::
ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان
له‌م گفتوگۆیه‌دا مامۆستا عه‌زیز غه‌فور، مامۆستای
ئایینیی و شاره‌زا له فیكری ئیسلامی قسه له‌سه‌ر ڕۆڵی سه‌له‌فیه‌ت ده‌كات له دواخستنی
مسوڵمانان و پێی وایه سه‌له‌فیه‌ت، مسوڵمانانی به‌ره‌و دواوه گه‌ڕاندووه‌ته‌وه،
پێشی وایه سه‌له‌فیه‌ت ده‌یه‌وێت به چاره‌سه‌ره سه‌ره‌تاییه‌كان كێشه هه‌مه‌جۆركانی
سه‌رده‌م چاره‌سه‌ر بكات، باوه‌ڕیشی وایه عه‌وامگه‌رایی وای كردووه پڕۆسه‌ی دواخستنی
ئوممه‌تی ئیسلامی له لایه‌ن سه‌له‌فییه‌كانه‌وه ئاسان بێت.
قسه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه سه‌له‌فیه‌ت
له ئه‌مڕۆدا پایه‌یه‌كی به‌هێزی مانه‌وه‌ی هه‌ندێ له ڕژێمه‌كانی دونیایه و هۆكاری
سه‌رقاڵكردنی گه‌لانی هه‌ندێك له وڵاتانی تره، ئه‌و كه شاره‌زای فیكری ئیسلامییه
و لە حوجره وانه‌كانی فه‌قێیایه‌تیی خوێندووه پێی وایه سه‌له‌فییه‌كان تێگه‌یشتنیان بۆ ده‌روونی مرۆڤ زۆر ناواقیعیه و
دونیا لای سه‌له‌فیه‌ت زۆر سه‌ره‌تاییه.
ئه‌و بۆچوونه تا چه‌نده ڕاسته كه پێی وایه
سه‌له‌فیه‌ت به هه‌موو ته‌وژمه‌كانیه‌وه به‌رپرسیاره له دواكه‌وتنی ئوممه‌تی ئیسلامی؟
عەزیز غەفور: سه‌له‌فیه‌ت پێش ئه‌وه‌ی تێڕوانینێكی
ئایینی بێت، خواستی ده‌روونیی كه‌سانێكه كه حه‌زیان به قاوغی ئاماده‌كراوی چۆنیه‌تی
ژیانكردنه و متمانه‌یان به خۆیان نییه كه بڕیار له‌سه‌ر ژیانی خۆیان بده‌ن، بۆیه
لایه‌نی ئارامی و ئیسراحه‌ت هه‌ڵده‌بژێرن و په‌نا ده‌به‌نه به‌ر قاوغێكی پێشترئاماده‌كراو،
به‌وه‌یشه‌وه ناوه‌ستن به‌ڵكوو هه‌وڵ ده‌ده‌ن خه‌ڵكی تریش هه‌مان شت هه‌ڵبژێرن و به
توندی به‌ره‌نگاری هه‌ر كه‌سێك ده‌بنه‌وه كه له‌و قاوغه ده‌رچێت و ئارامییان لێ
تێك بدات.
دواكه‌وتنی هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌ره‌نجامه
بۆ كۆمه‌ڵێك هۆكاری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ده‌ره‌كی و ناوخۆیی … هتد، به‌ستنه‌وه‌ی
دواكه‌وتوویی به یه‌ك هۆوه، كارێكی نازانستییه، ئایین و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كانیش
كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی هه‌یه له‌سه‌ر دواكه‌وتوویی، چونكه ئایین ده‌چێته ناو هه‌موو
لایه‌ن و كایه‌كانه‌وه و ئاڕاسته‌ی جوڵه‌ی ئه‌و میلله‌ته ده‌كات له‌ناو ئه‌و كایانه‌دا.
چۆن ده‌كرێت سه‌له‌فییه‌كان به یه‌كێك له
هۆكاره‌كان دابنرێن؟
عەزیز غەفور: سه‌ره‌تا ده‌بێت بزانین به كێ
ده‌وترێت سه‌له‌فی؟ ئێمه وا ڕاهاتووین به كه‌سانێك بڵێین سه‌له‌فی كه ئه‌و ناوه‌یان
له خۆیان ناوه و سه‌ر به چه‌ند ته‌وژمێكی دیاریكراون و زانایانی تایبه‌ت به خۆیان
هه‌یه، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م پێناسه‌یه ڕووكه‌ش و هه‌ڵه‌یه، سه‌له‌فیه‌ت زۆر
له‌وه فراوانتره، سه‌له‌فیه‌ت له‌و كاته‌وه‌ی ئوممه‌ت ده‌ستی به پاشه‌كشه كردووه
ئه‌و ڕۆڵی دڵ ده‌بینێت بۆ ئه‌م ئوممه‌ته، له‌وانه‌یه له‌سه‌ر ئاستی تاك كه‌سی خواناس
و مرۆڤی جوانی په‌روه‌رده كردبێت، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه و كایه‌كانی ژیانه‌وه
مسوڵمانانی به‌ره‌و دواوه گه‌ڕاندووه‌ته‌وه، واته له‌پێناو قیامه‌ت و ده‌ستكه‌وتنی
به‌هه‌شتدا دونیای له مرۆڤه‌كان سه‌ندووه‌ته‌وه و هه‌ندێ جاریش كردوویه‌تییه دۆزه‌خ.
چونكه سروشتی وایه ده‌یه‌وێت ئایین بخزێنێته
ناو هه‌موو ئه‌و كایانه‌وه و بۆ هه‌موو جوڵه‌یه‌كی مرۆڤه‌كان حوكمێكی هه‌بێت، لێره‌وه‌یه
هه‌موو نه‌رێنییه‌كانی تێكه‌ڵ به ژیانی مرۆڤه‌كان ده‌كات.
بیركردنه‌وه‌ی سه‌له‌فیانه له‌وه‌وه ده‌ست
پێ ده‌كات كه پێی وایه: (دوایینه‌كانی ئه‌م ئوممه‌ته ئیسڵاح نابن جگه به‌وه‌ی كه
پێشینه‌كانی پێ ئیسڵاح بووه)، ئه‌مه‌یش واته سووربوون له‌سه‌ر ڕیتمێكی دینداری و
ژیانكردنی نه‌جوڵاو كه گونجاو بووه بۆ سه‌رده‌مێكی سه‌ره‌تایی و ساده له سه‌رده‌مێكدا
كه دونیا پێشكه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌خۆوه بینیوه و هه‌میشه له جوڵه‌دایه.
ئه‌مه له كاتێكدا هه‌موو گه‌لانی دونیا به‌رده‌وام
خه‌ریكی ئەپدەیتکردنی داتا‌و چاره‌سه‌ره‌كانیاندان له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا، به‌ڵام
سه‌له‌فیه‌ت ده‌یه‌وێت به چاره‌سه‌ره سه‌ره‌تاییه‌كان كێشه‌كانی سیاسی و ئابووری
و كۆمه‌ڵایه‌تی و زانستی وته‌ندروستی و ده‌روونی و … هتد چاره‌سه‌ر بكات، كه ئه‌مه‌ش
به ته‌واوه‌تی واتای پاشه‌كشه‌و گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه.
ئایا ئه‌م دواخستنه‌ی ئوممه‌تی ئیسلامی ته‌نها
په‌یوه‌سته به سه‌رده‌مێكی دیاریكراو، یان تا ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه؟
عەزیز غەفور: ئه‌م دواكه‌وتنه هه‌ر له سه‌رده‌می
سه‌رهه‌ڵدانی ئیمامی ئه‌حمه‌ده‌وه ده‌ستی پێ كردووه، دوای ناشیرینكردنی موعته‌زیله
و هاندانی مسوڵمانان بۆ گرنگیدان به حه‌دیس و ڕاوی و زانسته ڕووكه‌شه‌كانی قورئان
وه‌ك خوێندنه‌وه‌كان و ته‌جوید، له به‌رامبه‌ردا زه‌مكردنی نووسینێك جگه له‌وه‌ی
(قال الله و قال الرسول)ی تێدا بێت، و زه‌مكردنی عه‌قڵ و حه‌رامكردنی هه‌ندێ له زانسته‌كان…دواتریش
به هاتنی فوقه‌ها دین وردتر كرایه‌وه به‌ڵام له مه‌سه‌له بچووكه‌كاندا، ئه‌مه‌یش
ڕواڵه‌تگه‌رایی دینیی لێ كه‌وته‌وه، واته تۆ بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنیت كه كه‌سێكی باوه‌ڕداری
پێویسته ڕواڵه‌ته‌كه‌ت به‌و جۆره بێت كه له ڕیوایه‌ته‌كانه‌وه هاتووه.
جا ئێستا ئه‌گه‌ر سه‌رنجی حاڵی ئێستای ئوممه‌تی
ئیسلامی بده‌ین ده‌توانین بڵێین به‌ڵێ نه‌ك درێژه‌ی هه‌یه به‌ڵكوو ئێستا به هۆی پێشكه‌وتنی
مرۆڤه‌وه له هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانه‌وه سه‌له‌فیه‌ت زه‌قتر و ڕوونتر هۆكاری دواخستنی
ئوممه‌ته.
چی وای كردووه ئه‌م پڕۆسه‌ی دواخستنه‌ی ئوممه‌تی
ئیسلامی وه‌ها بۆ ته‌وژمه سه‌له‌فییه‌كان بچێته سه‌ر به ئاسانی؟
عەزیز غەفور: عه‌وامگه‌رایی.. سه‌له‌فیه‌ت
بۆ سه‌رخستنی بیركردنه‌وه‌كانی پشت به خه‌ڵكی عه‌وام ده‌به‌ستێت، وتاری سه‌له‌فیه‌ت
ڕووی له خه‌ڵكی شه‌قامه كه په‌رۆشی دینن و له دوای شتێك ده‌گه‌ڕێن كه ڕه‌زامه‌ندیی
خوایان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات و له به‌رامبه‌ریشدا هیچ باجێكی ماددی و كۆمه‌ڵایه‌تی
نه‌ده‌ن و ناوبانگیشیان جوان بكات، كاتێك وتاری سه‌له‌فی به كه‌سێكی ئاسایی ده‌ڵێت
تۆ به‌خوێندنی فڵان دوعا یان زیكر ئه‌وه‌نده خانوو و باخت له به‌هه‌شت بۆ ده‌سته‌به‌ر
ده‌بێت و به ده‌ركه‌وتنی فڵان ڕواڵه‌ت ده‌بیه خاوه‌نی سیمای مسوڵمانانه، ئه‌مه‌یش
به پێی فڵان ده‌قی فه‌رموده یان قسه‌ی فڵان زانا، ئیتر كه‌سه‌كه هه‌ست به ئارامی
ده‌كات و ویسته ده‌روونییه‌كانیشی دێنه دی و هیچ باجیش نادات.
له به‌رامبه‌ر ئه‌وه زمانی زبر و كه‌مته‌قوایی
سه‌ركرده‌كانیان به‌رامبه‌ر به نه‌یارانیان و زڕاندنی سومعه و شێواندنی وێنایان له‌ناو
مسوڵماناندا هۆكارێكی گه‌وره‌یه تاوه‌كو هه‌موو ته‌وژمه‌كانی تر له زمانیان بترسن،
بۆیه ده‌بینین هه‌موو ته‌وژمه‌كانی تر خۆیان له زمانیان ده‌پارێزن، ئه‌وه‌تا قوتابخانه‌یه‌كی
گه‌وره و فراوانی وه‌ك ئیخوان خۆی به سه‌له‌فیه‌ته‌وه هه‌ڵده‌واسێت به‌ڵام سه‌له‌فیه‌ت
نه‌ك قبوڵی ناكات به‌ڵكوو به لاده‌ری ده‌زانێت و بیرمه‌نده‌كانی ده‌داته به‌رهێرش
و ته‌نانه‌ت ته‌كفیریش.
له پشت هه‌موو ئه‌م هۆكارانه‌وه هۆكارێكی
گه‌وره‌تر هه‌یه، ئه‌ویش وه‌رگرتنی حه‌قانیه‌ته له ده‌قه‌كانی حه‌دیس و بۆچوونی
زانایانی پێشین، كه عه‌قڵی مسوڵمان له‌سه‌ر ئه‌وه بوونیات نراوه كه ئه‌و دوانه
پیرۆزن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕه‌دیشت كردنه‌وه ده‌بێت سه‌ره‌تا نییه‌تپاكیی خۆت ده‌ربڕیت
و پاشان ڕێزیان بۆ بنوێنی و ئه‌وكات بڵێی من له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌قه‌دا نیم، ئه‌ویش نه‌ك
به هۆی بیركردنه‌وه‌ی خۆته‌وه به‌ڵكوو ده‌بێت بڵێیت له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌قه‌ی تری فڵان
زانای پێشینی ترم كه ئه‌ویش هه‌ر زانا و پیاوی چاكه.
كه‌واته سه‌له‌فیه‌ت ڕێزی نه‌یاره‌كانی ناگرێت
و پشت به كۆمه‌ڵێك ده‌ق ده‌به‌ستێت كه لای نه‌یاره‌كانیشی موقه‌ده‌سن، له ململانێیه‌كی
له‌و جۆره‌دا كێ ده‌یباته‌وه؟ ئه‌نجامه‌كه ڕوونه.
سه‌له‌فیه‌ت چ به‌رژه‌وه‌ندی و چ ده‌ستكه‌وتێكی
هه‌یه له پڕۆسه‌ی دواخستنی ئوممه‌تی ئیسلامی؟
عەزیز غەفور: سه‌له‌فیه‌ت وه‌ك تاك پێی وایه
خزمه‌ت ده‌كات، پێی وایه له قاوغدانی ئوممه‌تی ئیسلامی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت
خێری دونیا و قیامه‌تی تێدایه، وه‌ك تاك خاوه‌ن ده‌سكه‌وتی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تین،
كه‌سێكی مایه‌پووچی نه‌زان ده‌توانێت له كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی‌دا به هۆی ڕیش و سیواك
و جلوبه‌رگه‌وه ببێته كه‌سێكی خاوه‌ن پێگه، بێگومان ئه‌مه‌ش به‌رژه‌وه‌ندییه‌كه
كه مرۆڤ نایه‌وێت له ده‌ستی بدات.
له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌ت بێگومان
سه‌له‌فیه‌ت له ئه‌مڕۆدا پایه‌یه‌كی به‌هێزی مانه‌وه‌ی هه‌ندێ له ڕژێمه‌كانی دونیایه
و هۆكاری مه‌شغوڵكردنی گه‌لانی هه‌ندێك له وڵاتانی تره، ته‌نانه‌ت له وڵاتانی ئه‌ورووپیشدا
له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو توندی و زبریه‌ی كه هه‌یانه ده‌ست ناهێنرێته ڕێگایان، چونكه
ئه‌و وڵاتانه ئیسلامێكیان ده‌وێت كه بیركردنه‌وه‌ی بچووك بێت و گرنگی به كێشه بچووكه‌كان
بدات، ئیسلامێك كه ئاماده بێت ساڵانه ده‌یان ڕۆژ خه‌ریكی چه‌له‌حانێ بێت له‌سه‌ر
چۆنێتیی دابه‌شكردنی سه‌رفیتره، ئیسلامێك كه هه‌ركاتێك مرۆڤێكی بینی سه‌رنجی ڕیش
و ده‌رقاچه‌كانی بدات نه‌وه‌ك كرده‌وه‌ی، ئیسلامێك كه كه‌سایه‌تیی ئافره‌ت بشارێته‌وه
له‌ناو نیقابدا تاوه‌كو ئافره‌تانی تر حه‌ز نه‌كه‌ن خۆیان بخه‌نه ئه‌و گێژاوه‌وه،
به كورتی ئیسلامێكی دژ و پێچه‌وانه به فیتره‌تی مرۆڤ، هه‌ركات ویستت كێشه و چه‌له‌حانێی
بۆ درووست بكه‌یت، له ئێستادا وای لێ هاتووه هه‌ر وڵاتێك بیه‌وێت گه‌له مسوڵمانه‌كه‌ی
خه‌ریك بكات به كارێكی لاوه‌كییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئاگایان له كارێكی گه‌وره‌تر نه‌بێت
زۆر به ئاسانی ده‌توانێت له ڕێگای به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنییه‌وه كه‌سێك ڕاسپێرێت
به‌وه‌ی گاڵته به سیواك بكات، ئیتر هه‌ر له‌و شه‌وه‌وه مسوڵمانان خۆیان توڕه ده‌كه‌ن
و تا مانگێك نایبڕنه‌وه باسی سوده زانستی و ئایینییه‌كانی سیواك ده‌كه‌ن، ئایا ئه‌مه
گه‌وره‌ترین به‌رژه‌وه‌ندی نییه بۆ ده‌سه‌ڵاتداران كه‌ته‌وژمێكی له‌و جۆره په‌روه‌رده
بكه‌ن تا عه‌قڵی مسوڵمانانیان بۆ بچووك بكاته‌وه؟
ئایا ئه‌مه په‌یوه‌سته به سه‌رجه‌م ته‌وژه‌مه
سه‌له‌فییه‌كانه‌وه، یان ته‌وژمی سه‌له‌فی هه‌یه كه پێشكه‌وتووخواز بێت و له خزمه‌ت
پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی دابێت؟
عەزیز غەفور: سه‌له‌فیه‌ت ته‌نها ئه‌و ته‌وژمانه
نین كه خۆیان ناوناوه سه‌له‌فی، له ڕاستیدا سه‌له‌فیه‌ت هه‌زار و دووسه‌د ساڵه
بناغه‌ی بۆ بیركردنه‌وه و عه‌قڵی ئه‌م ئوممه‌ته داڕشتووه، من و تۆیش به‌بێ ئه‌وه‌ی
به خۆمان بزانین سه‌له‌فین، كاتێك كه تۆ پێت وا بوو بۆ كێشه‌یه‌كی نوێی سه‌رده‌م
پێویسته بگه‌ڕێیته‌وه بۆ ده‌قی ڕیوایه‌تێك یان قسه‌ی فڵان هاوه‌ڵ یان زانا كه‌واته
تۆ سه‌له‌فیت..
له كاتێكدا حه‌دیس _ئه‌گه‌ر له سه‌داسه‌د
سه‌حیحیش بێت_ شێوازی چاره‌سه‌ری پێغه‌مبه‌ری خودایه بۆ كێشه‌یه‌ك كه هی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه
و به كه‌ره‌سته‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه، مانای وا نییه كه هه‌مان چاره‌سه‌ر تا ئێستا
به‌رده‌وام كاریگه‌ریی خۆی هه‌یه، ده‌بێت مسوڵمانان بزانن پێویسته ئه‌وان جێبه‌جێكاری
قورئان بن نه‌وه‌ك حه‌دیس و قه‌ولی عوله‌ما، چونكه حه‌دیسیش خۆی جۆرێكه له جێبه‌جێكاری
قورئان كه مه‌حكومه به كات و شوێن و ده‌وروبه‌ر، ئێمه ئێستا له كات و شوێن و هه‌لومه‌رجی
تایبه‌ت به خۆمان‌داین، ڕاسته قورئان تێكه‌ڵ به هه‌موو كایه‌كانی ژیان ده‌بێت، به‌ڵام
بواری فراوان به جێ ده‌هێڵێت بۆ عه‌قڵ و سه‌لیقه‌ی مرۆڤ و ته‌نها هێڵه سه‌ره‌كییه‌كان
دیاری ده‌كات، به‌ڵام حه‌دیس و قسه‌ی پێشینان ئه‌و هێڵه گشتیانه‌یان ورد كردووه‌ته‌وه
بۆ كایه‌كانی ژیانی سه‌رده‌می خۆیان، ئێمه پێویستمان ته‌نها به هێڵه گشتییه‌كانی
قورئانه نه‌وه‌ك وردكردنه‌وه‌كانی ئه‌وانیش.
بۆچی هه‌ر سه‌له‌فیه‌ت به هۆكاری دواكه‌وتنی
ئوممه‌تی ئیسلامی بزانین، مه‌گه‌ر ته‌وژمه ئیسلامییه‌كانی تر ئه‌زموونێكی جیاوازتریان
له سه‌له‌فیه‌ت پێشكه‌ش به كۆمه‌ڵگه كردووه؟
عەزیز غەفور: ته‌وژمه ئیسلامییه‌كانیش له‌ناو
هه‌مان ئه‌و بازنه‌یه‌دا مه‌له ده‌كه‌ن كه سه‌له‌فیه‌ت بۆی كێشاون و هێشتا نه‌یانتوانیوه
بچنه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه‌یه‌وه، هه‌موو ته‌وژمه‌كان ده‌یانه‌وێت بۆ چاره‌سه‌ری
كێشه‌كانی ئه‌مڕۆ ناو كتێبه زه‌رده‌كان و فه‌توای زانایان و ڕیوایه‌ته‌كان بگه‌ڕێن،
ئه‌وه نییه هه‌ر كات یه‌كێكیان بۆ ڕاستیی بۆچوونه‌كه‌ی پشتیوانیی یه‌كێك له زانایانی
پێشین ده‌هێنێت خه‌ریكه شۆك ده‌یگرێت؟
سه‌له‌فیه‌ت ته‌نانه‌ت نه‌خشه‌ڕێگای بۆ زانكۆ
و په‌یمانگه‌كانیش داڕشتووه كه ناتوانن لێی ده‌رباز بن، ئاده‌ی با قوتابییه‌كی ماسته‌ر
یان دكتۆرا ته‌فسیری ئایه‌تێك بکات به پێی سیاق و زمانی عه‌ره‌بی، بزانه چۆن لیژنه‌ی
گفتوگۆ كه به‌حساب سه‌له‌فی نین سه‌ر و دڵی ده‌گرن و نمره‌ی لێ ده‌شكێنن! باشه ئه‌ی
ئه‌گه‌ر گوتی ئه‌وه‌م له ته‌فسیری ئیبن كه‌سیر وه‌رگرتووه؟ ئه‌وه قسه‌كه‌ی لێ وه‌رده‌گرن..
له كاتێكدا كه‌سیان له خۆی ناپرسێت: ئه‌ی سه‌رچاوه‌ی ئیبن كه‌سیر چی بوو؟ ئه‌گه‌ر
قورئان و حه‌دیس و زمان بووه، ده‌ی كه‌واته ئه‌م قوتابییه‌ش بۆی هه‌یه به پشتبه‌ستن
به‌وانه مانای بكات، به‌ڵام نه‌خێر، شتی وا نابێت، چونكه سه‌له‌فیه‌ت زانایانی دوایینی
وا گۆش كردووه كه ئێوه به خۆتان هیچن و به پێشینانه‌وه ده‌بنه شت و به‌ها و
ڕێزتان هه‌یه و هه‌ر كه لاتان دا ئه‌وه ڕێز و به‌هاتان له ده‌ست ده‌ده‌ن.
ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر چه‌مكی پێشكه‌وتن بكه‌ین،
پێشكه‌وتن لای سه‌له‌فیه‌ت به مانای چی دێت؟ ته‌وژمه سه‌له‌فییه‌كان چۆن له پرسی
پێشكه‌وتن تێگه‌یشتوون؟
عەزیز غەفور: سه‌له‌فیه‌ت كێشه‌ی پێشكه‌وتنی
نییه، له‌و ڕووه‌وه زۆر مورتاحن، به لای ئه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر مسوڵمانان توانیان
به جه‌ماعه‌ت نوێژه‌كانیان بكه‌ن و كوفر به ئاشكرا نه‌ده‌كرا و ئیقامه‌ی حه‌ده‌كان
ده‌كرا ئه‌وه وڵات ئیسلامیه، ئه‌وان هه‌م غه‌می گه‌وره‌یان نییه، چاكسازیی سیاسی
حاكم ده‌یكات و چاكسازیی كۆمه‌ڵایه‌تی به مه‌وعیزه و كوته‌ك ده‌كرێت و چاكسازیی ئابووری
به زه‌كات و فه‌تواكانی هه‌زار ساڵ پێش ئێستا.. ئیتر قسه‌كردن له پلاندانان بۆ ئه‌م
بابه‌تانه سودی نییه و كاری مسوڵمانی مولته‌زیم نییه، مرۆڤ له‌بری ئه‌و باسانه
خۆی خه‌ریك بكات به له‌به‌ركردنی قورئان یان چه‌ند حه‌دیسێكه‌وه زۆر باشتره.
ئه‌وه بواری هونه‌ریی با بووه‌ستێت زۆر به
ساده‌یی وێنه و په‌یكه‌ر و مۆسیقا كاری شه‌یتانه و كۆمه‌ڵگه پێویستی نییه، هه‌رچی
یاری و ته‌رفیهـ هه‌یه هه‌ر به‌و جۆره، ئه‌وان تێگه‌یشتنیان بۆ ده‌روونی مرۆڤ زۆر
ناواقیعییه، پێیان وایه هونه‌رمه‌ندێك زۆر به ئاسانی ده‌توانێت ده‌ستبه‌رداری هونه‌ر
بێت، ئافره‌ت حاشا له كه‌سایه‌تی و جوانیی خۆی بكات، ده‌موچاوی داپۆشێت، عه‌تر له
خۆی نه‌دات، نه‌چێته ده‌ره‌وه، مێرده‌كه‌ی حسابی بۆ نه‌كات، كار نه‌كات، نه‌خوێنده‌وار
بێت… هتد.
دونیا لای سه‌له‌فیه‌ت زۆر سه‌ره‌تاییه و
پێویست ناكات ئاڵۆزی بكه‌ین، بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆحیه‌ته‌یش ئاشكرایه چ كاریگه‌رییه‌كی
نه‌رێنیی ده‌بێت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه.
چۆن ده‌كرێت سه‌له‌فییه‌كان به دواخستنی ئوممه‌تی
ئیسلامی تۆمه‌تبار بكرێن له كاتێكدا ده‌گوترێت ئه‌وان ڕۆڵێكی گه‌وره‌یان هه‌بووه
و هه‌یه له زیندووكردنه‌وه‌ی دین و نوێكردنه‌وه‌ی دین؟
عەزیز غەفور: سه‌له‌فیه‌ت ڕواڵه‌تی دینی پاراستووه،
له به‌رامبه‌ردا ناوه‌ڕۆكی دینی له‌ناو بردووه، ئه‌گه‌ر وا نه‌بووایه ئێستا ئوممه‌ی
ئیسلامی ئه‌خلاقی مامه‌ڵه‌یان جوان بوو نه‌وه‌ك سویدی و نه‌رویجی و یابانییه‌كان.
ئه‌وان دینیان كردووه‌ته شه‌عائیر و هه‌ندێ
قسه و شێوه‌ی ڕووكه‌ش، خه‌ڵكی مسوڵمان چاكه بۆ ئه‌وه ده‌كات نمره‌ی قیامه‌تی پێ
به‌رز بكاته‌وه نه‌وه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێی وایه پێویسته چاكه‌خواز بێت، ته‌نانه‌ت
قورئانیش بۆ ئه‌وه ده‌خوێنێته‌وه نه‌وه‌ك بۆ تێگه‌یشتن و كارپێكردن.
ئه‌وه‌یشی له‌سه‌ر بێت ئه‌وان هه‌میشه هۆكاری
سه‌ره‌كیی جه‌نگی مه‌زهه‌بی و فیرقه‌گه‌رایی بوون و هەر‌كه‌س له چوارچێوه فیكرییه‌كه‌ی
ئه‌وان لایدا بێت خێرا فیرقه‌یه‌كیان به‌ناوه‌وه كردووه و چه‌ندین ناو و ناتۆره‌یان
بۆ درووست كردووه.
كه‌واته پێشمه‌رجی جارێكی تری هه‌ستانه‌وه‌ی
ئوممه‌تی ئیسلامی په‌یوه‌سته به ده‌ستبه‌رداربوونی ئوممه‌تی ئیسلامی له سه‌له‌فیه‌ت؟
عەزیز غەفور: بێگومان.. ئه‌ڵبه‌ته كاتێك باس
له هه‌ستانه‌وه ده‌كه‌م مه‌به‌ستم له پێشكه‌وتنی زانستی نییه، ئه‌وه ته‌نانه‌ت
میلله‌تی بتپه‌رستیش ده‌توانن ده‌سته‌به‌ری بكه‌ن.
مه‌به‌ستم له هه‌ستانه‌وه هه‌ستانه‌وه‌ی
دینییه، چونكه دین به هۆی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی سه‌له‌فیه‌ت هه‌زار و دووسه‌د ساڵه
دایڕشتووه و له‌و كاته‌وه ئوممه‌ت ئه‌زموونی ده‌كات و سه‌لماوه كه ئه‌زموونێكی
فاشیله، به‌و هۆیه‌وه دین ڕۆڵی خۆی له ده‌ست داوه، له‌بری ئه‌وه‌ی ببێته هۆكارێكی
یارمه‌تیده‌ر بۆ گه‌شه‌پێدان و پێشكه‌وتن و زانست، بووه‌ته به‌ربه‌ست، له‌بری ئه‌وه‌ی
مافی مرۆڤی پێ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین خه‌ریكه به هۆیه‌وه مافی ژیانی پێ لێ ده‌سه‌نرێته‌وه
له مرۆڤه‌كان، ئه‌گه‌ر وا بڕوات دین ناتوانێت هاوڕای مرۆڤی سه‌رده‌م بڕوات، چونكه
چاره‌سه‌ری پێ نییه بۆ كێشه‌كانی مرۆڤی سه‌رده‌م، ته‌نانه‌ت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پرسیاره
ئایینییه‌كانی مرۆڤی سه‌رده‌م نییه، ئه‌وه‌تا دینداری له ناو چینی خوێنده‌وار و زانكۆ
و په‌یمانگاكاندا ڕۆژ له دوای ڕۆژ كاڵتر ده‌بێته‌وه، چونكه سه‌له‌فیه‌ت كۆمه‌ڵێك
بابه‌تی لاوه‌كیی ناو ڕیوایه‌ت و قسه‌ی زانایانی له خه‌ڵكی كردووه‌ته دین و هه‌ر
ڕۆژه‌ی یه‌كێك له‌و قسانه به درۆ ده‌كه‌ونه‌وه و خشتێك له ئیمانی گه‌نجان ده‌ڕووخێت.
بۆیه ئه‌ركی زانایانه كه خۆیان هه‌ستن به
پاككردنه‌وه‌ی دین له‌و شتانه و دین ڕزگار بكه‌ن له ڕواڵه‌تگه‌رایی و عه‌وامگه‌رایی
و ساده‌گه‌رایی.
س: شۆڕش ئه‌نوه‌ر ئەم چاوپێکەوتنەی بۆ ڕۆژنامەی ئاژانس ئەنجامداوە...
#
سەلەفی