قاعیدە ٩ ساڵ دوای بن لادن

06/05/2020

:: ئارام مەحمود ئەحمەد

 

چی لە قاعیدە ماوەتەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دوای ٩ ساڵ لە کوشتنی بن لادن ڕابەری قاعیدە لەلایەن هیزە ئەمەریکاییەکانەوە لە سەرەتای مانگی ٥/٢٠١١ لە ئەبوت ئابادی پاکستان هێشتا دەکرێت.

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ڕاپۆرتێکیدا بە درێژی باسی لە قاعیدە و ڕابەرەکانی و ئەو داڕمانەی تووشی بووە دەکات، بە تایبەتی دوای دەرکەوتنی داعش لە سوریا و عێراق، هەروەها ئاماژە بە چارەنووسی سەرکردەکانی قاعیدە دەکەت، لە کاتێکدا کە ناکۆکی قووڵ لە نێوانیاندا هەیە.

لە ڕاپۆرتەکەدا جەختکراوەتەوە لە سەر ئەوەی کە قاعیدە بەرەو پووکانەوە دەچێت، ئەویش دوای ئەوەی سەرکردایەتییەکی ناوەندی نییە و میسرییەکان دەستیان بەسەردا گرتووە، هەروەها دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت، کە لە ئێستادا قاعیدە هیچ جۆرە چالاکییەکی تایبەتی نەماوە، وەک ئەوەی لە ڕابردوودا دووژمنی ژمارە یەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوو.

ئەو ڕاپۆرتە ئاماژە بە پاشەکشێی گەورەی سەرکردەکانی قاعیدە دەکات لە دانانی پلانی هێرش و کردەی تیرۆریستی لە جیهاندا، کە ئەوەش لە کۆتاییەکانی تەمەنی بن لادندا دیار بوو، بەڵام ئێستا لە سەردەمی ئەیمەن زەوهیریدا بەرەو پووکانەوەی تەواو هەنگاو دەنێت.

کردەوە تیرۆریستییەکان و زەواهیری

 لە کاتی بە لیست کردنی ڕاگەیەنراوەکانی قاعیدەدا لەو کاتەدا کە زەواهیری دوای بن لادن دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، ڕۆژنامەکە پێیوایە کە سەرکردایەتی ناسراوی قاعیدە "لە جێبەجێکاری ڕاستەوخۆی کردە تیرۆریستییەکانەوە لە ئێستادا تەنیا بووە بە هاندەر و پاساوهێنانەوە بۆ هێرشەکان و ئەگەریش ئەنجامدران بە پیرۆز ناویان دەبات." هەروەها وەک دەرکەوتووە لە ئیستادا چالاکییەکانی سەرکردایەتی قاعیدە بریتییە لە بڵاوکردنەوەی زنجیرەیەک لە تۆماری وێنەیی و دەنگی ئەیمەن زەواهیری.

بەپێی ئەو بڵاوکراوە و دەنگی و ڤیدیۆییانە بێت، ڕووندەبێتەوە کە زەواهیری بە هاوکاری میسرییەکی تر بە تەواوی دەستی بە سەر سەرکردایەتی قاعیدەدا گرتووە، ئەو میسرییەی تر بریتییە لە (حسام عەبالرئوف) ناسراو بە (ئەبو موحسین) کە بەرپرسی ڕاگەیاندنە.

دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمەریکا بۆ سەر سەرکردە و کۆبوونەوەکانی قاعیدە بە تەواوی بڕستی لەو ڕێۆخراوە تیرۆریستییە بڕیوە و لە ئێستادا سەرکردەکانی قاعیدە هەوڵدەدەن خۆیان ڕێکبخەنەوە.

ناکۆکی نێوان داعش و قاعیدە

 ناکرێت ناکۆکی نێوان قاعیدە و داعش لەبەرچاو نەگیرێت، کە دەرکەوتنی داعش بووە هۆی پاشەکشێی قاعیدە، بە تایبەتی دوای دەرکەوتنی ئەبوبەکر بەغدادی و داگیر کردنی سەرزەوییەکی زۆر لە سوریا و عێراق لەلایەن داعشەوە، کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەک سەرکردەی باڵای قاعیدە لە بەرەی نووسرەوە بچنە ناو داعشەوە و ئەمەش پێگەی قاعیدەی لەناوچەکەدا لاواز کرد.

هەروەها لەلایەکی ترەوە داگیرکردنی ناوچەیەکی بەرفراوان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ لەلایەن داعشەوە ژمارەیەکی زۆر لە توندڕەوانی بەرەو داعش کێشکرد، هەروەها بەیعەتی گرووپە توندڕەوەکانی تری جیهان بە داعش لە جیاتی قاعیدە، گورزێکی تر بوو کە لە قاعیدە درا.

هەروەها لەو کاتەدا کە زەواهیری سەرقاڵی نووسینی ڕاگەیانراو بوو دژی داعش بۆ ئەوەی هێرش نەکاتە سەر بەرەی نوسرە (لقی سوریای قاعیدە)، داعش بە هێرشە خوێناوییەکانی بوو بە دووژمنی ژمارەیەکی ئەمەریکا و قاعیدەی لەو پێگەیش بێبەش کرد.

دابڕانی لقەکانی قاعیدە

 ڕۆژنامەکە باسی لە ناکۆکییەکانی لقەکانی قاعیدە کردووە و نووسیویەتی کە بە هۆی ناکۆکییەکان و نەمانی ناوەندێتی لە قاعیدەدا، ئەبو محەمەد جۆلانی ڕابەری نوسرە کە بەیعەتی بە زەواهیری دابوو، دابڕانی خۆی لە قاعیدە ڕاگەیاند و ناوی گرووپە تیرۆریستییەکەشی گۆڕی بۆ هەیئەی تەحریری شام.

ئەمەش کاردانەوەی بەشێک لە ئەندامانی قاعیدەی سوریای لێکەوتەوە و دابەشبوونێکی تر ڕوویدا و ئەوانەی پابەند بوون بە بەیعەتیان بە زەواهیری لە ژێر ناوی (حراس الدین) جیابوونەوە.

لە کۆتاییدا ڕۆژنامەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە، کە قاعیدە دوای نەمانی بن لادن نیمچە ئیفلیج بووە و لە ئێستادا زەواهیری خۆی ڕووبەڕووی خەلیفەیەکی داعش دەبینێتەوە کە لە هەناوی قاعیدەوە دروستبووە و جێگەی ئەبوبەکر بەغدادی پڕکردووەتەوە.

# داعش # قاعیدە

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure