::
ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان
BBC: حسین
السعید
لە کاتێکدا کە ڕۆحانییە
باڵاکانی ئێران زیاتر بەرامبەر ڤایرۆدی کۆرۆنا لە سەرەتادا بێدەنگیان هەڵبژارد و
ڕۆڵی نەرێنیان بینی، بەڵام ڕۆحانییە باڵاکانی عێراق بە فەتوای جیاجیا ڕۆڵێکی ئەرێنیان گێڕا لە
ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
ڕۆحانییەکانی حەوزەی زانستی
قوم درەنگ کاردانەوەیان بەرامبەر بابەتی کۆرۆنا نیشاندا و کاردانەوەکەیان
نازانستیانە بوو. لەمڕووەوە مەرجەعەکانی قوم و ڕۆحانییە بەرجەستەکانی ئەو شارە تا
ماوەیەک دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە سوودیان لە پێگەی ئایینی و زانستی خۆیان بۆ
ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە وەرنەگرت. هەڵویستەکانی دواتریش دوور بوون لە
بۆچوونی شارەزایانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە.
بۆ نمونە ئایەتوڵا خامنەیی
ڕابەری ئێران لە وتارێکیدا لە جیاتی جەختکردنەوە لەسەر داخستنی شوێن و مەزارگە
پیرۆزەکان و ڕێگری لە کۆبوونەوەی خەڵکی لەو شوێنانە، ئامۆژگاری خوێندنی (صحیفە
سجادیە)ی کرد. هەر لەو چوارچێوەیەدا ئایەتوڵا وەحیدی خوراسانی دوای ئامۆژگارییەکی
کورت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پزیشکی و پاراستنی تەندروستی ڕوویکردووەتە لایەنی
مەعنەوی و ڕایگەیاندووە، هەموو ڕۆژێک دەستی خۆتان بخەنە سەر دڵتان و حەوت جار
سورەتی حەمد و هەموو ڕۆژ و وشەوێک حەوت جار ئایەت کورسی بخوێنن.
ژمارەیەکی تر لە مەرجەعەکانی
وەک ئایەتوڵا ناسر مەکارمی شیراز-ش دوای ئامۆژگاری کردنی دوورکەوتنەوە لە
کۆبوونەوەکان، باسی لە پێویستی داخستنی ناوەند و مەزارگە ئایینییەکان نەکرد کە
زۆربەیان لە قوم و مەشهەدن، و وتی "لەم کاتانەدا بەریەککەوتن و ئامادەبوون لە
شوێنە گشتییەکان ڕاست نییە."
بێجگە لەوە بەرپرسانی
مەزارگە ئایینییەکان لە ئێران تا دوای بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی ڤایرۆسەکە دژی
داخستینی مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکان بوون. بۆ نمونە سەید محەمەد سەعیدی بەرپرسی
حەرەمی فاتیمەی مەعسومە لە شاری قوم، هەروەها نوێنەری ویلایەتی فەقیهـ لە پارێزگای
قوم و ئیمام جومعەی شاری قوم، وەک دژایەتییەک بۆ داخستنی ئەو مەزارگەیە وتی
"ئێمە حەرەم بە دارلشیفا دەزانین. دارلشیفا واتا خەڵک بێن و لێرە بۆ نەخۆشییە
ڕۆحی و جەستەییەکان چارەسەر وەرگرن. دەبێت ئێرە کراوە بێت. دەبێت خەڵک بە بەهێزی بێن."
لە بەرامبەر ئەم جوڵانەوە
باوە ئایینییە لە ئێران، حەوزەی زانستی نەجەف لە عێراق بە رابەرایەتی ئایەتوڵا
عەلی سیستانی لە یەکەم ساتەکانی دەرکەوتنی نەخۆشییەکە لە عێراق بە فەتوا داوایان
لە هاوڵاتیان کرد کە پەیڕەوی لە ڕێنمایی شارەزایانی تەندروستی بگرن و پشتیوانی
تەواویان ۆ هەموو ڕێوشوێنەکان دەربڕی لەپێناو ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە،
هەروەها خۆیان پێشڕەو بوون لە داخستنی ناوەندە ئایینییەکان.
ئایەتوڵا سیستانی هەر لە
سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە بەیاننامەکانیدا داوای لە هەموو خەڵک و گرووپە
عێراقییەکان، کەستی گشتی و تایبەتی کرد، بەرەنگاری ڤایرۆسەکە ببنەوە. ئەو هەموو
جۆرە هەوڵێکی بە (واجبی کەفایی) ناو برد و لە ڕووی گرنگیشەوە بەراوردی کرد بە
وەستانەوە دژی داعش. هەروەها ڕایگەیاند، هەر کەسێک لەپێناو وەستانەوە دژی ئەو
ڤایرۆسە، یان چاودێری نەخۆش گیان لەدەست بدات، شەهیدە.
هەروەها سیستانی لە
بەیاننامە جیاجیاکانیدا بانگەوازی کرد بۆ داخستنی مەزارگە ئایینییەکان و مزگەوت و
ناوەندە ئایینییەکانی تر و خۆشی نوێژی هەینی وەستاند. لەمڕووەوە سەرجەم مەزارگە
ئایینییەکانی عێراق خێراتر چۆڵ کردن و دوای ماوەیەکی کورت داخران.
سیستانی داوای کرد کە بە
وردی پەیڕەوی لە ڕێنماییەکانی شارەزایانی تەندروستی بکەن و لە ماڵەکان کۆنەبنەوە و
تێکەڵی خەڵکانی تر نەبن و ڕایگەیاند، هەر کەسێک خۆویستانە ئەم ڤایرۆسە بۆ کەسانی
تر بگوازێتەوە، بە بکوژ هەژمار دەکرێت.
خاڵی گرنگ لە سەرجەم
ئامۆژگارییەکانی سیستانیدا، سەرنج و جەختکردنەوەی بووە لەسەر بۆچوونی شارەزایان و
بەپرسە پەیوەندیدارەکانی وەک وەزارەتی تەندروستی، کە لە فیقهی ئیسلامیدا بە ئەهلی
شارەزا ناسراون.
ئەمەیە جیاوازی نێوان
تێڕوانین و ڕێكارەکان لە دەیانتوانی ڕێگری بکەن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە
ئێران و عێراق، وەک دەبینین لە کاتێکدا ژمارەی تووشبوان لە ئێران گەیشتووەتە زیاتر
لە ٩١ هەزار کەس و نزیکەی ٦ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە عێراق تەنیا
١٨٢٠ کەس تووشبوون و ٨٧ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
#
شیعە