::
مايكا زنكو
نوسینی: مايكا زنكو
وهرگێڕانی: بێستون حوسێن
عارف
پێشەكی
لە دوای هێرشە تیرۆریستییەكانی
11 سێبتەمبەری 2001، جۆرج دەبلیو بۆش سەرۆكی ئەو كاتی ئەمەریكا سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی
وڵاتەكەی ڕاگەیاند كە جەختی لەسەر دوو گریمانەی سەرەكی دەكردەوە: یەكەم، ویلایەتە یەكگرتووەكان
بەگژ هەموو ئەو نەتەوە و دەوڵەتانەدا دەچێتەوە كە یارمەتی گروپە تیرۆریستییەكان دەدەن
و وڵاتەكانیان بووەتە لانكەیەكی ئارام بۆ ئەو
گروپانە. دووەم، ڕێگەگرتن لە گروپە تیرۆریستییەكان كە ببن بە خاوەنی چەكی كۆمەڵكوژ
كە دەكرێت ئەوان بەكاری بهێنن یان هەڕەشەی بەكارهێنانی بكەن لە دژی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی.
بیرۆكەی سەرەكی لە پشت ئەم تێڕوانینەوە ئەوە بوو كە بۆش پێی وابوو بەبێ پشتگیری دەوڵەتان
لە تیرۆر ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستیانە كەمتر چالاكن لە ڕاكێشانی ئەندام بۆ ڕیزەكانیان
و كەمتر دەتوانن پلانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی گەورە دابنێن، یاخود ئەو گروپانە بۆنمونە
ئەلقاعیدە ئیلزام بکەن بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی، ئەمەش وادەردەكەوێت كە ئەوان دەیانویست چەكی كومەڵكوژ بە دەست بهێنن،
بۆیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی گروپە تیرۆریستییەكان كە تاكتیكی خۆكوژی بەكار دەهێنن،
ستراتیجی درێژخایەنی ئیحتیواكردن یان بەرپەچدانەوەی كاریگەری نابێت و ناتوانرێت پەنای
بۆ ببرێت لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە. سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی ئیدارەكەی بۆش
هێرشی سەربازی پێشوەختی وەك كارێكی یاسایی بەكارهێنا بۆ هێرشكردنە سەر دەوڵەتانی پاڵپشتیكاری
تیرۆریزم و وەستاندنی هەڕەشەی چەكی كۆمەڵ كوژ پێش ئەوەی بەتەواوی بەدەستی بهێنن.
شەش مانگ دوای داڕشتنی
سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەكگرتووەكان، هەلێكی بێوێنە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان
هاتە پێش بۆ بەكارهێنانی هێرشی لەناکاو لەدژی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان، كە لەو وڵاتانەدا
چالاكیان ئەنجامدەدا كە ویلایەتە یەكگرتووەكان بە دەوڵەتی پاڵپشتكاری تیرۆریست وەسفی
كردبوون، هەروەها دەوترا كە چەكی كۆمەڵكوژ بەرهەم دەهێنن بۆ بەكارهێنان لە دژی ئەمەریكا
یان هاوپەیمانەكانی لە ئەوروپای ڕۆژئاوا. لە شاخەكانی كوردستانی عێراق، ڕێكخراوێكی
تیرۆریستی بە ناوی ئەنسارولئیسلام كە مەشق و ڕاهێنانیان دەكرد لە كەمپێك لە نزیك خورماڵ و دەوترا ئەم گروپە گازی كۆمەڵكوژ بەرهەم دەهێنن
بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی لەلایەن شانە پاشكۆكانیان لە بەریتانیا، ئەڵمانیا و
فەرەنسا و ئیتاڵیا. سوپای ویلایەتە یەكگرتووەكان ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی ئاسمانی و زەمینیان
دارشت بوو كە پێشبینی دەكرا هێرش بكرێتە سەر بارهگاكانی ئەنسارولئیسلام لە 4 تەموزی
2002. ئەو پلانی هێرشە بە تێكڕای دەنگ پشتگیری لێکرا لەلایەن دەستەی ئەركانی هاوبەشی
سوپای ئەمەریكا و دواتر پلانەكەیان خستە بەردەم كۆشكی سپی. بە پێی وتەكانی جەنڕاڵ ریتشارد
مایرز، فەرماندەی دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا، پلانە پێشنیاركراوەكە بۆ
لەناوبردنی كەمپی خورماڵ ڕەنگە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری و قورسی ببێتەوە، بەڵام قابیلی جێبەجێكردنە.
هەروەك جەنراڵ جون كین، نوێنەری سوپای ئەمەریكا لە دەستەی ئەركانی هاوبەش ئاماژەی بەوە
كرد كە پلانە پێشنیاركراوەكە لە ڕووی سەربازییەوە زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت جێبەجێبكرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای ئەوەی دەوترا ئەنسارولئیسلام هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمەریكا و بوونی
هەڵبژاردەی متمانە پێكراو بۆ بەكارهێنانی هێرشی لەناکاو بۆ لە ناوبردنیان لەبەردەستدا
بوو، بەڵام سەرۆك بۆش بڕیاریدا هێرشی سەربازی سنوردار بەكار نەهێنێت لەدژی ئەنسارولئیسلام.
ئەم بابەتە دابەشكراوە
بەسەر چەند بەشێكدا بەم شێوەیەیی خوارەوە:
یەكەم: باس لە نەخشەی دەركەوتنی
ئیسلامییە توندڕەوەكان لە كوردستانی عێراق دەكات لە ناویشیاندا دروستبوونی ئەنسارولئیسلام
و پەیوەندی ئەم گروپە بە تیرۆریستی ناودار ئەبو موسعەب زەرقاوی.
دووەم: لێكدانەوەی گفتوگۆی
نێوان بەرپرسە باڵاكانی ئەمەریكا سەبارەت مەترسییەكانی ئەنسارولئیسلام و ئەوەی كە ویلایەتە
یەكگرتووەكان پێویستە چی بكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەنسارولئیسلام.
سێیەم: ڕوونكردنەوەی دوو
بژاردەی سەربازی بۆ لێدانی كەمپی مەشقی ئەنسارولئیسلام لە نزیك شارۆچكەی خورماڵ كە
لەلایەن سوپاوە دارێژرا بوو، یەكێك لەو بژاردانە بە كۆی دەنگ پەسەند كرابوو لەلایەن
دەستەی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكاوە.
چوارەم: پێشكەشكردن و هەڵسەنگاندن
بۆ چوار ڕوونكردنەوەی گونجاو كە بۆچی سەرۆك بۆش لە كۆتاییدا لە دژی جێبەجێكردنی ئەو
پلانانە بڕیاریدا، لێكدانەوەكان ئەمانە لەخۆدەگرێت: یەكەم، مەترسییەكە ئەوەندە زۆر
نەبوو. دووەم، زانیاری هەواڵگری تەواو نەبوو بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەكە. سێیەم، لە كاتی شكستدا باجی سیاسی زۆر قورس دەبێت. چوارەم،
ئامانجی سەرەكی گۆڕینی ڕژێمی عێراق ڕەنگە كێشەی بۆ دروست بێت.
پێنجەم: گفتوگۆی دەرەنجام
و بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەكات لە حاڵەتی دەست لێنەدانی ئەنسارولئیسلام
و زەرقاوی.
بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە
#
ئەنسارولئیسلام