چەكدارە بیانییەكان، هەڕەشەیەكە دەردەكەونەوە

04/12/2019

:: ئیدریس سیوەیلی

نووسینی: جاسم محەمەد

چارەسەری گرفتی دەركەوتنەوەی جارێكی تری چەكدارە بیانییەكانی داعش، بۆتە كاری لەپێشینەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتیەكان، هەرچەندە پێگەكانی داعش لە عێراق و سوریا دەستیبەسەرداگیراوە، بەڵام لە تشرینی دووەمی 2019 جۆرێك لە دابەشبوون لە نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش سەبارەت بەو دۆسیەیە دەبینرا، ئەمەش مەترسی دەربارەی چارەنووسی چەكدارە بیانییەكان و سەرهەڵدانەوەی داعش و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو هەزاران ئەندامەی داعش و خانەوادەكانیان كە لە شەڕدا بەدیل گیراون زیاتر دەكات.

رۆژی 14 تشرینی دووەمی 2019 وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش كۆبوونەوە، دەربارەی مامەڵەكردن لەگەڵ داعش دوای كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی گفتوگۆیان كرد، هاوكات هێرشی توركیا بۆ باكوری سوریا، دەستتێوەردانی رووسیا لە سوریا، هەڵوێستی هێزەكانی سوریای دیموكرات و بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا گفتوگۆی لەبارەوە كرا.

ئایا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش هێشتا كارایە؟
بێگومان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە دەستبەسەراگرتنی تەواوی پێگەكانی داعش لە عێراق و سوریا ئەركی خۆی بەجێهێنا، بەڵام كۆدەنگی لە نێو چاودێران و شارەزایانی تیرۆر لەسەر ئەوەیە كە دەستبەسەراگرتنی پێگەكانی داعش مانای كۆتایهاتنی ئەو رێكخراوە  و ئایدۆلۆجیا توندوتیژەكەی نییە، بەڵكو ئایدۆلۆجیاكەی لە هزر و مێشكی چەندین كەسدا ماوە، بۆیە دەبێت رێوشوێن و ستراتیجی نیشتمانی، هەرێمی و نێودەوڵەتی بەرفراوان بگیرێتەبەر بۆ زاڵ بوون بەسەر داعش و هەر گرووپێكی تری توندڕەو.

دوابەدوای كۆنتڕۆڵكردنی پێگەكانی داعش، چالاكییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرەو لاوازی و پاشەكشە رۆیشت، تا ئەو ساتەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڕیاریدا هێزەكانی لە سوریا بكشێنێتەوە.

ئەمەریكا متمانەی هاوپەیمانەكانی لەدەست دەدات
دەستبەرداربوونی ئەمەریكا لە هێزەكانی سوریای دیموكرات رەنگدانەوەی سیاسەتی هەڵبەز و دابەزی ترامپ نیشان دەدات كە پابەندنابێت بە هاوپەیمانەكانییەوە، پەیامێكی نەرێنییە كە سیاسەتەكانی ترامپ لەسەر بناغەیەكی جێگیر نین تەنانەت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەویش.

پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا دەرگای لەبەردەم هێزەكانی توركیا واڵا كرد تا هێرشی سەربازی بكاتە سەر ناوچەكە، دەتوانین ئەو هێرشانە بە هەوڵی ئەردۆگان بۆ سەرلەنوێ گێڕانەوەی داعش ناوزەدبكەین، هەڵمەتی سەربازی توركیا و هەوڵەكانی بۆ دەستگیركردنی سەركردەكانی داعش لە سوریا و توركیا، هەوڵێكی ئەردۆگانە بۆ شارردنەوەی تێوەگلانی لە پەیوەندی بە داعش و مەبەستییەتی ئەو هەڵمەتە بۆ بەرژەوەندی سیاسیی خۆی بەكاربێنێت، لەلایەكی تریشەوە كارتێكی فشارە بەرامبەر وڵاتانی ئەوروپا بەكاریدەهێنێت دژ بەو رەخانەی لەلایەن ئەوروپییەكانەوە لە ئەردۆگان بە تایبەتیش پەیوەست بە دۆسیەی قوبروس دەگیرێن.

ئایا هاوپیەمانی نێودەوڵەتی روودەكاتە رۆژئاوای ئەفەریقا؟
دوای زاڵبوون بەسەر داعش لە عێراق و سوریا، بەشێك لە گرووپە توندڕەوەكان چالاكیی خۆیان گواستۆتەوە بۆ رۆژئاوای ئەفەریقا، ئەمەش مەترسی ئەو هێزانەی زیاتر كردووە، فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە دەریاوە چاودێری ناوچە بیابانییەكانی رۆژئاوای ئەفەریقا دەكەن، ئەمەریكیەكانیش گرنگی زیاتر بە رۆژئاوای ئەفەریقا دەدەن، لە سەرەتای تشرینی یەكەمی 2019 داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشێكی وڵاتی مالی راگەیاند كە بەهۆیەوە 53 سەرباز و چەندین كەسی مەدەنی بوونە قوربانی.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەیەوێت رووبكاتە رۆژئاوای ئەفەریقا، ئەمەش بە دیوێكی تردا بۆشاییەك لە سوریا دروست دەكات چونكە ئەوروپییەكان ناتوانن بۆشایی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا پڕبكەنەوە، لە حاڵەتێكی واشدا رووسیا لە پاڵ توركیا و ئێران ئامادەیی زۆرتری دەبێت لە سوریا.

دروستكردنی دادگای نێودەوڵەتی لە عێراق
لەمساڵدا وڵاتانی ئەوروپا دەربارەی پێشنیاری پێكهێنانی دادگایەكیان دەكرد هاوشێوەی دادگای نۆرنبێرگی ئەڵمانیا كە دوای جەنگی دووەمی جیهان پێكهات، لەناو ئەو وڵاتانەشدا سوید داكۆكی لەم پێشنیارە دەكرد، بەڵام ئەمە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانەوە رەتكرایەوە.

پێشنیازی ئەوروپا ناتوانرێت لە عێراق جێبەجێبكرێت لەبەر:
1-خراپی و ناجێگیری دۆخی سیاسیی لە عێراق.
2-نەبوونی ژێرخانێكی باسایی و قەزایی گونجاو لە عێراق كە لەگەڵ یاسای قەزایی نێودەوڵەتی تەبا بێت، لە كاتێكدا لە عێراق لە دادگاكان سزای لەسێدارەدان دەردەكرێت، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا ئەوە رەتدەكەنەوە و پێوەری خۆیان هەیە بۆ حوكمەكانی قەزا، ئەمەش جۆرێك لە دژیەكی دروستدەكات.
3-دادگای نێودەوڵەتی پێویستی بە رێپێدان و بڕیاری نێودەوڵەتی هەیە، ئەمەش ئەگەری زۆری هەیە لە لەلایەن هەندێك لە وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش رەتبكرێتەوە لەوانە رووسیا هەروەها ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا.

هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا و گێڕانەوەی چەكدارە بیانییەكان
هەڵوێستێكی روونی ئەروپییەكان سەبارەت بە گێڕانەوەی دیلەكانی داعش لە ئارادا نییە، راڕایی لە هەڵوێستی ئەڵمانیا سەبارەت بە رادەستكردنەوەی چەند ئەندامێكی داعش لە یەن توركیاوە بەو وڵاتە لە تشرینی یەكەمی 2019 بەدیدەكرا، وڵاتانی ئەوروپا لەوە دەترسن كە بەڵگەیی قەزایی روون نییە سزای ئەو كەسانە بدرێت پەیوەندیان بە گرووپە توندڕەوەكانەوە كردووە، ئەمەش بەو مانایەیە كە ئەوان ئازاد دەكرێن و لە شەقامەكانی ئەوروپا دەسوڕێنەوە.

بژاردەی سنووردار لەبەردەم هەواڵگری ئەوروپا
دەزگای هەواڵگری ئەوروپا لایەنێكی جێبەجێكارە، ئەوەی لای دادگاكان هەیە جیاوازە لەوەی لای دەزگا هەواڵگرییەكان هەیە، دادگا ئەندامی داعش ئازاد دەكات، دەزگای هەواڵگرریش جگە لە ملكەچبون بۆ بڕیاری دادگا و چاودێری توندی ئەو كەسە هیچ بژاردەیەكی تری نییە، ئەمەش ئاڵنگارییەكی بەردەم دەزگا هەواڵگرییەكانە.

گرفتەكە لە كوێدایە؟
گرفتەكە لەوەدایە كە دەزگای هەواڵگری ئەوروپا زۆرتر وەكو بابەتێكی تاوانكاری مامەڵە لەگەڵ تیرۆر دەكات، پێویستی بە شایەت و بەڵگە هەیە، ناتوانرێت سزای هەر كەسێك بدرێت كە گەشتی بۆ سوریا و عێراق كردوە یان پەیوەندی بە گرووپە توندڕەوەكانەوە كردووە، هەرچەندە دەزگای هەواڵگری ئەوروپا هەوڵی زۆری داوە لە عێراق و سوریا بەڵگەی دەستكەوێت بۆ تۆمەتباركردنی ئەوانەی تێوەگلاون لە توندوتیژی تا لە دادگا سزا بدرێن.

مەترسی چەكدارە بیانییەكان
مەترسی گەڕانەوەی چەكدارە بیانییەكان بۆ ئەوروپا لە بڵاوبوونەوەی توندڕەوی لە ناو كۆمەڵگەی ئەوروپیدایە، لە كاتێكدا ئەوان هیچ سزایەك نەدرێن و لەوێ ئازادانە بسوڕێنەوە، ئەمەش بە مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی دادەنرێت. مەترسیەكە بە تەنها لەسەر ئەوروپا نییە، بەڵكو 800 چەكداری ئەوروپی و خێزانەكانیان و دەیان هەزار چەكداری عەرەبی رەنگە بەهۆی هەڵمەتێكی سەربازی نوێی توركیاوە هەڵبێن و لە هەر شوێنێك بێت ببنە مەترسی.

چارەسەر چییە؟
پێویستە ناكۆكی و پەرتەوازەیی ناوخۆیی ناو هاوپیەمانی نێودەوڵەتی چارەسەر بكرێت، نابێت بەهۆی سیاسەتەكانی ترامپ ناكۆكی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دروست بێت، نابێت كەس ناكۆك بێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بژاردەی نوی ئەوەیە كە هاوپیەمانی نوێ دژی تیرۆر و توندڕەوی دروستبكرێت، بە زاڵبوون بەسەر داعش توندڕەوی بە تەواوی كۆتایی نەهاتووە، دەبێت وڵاتانی ئەوروپا دیدێكی گشتگیریان هەبێت و دەستپێشخەربن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، تەنها بابەتەكە لە گەڕانەوەی چەكدارە بیانییەكاندا كەرتهەڵنەهێنن، دەبێت وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ وڵاتانی تر هاوكاربن و خۆیان بە بەرپرسیاری یاسایی بزانن بەرامبەر چەكدارە بیانییەكان، چونكە ئەوان لە ئەروپا و وڵاتانی ترەوە هاتن و چونە ناو گروپە توندڕەوەكان. مەترسییەك هەیە لەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رەنگدانەوەی لەسەر وڵاتانی ئەوروپاش دەبێت، ئەمەش دەخوازێت هاوپەیمانییەكی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی پێكبهێنرێت.

سەرچاوە:
المركز الأوروبي لدراسات مكافحة الإرهاب والإستخبارات

# داعش

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure