مەزهەبی کوشتار؛ سەرچاوەی جیهانبینی داعش

15/06/2020

:: ئارام مەحمود ئەحمەد

س: BBC

سەرچاوەی جیهانبینی، یان مەزهەبی داعش و گرووپە هاوبیرەکانی زۆر کۆنە و بە نزیکەیی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فۆڕمەڵە بوونی ئیسلام لە سەدەی حەوتی زایینیدا.

ئیسلام هاوشێوەی مەسیحییەت کە شەش سەدە پێشتر و جولەکە نزیکەی هەشت سەدە پێشتر فۆڕمەڵە ببوون، لە گۆڕەپانی توندوتیژی خێڵەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەدایکبوو.

ویلیام پالک نووسەر و مێژوونووس نووسیویەتی "دەقی سەرەکی تەورات و قورئان ڕەنگدەرەوەی کۆمەڵگەی خێڵەکی و بیابانی جولەکە و عەرەب بوون و ئەو یاسایانەی دایاننا توند بوون."

"لە تەوراتدا ئامانجی ئەوان پاراستن و بەهێزکردنی یەکپارچەیی و هێزی خێڵەکان بوو، لە قورئاندا ئامانج لەناوبردنی سەرجەم پاشماوەکانی بتەپەرستی بوو. نە جولەکە و نە ئیسلام ڕێگەیان بە هیچ لادانێک نەدەدا و هەر دوویان تیۆکراسی دیکتاتۆری بوون."

لەگەڵ تێپەڕ بوونی کات ئیسلام لە ناوچەیەکی بەرفراواندا پەرەی سەند و خۆی لەگەڵ کۆمەڵگە و ئایین و فەرهەنگە جیاوازەکاندا گونجاند. بە زۆرەملێ لە پراکتیکدا بۆ فۆڕمێک گۆڕا، کە زیاتر بەخشندە و کرداری بوو، زیاتر پابەند بوون بە دەسەڵات لە پلەی یەکەمدا و پابەند بوون بە ئیسلام لە پلەی دووەمدا بوو.

ئەحمەد بن حەنبەل و ئیبن تەیمیە

  ئەحمەد بن حەنبەل بیرمەندی بەرجەستە و دامەزرێنەری فیقهی حەنبەلی بە هۆی ناکۆکی لەگەڵ خەلیفەکانی عەباسی لە بەغدا خرایە بەندیخانەوە و جارێک بە هۆی ئەشکەنجەوە لە هۆش خۆی چوو. نزیکەی پێنج سەدە دوای ئەوە فەقیهێکی تر بە هۆی تێگەیشتنی توندڕەوانە لە ئیسلام بە ناوی (ئیبن تەیمیە) لە بەندیخانەی دیمەشق کۆچی دوایی کرد.

ئەم دوو کەسە بە باپیرانی مەعنەوی بیرمەند و ئەو بزاڤانە هەژمار دەکرێن کە پێیان دەوترێت (سەلەفی) و لایەنگری گەڕانەوە بۆ سەرەتای ئیسلام و بە وتەی خۆیان (سەلەفی ساڵح)ن.

محەمەد بن عەبدولوەهاب

  ئەم دوانە سەرچاوەی ئیلهام بوون بۆ کەسێک کە دواتر، ئەندێشە و بەرهەمەکانی کاریگەری لەسەر ناوچەکە و سەلەفییەکان دروستکرد و وەهابییەکان ناوی خۆیان لە ئەوەوە وەرگرت. محەمەد بن عەبدولوەهاب، ساڵی 1703ز لە گوندێکی بچووک لە نەجد لە ناوەندی نیمچە دوورگەی عەرەبستان لەدایکبووە.

ئەو کە فەقیهێک بوو توندترین تێگەیشتنی لە ئیسلام داڕشت، کە بە بڕوای خۆی ئەوە باوەڕی سەرەتا بووە و لە ڕێگەی ڕێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارە سیاسی و سەربازییەکان هەوڵیدا کە بیروباوەڕی خۆی بڵاوبکاتەوە.

لە یەکەم کاریدا گۆڕی (زەید بن خەتاب) یەکێک لە هاوەڵانی پێغەمبەری وێران کرد، ئەویش لەسەر بنەمای ئەوەی کە بەپێی باوەڕی سەلەفییەکان پیرۆز کردن و ڕێزگرتن لە هەموو گۆڕێک و هەر شتێکی تر بێجگە لە خوا، هاوەڵ دانانە.

هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئال سعود

  ساڵی 1744 عەبدولوەهاب هاوپەیمانی گرنگی خۆی لەگەڵ (محەمەد بن سعود) دەسەڵاتداری ئەو کاتەی ناوچەکە دەستپێکرد. لەسەر بنەمای ئەو هاوپەیمانییە، وەهابییەت جیهانبینی و لایەنی مەعنەوی بۆ بەرفراوان کردنی سەربازی و سیاسی ئال سعود دابینکرد و ئەوەش لە بەرژەوەندی هەردوولا بوو.

ئەو هاوپەیمانییە دوای چەند گۆڕانێک بەشێکی زۆری نیمچە دوورگەی عەرەبستانی گرتەوە و تا ئێستاش درێژە بە بوونی خۆی دەدات. تا ئێستاش خانەدانی ئال سعود لە پەیوەندییەکی هەوراز و نشێودا لەگەڵ دەزگای ڕۆحانییەتی وەهابی بەسەر عەرەبستاندا حوکم دەکات.

ڕەگ داکوتانی سەلەفی و وەهابییەکان لە عەرەبستانی سعودی و سوود وەرگرتنیان لە دۆلارەکانی نەوت، پێگەیەکی گرنگی بۆ دروستبوونی جیهادی چەکدارانە لە ناوچەکەدا هێنایە بوون.

جیهاد واتا خەبات لە پێناو خوا، کە هەوڵ و جیهادی تاکیش دەگرێتەوە، بەڵام زیاتر بە واتای شەڕی پیرۆز دێت.

سەید قوتب؛ پردی ڕابردوو و داهاتوو

  بەڵام ئەو کەسەی کە زیاتر لە هەمووان ڕۆڵی لە گواستنەوەی بیری سەلەفی بۆ سەدەی بیستەم هەبوو، (سەید قوتب) بیرمەندی ئایینی میسری بوو. ئەو لە نێوان ئەندێشە و نەریتەکانی عەبدولوە‌هاب و فیقهەکانی پێش ئەو، لەگەڵ نەوەی نوێی جیهادییەکان پردێکی دروستکرد، کە دەرەنجامەکەی ڕێکخراوی قاعیدە و گرووپە توندڕەوەکانی دوای ئەو بوون.

سەید قوتب کە ساڵی 1906 لە باکووری میسر لەدایک بوو، دژی شێوازی پەیڕەو کردنی ئیسلام بوو لە میسر. ئەو لە کۆتاییەکانی دەیەی 1940دا دوو ساڵ لە ئەمەریکا خوێندی، بەڵام لە جیاتی مەیل بۆ کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا، بێزار بوو لە ماتریالیزم و بێ باوەڕی و فەسادی ئەخلاقی و تێڕوانینە ئیسلامییە بونیادگەراکەی پتەوتر بوو.

دوای گەڕانەوەی بۆ میسر بەو ئەنجامە گەیشت کە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ڕۆژئاوا بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە هاوکاری دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، ناوچەکەی کۆنترۆڵ کردووە، کە بە بۆچوونی ئەو دەسەلاتدارانی ناوچەکە کە بانگەشەی موسوڵمانی دەکەن، بەڵام بە هۆی لادانیان لە ڕێگەی ڕاست، نابێت ئەوان بە موسوڵمان دابنرێن.

بۆ سەید قوتب جیهاد بریتی بوو لە هێرش دژی ڕۆژئاوا و دەستنیشانکراوەکانیان لە ناوچەکەدا و ڕزگار کردنی جیهانی ئیسلام. لە زاتی خۆیدا ئەمە جۆرێک تەکفیر کردن بوو. بە بەکافر ڕاگەیاندنی موسوڵمانێک، ئیتر لە کرداردا کوشتنی واجبە و بکووژ دەبێت خەڵات بکرێت.

هەر چەندە سەید قوتب تیۆرسێن و ڕۆشنبیر بوو، نەک چالاکێکی جیهادی، بەڵام حکومەتی میسر چالاکییەکانی ئەوی زۆر بە مەترسیدار دانا. ئەو ساڵی 1966 بە تاوانی بەشداری لە پیلانی ئیخوان موسلمین بۆ تیرۆر کردنی جەمال عەبدولناسر سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی میسر، لەسێدارە درا.

سەید قوتب پێش زەمەن کەوتبوو، بیروڕاکانی ئەو کە لە 24 کتێبدا تۆمار کراون و دەیان ملیۆن کەس خوێندویاننەوە، هەروەها لە ڕیگەی پەیوەندی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ کەسانێکی وەک (ئەیمەن زەواهیری) کە ئێستا ڕابەری قاعیدەیە، هێشتا بە زیندوویی ماونەوە.

یەکێک لە نزیکانی (ئوسامە بن لادن) دامەزرێنەری ڕێکخراوی قاعیدە وتویەتی "سەید قوتب کەسێکە بەر لە هەموو شتێک کاریگەری لەسەر ئەم نەوەیەی ئێمە دروستکردووە." بێجگە لەوانە سەید قوتب وەک "سەرچاوەی بیر و ئەندێشەی جیهادی" یان "فەیلەسوفی شۆڕشی ئیسلامی) پێناسەکراوە.

35 ساڵ دوای لەسێدارەدانی سەید قوتب، کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەی دەوڵەتی ئەمەریکا لە بارەی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر نووسی "بن لادن هەمان بیروڕا توندڕەوییەکانی سەید قوتبی هەبوو، کە ڕیگە بە ئەو و شوێنکەوتوانی دەدات پاساو بۆ کوشتاری بەرفراوان و بێ هۆکار لە ژێر ناوی بەرگری لە ئایینێکی گەمارۆدراو بێننەوە."

کاریگەرییەکانی سەید قوتب تا ئەمڕۆش بەردەوامە. هیشام هاشمی شارەزای عێراقی گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان دەڵێت "ئەوان لە سەر دوو بنەما دامەزراون، ئایینی تەکفیر (واتا موسوڵمانێک لە موسوڵمانێکی تر بە هەڵگەڕاوە تۆمەتبار دەکات) کە لەسەر بنەمای بیروباوەڕی عەبدولوەهابە، هەروەها شێوازی کار کردنیش لەسەر بنەمای شێوازی سەید قوتبە."

تیۆلۆژی جیهادییەکان بوونی هەبوو، بەڵام بۆ گەشە و پەرەسەندن پێویستی بە دوو هۆکار هەبوو، مەیدانی شەڕ و ستراتیژێک بۆ فۆڕم دان بەو شەڕە. ئەفغانستان هەلێکی گونجاوی بۆ هەردووکیان ڕەخساند.

# داعش # وەهابی # سەلەفی # توندڕەوی # سەید قوتب # ئیخوان موسلمین # ئەیمەن زەواهیری # جیهاد

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure