کریستینا ترەینا: ئیسلام و کاتۆلیکی رۆمی بەشێکی گرنگی یاسای ئایینییان بە یاسای ئەخلاقی دەزانن

03/10/2019

:: د. سەباح موفیدی

سەباح موفیدی

کریستینا ترەینا پڕۆفیسۆر و سەرۆکی بەشی خوێندن و توێژینەوە ئایینییەکانی زانکۆی نۆرتوێستێرن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانە. کار و توێژینەوەکانی پێوەندییان هەیە بە رەوشت و ئەخلاقییات بەتایبەت رەوشتی مەسیحییەت و فێمینیستی، بایۆئێتیک، دادپەروەریی، رەگەزێتی، مافە ئابوورییەکان و مێتۆد. ئەو زۆر پەرتووک و وتاری زانستیی بڵاو کردووەتەوە. دووان لە پەرتووکەکانی ئەمانەن: رەوشتی فێمینیستیی و یاسای سروشتیی: کۆتایی هەڵگەڕانەوە و تێگەیشتنی ئێرۆتیک: دایکوباوکێتی و رەوشتی هەستیارێتی لە نێوان نابەرابەرەکاندا.

ناوەندیی کوردستان: موسڵمانان لەو بڕوایەدان کە پەرتووک و باوەڕەکانی ئایینە ئاسمانییەکانی پێش ئیسلام گۆڕدراون و بەلاڕێدا براون. بیروڕای ئێوە لەسەر گۆڕانکارییەکان لە دەقە پیرۆزەکان و باوەڕەکانی مەسیحییەکان بە درێژایی مێژوو چییە؟

 پ. کریستینا: مەسیحییەکان باوەڕی جۆراوجۆریان لەسەر پەڕتووکی پیرۆز هەیە. بە باوەڕی هەندێک خوا راستەوخۆ وتەکانی پەرتووکی پیرۆزی بە پێغەمبەران و نێردراوەکانی وتووە. بەوەشەوە، ئەو باوەڕە باوترە کە خوا نیگا/ئیلهامی بە نووسەرانی پەرتووکە جیاوازەکان بەخشیوە کە بە زمان و هێماخوازیی کولتوورەکانی خۆیان بیاننووسن. هەروەها، ئینجیل دیسان نووسرایەوە: کۆکرایەوە و پاش رەوتێکی درێژ بریتی لە بڕیارەکان سەبارەت بەوەی کە کام لە دەقەکان باو یان متمانەپێکراو بوون، کام لە دەقەکان گرنگ بەڵام کەمتر ناوەندیی/سەرەکیی بوون، راستکردنەوە/هەڵەچنینی بۆ کرا. هیچ دەقێکی دەسنووسی سەرەکی بوونی نییە، هەرچۆنێک بێت هیچ کەس وا بیری نەکردووەتەوە کە ئەو دەسنووسە سەرەکییانە کاتێک نووسراون دەقگەلێکی متمانەپێکراوی هەمیشەیی بوون. ئەوانە لە رەوتی بەکارهێنانیان لەلایەن کۆمەڵە مەسیحییەکانەوە بوون بە متمانەپێکراو. کەواتە زۆربەی مەسیحییەکان ئەو راستییەی کە نووسراوەکان/دەسنووسەکان جیاوازن، وەک کێشە یان لادان نابینن. بەڵکو، ئەوان ئەو جۆراوجۆرییە وەک بەڵگەی هاندەری ئەو شێوازانەی دەبینن کە لە رێگای ئەوانەوە دەقەکان و بیرۆکەکان کۆپی کران و لە رۆژهەڵاتی نزیکی کۆنەوە گوێزرانەوە بۆ ناوچەکانی تر.

ناوەندیی کوردستان: بەپێچەوانەی ئایینەکانی تر، لە جیهانی ئیسلامدا یەک دەقی قورئان لەگەڵ راڤەی جیاواز هەیە. تکایە دەکرێ کاریگەریی دەقە پیرۆزە جیاوازەکان لەسەر ناکۆکییە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکانی نێوان گروپە جیاوازەکانی مەسیحییەت شرۆڤە بکەن؟

 پ. کریستینا: ئەم پرسیارە بە شێوەی نزیک پێوەندیی هەیە بە پرسیاری پێشووەوە. پەرتووکی پیرۆزی مەسیحی لە ئینجیلی عیبری (یان سەردەمی کۆن)، بە میرات وەرگیراو لە ئایینی جوو و ئینجیلی سەردەمی نوێ، بەرهەمهێنراو لە پاش عیسا مەسیح پێکهاتووە. لە شوێن و کاتی جیاوازدا، گروپە جیاوازەکانی مەسیحی جەختیان کردووە لەسەر هەندێ پەرتووکی تایبەتی ئینجیل و گرنگایەتییان بەوانی تر نەداوە. بۆ وێنە، پرۆتێستانە رێفۆرمخوازەکان زۆر بە قورسی پشتیان بەست بە نامەکانی پاول/پۆلس، لەکاتێکدا کە کاتۆلیکەکانی رۆمی هەر ئەو سەردەمە زیاتر تەركیزیان سەر ئینجیلی مەتا، دەقە یاساییەکانی ئینجیلی عیبری و وانە بە فەرمی پەرەپێدراوەکانی کلێسای کاتۆلیکی رۆم. ئەوڕۆکە هەندێ مەسیحی زیاتر لەسەر ئینجیلی لوقا جەخت دەکەن کە تیشکی خستووەتە سەر کەمکردنەوەی هەژاریی و نەخۆشی، ئەوانی تر زیاتر جەخت لەسەر ئینجیلی یوحەنا دەكەن کە تیشکی خستووەتە سەر جیاوازیی نێوان مەسیحییەکان و گروپە ئایینییەکانی دیکە. بە درێژایی پێنج سەدەی رابردوو، کاتێک وانە و بنەماکان زیاتر خاڵی ناوەندیی باس و مشتومڕەکان بوون، ئەم جیاوازیانە لە جەخت کردندا خاڵە گرنگەکانی ناکۆکی بوون.

ناوەندیی کوردستان: کاریگەریی مەسیحییەت لەسەر رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگادا چۆن بووە؟ بە رای ئێوە، جیاوازیی نێوان کاریگەریی ئیسلام و مەسیحییەت لەسەر مافەکانی ژنان چییە؟

 پ. کریستینا: هەردووکی مەسیحییەت و ئیسلام نەریتگەلێکی زۆر جیاوازن کە دابونەریتی کولتوورەکانی دەوروبەریشیان بەرەو خۆیان راکێشاوە. ئاستەمە و ناکرێ ئەمە بە کورتی وەڵام بدرێتەوە. بەوەشەوە، لە دەق و وانەی هەردووکی مەسیحییەت و ئیسلامدا پاڵپشتی بەهێز بۆ پێگەی بەرابەری ژن و پیاو و بۆ مافە سیاسییەکانی ژنان، هەیە. هەروەها، لە کات و شوێنە جیاوازەکاندا لقەکانی هەردوو نەریتەکە باوەڕ و دابونەریتە ئایینییەکانی تر کە مافەکانی ژنانیان سنووردار کردووەتەوە، وەرگرتووە.

ناوەندیی کوردستان: رۆڵی ئایین لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی فێمینیستیدا چۆن دەبینن؟ تکایە دەکرێ کاریگەریی رەوشتی مەسیحییەت لەسەر رەوشتی فێمینیستیی شرۆڤە بکەن؟

 پ. کریستینا: ئەمە پرسیارێکی چاکە، چونکو زۆربەی کات گریمانە دەکرێت کە مەسیحییەت لە باری مێژووییەوە لە دژی فێمینیزم بووە. بەڵام لەڕاستیدا باوەڕە مەسیحییەکان لەسەر بەرابەری مرۆڤ لای خوا بنەما بوون بۆ فێمینیزمی رۆژئاوایی. سووربوونی سێنت پاول/پۆلس لەسەر ئەوەی کە لە مەسیحدا نە پیاو هەیە و نە ژن (غەلاتیان 3:28) وتەیەکی سەرەکییە. هەروەها باوەڕە مەسیحییەکان سەبارەت بە گرنگایەتی کاری ژنان لە ماڵدا بۆ شەپۆلی یەکەمی فێمینیزمی رۆژئاوایی بریتی لە بزووتنەوەکانی خۆپاراستن[1] و کۆنتڕۆڵی دووگیانی، زۆر گرنگ بوون. وەکو رەوشتزانێکی[2] فێمینیستی مەسیحی، من راسپاردە سەرەکییەکانی مەسیحییەت و فێمینیزم بە راهاتوو دەزانم نەک لەدژی یەکتر. بەوەشەوە، لەبەر هەندێ هۆی گرنگ هەندێ رەوشتزانی فێمینیست بەتەواوی گومانیان لەسەر مەسیحییەت هەیە و بە باشتری دەزانن کە باسی کاریگەریی مەسیحییەت لەسەر رەوشتی فێمینیستیی نەکەن.

ناوەندیی کوردستان: وەکو نووسەری "رەوشتی فێمینیستیی و یاسای سروشتیی"، تکایە دەکرێ زیاتر پێوەندیی نێوان یاسا، ئایین و رەوشت شرۆڤە بکەن؟

 پ. کریستینا: پێوەندیی یاسا، ئایین و رەوشت لە هەر نەریتێکی ئایینیدا جیاوازه. ئیسلام و کاتۆلیکی رۆمی لە دوو روەوە وەکیەکن. یەکەم، هەردوو نەریتەکە بەشێکی گرنگی یاسای ئایینییان (ئەحکامی شەرعی) بە یاسای ئەخلاقی دەزانن. دووەم، ئێمە وادەزانین کە یاسای ئەخلاقی هەم بە قووڵی رێخەی لە نەریتدایە و هەم بە شێوەی دینامیک وەڵامدانەوەیە بۆ گۆڕانە مێژووییەکان، بە هەبوونی هەڵسەنگاندنی بەردەوام بەپێی دەقەکان، نموونەکان، دۆزینەوە زانستییە نوێیەکان و .. تاد. وەکو دەرەنجامێک، هەردووکی نەریتەکانی ئێمە بەشداری بنەڕەتییان هەیە لە باسە سیاسییەکانی یاسای سەردەمدا: ئەو بیرۆکە کە یاسا لە کۆمەڵگای بەهێز و دارایی تاکەکەسیی پاڵپشتی دەکات. هاوکات، هەردووکی نەریتەکانمان پێویستە ئاگادار بن کە گیان/رۆحی یاسایەکی کۆن نەکەن بە قوربانی دەق/نووسراوەی هەر ئەو یاسایە.

ناوەندیی کوردستان: ئێوە ئەزموونێکی چاکتان لە خوێندنەوە ئایینییەکاندا هەیە. لەو پێوەندییەدا، راسپاردە و ئامۆژگارییەکانتان بۆ ناوەندە زانستی و توێژینەوەییەکانی کوردستان چییە؟

 پ. کریستینا: کەسانی ئایینی زۆربەی کات بەپەرۆشن کە بۆچوونەکانی خوێندنەوە ئایینییەکان بەڵێندارێتی ئایینی لاواز دەکەن. بەوەشەوە، خوێندنەوە ئایینییەکان لە ئامرازەکانی هەموو لقەکانی خوێندن بۆ تێگەیشتن لە نەریتە ئایینییەکان کەڵک وەردەگرن بە شێوەیەک کە دەتوانێت تێگەیشتنی ئێمە لە باوەڕ و کردەوەکانی خۆمان قووڵتر بکات. شیکارییە وێژەییەکان یارمەتی ئێمە دەدەن کە هەم لە جوانکاریی و هەم لە بەڵێندارێتی و گریمانە قووڵترەکانی دەقە ئایینییەکان تێبگەین. کۆمەڵناسی و دەروونناسی یارمەتیمان دەدەن کە لە زۆریک لە توێژە گرنگەکانی بۆنە ئایینییەکان کە بەجێیان دەهێنین تێبگەین. مێژوو یارمەتیمان دەدات کە تێبگەین چۆن نەریتە ئایینییەکان دەگۆڕدرێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو بەرەنگاری و تەنگەژانەی کە بە هۆی گۆڕینی کولتوورەوە پێکهاتوون – و چۆن کولتوور لەلایەن ئایینەوە بیچمی پێ دراوە بە شێوەیەک کە رەنگە ئێستا تاڕادەیەکی زۆر بۆ ئێمە نەبینرێت. فەلسەفە یارمەتیمان دەدات کە تێبگەین چۆن تیۆلۆجی/ئیلاهییات – زمانی باوەڕی ئایینی – لەلایەن جیهانبینییەکانی ئێمەوە بیچمی پێ دەدرێت. شیکارییەکانی پێوەندیدار بە رەگەز، جیندەر و کۆلۆنیال/ئیستیعمار تێگەیشتنی ئێمە لەسەر ئەو شێوازانەی کە تێیایاندا ئایین و دەسەڵات لە پێوانەی سیاسی و تاکەکەسیدا بە یەکتر دەگەن، دەوڵەمەند دەکەن. بەرهەمی کۆڵینەوە لە هەموو ئەو پرسانە، و پرسەکانی تر، بەرنامەیەکی دینامیک و گونجاو دەبێت.


[1]  بزووتنەوەی خۆپاراستن و میانەڕەوی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بوو لەدژی بەکارهێنانی مەشڕوباتی ئەلکهوڵی. خۆپارێزیی لە خواردنەوەی ئەلکهۆڵ لە ژێر کاریگەریی باوەڕە ئەخلاقی و ئایینییەکاندا بوو. بەشداربووان جەختیان دەکرد لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەلکهۆڵ لەسەر لەشساقی خەڵک، کەسایەتی و ژیانی خێزانەکان. لە سەدەکانی 19 و 20 دا ئەم بزووتنەوە لە زۆر وڵاتدا زەق بووەوە و ئەوپەڕی لە کۆتایی سەدەی 19دا بوو. س. م
[2]  رەوشتزان یان رەوشتناس، واتە پسپۆڕی بواری رەوشت و ئەخلاق. س. م

# ئایین

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure