::
ئیدریس سیوەیلی
دواجار ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە فەڕمی كوژرانی قاسم ریمی سەركردەی دیاری قاعیدەی لە یەمەن راگەیاند، كە لە دوایەمین رۆژی مانگی رابردوو بە هۆی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە كوژرا.
قاسم عەبدە محەمەد ریمی (ئەبوهورەیرە سەنعانی) لە (5 تەموزی 1978) لە یەمەن لەدایكبووە، ناوێكی دیاری قاعیدە بوو لە نیمچە دورگەی عەرەب، بەتۆمەتی تێوەگلانی لە چەند كاری تیرۆریستی لە (2010)ەوە ناوی خرایە لیستی تیرۆرەوە و یەكێك لە داواكراوەكان لە لایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە، لە تشرینی یەكەمی 2018 وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند كە بڕی 10 ملیۆن دۆلار دەدرێتە ئەو كەسەی زانیاری بداتە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ دەستگیركردنی ریمی.
ریمی لە حوزەیرانی 2015 دوای كوژرانی ناسر وەحیشی بووە كەسی یەكەمی قاعیدە لە یەمەن، ناوبراو لە تەمەنی پانزە ساڵیەوە پەیوەندی كردووە بە ریزەكانی رێكخراوی قاعیدەوە، پاشان روودەكاتە ئەفغانستان، پلە بە پلە لەناو ریزەكانی قاعیدە ئاستی رێكخراوەیی بەرزدەبێتەوە تا دەگاتە راهێنەر لە یەكێك لە سەربازگەكانی رێكخراوی قاعیدە لە ئەفغانستان بەر لە هێرشی ئەمەریكا بۆسەر ئەو وڵاتە لە 2001، تا لە ئەفغانستان بوو، ریمی لەگەڵ ژمارەیەك چەكداری تر لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی ئوسامە بن لادن كاری دەكرد.
دوای گەڕانەوەی بۆ یەمەن، ریمی لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی حكومەتەوە دەستگیركرا، لە بەندیخانەی سەنعا لەگەڵ كۆمەلێك چەكداری قاعیدە پێكەوەبوون كە لە ئەفغانستان گەڕابوونەوە، ناوبراو لەناو بەندیخانە رێكخستنی قاعیدەی زیندوكردەوە، لە شوباتی 2006 لەگەڵ 23 بەندی تر لە بەندیخانە هەڵات، ئەم رووداوە رێگوزەری كاری قاعیدەی لە یەمەن گۆڕی، لە تەمموزی 2007 لە تەقینەوەیەك لە مەئرەب لە ناوەڕاستی یەمەن ژمارەیەك گەشتیاری ئیسپانی بوونە قوربانی، ناوی ریمی وەكو پلانداڕێژەری هێرشەكە هات، لە 2009 ریمی بووە بەرپرسی سەربازی رێكخستنی قاعیدە لە یەمەن و سعودیە، ئەمەش دوای ئەوە هات كە دەسەڵاتدارانی سعودیە تەنگیان بە رێكخراوەكە هەڵچنی، رێكخراوەكەش هەردوو لقەكەی كردە یەك لق، هەر لەو ساڵەدا ریمی لەلایەت حكومەتی یەمەنەوە بەوە تۆمەتبار كرا كە سەرپەرشتی سەربازگەیەكی مەشقی رێكخراوی قاعیدە دەكات لە پارێزگای ئەبین لە یەمەن. لە كانونی یەكەمی 2013 جارێكی تر ناوی ریمی پەیوەست كرا بە هەوڵێكی خۆتەقاندنەوەی عومەر فاروق عەبدولموتەلیب كە ویستی لەناو فڕۆكەیەكی مەدەنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا خۆی بتەقێنێـەوە، لە 20 كانونی یەكەمی 2013 ریمی لە تۆمارێكی ڤیدۆیدا دەركەوت كە بەرپرسیارێتی رێكخراوەكەی لە هێرشكردنە سەر نەخۆشخانەی وەزارەتی بەرگری یەمەن راگەیاند كە بەهۆیەوە 60 كەس بوونە قوربانی و چەند پزیشك و نەخۆشێكیشی لەناودا بوو، لە 7 ئایار 2017 لە تۆمارێكی ڤیدیدا ریمی هانی لایەنگرانی قاعیدەی لە وڵاتانی رۆژئاوا دا كە هێرشی بچوك و سادە ئەنجام بدەن و رۆژئاواییەكان بكوژن، هەروەك هێرشەكەی یانەیەكی شەوانەی فلۆریدای لە 2016 بە نمونە هێنایەوە كە بووە هۆی كوژرانی 49 كەس.
ریمی پێشتر چەندجار لەلایەن هەردوو حكومەتی یەمەن و ئەمەریكاوە هەوڵی كوشتنی دراوە، یەكەم هەوڵ لە 2007، دواتر لە 2009، هەروەها لە 2010 هێزەكانی یەمەن هەواڵی كوژرانیان بڵاوكردەوە، لە (2017)ش هێزەكانی ئەمەریكا هێرشیان كردە سەر بارەگایەكی رێكخراوی قاعیدە لە یەمەن و 14 سەركردەی قاعیدە كوژران، لەوكاتەشدا راگەیەنرا كە ئامانج لەو هێرشە كوشتنی ریمی بووە بەڵام ناوبراو ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبووە.
لە بەیاننامەی كۆشكی سپی كە كوشتنی ریمی تێدا راگەیاند، ئاماژە بەوە دراوە كە كوشتنی ریمی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا گرنگ بوو، چونكە ناوبراو تیرۆرستێكی مەترسیداربوو، پێگەیەكی بەهێزی هەبوو لە ناو رێكخراوەكە و تۆڕێكی پەیوەندی توندوتۆلی هەبوو لەگەڵ ئەندامانی رێكخراوەكە و لقەكەشی بەهێزترین لقی قاعیدەیە لەسەر ئاستی جیهان.
سەرچاوە: ئاژانسەكان
#
قاعیدە