::
ئیدریس سیوەیلی
ڕەئووف موحەمەدیوسف سەعید (ڕێنموون) لە ساڵی ١٩٧١دا لەدایک بووە
و جگە لە خوێندنی فەڕمی، لە لاویدا کتێبە ئایینی و ئەدەبیەکانی بە زمانی عەرەبی و
فارسی لای زانایانی ئایینی خوێندووە. بڕوانامەی دکتۆرای زانستە ئایینییەکانی لە
زانکۆی تاران وەرگرتووە. دەیان وتار و وەرگێڕانی لە گۆڤار و هەفتەنامەکانی
ڕۆژهەڵاتدا بڵاو کردووەتەوە و ئێستا مامۆستای زانکۆیە لە سنە، ئەو لەم گفتوگۆیەدا
باس لە پەیوەندی ئایین و ئەدەب و كایەكانی
پەیوەست بەو بوارە دەكات.
نێوانی ئەدەب و ئایین لە رابردودا بەراورد بە ئێستا بە گشتیی چۆن بووە؟
سڵاو و ڕێزم هەیە لە خزمەت خۆتان و خوێنەرانتاندا. لە ڕابردوودا ئەدەب و ئایین بە
شێوەیەکی گشتی پێکەوە تەباتر بوون و ئەدەب لە ناوەندە ئایینییەکاندا زۆرتر بایەخی
پێ دەدرا. ئەمەش چەند هۆیەکی هەبوو: ناوەندی پێگەیاندنی خوێندەواران بە گشتی و
ئەدیبان بە تایبەتی لە ڕابردوودا حوجرەکان بوون و حوجرەکانیش ناوەندگەلێکی ئایینی
بوون. هاوكات لە زۆربەی حوجرەکاندا کتێبگەلێکێی ئەدەبی وەک کتێبی گوڵستان و
بۆستانی شێخی سەعدی دەخوێندرا و هەندێک لە فەقێکان بەشەکانی تری دیوانی سەعدی و دیوانی حافز و کەلیم و ... یان دەخوێند،
هەموو فەقێکان لە کتێبی "موختەسەر"دا لەگەڵ بنەماکانی زانستی
ڕەوانبێژیدا ئاشنا دەبوون. دەبێت ئەوەشمان لەبەرچاوبێت ئەدیبانی ئەو کاتە لە هەوڵی
بە ئیسلامیکردنی ئەدەبدا نەبوون و لەگەڵ ئەدەبدا وەک خۆی مامەڵەیان دەکرد، جگە لە
هۆنراوەی فێرکاری کە لە حوجرەکاندا باو بوو. ئەویش وەک بەرهەمێکی ئەدەبی مامەڵەی
لەگەڵدا نەدەکرا.
بەڵام ئایینخوازانی ئێستا زۆربەیان لە بواری ئەدەبییەوە لاوازن،
هەندێکیشیان لە سەدەی بیستەوە لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە ئەدەب بهێننە ژێر ڕکێفی
ئایینەوە کە هەوڵێکی نەزۆک بوو. بەشێوەیەکی گشتی ئەو پەنابردنە بەر زمانی ئەدەبە،
بەبێ دەست تێوەردانی، کە ئەهلی تەسەوف لە ڕابردوودا بوویان ئیسلامخوازانی هاوچەرخ
تیایدا سەرکەوتوو نەبوون.
ئەو پانتاییەی ئایین قسەی لەسەر دەكات بەشێكی گەورەی بریتییە لە دواندنی رۆحی مرۆڤەكان، بە هەمان شێوەش هونەر ئەو پانتاییە دەدوێنێت، ئایا دەبێت ئایین و ئەدەب لە ململانێدابن لەسەر داگیركردنی رۆحی مرۆڤەكان یان دەشێت تەواوكەری یەك بن؟
شێوازی دواندنی ڕۆحی مرۆڤەکان لە ئایین و ئەدەبدا جیاوازن؛ ئایین کاتێک ڕۆحی
مرۆڤەکان دەدوێنێت زۆر جیددیە و لە سەرەوە قسە دەکات بەڵام ئەدەب وا نییە. زمانی
ئەدەب ساکارتر و بەربڵاوترە، هەر بۆیە ململانێیەکی گەورە ناکەوێتە نێوان ئەدەب و
ئایینەوە و زمانی ئایین مرۆڤ لە زمانی ئەدەب و هونەر بێنیاز ناکات. لێرەدا چەند
خاڵی گرنگ دەخەمە بەرچاو:
1-لە کۆتایی سوورەتی "الشعراء"دا قورئان گلەیی توند ئاراستەی بەشێک لە شاعیران دەکات. بەڵام هێرش ناکاتە سەر خودی شیعر. قورئان دەیەوێت شاعیرەکان بڕوایان بە خودا و ڕۆژی پەسڵان هەبێت و هەوڵەکانیان بۆ ڕزگاریخوازی بخەنە گەڕ، بەڵام نایەوێت ڕاستەوخۆ چوارچێوەیەک بۆ شیعر دابنێت. بۆیە قورئان، کە دەکرێت وەک دەقێکی ئەدەبی چاوی لێبکرێت، نایەوێت جێگەی ئەدەب بە گشتی و شیعر بە تایبەتی بگرێتەوە و خودی قورئان دەفەرموێت "وما هو بقول شاعر"
2-ئەو شاعیرانەی کە لە شیعرەکانیاندا ستایشی پێغەمبەر (د.خ) و ئیسلامیان دەکرد، شێوازی باوی شیعری ئەو سەردەمەیان نەدەگۆڕی و سەرەتا بە پەسنی خۆشەویستەکەیان دەستیان پێ دەکرد و پێغەمبەریش نەک بەرگری ئەو کارەی لێنەدەکردن، بەڵکو خەڵاتیشی دەکردن.
3-بەشێک لە هۆی پەنابردنی مرۆڤەکان بۆ هونەر و ئەدەب سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەستکردنی مرۆڤەکان بە تەنیاییان لەم جیهانەدا و بەشێکی تری ڕاکردنە لە جیددیبوونی ژیان و ئەو بەربەستانەی کە لە ڕێگەی مرۆڤدایە، هەرچەند بە بڕوای من ئایین هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هونەر و ئەدەبدا نییە؛ بەڵام گومان لەوەدا نییە کە ئایین ئەو بەشی هەست بە تەنیاییە کە هاندەری هەندێک لە مرۆڤەکانە بۆ پەنا بردنە بەر هونەر و ئەدەب لاواز دەکات. هەر بۆیە بە هاتنی قورئان لە سەرەتای ئیسلامدا هونەر بە گشتی و ئەدەب و شیعر بە تایبەتی لاوازبوونێکی کاتی بە خۆیەوە بینی و بەڵام دواتر لە سەردەمی ئومەوی و عەباسیدا گوڕ و تینی جارانی بە زیادیشەوە تێکەوتەوە.
4-لە فەرموودەکانی پێغەمبەردا هەڕەشەی توند ئاراستەی ئەوانە کراوە کە پەیکەر بۆ پەرستن دەتاشن و بەم هۆیەشەوە پەیکەر تاشین و وێنە کێشان لەناو موسوڵماناندا زۆر لاواز دەبێت، بەڵام لە جێگەی ئەو دوو هونەرەدا؛ خۆشنووسین و زەخرەفە سەر هەڵدەدات.
لە رابردودا ناوەندە ئایینییەكانی كوردستان (حوجرە) شوێنی پێگەیاندنی شاعیرەكان بوون، لە ئێستادا ئەو رۆڵە لاواز بووە، ئەمە چ كاریگەرییەكی كردوەتە سەر پەیوەندی ئایین و ئەدەب لە كۆمەڵگەی كوردەواری؟
هەروەک ئاماژەم پێ دا، لە ڕابردوودا خوێندەواران هەموویان لە حوجرەوە دەستیان
پێدەکرد و حوجرەکانی کوردستان ناوەندگەلێکی ئەدەبی بوون و هەموو فەقێکان لەگەڵ
بنەماکانی زانستی ڕەوانبێژی ئاشنا دەبوون، ئەمەش حەزێک و هەستێکی هاوبەشی بۆ
چێژوەرگرتن لە ئەدەب (کە بە زۆری لە شیعردا خۆی دەنواند) لە نێوان بەشی هەرە زۆری
خوێندەواراندا دروست دەکرد. بوونی ئەم حەز و ئەم هەستە هاوبەشە وای دەکرد
ئەدەبدۆستان زۆر بە ئاسانی لە یەک تێدەگەشتن.
لە ناو توێژەکانی تری کۆمەڵگاشدا هونەر و ئەدەب بەشێوەیەکی
ساکارتر خۆی لە نەخشی سەر قاڵی و جلوبەرگ و کەرەستەکاندا و هەروەها لە شیعری میللی
و بەیت و گۆرانی و.... تاد دا دەبینییەوە.
بەڵام لە ئێستادا لقەکانی ئەدەب بەرفراوانتر بووە و سەلیقەی
خوێندەوارانیش زۆر لە یەکتر جیاوازە، بۆیە ئەو چێژە هاوبەشە بەرتەسک بووەتەوە و
ڕێژەی ئەو خوێندەوارانەش کە ئەدەب بەشێکی گرنگ نییە لە ژیانیان لە چاو ڕابردوودا
کەمی کردووە.
تا ئێرە لاوازبوونی ڕۆڵی هونەر و ئەدەب و چێژوەرگرتنی هاوبەش
پەیوەندییەکی بە ئایینەوە نییە و گشتییە.
بەڵام لە ناوەندە ئایینییەکانیشدا بە داخەوە ڕۆڵی ئەدەب لاواز
بووە و ئایینخوازانی ئێستا لەبەر ئەو هۆیانەی کە لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا
ئاماژەم پێ دا، ئەو پەیوەندییەی جارانیان لەگەڵ ئەدەب و هونەردا نەماوە، ئەمەش وای
کردووە کە ئایینخوازان نەتوانن ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆحی بەردەنگەکانیاندا بدوێن و
زمانی ئایین ئەو سازگارییەی جارانی نەماوە و تەنانەت بەشێک لە هۆکاری لاوازبوونی
ئەخلاق لە ناو ئایینخوازاندا بۆ دوورکەوتنەوە لە کتێبگەلی ئەدەبی و ئەخلاقی
دەگەڕێتەوە.
زۆرجار دەبینین زانایانی ئایینی قسە لەسەر كایەی هونەر و ئەدەب دەكەن و هەڵیدەسنگێنن، بە پێوەرە ئایینییەكان فەتوای حەرامی و حەڵالی بەسەردا دەدەن، ئەمە تا چەند گونجاوە و رای بەرێزتان لەوبارەوە چییە؟
دەمەوێت سەرەتا ئاماژە بەو ڕاستییە بکەم کە زۆر جار هونەر و ئەدەب وێنەیەک لە
بارودۆخێکی دەروونی مرۆڤ دەخاتە بەرچاو کە لەوانەیە زۆر کاتی بێت، وەک چۆن
وێنەگرێک وێنەی بارینی باران لە ناوچەیەکی کەمباراندا دەگرێت کە لەوانەیە
ڕووداوێکی کاتی بێت و لە ساڵێکدا سێ یان چوار جار ڕووبدات، ئایا ڕەوایە کە ڕەخنە
لەو وێنەگرە بگرین و بڵێین: بۆچی وێنەی ڕووداوێکی کاتیت گرتووە؟ تەنانەت دەتوانین
بڵێین جوانی و چێژی وێنەگرتن لەو وێنانەدایە کە ئەو ڕووداوە نایابانە تۆمار دەکەن.
ئەدەبیش بە گشتی و شیعر بە تایبەتی زۆر جار وێنەیەکی دەگمەن لە
بارودۆخێکی کاتیی دەروونی مرۆڤ دەخاتە بەرچاو. ئایا ڕەوایە گلەیی لە مەولەوی بکەین
و بڵێین: جەنابتان کە سێ کتێبی عەقیدەی ئایینیتان بە زمانی کوردی و فارسی و عەرەبی
نووسیوە و موریدی شێخ عوسمانی سیراجەدین بوویت و بڕوات بە ڕۆژی پەسڵان هەیە بۆچی
لە شیعرێکدا دەفەرموویت؟:
هەرچی دیت وە چەم شی وە سەفەردا
هەرچی موینی ها نە گوزەردا
کەس حاڵی نەبی وەهیچ نەفاما
ئەو پەی چی ویەرد، ئێد پەی چی ئاما؟
یان بڵێین: بۆچی ئەو هەموو گلەییە لە چەرخ و ڕۆژگار دەکەیت و ئەو
هەمووە باسی ساقی و مەی و مەستی و ئافرەت و ئامێرەکانی مۆسیقا و گۆرانیبێژ و مۆسیقاژەن
دەکەیت؟
ئەم پرسیارانە هەڵەیە، چونکە ئەوە سروشتی هونەر و ئەدەب و شیعرە
کە هەر لە دێر زەمانەوە هاتووە و هەر وابووە و زانایانی پێشووش نەک هەر گلەیییان
لەو شێوازی دەربڕینە نەکردووە تەنانەت خۆیشیان هەر بەو زمانە دواون و سوودیان لێ
وەرگرتووە. تەنانەت ئەهلی تەسەوف بۆ وێنا کردنی چێژە رۆحیەکەیان و ئەوینە
ڕاستەقینەکەیان پەنایان بردووەتە بەر ئەوینی مەجازی و پەسنی مەی و مەستی و ئافرەت
و خاڵ و خەت و چاو و گۆنا و ... تاد.
مامۆستا مەسعوود محەمەد لە وتاری 'سڵاوێک لە شیعری نوێبابەتی
کوردی'دا دەنووسێت: "کە بێین و لە ڕوانگەی مەترسی و سەلامەتی تەعبیرەوە سەیری
(ئاخێوەر، ئاخاوتن) بکەین، دەبینین شیعر لە کۆنەوە ئامێرێکی سەلامەت و بێخەتەر
بووە لە چاو پەخشان، هەموو ئەو قسە بێپەروا و بێپەردانەی کە ئەگەر نووسەرەکەی
بیانکاتە پەخشان هەرای بۆ دەنێنەوە، لە شیعردا بە درێژایی ڕۆژگار چاوی لێ پۆشراوە
و بە قسەی جوان و نەقڵ و بابەتی ئارایشت لە قەڵەم دراوە... گوێ بگرە خەیام چۆن
ناوناوە دەگاتە پایەی (ئیبن راوەندی) و هەر بە خواناس و حەکیمیش ناوی دەبرێ ... لە
کۆنی کۆنەوە هەڵبەست بە تێکڕایی یەکجار کەمتر لە قسەی عادەتی، چ جای نووسین،
حیسابی جیدیەتی بۆ کراوە،.
ئەگەر لە ڕووی ئایینیشەوە سەیری بابەتەکە بکەین دەبینین کاتێک
"کەعبی کوڕی زوهەیر" قەسیدە بەناوبانگەکەی (البردة) بۆ پێغەمبەر (د.خ)
خوێندەوە کە پێش پەسنی پێغەمبەر بە پەسنی خۆشەویستەکەی دەست پێدەکات و لە
شوێنێکیدا دەڵێت " لە ڕووەوە جوان و کەمەر باریکە و لە پشتەوە سمتی گۆشتن و
قەڵەوە"، پێغەمبەر نەک هیچ بەرگری لێنەکرد و ناوچاوی تاڵ نەکرد بەڵکو لە
کۆتاییدا بوردەکەی خۆیی پێبەخشی.
هەروەها زانایانی ئایینی دەڵێن: "نابێت بەرگری لە خراپە
ببێتە هۆی دروستبوونی خراپەیەکی گەورەتر"، کام یەک لەو فەتوایانە خراپەی زۆر
گەورەتری بە دوای خۆیدا نەهێناوە؟
بۆیە ئەوە چاوەڕوانییەکی بەجێیە لە مامۆستایانی ئایینی کە واز
لەو جۆرە فەتوادانە بهێنن و چاوەڕوانیش لە هونەرمەندان و ئەدیبان دەکرێت کە ڕێز بۆ
ئایین و دابونەریتی کۆمەڵگا دابنێن و بە حیکمەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
شیعری كلاسیكی كوردی بەشێكی بەرچاوی پیاهەڵدانبووە بە ئافرەت، لە كاتێكدا شاعیرەكان ئەگەر زانای ئایینی نەبوون دەرچوی ناوەندە ئایینییەكان بوون، لەمڕۆدا سەرنجی بەرێزتان لەوبارەوە چییە؟
زانایانی ئایینیی ڕابردوو زۆر باش لەم
ڕاستیە تێگەیشتبوون کە ناکرێت هەمیشە ڕوویەکی جیددی لە ئایین و لە ژیان بخەنە
بەرچاو و ڕێگەی سەرگەرمی و هەناسەدان و گاڵتەوگەپ لە خەڵکی بگرن. بۆیە ئەبینین
پێغەمبەر (د.خ) بە خاتو عایشە دەڵێت: ئایا لەو شاییەدا کە بەشداریت کرد سەرگەرمی و
خۆشی دەربڕینی تێدا بوو؟ چونکە ئەنسار حەزیان لەو شتانەیە.
هەر بۆیە زانایانی ئایینی جاران هەمیشە هەڵوێستێکی جیدیان لەگەڵ
خۆیان و کۆمەڵگادا نەبووە و ئەهلی خۆسانسۆرکردنیش نەبوون و ئەوەی کە ناشێت
زانایەکی ئایینی لە ئاخاوتنی ئاساییدا دەری بڕێت بە زمانی شیعر و ئەدەب دەریان
بڕیوە و لە میانەی قسە خۆشەکانیاندا زۆر شتیان وتووە کە لە ئاخاوتنی ئاساییدا نەیانوتووە
و لە شادی و شایی خەڵکدا بەشدارییان کردووە، تەنانەت هەڵپەڕیون و هەندێکیان لە
کۆڕی تایبەت بە خۆیاندا گۆرانیشیان وتووە. لەگەڵ ئەوەشدا لە شوێنی خۆیدا جیدی بوون
و بەرگرییان لە خراپە کردووە و وەک حەکیمێک مامەڵەیان لەگەڵ کێشەکانی کۆمەڵگادا
کردووە.
بەداخەوە زانایانی ئایینی ئەمڕۆ زۆریان لە ئەدەب و وێژە و
شیعرەوە دوورن و تەنانەت هەندێکیان نازانن تاڵیی پەند و نەسیحەت لەگەڵ شیرینیی
شیعر و قسەی خۆشدا تێکەڵاو بکەن، جا دەرخواردی گوێگرانی بدەن.
چۆن بتوانین پەیوەندییەكی تەندروست لە نێوان كایەی ئایین و هونەر و ئەدەب دروست بكەین؟
لە وەڵامەکانی پێشوودا تا ڕادەیەک ئاماژەم بە وەڵامی ئەم پرسیارە کرد. پێویستە
ئایینخوازان نەک هەر بە چاولێپۆشینەوە بڕواننە بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکان؛
بەڵکو خۆشیان لە ڕێگەی زمانی هونەر و ئەدەبەوە و بەو زمانە پەیامەکانیان بگەیەنن و
بە چاوپۆشییەوە و وەک حەکیمێک لەگەڵ کۆمەڵگادا مامەڵە بکەن.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت هونەرمەندان و
ئەدەبدۆستانیش لە زمانی کینایەئامێزی ئەدەب و هونەر لانەدەن و ئەگەر گلەیییەکیشیان
لە ڕەفتارێکی ئایینی ناو کۆمەڵگا هەیە بە زمانی ئەدەب و هونەرەکەیان ڕووبەڕووی
ببنەوە، پێویستە هەموولایەکیان لە زەروورەتی بوونی ئەوانی تر تێبگەن و هیچ لایەک
لە بیری سڕینەوەی ئەوی تردا نەبن.
#
ئایین