::
ئیدریس سیوەیلی
لە 1987 بزووتنەوەی ئیسلامیی لە كوردستانی عێراق (باسك) راگەیەنرا، تا
راپەڕینی ئازاری 1991 وەك حیزبێكی ئیسلامیی جیهادی لە خەبات بەردەوام بوو، لەو
مێژووە بەدواوە كە وەك قۆناغێكی وەرچەرخان وابوو بۆ باشووری كوردستان، بزووتنەوەی
ئیسلامیش لە چەندین شار و شارۆچكەی باشووری كوردستان بارەگای دانا و درێژەی بە
خەباتی خۆیدا، لە یەكەم هەڵبژارنی پەرلەمانی كوردستان بەشداری كرد، بەڵام رێژەی
دەنگی دیاریكراوی بەدەستنەهێنا و بەمەش هیچ كاندیدێكی نەبووە ئەندامی پەرلەمان، لە
1994- 1997 چەند جەولەیەكی شەر لە نێوان بزووتنەوەی ئیسلامیی و یەكێتی نیشتمانی
روویدا كە زیانێكی گیانی و ماڵی زۆری بە هەردولا گەیاند، دواجار بە رێكەوتنی تاران
لە نێوان هەردولا كۆتایی بە شەڕی نێوانیان هات.
لەلایەكی تریشەوە لە (22/11/ 1992) بزووتنەوەی راپەڕینی ئیسلامیی (برا) كە
چەند ساڵ بوو بە شێوەی نهێنی و لەژێر ناوی ئیخوان موسلمین كاریان دەكرد راگەیەنرا،
وەكو حیزبێكی سەلەفی جیهادیی كەوتە خەبات و چالاكیی و لە زۆرێك شار و شارۆچكەی
كوردستان بارەگای دانا، بە شێوەیەكی بەرفراوان لە بوارە جیاوازەكان چالاكی هەبوو.
لە نێوان ساڵانی 1992- 1999 پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لە نێوان (باسك) و (برا)
هەبوو لەسەر ئاستی باڵا، چەند جارێكیش بارگرژی كەوتبووە نێوانیان، بەڵام لە
هەردولا ویستێك هەبوو بۆ یەكگرتن، لەو رووەوە چەندین كۆبوونەوەی سەرەتایی لە نێوان
هەردولا كرابوو تاوتوێی یەكگرتن كرابوو، دواجار لە رۆژی (25/5/1999) كۆبوونەوەی
فەڕمی وەفدی (برا) و (باسك) لە سلێمانی بەڕێوەچوو، لەو كۆبوونەوەدا، ڕێكەوتنێكی
(10) خاڵی لە نێوان هەردولا بە مەبەستی یەكبوون واژۆكرا، بۆ جێبەجێكردنی
ڕێكەوتنەكەش پاشكۆیەكی (32) خاڵی ئامادەكرا، پاشان لە ڕۆژانی (8/6/1999) و (14/6/1999) دوو
ڕێكەوتنی تەواوكاری تر لە نێوان سدیق عەبدولعەزیز ئەمینداری گشتیی (برا) و عەلی
عەبدولعەزیز ڕابەری گشتیی (باسك) واژۆ كرا، چەند خاڵێكی ناكۆك لە نێوان هەردوو
مابوونەوە، دواجار لە (30/6/1999) ئەو خاڵانەكەش كە جێی ناكۆكی بوون یەكلاكرانەوە
و بڕیاری كۆتاییان لەسەر درا، دواتر كۆی خاڵەكانی ڕێكەوتنەكانی (8/6/1999)،
(14/6/1999) و (30/6/1999) لەلایەن مەكتەبی سیاسیی هەردوولاوە واژۆی لەسەر كرا،
بەمەش هەردولا ڕێكەوتن لەسەر یەكگرتن و پێكهێنانی حیزبی سێیەم بەناوی (بزووتنەوەی
یەكبوونی ئیسلامیی لە كوردستان/ عێراق)، بە فەرمی لە (21/8/1999) لە ئاهەنگێكدا
حیزبی نوی ڕاگەیەنرا.
هۆكارگەلێك لە پشت پێكهێنان و راگەیاندنی ئەم حیزبە نوێیەوە بوو، لەوانە پاڵنەری ئایینی كە چەندین دەق جەخت لە
كاری پێكەوەیی و هاوكاریكردن دەكەنەوە، بۆیە ئەندام و جەماوەری هەردوو حیزبەكە
فشاریان دەكرد و داوای یەكگرتنیان دەكرد و هیچ پاساوێكی ئایینیان بۆ بوونی دوو
حیزبی ئیسلامیی كە دونیابینیان زۆر لە یەكەوە نزیك بێت نەدەبینی، لایەنی كۆمەلایەتیش
رۆڵی خۆی هەبوو، چونكە رابەری هەردوو حیزبەكە برای یەكتر بوون ئەمەش جۆرێك لە
ئیحراجی بۆ هەردولا دروست كردبوو كە بۆچی دوو برا نەتوانن پێكەوە لە یەك حیزب
كاربكەن؟ هۆكاری سیاسیش رۆڵی خۆی هەبوو كە بە یەكگرتن حیزبەكە لە رووی سیاسیی و
جەماوەریەوە پێگەی بەهێزتر دەبوو، چونكە (باسك) پێگەی سەربازی بەهێز و (برا)ش
خاوەن رێكخستنێكی تۆكمە و بەربڵاو بوو، رەنگە بەشێك لە سەركردە و ئەندامانی
هەردوولا خەونی ئەوەیان هەبووبێت كە بەو یەكگرتنە حیزبەكە گەورەتردەبێت، لایەنی
ئابوریش كاریگەری هەبوو، (برا) دوای بەرفراوانبونی كارەكانی كێشەی دارایی هەبوو
خەونی پەلهاویشتنی زیاتریشی هەبوو، بۆیە بەشێك لە سەركردەكانی ئەو حیزبە
پێیانوابوو بە یەكگرتن لەگەل (باسك) لەو قەیرانە رزگاریان دەبێت و هەنگاوی گەورە
دەنێن بۆ داهاتوو.
سەبارەت بە ئامانجی
بزووتنەوەی یەكبوون، لە ماددەی دووەمی پەیڕەوی ناوخۆ بەم شێوە پێناسەی ئەو حیزبە
كراوە: بزووتنەوەیەكی ئیسلامیی گشتگیرە لەسەر پەیڕەوی ئەهلی سوننەت و جەماعەت
كاردەكات بۆ چەسپاندنی فەرمانڕەوایەتی شەریعەتی ئیسلام لە كوردستان و تێدەكۆشێت و
هەوڵدەدات بۆ هێنانەدی مافە رەواكانی گەلەكەمان. لە بڕگەی دووەمی ماددەی حەوتیشدا
كە تایبەتە بە ئامانجی حیزبەكە لە بواری سیاسیی هاتووە: داكۆكی دەكەن لە
دەستەبەركردن و پاراستنی مافی رەوای گەلی كورد.
سەبارەت بە كێشەی كورد لە
ماددەی سیانزەیەم لە چەند خاڵێكدا هەڵوێستی ئەو حیزبە لەوبارەوە خراوەتەڕوو كە بەم
شێوەیە:
1-باری ناهەمواری گەلی كورد بە پلانێكی چنراوی دوژمنانی ئیسلام و كورد دەزانین.
2-چەوساوەیی كورد و كوردستان بە كێشەیەكی سیاسیی و ئینسانی رەوا و پەیوەست بە تێكڕای جیهانی ئیسلامیی دەزانین.
3-داكۆكیكردن و پێداگرتن لەسەر مافە ڕەواكانی گەلی كورد بە ئەركی شەرعی خۆمان دەزانین.
4-بڕوامان بە بوونی قەوارەیەكی ئیسلامیی بۆ گەلی كورد هەیە.
بزووتنەوەی یەكبوون بەهێزترین
پارتی ئیسلامیی گۆڕەپانەكە بوو لەو دەمەدا، لە چەند بواری جیاواز چالاكیی دەنواند،
لەسەر ئاستی كوردستان دوای هەردوو پارتە گەورەكە (یەكێتی نیشتمانی كوردستان و
پارتی دیموكراتی كوردستان) بە سێیەم پارت ئەژمار دەكرا، تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش
لەلایەن ئەمریكاوە وەكو پارتێكی نەیاری عێراق حسابی بۆ كرابوو، لە ئۆپۆزسیۆنی عێراق
بەشدار بوو، بەڵام لە ناوخۆدا بۆ چەند باڵێك دابەش ببوو، ناكۆكی لە نێوان باڵەكان
رۆژ لە دوای رۆژ پەرەیدەسەند، بەشێك لە سەركردەكانی حیزب بۆ دەربازبوون لەو دۆخە بەستنی
كۆنگرەیان بە رێگەچارە دەزانی، دواجار بریاردا ئەو هەنگاوە بنرێت، لە (ئابی 2000)
لە تەوێڵە كۆنگرەی یەكەم بەسترا، بەڵام كۆنگرە نەك برینەكانی ساڕێژ نەكرد بەڵكو
هێندەی تر ناكۆكییەكانی قوڵكردەوە، زۆرینهی شورای نوێ كه له ههڵبژاردندا دهرچوون،
پێكهاتبوو له باڵی عهلی باپیر كه كوتلهیهكی سهرهكی ناو بزووتنهوهی ئیسلامیی
پێشوو بوو، لهگهڵ زۆرینهی بزووتنهوهی ڕاپهڕینی ئیسلامیی، ئهم دوانه پێكهوه
كوتلهیهكیان پێكهێنابوو، له بهرانبهردا كوتلهی ڕابهری گشتیی مهلا عهلی عهبدولعهزیز
كهمینهی شورای بهدهستهێنا، بۆیه به ئهنجامهكان ڕازی نهبوون، دوای تێپهڕبوونی
ماوهیهك بهسهر ئهو بارودۆخه كه چهندین ههوڵ بۆ دۆزینهوهی چارهسهر درا،
چەند جارێكیش رێكەوتن لە نێوان هەردولا كرا بۆ كۆتایهێنان بە كێشەكان، تەنانەت
وڵاتی ئێران وەفدی نارد و دانوستانی لە نێوان هەردولادا كرد، بەڵام تێكڕای
هەوڵەكان بێ ئەنجام بوون، سهرهنجام زۆرینهی ئەندامانی دهرچوو بۆ شورای نوێ به
ڕێبهری عهلی باپیر له (30/5/2001) پارتێكی نوێیان بهناوی (كۆمهڵی ئیسلامیی كوردستانی
عێراق) راگەیاند، بەمەش بەشێكی زۆری مەڵبەند، هێزە سەربازییەكان، مەكتەب و
ئۆرگانەكان پەیوەست بوون بە كۆمەڵی ئیسلامییەوە، ئەوانەی مابوونەوە لەناو یەكبوون
بریتیبوون لە: باڵی مەلا عەلی عەبدولعەزیز كە سدیق عەبدولعەزیزی برای لەگەڵ بوو،
باڵی كرێكار، هێزی دووی سۆران و ژمارەیەك سەركردە كە لە نێوان باڵەكان هەڵوێستی
بێلایەنیان هەڵبژاردبوو، ئەمەش چەند مانگ درێژەی كێشا، لە (1/9/2001) هێزی دووی
سۆران حیزبێكیان راگەیاند بە ناوی (جوندلئیسلام لە كوردستان)، ئەوانەش كە
مابوونەوە لەگەڵ مەلا عەلی عەبدولعەزیز لە (12/9/2001) بەیاننامەیەكیان دەركرد و
خۆیان لە ژێر ناوی (بزووتنەوەی ئیسلامیی لە كوردستان/ عێراق) راگەیاند كە خۆیان
وەك درێژەپێدەری هەمان بزووتنەوەی ئیسلامیی پێشوو ناساند، بەمەش كۆتایی هات بە
بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامیی و لەسەر داروپەردوی ئەو حیزبە سێ حیزبی نوی دروستبوو،
دیارترین هۆكاریش بۆ لێكهەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە پابەندنەبوون بە پەیڕەوی ناوخۆ،
نەبوونی یەك دونابینی و فرەجەمسەری بوو.