سدیق عەبدولعەزیز؛ ئیخوانێكی ستەملێكراو و سیاسییەكی دڵڕەنجاو

21/12/2019

:: ئیدریس سیوەیلی

دوای ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، ڕۆژی 9/12/2019 لە تەمەنی هەشتا ساڵی، سدیق عەبدولعەزیز لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد، ئەو زیاتر لە سی ساڵی تەمەنی لە ناو ڕیزەكانی ئیخوان موسلیمین بەڕێ كرد، لەم ماوەشدا ژیان و پەیوەندیی لەگەڵ ئیخوان بە هەوراز و نشێودا تێپەڕیوە. هەندێك جار لە لوتكەی هەرەمی ڕێكخستنی ناوچەییدا بووە، هەندێك جاریش وێڕای ئەوەی ئەو خۆی بە ئیخوان زانیوە، بەڵام لە لایەن ئیخوانەوە بە دەرچوو لە ڕیزەكانی تۆمەتبار كراوە. دواتریش لە ناو سێ پارتی ئیسلامی كەسی یەكەم یان دووەم بووە.

یەكەم شانەی ئیخوان لە هەڵەبجە

 سدیق عەبدولعەزیز محەمەد ساڵی 1939 لە بنەماڵەیەكی ئایینی لە گوندی پریسی سەروو لە هەڵەبجە لە دایك بووە، لە قوتابخانەكەی باوكیدا لەسەر دەستی مەلا عوسمانی برای زانستە شەرعییەكانی خوێندووە، دواتر بەشداریی خولێكی وەزارەتی پەروەردەی كردووە و بووەتە مامۆستای قوتابخانە، بە وتەی (سوبحی داودی) لە 1960 دوای بەستنی كۆنگرەی حزبی ئیسلامیی عێراق لەسەر داوای سەرۆكی حزب بە هاوكاریی عابدین ڕەشید هاتووەتە هەڵەبجە و بەردی بناغەی شانەی ئیخوانی تێدا درووست كردووە، یەكەم شانەش پێك هاتبوو لە سدیق عەبدولعەزیز و جەلال مەلا ساڵح، داودی ئەوەش ئاشكرا دەكات كە، ״سدیق عەبدولعەزیز بووەتە بەرپرسی یەكەم شانەی ڕێكخستنی ئیخوان لە هەڵەبجە، پەیوەندیی بە عابدین ڕەشید هەبوو لە كەركوك״. دواتر ڕێكخستنی ئیخوان لە هەڵەبجە فراوان دەبێت و هەر لەوێشەوە دەگاتە سلێمانی، هەرچەندە سدیق عەبدولعەزیز وەكو كەسی یەكەم نامێنێتەوە و كەسی تر دەبێتە سەرپەرشتیاری ڕێكخستنەكە، بەڵام ئەو هەر لە ناو ئەو ڕێكخستنە چالاكانە هەڵدەسوڕا.

ئیخوان لە بەرگێكی نوێدا

 لە 1971 لە ژێر فشاری حزبی بەعس و لە زاری ڕابەری ئەوكاتی ئیخوان لە عێراق، كاری ئەو ڕێكخراوە بە فەڕمی لە عێراق ڕاگیرا، ئەم بڕیارە كوردستانیشی گرتەوە، بەڵام لە 1979 سدیق عەبدولعەزیز بڕیارەكەی شكاند و بە شێوەیەكی سەربەخۆ لە هەڵەبجەوە دەستی كردەوە بە كاری ڕێكخراوەیی بە ناوی ئیخوانەوە، سەرەتای كاری ڕێكخراوەیی لە چەند گەنجێكەوە دەستی پێ كرد و وردە وردە سنووری ڕێكخستنەكەی فراوان كرد، مەولود باوەموراد یەكێك بوو لەو گەنجانەی هەر لە یەكەم ساڵەوە پەیوەست بوو بەو ڕێكخستنەوە و دەڵێت: ״مامۆستا سدیق لە قووڵایی دڵ و ویژدانیدا بڕوا و متمانەیەكی لە ڕادەبەدەری بە مەنهەج و توانا و هێز و كاریگەریی كۆمەڵی ئیخوان موسلیمین هەبوو، هیچ شتێكی وەك بەدیلی ئەوان بۆ كاری ئیسلامیی بەلاوە پەسەند نەبوو״، ئەمەش پاڵنەر بوو بۆ ئەوەی جارێكی تر بە ناوی ئیخوانەوە دەست بكاتەوە بە كار، بەڵام هەر لەگەڵ دەستپێكردنەوەی كار، سدیق عەبدولعەزیز كەوتە بەردەم نەیاری هاوبیرەكانی پێشووی، كە پێكەوە لە ڕێكخستنی ئیخوان كاریان دەكرد، خودی خۆی لەو بارەوە دەڵێت: ״كاتێك ئیخوانەكانی ناوچەكە زانیان سەرقاڵی كارم فشاری زۆریان خستە سەرم، بە قوتابییەكانمیان دەوت ئەو كارەی دەیكەن مەترسیدارە و گوناهە و دەرچوونە لە فەرمانی ئیخوان״، هەر لەو بارەوە مەولود باوەموراد دەڵێت: ״ئەوان پێیان وا بوو مامۆستا كەسایەتیی هەڵگرتنی ئەم كار و بەرپرسیارێتییەی نییە، لە ڕاستیدا ئەوان بە هەستی دەروونی خۆیان بۆ مامۆستا سدیقیان دەڕوانی.״

شەڕی شەرعییەت

 كاتێك لە كاری نوێی سدیق عەبدولعەزیز دەڕوانین، لە زەینماندا ئەو پرسیارە دەوروژێت، كە بۆچی ناوبراو خۆی لە بیری ئیخوان دانەڕنی و سەرسەختانە داكۆكیی لەو بیرە دەكرد و لەژێر ئەو ناوە كاری ئیسلامیی دەكرد. نازم عەبدوڵڵا، ئەندامی یەكەم شانەی ڕێكخستنەكەی سدیق عەبدولعەز، لەو بارەوە دەڵێت: ״مامۆستا لە ژینگەیەكی ئیخوانیدا و بە بیری ئیخوان پەروەردە ببوو، ئەمەش ببووە بەشێك لە دونیابینیی ئەو و كاری بۆ دەكرد״، تۆفیق كەریم یەكێكی ترە لەو كەسانەی ساڵی 1981 پەیوەست بووە بە ڕێكخستنەكەی سدیق عەبدولعەزیز، دەربارەی هەمان بابەت دەڵێت: ״مامۆستا سدیق لە پەنجاكانەوە لەسەر بیری ئیخوان گۆش كرابوو و بە بیری ئیخوان ئاشنابوو، سەراسیمە بوو بە هەندێك كەسایەتیی ئیخوانی، لەوانە حەسەن بەننا و سەید قوتب، هەروەها شارەزای قوتابخانەكانی تری كاری ئیسلامی نەبوو، كۆی ئەمانە وای لە ناوبراو كرد پەیوەندییەكی تووندی بە ئیخوانەوە هەبێت.״

سدیق عەبدولعەزیز نەك هەر خودی خۆی، بەڵكوو ئەندامانی ڕێكخستنەكەشی بە جۆرێك پەروەردە كردبوو كە ڕێكخستنەكەیان و ڕابەرەكەشیان بە ئیخوانی ڕاستەقینە بزانن، مەولود باوەموراد باس لەوە دەكات كە زۆر جار فشاریان خستووەتە سەر سدیق عەبدولعەزیز تا پەیوەندیی بە ئیخوانە دێرینەكانی ناوچەكەی بكات، بەڵام ئەو ئەوانی بە شایستەی كارەكەی خۆی نەدەزانی و دەیوت خەمی نەوەی نوێ بخۆن واز لەوان بێنن. تۆفیق كەریمیش باس لەو متمانەیە دەكات، كە هەیانبووە بە سدیق عەبدولعەزیز و دەڵێت: ״مامۆستا سدیق لە لایەن ژمارەیەك كەسایەتیی ئیخوان بە لادەر لە ئیخوان ناوزەند دەكرا، ڕۆژێك لەگەل یەكێك لەو كەسایەتییانە كەوتمە مشتومڕەوە، وتی مامۆستا سدیق لە فكری ئیخوان لایداوە، منیش داكۆكیم لێ دەكرد و پێم وت، كە دوای حەسەن بەننا تەنها ئەو بە ئیخوانی ڕاستەقینە دەزانم و ئەمەشم لەسەر كاغەزێك بۆ نووسی، بەڵام ئەو كەسایەتییە نامەكەی منی دەگێڕا و وەكو تاوان باسی دەكرد.״

ململانێی براكان

 بە درێژایی هەشتاكان، سدیق عەبدولعەزیز سەرقاڵی برەودان بوو بە كاری ڕێكخراوەیی، لە ناوەڕاستی هەشتاكان بە ڕێكخستنێكی تری نهێنیی ئیخوان لە عێراق ئاشنا بوو، دوای دانوستان كاریان تێكەڵ كرد، بەڵام مانگی هەنگوینی زۆر درێژەی نەكێشا و سەرەداوی ڕێكخستن بۆ بەعس ئاشكرا بوو، ناچار سدیق عەبدولعەزیز و ژمارەیەك هاوكاری بۆ ئێران كۆچیان كرد، پێشتریش سەڵاحەدین محەمەد چووبووە ئێران و كاری ڕێكخراوەیی دەست پێ كردبوو، توانیبووی مۆڵەتی كاركردنیش لە سەركردایەتیی ئیخوان وەرگرێـت، هەردوو باڵی سەڵاحەدین محەمەد و سدیق عەبولعەزیز كەوتنە ململانێیەكی تووندەوە لەسەر شەرعییەت و سەركردایەتیی كاركردن، دواجار لە 1988 بە ڕێكکەوتنێكی هەردوو لا ململانێ كۆتایی هات، بەڵام بە ڕوودانی ڕاپەڕینی ئازاری 1991 و گەڕانەوەیان بۆ باشووری كوردستان، جارێكی تر هەردوو لا كەوتنەوە ململانێ و شەڕی بوونی شەرعییەت، بە بڕوای مەولود باوەموراد دوو هۆكار پاڵنەر بوون، كە وای لە سدیق عەبدولعەزیز دەكرد بە دوای ئیخواندا ڕابكات، ئەوانیش: دەسكەوتن و پێگەیشتنی زانیاری و هەواڵ دەربارەی ڕووداو و گۆڕانكارییەكانی دنیا، سدیق عەبدولعەزیز پێی وا بوو ئیخوان بە حوكمی فراوانی و بڵاوبوونەوەیان لە هەموو دنیا زانیاری و ئاگادارییان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەكانی دنیا و ناوچەكه هەیه، هەروەها دەكرێت پەیوەندیی لەگەڵ ئیخوان كۆمەكی ماددی و مەعنەوی بۆ ڕێكخستنەكەی دەستەبەر بكات. دواجار ئیخوان سدیق عەبدولعەزیزیان بێهیوا كرد و مۆڵەتی ڕەسمییان دایە سەڵاحەدین محەمەد، لە بەرامبەردا سدیق عەبدولعەزیز دوا بزماری لە تابووتی ئیخوان دا و لەگەڵ هاوكارانی پارتێكی نوێیان بە ناوی بزووتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی لە 1992 دامەزراند، سەبارەت بە پێنەدانی متمانە لە لایەن ئیخوانەوە بە سدیق عەبدولعەزیز، نازم عەبدوڵڵا دەڵێت: ״ئیخوان دەستپێكردنەوەی كاریان لە لایەن مامۆستا سدیقەوە بە سەرپێچی ئەژمار كرد، بۆیە لە قۆناغی دواتر ئامادە نەبوون متمانەی پێ بدەن، چونكە لە قۆناغێكدا لە فەرمانی ئیخوان دەرچووە، هۆكارێكی تر پەیوەندیی بە بنەماڵەكەیانەوە هەیە، هەردوو مەلا عوسمان و مەلا عەلی برای كەسایەتیی گەورە بوون ببوونە هەڵسووڕێنەری كاری جیهادی، ئیخوان ئەمەشیان بە مەترسی دادەنا، پێیان وا بوو لەوانەیە دواجار هەموو ماندووبوونەكە بچێتە خزمەت ڕەوتە جیهادییەكە״. بەڵام تۆفیق كەریم ئاماژە بەوە دەكات خەمساردیی ئیخوان بەرامبەر ئەو كەسایەتییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە، ״ئیخوان خاوەنی دەزگایەكی سەربەخۆی گونجاو بۆ هەڵسەنگاندن نەبوو، لە ڕێگەی كەسایەتیی ترەوە هەڵسەنگاندنی بۆ مامۆستا سدیق دەكرد، ئەو كەسایەتییانەش دانی خێریان بەودا نەدەنا و وا وێنایان دەكرد كە كەسێكە حەزی لە دەركەوتن و گەورەبوونە.״

ڕابەریی بزووتنەوە؛ مەرگی سیاسی

 لە ڕاگەیاندنیەوە تا 1999 سدیق عەبدولعەزیز ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی ڕاپەرینی ئیسلامی بوو، لەو مێژووەدا لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی یەكیان گرت و پارتێكی نوێی ئیسلامییان بە ناوی بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی پێك هێنا، كە سدیق عەبدولعەزیز جێگری ڕابەری گشتی بوو، بەڵام پارتی نوێ زۆر درێژەی نەكێشا و لە 2001 لێكهەڵوەشا، بەشی زۆری ئەوانەی سدیق عەبدولعەزیز پەروەردەی كردبوون و لە بۆتەی ڕێكخستنەكەیدا هۆنیبوونییەوە، لەگەڵ ژمارەیەك سەركردە و كادری بزووتنەوەی ئیسلامیی پێشوو لەسەر داروپەردووی بزووتنەوەی یەكبوون پارتێكی نوێیان بەناوی كۆمەڵی ئیسلامی ڕاگەیاند.

سەبارەت بە هۆكاری نەهاتنی سدیق عەبدولعەزیز بۆ ناو كۆمەڵی ئیسلامی، نازم عەبدوڵڵا دەڵێت: ״مامۆستا سدیق حەزی لە تەبایی بوو جا چ خێزانی بێت یان سیاسی، ئەگەر بهاتایەتە ناو كۆمەڵ بەر لە هەموو شت كێشەی لەگەڵ مەلا عەلیی برای بۆ درووست دەبوو، پێشتریش لە دووركەوتنەوەی مامۆستا مەلا عوسمان كێشە كەوتە ناو بنەماڵەكەیان، ڕەنگە نەیویستبێت ئەم ئەزموونە دووبارە بێتەوە، بێگومان سەرنج و تێبینیشی لەسەر ئەو كارە هەبوو كە ویسترا بكرێت. ئەمانەش هۆكار بوون بۆ نەهاتنی״، دوای ئەو ڕووداوانە، سدیق عەبدولعەزیز تا ڕادەیەك خۆی لە كاری سیاسیی دوورەپەرێز گرت، بەڵام جارێكی تر لە 2007 تێكەڵی كاری سیاسی بووەوە. بە وتەی یاسین حەسەن، ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامی، ״لە 2007- 2008 جموجۆلێك هەبوو بۆ ئەوەی ژمارەیەك كەسایەتیی ئیسلامی كە لە شێوەی گرووپێكدا بوون بچنە ناو كۆمەڵی ئیسلامی، بزوێنەری سەرەكیی ئەم هەوڵە كەسایەتییەكی ئیسلامی بوو بە ناوی بەهادین ئەحمەد، كە نیشتەجێی بەریتانیایە، كەسایەتییەكانی ناو ئەم گرووپە بریتی بوون لە: ئیكرام كەریم، یاسین حەسەن، عومەر تریفەیی، كەمال ڕەحیم، محەمەد ڕەئوف، عەبدولڕەحمان عەبدولڕەحیم، سەید یوسف جەباری و ئومێد پاڕەزانی، دواتریش پێیان باش بووە مامۆستا سدیق بێتە ناو دانوستانەكە״، بە وتەی ناوبراو وتووێژ و دانوستانەكە بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینی و گەیشتنە ئەوەی بچنە ناو كۆمەڵی ئیسلامی و لەو بارەوە دەڵێت: ״بە پێی ئاڕاستەی وتووێژەكان مامۆستا سدیق دەبووە بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كۆمەڵ. بەڵام لە دوا چركەسات هەستمان كرد مامۆستا سدیق ڕاڕاییەكی بۆ درووست بووە، لەو كاتەدا سەركردەكانی بزووتنەوە بە دانوستانی ئێمە و كۆمەڵی ئیسلامییان زانیبوو هاتبوونە لای مامۆستا و داوایان لێ كرد ببێتە ڕابەری بزووتنەوە، دواجار مامۆستا بووە ڕابەری بزووتنەوە و وتووێژەكانی ئێمەش شكستی هێنا و تەنها دوو كەسمان چووینە ناو كۆمەڵی ئیسلامی، هەڵبەتە مامۆستا كەسێك بوو حەزی بە كێشە نەبوو، پێم وایە وای بیری دەكردەوە كە نەیەتە ناو كۆمەڵ تا دۆخی ناو بنەماڵەكەی نەشێوێت، ئەو لە ڕابردووشدا باجی لەو شێوەی دابوو.״

ئەوەی بۆچوونەكەی یاسین حەسەن پشتڕاست دەكاتەوە، بەیاننامەیەكی خودی سدیق عەبدولعەزیزە كە دوای كۆنگرەی دەیەمی بزووتنەوەی ئیسلامی لە 2012 بڵاوی كردەوە، ناوبراو لە بەشێكی بەیاننامەكەدا نووسیویەتی: ״دوای وازهێنانم لە كاری سیاسی لە 2005 برایانی كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی هاتن و داوای ئەوەیان كرد كە دەستباریان بم لە كاركردن، ... برایانی كۆمەڵی ئیسلامی زۆر پەرۆش بوون بۆ كارەكە، بەڵام پاش هەوڵێكی زۆری برازاكانم و دیارە خزمایەتیش لەوێدا ڕۆڵی خۆی هەبوو بۆ ئەوەی لە لایەك وەڵامدانەوەم ئاسانتر بێت بۆ ئەوان و لە لایەكی تر لە ئاستی هەڵە و تاوانەكانی پێشوویان چاوپۆشی بكەم، بەم شێوەیە بڕیارم دا لەسەر داوای خۆیان وەك ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی ئەو كارە دەست پێ بكەمەوە.״

لە كۆنگرەی دەیەمی بزووتنەوە، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بووە ڕابەری بزووتنەوە و سدیق عەبدلوعەزیز بە تەواوی لە كاری سیاسی دوور كەوتەوە، دەكرێت ئەمەش بە مەرگی سیاسیی ناوبراو دانێین، هەڵبەتە ئەو بە حەسرەتەوە دەستبەرداری كاری سیاسی بوو، لە بەشێكی ئەو بەیاننامەدا كە پێشتر ئاماژەی پێ درا ڕاشكاوانە دان بەوەدا دەنێت، كە هەڵە بووە لە كۆنگرەدا بووەتە ڕكابەری برازاكەی، و پەشیمانیی خۆی دەردەبڕێت.

# بزوتنەوە

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure