حەللاج سۆفی یان زەندیقێکی بێباوەڕ؟

05/02/2020

:: عەبدوڵا ڕێشاوی

کەم کەسایەتیی مێژووی ئیسلام هەیە وەک ئەم جێی مشتومڕ و شایانی قسەلەسەکردن بێت، پیاوێک سێ جار لەسێدارە درا، دوو جاریان بۆ ئەوەی بیکەن بە عیبرەت یان پەشیمانی بکەنەوە، جاری سێهەمیش بۆ ئەوەی بە تەواوی لە کۆڵی بکەنەوە، ئەو مەترسیی لەسەر چی درووست کردبوو، ئایین یان دەسەڵاتی سیاسی؟

بە ڕاستی ئەو بە دوای چییەوە بوو، عیرفان و سۆفی گەریی و توانەوە لە عەشقی ئیلاهیدا، یان خەونی بەدەستهێنانی دەسەڵاتیشی هەبوو؟

ئەو کەسایەتییەی باسی دەکەین، حسەین ئەبوو مەنسور حەللاجی فارسی، ناسراو بە (ئەبوو مەنسوری حەللاج) لە نێوان ساڵانی (244 بۆ 309ک) ژیاو، کەسایەتییەک چ لە ژیان و چ پاش مەرگیشی هەم ناسراوە و هەم پڕ لە نهێنیشە.

ئەو بێباوەڕە، وەک زۆرێک لە نەیارەکانی دەڵێن و بەشێکیشیان زانا و ئەهلی عیلم و دین بوون وەک (ئیمامی زەهەبی)، یان دەسەڵاتداران کە لە سەردەمی خەلافەتا هەمیشە تەکفیر چەکی دەستیان بوو بۆ لەناوبردنی نەیارانیان؟ یاخود باوەڕدارێکی ڕاستەقینە بوو وەک مورید و دۆستەکانی دەڵێن و بەشێکیش لە زانا و باوەڕداری سەردەمی خۆی و ئێستاش ئەو شاھێدییە بۆ خاوەنی قورسترین ئیدیۆمی عیرفانی (أنا الحق) دەدەن، بەوەی کە باوەڕدارێکی بێ خەوشە.

لەو زانایانە ئەبوو عباس بن سوریج (306 ک) کە زانایەکی شافیعی مەزهەبە، هەروەها زانایەکی تر بە ناوی ئەبوو قاسم کوڕی محەمود نەسرئابادی کە لە کاتی بەرگریکردنی لە حەللاج وتی: ״ئەگەر لە پاش ئەبووبەکری سدیق یەکتاپەرستێک هەبێت ئەوە حەللاجە״ زۆر زانای تریش لە شافیعی و حەنبەلییەکان.

لە نێوان ئەم دوو گرووپەشدا لە زانایان هەیانە ڕایگەیاندووە: ״دەربارەی حەللاج هیچ بڕیارێکمان بۆ نادرێت ئایا ئەو بڕوادارە یان بێباوەڕ، بۆیە هیچ دەربارەی ناڵێین.״
هەندێکیان وتوویانە: زانای قورئان بوو، نوێژخوێنی شەوان بوو، بە ڕۆژووی ڕۆژەکان بوو، ئامۆژگاریکاری خەڵک و بەدین و ئەهلی تەقوا و گریان بوو.

حەللاج وەک ئولگویەکی ڕۆژهەڵاتیی جێی بایەخی ڕۆژهەڵاتناسانیش بووە و ڕۆژهەڵاتناسی فەڕەنسی، لویس ماسینیون 1962 مردووە بە مەسیحی دووەم ناوی بردووە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا پرسیار دەربارەی کەسایەتیی ڕاستەقینەی حەللاج هەر دەمێنێتەوە نەک تەنها دەربارەی باوەڕ و بێباوەڕییەکەی، بەڵکوو دەربارەی ئەوەش کە ئایا ئەو بە تەنها سۆفی و عارفێک بوو کە دەزگای ئایینی نەیتوانی قبووڵی بکات یاخود شۆڕشگێڕێکی سیاسیش بوو کە بە هۆی هەوڵەکانی بۆ ڕووخاندنی دەوڵەتی عەباسی گیانی سپارد؟

ئەم هەموو پرسیارە لە دەوری حسەین ئەبوو مەنسوڕ کوڕی حەللاجی فارسی وا دەکات بۆ هەمیشە ناوی لە مێژوودا بمێنێتەوە و بە دەیان وتار و کتێب و توێژینەوەش دەربارەی ژیان و کەسایەتییەکەی بنووسرێت، وەک توێژینەوەکەی توێژەر عەبدولقدوس هاشمی کە وەرگێڕ و توێژەرێکی عەرەبە و پسپۆڕە لە فەلسەفە و ئەدیان.

جیاوازیی توێژینەوەکەی عەبدولقدوس هاشمی لەوەدایە دەیەوێت وەک سۆفییەکی سیاسی و شۆڕشگێڕ حەللاج بناسێنێت، تیشکی خستووەتە سەر لایەنێکی نادیاری ئەو کەسایەتییە کە لایەنە سیاسییەکەیەتی و هەوڵەکانییەتی بۆ ڕووخاندنی دەوڵەتی عەباسی.

بە پێی بۆچوونی نووسەر، هەر ئەم لایەنەیە سەری حەللاج دەخوات و هەرچی فەتواکانی کافرکردنیشییەتی هەوڵی نەیارە سیاسییەکانی بوون لەپێناو لەناوبردنی.
واتە ئەوەی نووسەری ئەم توێژینەوەیە جەغتی لێ دەکاتەوە ئەوەیە؛ کە حەللاج بە هۆکاری سیاسی و بە پاساوی ئایینی کوژراوە.

پڕشنگێکی خودایی

 نەیارەکانی ئاوایان لێ کرد، بەڵام یارەکانیشی ئەوەندە کەرامەت و موعجیزاتیان دایە پاڵ کە وەک کەسایەتییەکی خودایی و پڕشنگێکی ئاسمانیی لێ هاتبوو، حەمەد کوڕی حەللاج دەڵێت: ״شتانێکم دەربارەی باوکم دەبیست کە هەرگیز لە باوکمم نەبینیبوو و نەبیستبوو.״

حەللاج؛ خۆشویستنێکی بێوێنە لای یار و شوێنکەوتوانی، ڕقێکی زۆر و بێوێنە لای نەیارانی، لەگەڵ دۆخێک لە نهێنی و نادیاری لە کەسایەتییەکەیدا، هەروەک ئەوەی ئەفسانە، یان بوونەوەرێکی خودایی بێت.

ئەو لە کاتی دادگاییکردنەکەی هاواری دەکرد: (خوێنم حەرامە، بیروبڕوام ئیسلامە، ئێوە بۆتان نییە بە دەمی منەوە هەڵبەستن، مەزهەبیشم سوننەیە، بۆیە خودا دەکەم بە گژتانا لەسەر ڕشتنی خوێنم) ئەو بەم بەرگرییە دەیوست بەرگری لە مانەوەی خۆی و لە بیروبڕواکانیشی بکات، بەڵام نەیارەکانی مردنی ئەویان زۆر بە پێویست دەبینی، بۆیە هەموو شتێکیان کرد تا فەتوای کافربوونی دەربهێنن لەپێناو حەڵاڵکردنی خوێنی.

توێژەر دەنووسێت: سەردەستەی ئەو کەسانەی حەللاجیان بەو دەردە برد وەزیری دەوڵەتی عەباسی ״حامید بن عباس الخراسانی 311 ک، مردووە״ هەموو هەوڵێکی دا تا فەتوای کافربوونی لە چنگی قازی دەربکات دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت جەماوەرێتیی حەللاج گەیشتووەتە ناو کۆشکی خەلافەت و لە هەڕەمی دەسەڵاتدا موریدانێکی درووست کردووە، چونکە ئەو حەللاجی بە مەترسیدارترین کەس دەزانی لەسەر مانەوەی دەسەڵاتی عەباسییەکان، هەر ئەمەشە وای لە بەشێک لە مێژوونووسانی ئیسلام کردووە بڵێن حەللاج بە تەنها عارف و سۆفییەک نەبوو، یان بە تەنها پیاوێکی ئەهلی فەلسەفە و عەقیدە نەبووە کە لە ڕوی ئایینییەوە کێشەدار بێت، بەڵکوو پیاوێکی خاوەن جەماوەرێتیی وەها بوو کە بە ڕاستەقینەیی بیری لە ڕووخاندنی دەوڵەتی عەباسی کردبووەوە و ئەوەندەش مورید و هەواداری زۆر بوون کە دەوڵەت لەم هێز و دەسەڵاتە بترسێت، بۆیە ئەو (سۆفییەکی سوننی بوو، خاوەنی ڕێکخستنێکی سیاسیی - سۆفیگەری بوو کە مەبەستی بوو دەوڵەتی عەباسی بڕووخێنێت). هەر بە ڕاستیش ئەوە لە ژیاننامەی حەللاجدا هاتووە کە لەو سۆفیانەیە خاوەنی ڕێکخستنی نهێنیی سیاسی بوون.

زەندیق چییە؟

 زەندیق بە کەسێک دەوترا کە مسوڵمان بێت، بەڵام بە هۆی بیروڕاکانیەوە وەک دەرچوو لە ئایین وێنا دەکرا و بەرلەوەی کافر بکرێت پێی دەوترا زەندیق، چونکە حوکمی کافرکردن قورسترە، ئەوەی دەربارەی زەندیق گرنگە بزانرێ ئەوەیە کە زیاتر چەکێکی سیاسی بوو لە گیرفانی دەسەڵاتدا هەر کەسیان بوویستایە لەناوی بەرن تۆمەتی زەندیقیان دەخستە پاڵی وەک زەمینەسازییەک بۆ تیرۆرکردنی لە ڕووی جەستییەوە.

حەللاج یەکێکە لەوانەی لە لایەن دەسەڵاتی عەباسییەکانەوە بە زەندیقبوون تۆمەتبار کرا، ئەمەش بۆ ئەوەی لە کەسایەتییەکەی بدەن و پاشان کافری بکەن و بیکوژن، هۆی ئەمەش ئەوە بوو کە حەللاج لەگەڵ ئەوەی سۆفییەکی عارف و زانا بوو بە نهێنییە ئیمانییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی هەبوو بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی عەباسییەکان.

گەڕانی بە وڵاتاندا

 توێژەر هاشمی لە توێژینەوەکەیدا کە لە ماڵپەڕی الجزیرە بڵاوی کردووەتەوە، باس لە گەڕانە سیاسییەکانی حەللاج دەکات و دەنووسێت:

حەللاج بە زۆرێک لە وڵاتانی ئەو کاتەی خەلافەتی ئیسلامدا گەڕاوە و بانگەوازی بۆ بزووتنەوەکەی کردووە، بە تایبەت لە وڵاتی خۆراسانی ئەوکات، بزووتنەوەکەی حەللاج بزووتنەوەیەکی سۆفیگەریی سیاسی بووە و بەشە سیاسییەکەی لەسەر ئەوە دامەزراوە کە دەبێت دەسەڵات بگەڕێتەوە بۆ بنەماڵەی ئیمام عەلی، بەڵام دواجار حەللاج بانگەوازی بۆ ئەوەش دەکرد کە دەسەڵات بۆ خۆی بێت، بە پێی هەندێک گێڕانەوە، لەسەر ئەم بابەتەش لەگەڵ جونەیدی بەغدادی سۆفی و عارفی ناسراو ناکۆکیی کەوتووەتە نێوانیان.

سۆفییەکانی سەردەمی خەلافەتی عەباسی، ڕێکخستنی نهێنی و سیاسییان هەبوو داوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی خەلافەتیان بۆ بنەماڵەی ئیمام عەلی دەکرد، ئەمانە زیاتر ئەو سۆفییانە بوون کە لە بەشی خۆراسانی خەلافەتی ئیسلامی دەژیان و حەللاجیش لەوێ لایەنگرێکی زۆری هەبوو. (توێژەر عەبدولقدوس هاشمی).

حەللاج لە گەڕانەکانیدا دەیویست لەگەڵ بزووتنەوەی قەرامیتییەکان پەیوەندیی درووست بکات و کاتێکیش لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە لە (301 ک) گیرا وتیان (ئەمە یەکێکە لە بانگەوازکارانی قەرامیتەکان بۆیە بیگرن) سەبت ئیبن الجوزی ئەمە دەگێڕێتەوە لە کتێبەکەی (مرئات الزمان).

جموجۆڵەکانی حەللاج لە ناوچەی بەحرەین کە قەرامیتییەکان بەسەریدا زاڵ بوون، دەرخەری ئەو دیوە سیاسییەی حەللاجە کە بەشێک لە مێژوونووسان باسی دەکەن.

هەر لەو توێژینەوەیەدا بۆ سەلماندنی دیوە سیاسییەکەی حەللاج چەند بەڵگەیەکی تری مێژوویی خراونەتە ڕوو. خەتیبی بەغدادی دەیگێڕێتەوە: حەللاج لە جلوبەرگدا گۆڕانکاریی زۆری دەکرد، بەرگی سۆفیگەرانەی دەپۆشی هەروەها بەرگی ئاسایی دەپۆشی و بەرگی سەربازییش، هەروەها هەوڵی خۆگونجاندنی دەدا لەگەڵ مەزهەبە جیاوازەکاندا، لەگەڵ موعتەزیلییەکان دەبووە موعتەزیلی و لەگەڵ شیعەکان دەبووە شیعە و لەگەڵ سوننەکان سوننی.

ئەمەش دیسانەوە دیوە سیاسییەکەی حەللاج نیشان دەدات کە هەوڵی داوە لەگەڵ هەموو چینە جیاوازەکانی خەڵک تێکەڵ ببێت.

کۆدەکانی زمانی حەللاج

 توێژەر هاشمی دەنووسێت: سەبت ئیبن الجوزی لە کتێبەکەیدا (پێشتر ناومان هێنا)، باسی ئەوە دەکات کە ״حەللاج لە نووسین و نامەکانیدا کۆدی بە کار هێناوە و پاش کوژرانی لە ماڵەکەیدا نامەی زۆر دۆزرانەوە کە هەمووی کۆد و شفرە بوون״ ئەمەش ئاماژەی ئەو لایەنە سیاسییەی حەللاج بوو کە لەگەڵ هەوادارانی هەوڵی داوە لە ڕێی کۆدەوە پەیوەندییان هەبێت.

توێژەر هاشمی و هەندێک تویژەری تریش پێیان وایە هەندێ لەو کۆدانە بوونەتە هۆی ئەوەی حەللاج وەک کافر و زەندیق بناسرێت، چونکە لە بەشێک لە کۆدەکان زمانێکی ئایینی بە کار هێنرابوو.

کابرایەک لە هەوادارانی حەللاج کە کاری نامەبردنی دەکرد گیرا و چەند نامەیەکی پێ بوو، لەو نامانەدا شتی سەیر هەبوون، بۆ نموونە نووسرابوو (لە ڕەحمان و ڕەحیمەوە بۆ فڵانی کوڕی فڵان) لەسەر ئەمە حەللاج گیرا برا بۆ بەغدا بۆ دادگایی، وتیان تۆ پێشتر بانگەوازی پێغەمبەریت دەکرد، بەڵام ئێستە خۆت لێ کردووین بە خودا؟ (ئیبن کەسیر کتێبی بدایە و نهایە).

لە لای بەشێک لە شرۆڤەکاران، ئەم دیوە سیاسییەی حەللاج لەگەڵ دیوە عیرفانی و سۆفییەکەی زۆر تێکەڵ بووە، بە پێی بۆچوونی هاشمی، زۆربەی ئەو وتانەی لە بارەی حەللاجەوە ماونەتەوە و بۆنی کوفریان لێ دێت کۆمەڵێک کۆدن کە نهێنییەکەی لە لای خۆیەتی.

شرۆڤەکارانی ژیاننامەی حەللاج دەڵێن، ئەو ئەم زاراوە ئیلاهییانەی بە کار هێناوە بۆ گوزارشتکردن لە هەندێک مەبەستی سیاسی، بەڵام لە لایەن هەندێک لە توێژەرانی دیکەوە وەک کوفر و ئیلحاد لێک دراوەتەوە هەروەک لە سەردەمی خۆشیدا ئەمە ڕووی داوە.

کۆتایی ڕێگە

 نوێژەر عەبدولقدوس هاشمی دەنووسێت: وا دەردەکەوێت حەللاج پاش گەڕانەوەی سێهەمی لە سەفەری حەج لە ساڵی (209 ک) پڕۆژەکەی خۆی گواستەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی عەباسی، ئەمەش پەیوەندیی بەو بارودۆخە خراپ و هەستیارەوە هەبوو کە دەسەڵاتی عەباسییەکان تێی کەوتبوون.

ئەو بە پشتبەستن بە گێڕانەوەی خەتیبی بەغدادی دەنووسێت: حەللاج پاش حەجی سێهەمی لە بەغدا گیرسایەوە و خانوویەکی کڕی و خەڵکی بانگ دەکرد بۆ لای ڕێبازەکەی، بەمەش کۆمەڵێک لە زانایان لە بەرامبەری وەستانەوە و لای دەسەڵاتداران بۆیان تێ چاند، کاتێکیش حامد بن عەباسی خۆراسانی ساڵی 306ی کۆچی بوو بە وەزیری دەوڵەتی عەباسی، پێی وا بوو کە حەللاج مەترسییە لەسەر دەوڵەت و دەبێت لەناو ببرێت، کەوتە گرتنی مورید و هەوادارانی.

لە کاتی گەڕان و پشکنین نامەیەکی حەللاجیان دۆزیەوە کە دەڵێت: ئەگەر کەسێک نەیتوانی حەجی ماڵی خوا بکات ئەوا با حەوت جار بە دەوری ماڵەکەی خۆیدا بسوڕێتەوە پاشان چاکە لەگەڵ 30 هەژار بکات ئەوە بەم کارەی وەک ئەوە وایە حەجێکی کردبێت.

وەزیر عەباسی خۆراسانی کە ماوەیەک بوو بە دوای بەڵگەیەکدا دەگەڕا تا فەتوای کافرکردن و پاشان کوشتنی حەللاج لە بن دەستی قازی دەرکێشێت، ئەمە بۆ ئەو وەک دۆزینەوەی هەنگوین لە شانەدا وابوو.

داوای لە قازی کرد خوێنی حەڵاڵ بکات، بەڵام قازی بە دروستی نەزانی، عەباسی وەزیر داوای لە خەلیفە کرد قازی ناچار بکات بڕیاری ڕشتنی خوێنی حەللاج بدات، بەم شێوە دوای هەوڵێکی زۆر قازی فەتوای کوشتنی حەللاجی دەرکرد.

بڕیار درا حەللاج بە شێوەیەکی ئاسایی نەکوژرێ، بەڵکوو 100 جەڵدی تووندی لێ بدرێت بە مەبەستی کوشتن، کاتێک جەڵدەکان لە حەللاج دەدرا هاواری دەکرد (أحد ... أحد) دواتر دەستوقاچی حەللاجیان دەرهێنا و سەریان لێ کردەوە، لەشی حەللاج سوتێنرا و تۆزەکەی فڕێ درایە دیجلەوە، سەرەکەشی لە بەغدا هەڵواسرا، بەم شێوەیە حەللاج لە کۆتاییەکانی مانگی زی القعدەی ساڵی 309ی کۆچی لە بەغدا کوژرا.

# تەسەوف

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure