چۆن بەرەنگاری تیرۆر ببینەوە؟

03/06/2019

:: ئیدریس سیوەیلی

 

نووسینی: ئیال كۆهین
خستنەڕووی: سارە خەلیل

هێرشە تیرۆریستییەكانی ئەم دواییانەی هۆڵەندا (18ئازار 2019) و سریلانكا (21 نیسان 2019) ئەوەی ئاشكرا كرد كە رێكخراوە تیرۆریستییەكان هێشتا مەترسین بۆسەر جیهان، هەرچەندە داعش ئەو ناوچانەی لەدەستدا كەلەژێردەستیدا بوون و لەوێوە هەڕەشەی لە جیهان دەكرد، بەڵام شوێنكەوتوانی ئەو رێكخراوە چەندین هێرشیان لە شوێنی جیاواز ئەنجامداوە و پلانی ئەوەشیان هەیە لە داهاتوو هێرشی تر ئەنجامبدەن.

بۆ تیشكخستنە سەر ئەم پرسە و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ هەڕەشە بەردەوامەكانی داعش و رێكخراوە تیرۆرستییەكانی تر، (پەیمانگای برۆكینگ) لە مانگی ئایار راپۆرتێكی بلاوكردوە لەژێر ناوی (گێڕانەوەی تیرۆری جیهادی بۆ كونەكەی، چۆن بەرەنگاری مەترسی بەردەوامی تیرۆر ببینەوە؟) كە لەلایەن توێژەر (ئیال كۆهین) ئامادەكراوە.

راپۆرتەكە تەركیزی خستوەتە سەر هۆكارە بنەڕەتییەكانی مەترسی تیرۆر، پشتی بەستووە بەو زانیاریانەی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو كۆكراونەتەوە، لەبەر رۆشنایی ئەوە سروشت و ستراتیجی گرووپە تیرۆریتسییەكان خراوەتەڕوو، بۆیە راپۆرتەكە كۆمەڵێك رێوشوێن بۆ بڕیاربەدەستان پێشنیار دەكات تا لە وڵاتەكانی خۆیان بەرەنگاری مەترسییەكانی تیرۆر ببنەوە.


مەترسی بەردەوام
كۆهین باس لەوە دەكات كە هەردوو هێرشی هۆڵەندا و سریلانكا كە بەهۆیەوە زیاتر لە 250 كەس بوونە قوربانی، لەلایەن شوێنكەوتوانی داعش ئەنجامدران، گەورەترین مەترسین لەمڕۆدا، توانای تیرۆریستان لە قۆناغی (دوای خیلافەت) لە ئاستێكی بەرز و پێشكەوتودایە، دەستەوسانی حكومەتەكان لە ئاست بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە بە هیچ پاساوێك قبوڵناكرێت، تیرۆر هەڕەشە لە ژیانی ملیۆنان كەس دەكات لەسەر زەوی، هەروەك هێرشە تیرۆریتسییەكان زیان بە ئابوری وڵاتان دەگەیەنێت، كاریگەری لەسەر كەلتوری كۆمەلگە هەیە، تەنانەت كاریگەری لەسەر چالاكیی رۆژانەی هاووڵاتیان بەجێدێڵێت، توێژەرانیش هۆشداری دەدەن كە رەنگە داعش لە تۆڵەی شكستی خۆی لە سوریا و عێراق هێرشی تیرۆریستی گەورە ئەنجام بدات و كارەسات بخوڵقێنێت، ئەوان هۆشداری دەدەن لە جەنگی داهاتوو، چونكە شكستی داعش لە رووی سەربازییەوە تەریب نییە بە كۆتایهاتنی ئایدۆلۆجیای تیرۆریستی لە مێشكی دەیان كەسدا كە لەم جیهانەدا دەژین.

هەرچەندە بێتوانایی داعش لە پارێزگاری لە خیلافەتەكەی گورزێكی گاریگەربوو بەر ئەو رێكخراوە كەوت، بەراورد بە پێشتر لە هەموو رووەكانەوە توانانی كەمترە، بەڵام دەبێت ئەوە بەهەند وەربگرین كە رێكخراوەكە تا رادەیەكی زۆر توانیویەتی قەناعەت بە شوێنكەوتوانی بكات ئەم شكستەیان هیچ نییە جگە لە قۆناغێك لە رێگوزەری خەباتیان و دواجار سەردەكەون.

گۆڕانی ئامانجی رێكخراوەكە
لە چوار ساڵی رابردوو، داعش چەندین هێرشی تیرۆریستی لە ئەوروپا ئەنجامدا، لە ساڵانی 2015، 2017 زۆرترین هێرشی ئەنجامدا، لەو ماوەدا داعش (63) هێرشی لە ئەروپا ئەنجامداوە، بەهۆیەوە 347 كەس كوژراون و 1558 كەس بریندار بوون، ئەمەش ئاماژەیەكە كە داعش توانای رشتنی خوێنی سەدان كەسی هەیە.

كۆهین ئاماژە بەوەش دەكات كە تێكشكانی داعش لە رووی سەربازیەوە لەسەر زەوی، نەبووەتە هۆی لاوازكردنی توانای رێكخراوەكە لە ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی، بەڵكو ئامانج و تاكتیكی خۆی گۆڕیوە، بە تایبەت دوای لەدەستدانی رەقە لە 2017 خەونی خیلافەت تاڕادەیەكی زۆر كۆتایهات، بەڵام تیرۆر كۆتاینەهات، هەر لەو ساڵەدا ئەوروپا 33 هێرشی تیرۆریستی بەخۆیەوە بینی، بەهۆیەوە 62 كەس كوژران و 819 كەس بریندار بوون، ساڵی دوای ئەوەش (2018) داعش 16 هێرشی تیرۆریستی لە ئەوروپا ئەنجامدا بەهۆیەوە 15 كەس كوژران و 50 كەسیش بریندار بوون، هەر لە 2017 داعش 7 هێرشی تیرۆریستی لە وڵاتانی تری وەكو ئەمەریكا، كەنەدا، رووسیا و ... تاد ئەنجامدا، بەڵام لە 2018 هێرشەكان بۆسەر ولاتانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا زیادیكردووە، ژمارەی هێرشەكان گەیشتووەتە 20 هێرش و بەهۆیەوە زیاتر لە 60 كەس كوژراون، بەرای كۆهین ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەوروپا سیاسەتێكی بەهێزتری پەیڕەوكردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئەمەش وای لە داعش كردووە وڵاتانی تر بەئامانج بگرێت.

ستراتیجی گشتگیر
كۆهین باسی لەوەش كردووە كە زۆربەی وڵاتان دەیانەوێت رێوشوێنی خێرا بەرامبەر ئاڵنگاری تیرۆر بگرنەبەر، لەكاتێكدا ستراتیج و پلانی دورمەودایان نییە بۆ ریشەكێشكردنی تیرۆر، ئەمەش مانای وایە زۆرتر پەیڕەوی لە سیاسەتی كاردانەوە دەكەن، بۆیە باشترە حكومەتەكان ئەم رێوشوێنانە بگرنە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر:

1-پەروەردە جەخت بكاتەوە لەسەر دروستكردنی پەیوەندییەكی ئەرێنی لەگەڵ كۆمەڵگە ئیسلامییەكان و پێكەوەژیان و رەتكردنەوەی تیرۆر و توندوتیژی، دەبێت زەمینەی گفتوگۆ لە نێوان كۆمەلگەكان بڕەخسێنرێت تا ئەو گوتارەی داعش تەبەنی كردووە پوچبكرێـتەوە، هەروەك هەوڵبدرێت رۆحی ئیسلامیی راستەقینە لە سەرانسەری جیهان بڵاوبكرێتەوە.

2-مامەڵەكردن لەگەڵ چەكدارە گەڕاوەكانی داعش، هەندێك لە وڵاتان ئامادەنین ئەو هاووڵاتیانەیان وەربگرنەوە كە لە ریزی رێكخراوی داعش جەنگاون، ئەمەش لە داهاتوو نەوەیەك دروستدەكات كە بێ ناسنامە و رەگەزنامەن و رقیان لە دەوڵەتان دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر وڵاتان رێوشوێنێك نەدۆزنەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەل ئەم بێناسنامانە ئەوا لە داهاتوو دەبنە مەترسی بۆسەر جیهان.


3-چاودێری بەندیخانەكان، رێكخراوی داعش یەندیخانەكان دەقۆزێتەوە بۆ هۆنینەوەی بەندكراوان لە بۆتەی رێكخستنەكانی خۆیدا، لە رابردوشدا چەندین كەس لەو بەندكراوانە دوای ئازادبونیان پەیوەست بوون بە رێكخراوە تیرۆرستییەكانەوە، ئەمەش دەخوازێت بەرنامەیەك دانرێت بۆ چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەندكراوانی داعش تا لە ئایدۆلۆجای توندرەوی داماڵرێن، نەك بەندیخانە بكەنە شوێنی خۆڕێكخستنەوە.

4-پچڕاندنی پەیوەندی رێكخراوە تیرۆریستییەكان و كۆمەڵگە، بەردەوامی ململانی و ناكۆكییەكان لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست زەمینەی بۆ تیرۆریستان رەخساندووە كە لەو ناوچانەی دەستیانبەسەردا گرتووە لە بەرامبەر پاراستن و دەستەبەركردنی خزمەتگوزاری پشتیوانی دانیشتوان بەدەستبێنن، بۆیە ئەركی حكومەتە بۆ نموونە لە (سۆماڵ، مالی، یەمەن، عێراق) لە رێگەی دابینكردنی خزمەتگوزاری، پەروەردە، ئاسایش، ئاوەدانكردنەوە، یاساسەروەری و ... تاد بەرەنگاری تیرۆر ببنەوە و زەمینەی سەرهەڵدانی تیرۆر لە كۆمەڵگە لەباربەرن.


5-هاوسەنگی لە دەركردنی یاسای تایبەت بە تیرۆر، بەجۆرێك كە دەركردنی یاساكان نەبێتە هۆی بەرتەسككردنەوەی ئازادی و دیموكراسی، بەلكو ئامانج لێی دەستەبەركردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی هەموان بێت.

6-دروستكردنی سیستمێكی چاودێری بەهێزی رێكخراوە تیرۆریستییەكان، چاودێری ژێرخان و چالاكییان بكرێت، تا كۆمەڵگە بپارێزرێت لە هەر ویستێكی هێرشی تیرۆریستی، دەكرێت لە رێگەی تەكنەلۆیجاوە چاودێری تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بكرێت و هەماهەنگی لە نێوان وڵااتان دروستبكرێت، هەروەها چاودێری كڕینی ئەو ماددانەی كە دەكرێت لە كاری تیرۆریستی بەكاربێن.


7-گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی كۆڕ و كۆبوونە و چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان، یان هۆكارەكانی گواستنەوە بە تایبەت فڕۆكە.

پوختەی ئەم راپۆرتە ئەوەیە كە نابێت وڵاتان بە شكستی سەربازی داعش شاگەشكە بن، بەڵكو دەبێت ئەوە بەهەند بگرن كە رێكخراوەكە مەترسییە و لەوانەیە لە داهتوو هێرشی تیرۆرستی گەورە ئەنجامبدات، بە تایبەت هێرشی ئەلكترۆنی یان بە چەكی كیمیایی، لەوانەیە شوێنكەوتوانی رێكخراوەكە چەكیان حەشاردابێت و لە داهاتوو لە هێرشی تیرۆریستی بەكاریبێنن.

سەرچاوە: المستقبل للابحاث والدراسات المتقدمة.

# داعش # تیرۆریزم

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure