گەڕانەوەی داعش؛ ئایا هێزەكانی عێراق دەتوانن بەرەنگاری ئاڵنگاری ببنەوە؟

13/05/2020

:: ئیدریس سیوەیلی

 

لە چەند هەفتەی رابردوو، داعش دەیان هێرشی دژی هێزە عێراقییەكان ئەنجامدا، هێرشەكان لە ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵات بوون، بە دیاریكراوی پارێزگاكانی دیالە، سەلاحەدین و كەركوك، هەروەك هەندێك راپۆرت باس لە پەرەگرتنی چالاكییەكانی داعش لە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق دەكەن.

بەپێی زانیاری چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی، نزیكەی پێنج هەزار چەكداری داعش لە ناوچە سەختەكانی دیالە، سەلاحەدین و كەركوك هەن، سوودیان لە سروشتی جوگراقیا و سەختی ناوچەكە وەرگرتووە، ئەمە وێڕای دەیان گوندی چۆڵكراو لەو ناوچانە كە بەهۆی چالاكییە سەربازییەكان دانیشتوانەكەی هەڵاتون و ماڵ و شوێنەكانیان جێهێشتووە.

لە مانگی شوباتەوە داعش پەرەی بە هێرشەكانی خۆی داوە، بەپێی راپۆرتی دەزگا ئەمنییەكان، داعش لە بەرزاییەكانی حەمرین، عوزێم، جەلەولا و خانەقین چەندین تونێلی لێداوە، لە دوو هەفتەی رابردوش 70-90 هێرشی لە ناوچە هاوبەشەكانی ئەو سێ پارێزگایەی ئاماژەی پێدرا ئەنجامداوە، لەو هێرشانەشدا چەكی مامناوەند و بۆمب و مین بەكارهاتووە، وەڵامدانەوەی هێزە عێراقییەكانیش بۆ ئەو هێرشانە لە ئاستێكی لاوازدا بووە، تەنانەت دوای ئەوەش كە حەشدی شەعبی پلانێكی سەربازی لەو سێ پارێزگایە راگەیاند، موهەند عیقابی بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەشد لەوبارەوە بۆ ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن لێدوانی داوە و وتویەتی "هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ئامادەباشیدان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەكی ئەمنی بەرفراوان لە پارێزگاكانی ئەنبار، سەلاحەدین و نەینەوا بۆ راوەدونانی چەكدارانی تیرۆریستی داعش".

ئەگەری گەڕانەوەی تەقینەوەكان
بە بڕوای موهەند غزی رۆژنامەنووس "ئەو پرۆسەیەی حەشدی شەعبی ئامادەسازی بۆ دەكات، هاوشێوەی ئەوانی رابردووە، لە بیابانەكاندا دەگەڕێن و ناوچەكە بەسەر لیوا و فەوجەكان دابەش دەكەن، پاشان بەیاننامەیەك دەردەكەن كە دەستیانگرتووە بەسەر ئەوەندە پارچە چەكدا"، بە بروای ئەو رۆژنامەنووسە ئەمە هاوشێوەی چارەسەرییەكانی سەردەمی مالیكییە كە لە راگەیاندنەكانەوە باس لە سەركەوتنی پرۆسەكان دەكرا بەڵام لە واقیعدا شكستی هێنابوو.

غزی دەشڵێت "زیادبوونی چالاكییەكانی داعش مانای وایە ئەو رێكخراوە پەناگەیەكی هەیە كە پلانی تێدا دادەنێت و هێرشەكانی لێوە ئەنجام دەدات، ئەو پەناگەیەش ناوچە شاخاوی و سەختەكانی نێوان پارێزگاكانی دیالە، كەركوك و سەلاحەدینە كە بەهۆی سەختی ناوچەكە پاكردنەوەی لە داعش زەحمەتە، ئەگەر دۆسیەی ئەمنی و سەربازی بەم شێوە بەڕێوەببرێت بەدوری نازانم تەقینەوە رووبكاتەوە شارەكان."

مستەفا سۆفی چاودێری چالاكیی رێكخراوی داعش دەڵێت "سەقامگیری ناوچەی سەلاحەدین لە رووی ئەمنیەوە پەیوەستە بە گەڕانەوەی دانیشتوانە ئاوارەبوەكانی، ئەوان رۆڵیان دەبێت لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە"، ئەو دەشڵێت "ئەوەی لە زەمیندا پێویستە هێزی سەربازی نییە بە پلەی یەكەم بەڵكو هەماهەنگی هەواڵگری و كاری هاوبەش و رێكخراوی نێوان دەزگا ئەمنییەكانە كە ئێستا بوونی نییە، بۆیە ئەو پرۆسەی ئێستا دەستیپێكردوە بۆ راوەدونانی چەكدارانی داعش ئەنجامێكی ئەوتۆی نابێت ئەگەر دانیشتوانی ناوچەكە نەگەڕێنەوە و هەماهەنگی هەواڵگری لە نێوان دەزگا ئەمنییەكان نەبێت".

هیشام هاشمی شارەزای بواری ئاسایش هاوڕای بۆچوونی سۆفیە و دەڵێت "دەروازەی راستەقینە بۆ تێگەیشتن لە سەختی هێرشەكانی داعش پەیوەستە بە گەڕانەوەی داعش بۆ ئەو ناوچانەی لێوەی هێرشەكان ئەنجام دەدات، لەوانە گوندە چۆڵكراوەكان، هەروەها بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانەی دەكەوێتە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان".

چالاكوانان: گەندەڵی هێشتا بەردەوامە
هێرشەكانی ئەم دواییەی داعش بۆسەر هێزەكانی حەشدی عەشایەری لە ناوچەی مكیشیفەی پارێزگای سەلاحەدین، جارێكی تر مشتومڕ و تۆمەتبەخشینەوەی لە نێوان بەرپرسە خۆجێیەكان و هێزە ئەمنییەكان لێكەوتەوە، حەشدی شەعبی دەیهەوێت لە گرنگی هێرشەكان كەمبكاتەوە و دەڵێت "بۆ تێكدانی دۆخی دەرونییە" و سەرزەنشتی خەڵكی ناوچەكە دەكات كە هاوكاری داعش بوون لەو هێرشانە، بەڵام خەڵكی ناوچەكە هێزە ئەمنییەكان بە كەمتەرخەم دەزانن بە تایبەت سەركردەی هێزەكان، لە پرسەی قوربانییەكانیش شەڕەقسەی توند لە نێوان سەرۆكهۆزێك و سەركردەیەكی ئەمنی دروستبوو.

یاسین فەرەج یاسین چالاكوان لە پارێزگای سەلاحەدین دەڵێت "داعش كەمتەرخەمی هێزە ئەمنیەكان و سەرقاڵبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای قۆستۆتەوە بۆ بەهێزكرنی پێگەی خۆی لەو ناوچانەی لێی بڵاوبوەتەوە"، ئەو چالاكوانە دەشڵێت "گەندەڵی لەناو دەزگا ئەمنییەكان هاوشێوەی گەندەڵی ئەو قۆناغەیە كە داعش قۆستیەوە بۆ دەستگرن بەسەر بەشێكی خاكی عێراق، هەندێك سەرباز لە چەند یەكەیەكی سەربازی بەشێك لە موچەكانیان دەدەن بەرامبەر دەوامنەكردن، بۆیە چالاكوانان خەڵكی ئامادەدەكەن بۆ ئەگەری سیناریۆی خراپتر لەمە، هەرچەندە بەهۆی هۆشیاری هاووڵاتیان و هاوكاریان بۆ دەزگا ئەمنییەكان ئەگەری لاواز هەیە سیناریۆی 2014 دووبارەبێـەوە".

سەرچاوە: سایتی ئەلحورە

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure