ئازادی ئایینداری و كوشتنی هەڵگەڕاوە لە ئیسلامدا

07/12/2019

:: د. ئومێد عوسمان

پێشەكی

 
  ئازادی بیركردنه‌وه‌‌ و سه‌رپشكایه‌تی مرۆڤه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی ئایین‌ و بیروباوه‌ڕدا،  له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی قورئانی پیرۆزه‌، به‌جۆرێك شایانی سڕینه‌وه‌ و ته‌ئویل‌ و راڤه‌ی پێچه‌وانه‌ نییه‌، خوای په‌روه‌ردگار عه‌قڵی به‌خشیوه‌ته‌ مرۆڤه‌كان ‌و له‌ رێگه‌ی پێغه‌مبه‌رانیشه‌وه‌ ئاگاداری كردوونه‌ته‌وه‌، بنچینه‌كانی راستی ‌و چه‌وتی، هه‌ق‌ و ناهه‌ق، شیاو و نه‌شیاو، حه‌رام ‌و حه‌ڵاڵی بۆ ده‌ستنیشانكردوون، له‌هه‌مانكاتدا ئازادی هه‌ڵبژاردنی داوه‌ته‌ ده‌ستیان‌، له‌ رۆژی دواییشدا له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ما لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات، ئیتر هه‌ر جۆره‌ سه‌پاندن‌ و زۆرلێكردنێكی ره‌تكردۆته‌وه‌، هه‌روه‌ك له‌م ئایه‌ته‌ قورئانیانه‌دا هاتووه‌:


[لا إكْرَاهَ فـي الدّين قَدْ تَبـَيَّنَ الرُّشْدُ مِنَ الغَيّ] (البقرة 256). [ وَلَوْ شَاءَ اللَّهُ مَا أَشْرَكُوا وَمَا جَعَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا وَمَا أَنْتَ عَلَيْهِمْ بِوَكِيلٍ] (الأنعام: 107). [ وَلَو شَآءَ رَبُّكَ لآمَنَ مَن فِى الأَرضِ كُلُّهُم جَمِيعًا أَفَأَنتَ تُكرِهُ النَّاسَ حَتَّى يَكُونُوا مُؤمِنِين]َ (يونس: 99 ). [وَلَو شَآءَ رَبُّكَ لَجـَعَلَ النَّاسَ أُمَّةً وَاحِدَةً وَلاَ يَزَالُونَ مُختَلِفِينَ] (هود 118). [وَلَوْ شَاءَ لَهَدَاكُمْ أَجْمَعِينَ] (النحل :9). [وَلَو شَآءَ اللّهُ لَجَعَلَكُم أُمَّةً وَاحِدَةً وَلكِن يُضِلُّ مَن يَشَآءُ وَيَهدِي مَن يَشَآءُ وَلَتُسأَلُنَّ عَمَّا كُنتُم تَعمَلُونَ]َ (النحل: 93) . [ وقل الحق من ربكم فمن شاء فليؤمن ومن شاء فليكفر] (الكهف 29). [فإن أعرضوا فما أرسلناك عليهم حفيظًا إن عليك إلا البلاغ]َ (الشورى :48). [إِنَّ هَذِهِ تَذكِرَةٌ فَمَن شَآءَ اتَّخَذَ إِلَى رَبِّهِ سَبِيلًا] (الإنسان : 29). [ لست عليهم بمسيطر] (الغاشية 22). 

 
  ئازادی هه‌ڵبژاردن ‌و توانای وه‌رگرتن‌ و ره‌تدانه‌وه‌ی بێ زۆره‌ملێی مرۆڤه‌كان له‌ ئیسلامدا، له‌لایه‌كه‌وه‌ ده‌رخه‌ری رووی راسته‌قینه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كانه‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ سه‌لمێنه‌ری شیاویی‌ و واتاداریی بنه‌ماكانی داوالێكردن(التكلیف)‌ و پاداشت‌ و سزای رۆژی دواییه‌، واته‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئازاد نه‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنی ئایین ‌و بیروباوه‌ڕدا، ئه‌وكات هیچ واتا و حیكمه‌تێك له‌ داوالێكردنی شه‌رعی‌ و پاداشت ‌و سزای خواییدا نامێنێت.


له‌گه‌ڵ هه‌بوونی چه‌ندین ده‌قی قورئان ‌و سوننه‌ت‌و نموونه‌ی زیندوو له‌ ژیانی پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای لێبێت) و هاوه‌ڵاندا له‌سه‌ر ئازادی ئایینداری‌ و چه‌سپاندنی وه‌ك بنه‌مایه‌كی نه‌گۆڕ، هاوكات رووبه‌ڕووی هه‌ندێك ده‌قی تر ده‌بینه‌وه‌ كه‌  گۆڕینی ئایین ‌و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ئیسلام، به‌ گه‌وره‌ترین تاوان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات‌ و بڕیاری سزای كوشتن بۆ كه‌سی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ ده‌دات. ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ جۆره‌ها راڤه‌ و شیكردنه‌وه‌ی جیاواز و دژیه‌ك‌ و هه‌ندێكجار نامۆ و دوور له‌ رۆح‌ و جه‌وهه‌ری ده‌قه‌كان ‌و مه‌به‌سته‌كانی شه‌ریعه‌ت بێته‌كایه‌وه‌.و واتای راست‌ و دروستی ده‌قه‌كان بشێوێندرێت.


 ئه‌وه‌ی گرنگه‌ لێره‌دا بگوترێت ئه‌وه‌یه‌ له‌ قورئانی پیرۆزدا هیچ جۆره‌ سزایه‌كی دنیایی بۆ كه‌سی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ له‌ ئایین بڕیارنه‌دراوه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای له‌سه‌ربێت) له‌ ژیانیدا سزای كه‌سی نه‌داوه‌ به‌كوشتن به‌هۆی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ ئایین، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ هه‌ندێك ده‌قی وته‌ییه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ گێڕدراوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ركه‌سێك ئایینی گۆڕی سزای كوشتنی به‌سه‌ردا بسه‌پێنن، ئه‌مانه‌ش وه‌ك دواتر رونیان ده‌كه‌ینه‌وه‌ تایبه‌تن به‌ به‌كه‌سانی شه‌ڕكه‌ر نه‌ك هه‌ڵگه‌ڕاوه‌.


ده‌توانین به‌ گشتی رای زانایانی ئیسلام له‌سه‌ر حوكمی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ئایین له‌ سێ ئاڕاسته‌دا كۆبكه‌ینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ خستنه‌ رووی به‌ڵگه‌كانیان‌ و دواتریش قسه‌ له‌سه‌ركردنیان ‌و هه‌ڵسه‌نگاندنیان‌ و پیشاندانی رای به‌هێز و شیا و له‌گه‌ڵ بنه‌ما قورئانیه‌كان‌ و جه‌وهه‌ر و رۆحی شه‌ریعه‌تدا:


ئاراستەی یەكەم: پێیان وایە ئه‌گه‌ر كه‌سێك دوای موسوڵمان بوونی، له‌ ئیسلام هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌ و چووه‌ نێو ئایینێكی تره‌وه‌، یان  به‌ راشكاوانه‌ بێباوه‌ڕیی خۆی ئاشكرا كرد، دوای داوای گه‌ڕانه‌وه‌ لێكردنی هه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر راكه‌ی خۆی ‌و نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئیسلام، ئه‌و كه‌سه‌ به‌ هه‌ڵگه‌ڕٍاوه‌ (مرتد) داده‌نرێت‌ و سزای كوشتنی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌كرێت، پیاو بێت یان ئافره‌ت، ئه‌مه‌ش رای زۆرینه‌ی زانایان بووه‌ له‌ كۆن و نوێدا، هه‌ركام له‌ مه‌زهه‌به‌كانی مالیكی ‌و شافیعی ‌و حه‌نبه‌لی‌ و زاهیری ‌و شیعه‌ی زه‌یدی ئه‌م رایه‌یان په‌سه‌ند كردووه‌.(1).


ئاڕاسته‌ی دووه‌م: جیاوازی ده‌كرێت له‌ نێوان پیاو و ئافره‌تی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌دا، ئه‌گه‌ر كه‌سی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ له‌ ئیسلام پیاو بوو، سزای كوشتنی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌كرێت به‌ڵام ئافره‌تی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌، سزا نادرێت به‌ كوشتن، به‌ڵكو به‌ند ده‌كرێت‌ و داوای گه‌ڕانه‌وه ‌و په‌شیمان بوونه‌وه‌ی لێده‌كرێت، هه‌ركام له‌ زانایانی مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فی ‌و شیعه‌ی ئیمامی له‌سه‌ر ئه‌م رایه‌ن (2).


ئاڕاسته‌ی سێیه‌م: كه‌سی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ پیاو بێت یان ئافره‌ت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سزای كوشتنی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ناكرێت، به‌ڵكو به‌رده‌وام به‌رچاورۆشنی ‌و روونكردنه‌وه‌ی ده‌درێتێ‌ و داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی لێده‌كرێت. ئه‌مه‌ش رای هه‌ركام له ‌گه‌وره‌ زانای تابعین ئیبراهیمی نه‌خه‌عی (96ك مردووه‌) ‌و سوفیانی سه‌وریه‌ (161ك مردووه‌) (3).

 

بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە

# ئایین

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure