێ ئه‌و سته‌مه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ ئێزیدییه‌كان كراوه‌ دژ به‌ هه‌موو به‌ها مرۆڤایه‌تی و ئایینییه‌كانه‌، هیچ كه‌سێك مافی ئه‌و ته‌عه‌دا و كوشتاره‌ی نییه‌، چونكه‌ ئێزیدییه‌كان هیچ ئاژاوه ‌و خراپه‌كارییان نییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكانی تر و جیاوازیی ئایینییان په‌یوه‌ندیی به‌ كه‌سی تره‌وه‌ نییه‌،  ئه‌وه‌ تێگه‌یشتنێكی زۆر هه‌ڵه‌یه‌ له‌ ئیسلام كه‌ وا له‌ مافی به‌رگریکرتن تێ بگه‌ین كه‌ مافی هێرشكردنیشمان هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌بێ هه‌موومان دژی تیرۆر و كوشتن و بڕین بین، سه‌یری كێشه‌ی ئێزیدییه‌كان بكه‌ین وه‌كو كۆمه‌ڵێكی غه‌درلێكراو و به‌رگری له‌ مافه‌كانیان بكه‌ین به‌ پێی بڕگه‌كانی جاڕی گه‌ردوونیی مافه‌كانی مرۆڤ.

به‌ ڕای ئێوه‌ ده‌بێت چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئایینی ئیسلام و هزری ئیسلامی له‌ توندڕه‌وی و تووندووتیژی پاك بكرێته‌وه‌، ئایا پڕۆسه‌ی ڕیفۆرمی ئایینی ده‌توانێت چ ڕۆڵێك له‌م بابه‌ته‌دا بگێڕێت؟
عومه‌ر به‌رزنجی: كێشه‌ی گه‌وره‌ له‌ خراپتێگه‌یشتنی ئیسلام ئه‌وه‌یه‌ بیرۆكه‌كانی مێژوو زاڵ بوون به‌سه‌ر زۆر له‌ عه‌قڵییه‌ته‌كان و ئه‌و بڕوادارانه‌ی كه‌ به‌ درێژایی 1400ساڵ ڕوویان داوه‌ و پڕه‌ له‌ هۆی جیاجیا و هه‌ندێ جار مه‌زاجی سه‌ركرده‌یه‌ك شه‌ڕێكی دامه‌زراندووه‌ هه‌زاره‌ها كوشتاری لێ كه‌وتووەته‌وه‌ وه‌كو كوشتنی حه‌زره‌تی حوسه‌ین و ئال و به‌یته‌كه‌ی كه‌ ئایا شتێك له‌وه‌ خراپتر هه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا‌ش شه‌ڕه‌كه‌ی ته‌واو نه‌بووه‌ و نابێ.

چاره‌سه‌ری ئه‌و تووندڕه‌ویه‌ش ئه‌وه‌یه‌ جارێكی تر خوێندنه‌وه‌ی نوێ بكه‌ین بۆ ده‌قه‌كان كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ نه‌خشه‌ڕێگای ئاشتییانه‌ی زۆر به‌ ڕوونی تیایه ‌و پێویستمان به‌ شه‌ڕ و ئاژاوه‌ نییه‌ مه‌گه‌ر حاڵه‌تی به‌رگریكردن ئه‌ویش مافی هه‌مووانه‌ به‌رگری له‌ خۆیان بكه‌ن.

له‌ جیهانی ئیسلامیدا ده‌زگا فه‌رمی و ده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌متر هانی ڕیفۆرمی ئایینی ده‌ده‌ن به‌ڵكو زۆر جاریش ڕووبه‌ڕووی هه‌ر هه‌وڵێك له‌مباره‌وه‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌ و به‌ چاوی گومان و به ‌ده‌سیسه‌ی دوژمنانی ئیسلام ته‌ماشای ده‌كه‌ن هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وا ده‌كات گروپه‌ تووندووتیژه‌كان و هزری توندڕه‌وی هه‌میشه‌ له‌ بره‌ودا بێت ڕای ئێوه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ چییه‌؟
عومه‌ر به‌رزنجی: پرسیاره‌كه‌ت لای من جێی بایه‌خه‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌كان به‌رنامه‌یه‌كی دیراسه‌كراوی تۆكمه‌ و باشیان هه‌بێت بۆ درووستكردنی ڕای گشتی به‌ ڕوونی شته‌كان ده‌ر بخه‌ن له‌ ڕێگای كه‌سی و پسپۆڕ و شاره‌زا تا فرسه‌ت ده‌ربهێنن له‌ ده‌ستی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ ئاره‌زوی خۆیان ئایین ئه‌كه‌ن به‌ دارده‌ستی شه‌ڕ و تیرۆر و خوێنڕشتن و كاولكاری، له‌ كاتێكدا ئیسلام بۆ ڕێكخستنی ژیانی دونیا و دواڕۆژیش هاتووه‌ به‌ جوانترین شێوه‌.

كێشه‌یه‌كی مێژوویی له‌ عێراق و جیهانی ئیسلامیدا هه‌یه‌ ئه‌ویش ناكۆكیی قووڵی نێوان شیعه ‌و سووننه‌یه،‌ به‌ ڕای ئێوه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ده‌بێت چۆن ڕێك بخرێته‌وه‌ و چ میكانیزمێك ده‌توانێ په‌یوه‌ندیی نێوان ڕێچكه‌و مه‌زهه‌به‌ جیاوازه‌كان له‌ جیهانی ئیسلامدا ڕێك بخاته‌وه‌؟
عومه‌ر به‌رزنجی: ئه‌م پرسیاره‌شتان زۆر گرنگ و هه‌ستیاره‌ بۆ ئاشتیخوازان ئاسانه‌ بتوانن نزیكیی درووست بكه‌ن، چونكه‌ دووریی نێوان مه‌زهه‌به‌ ئیسلامییه‌كان به‌ قه‌ده‌ر دووریی نێوان ئایینه‌كان نییه‌ و زۆر كه‌متره‌ و له‌ كاتێكیشدا قورئان داوای به‌ینخۆشی و جوانڕه‌فتاری بكات له‌ نێوان ئایینه‌ ئاسمانییه‌كان ئه‌بێ جیاوازیی مه‌زهه‌بی بچووكتر ببینرێ، ئه‌وه‌تا قورئان داوای ڕه‌فتار و گفتوگۆی بێ ئازار ئه‌كات له‌ نێوان ئایینە ئاسمانییه‌كان و له‌ ئایه‌تێكی قورئانا ئه‌فه‌رموێ (وَلَا تُجَادِلُوا أَهْلَ الْكِتَابِ إِلَّا بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ إِلَّا الَّذِينَ ظَلَمُوا مِنْهُمْ ۖ وَقُولُوا آمَنَّا بِالَّذِي أُنزِلَ إِلَيْنَا وَأُنزِلَ إِلَيْكُمْ وَإِلَٰهُنَا وَإِلَٰهُكُمْ وَاحِدٌ وَنَحْنُ لَهُ مُسْلِمُونَ) ئه‌مه‌ بۆ خه‌ڵكانێكه‌ كه‌ باوه‌ڕیان به‌ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام نییه‌، به‌ڵام مه‌زهه‌به‌كان باوه‌ڕیان به‌ بنه‌ماكانی ئیسلام وه‌ك یه‌كه‌ و له‌سه‌ر خیلافه‌ت و ئیمامه‌ت بیركردنه‌وه‌یان جیایه‌ و پێویسته‌ ئه‌مانه‌ نه‌بن به‌هۆی ئاژاوه‌ و پشێوی و شه‌ڕ و كوشتا.

هه‌ندێك پێیان وایه‌ عێراقی دوای سه‌ددام عێراقی شیعه‌كانه ‌و شیعه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌زهه‌بی حوكمی عێراق ده‌كه‌ن و له‌م باره‌یه‌شه‌وه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی بێده‌نگ هه‌وڵی به ‌شیعه‌كردنی به‌شه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی عێراق و سڕینه‌وه‌ی سووننه‌ ده‌ده‌ن، ڕای ئێوه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ چییه‌؟
عومه‌ر به‌رزنجی: عێراق عێراقی هه‌مووانە و هه‌ر عێراقییه‌كانن له‌ پەرله‌مان وحكومه‌ت به‌شدارن هه‌ر كه‌س به‌ ڕێژه‌ی خۆی، دوای نه‌مانی ڕژێم باوی یه‌ك حزبی نه‌ماوه‌ ئه‌مڕۆ فره‌ حزبی هه‌یه ‌و هه‌ر كه‌س به‌رنامه‌ی خۆی هه‌یه‌ و كاتی زیاتریشمان پێویسته‌ بۆ باشتربوون، له‌ كۆتاییشدا ده‌ڵێم: ڕێگاچاره‌مان نه‌مانی تیرۆر و گه‌نده‌ڵی و تایه‌فه‌گه‌رییه ‌و هاووڵاتیبوون و مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادی و دیموكراسی ڕێگاچاره‌مانن.

# ئایین

Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure