::
شۆڕش ئەنوەر
سازدانی: شۆڕش ئه‌نوه‌ر
له‌م دیداره‌دا مامۆستا حه‌سه‌ن عه‌لی
مامۆستای ئایینی و خاوه‌نی ماسته‌ر و پسپۆڕ له تەفسیری قورئان، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه
ده‌كاته‌وه كه ده‌رگای ته‌فسیر و ته‌ئویلی تازه‌ی قورئان دانه‌خراوه، ئەو پێی
وایه هه‌ركه‌سێك ئه‌م ده‌رگایه دابخات سته‌مێكی گه‌وره‌ی له ده‌ق كردووه، ده‌شڵێت
كه ناكرێ پێویستی ئەمرۆ بە وەلامی ھەزار سال لەمەو پێش وەڵام بدرێتەوە، هه‌روه‌ها
قسه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه راڤه و لێكدانه‌وه‌كانی ده‌ق پیرۆز نین، باوه‌ڕیشی
وایه كه گرفتێك له‌ئارادا نییه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ته‌فسیره تازه‌كان و ته‌فسیری
تازه به‌مه‌رجی خۆی كێشه بۆ شه‌ریعه‌ت
و دین دروست ناكات. به‌ڵكو دین قازانجی زۆر له ته‌فسیری تازه ده‌كات.
ناوەندی كوردستان: ھەروەك چۆن دەرگای
پێغه‌مبه‌رایه‌تی داخراوە، دەرگای تەفسیر و تەئویلیش داخراوە؟
م. حه‌سه‌ن عه‌لی: بێگومان نەخێر
چونكە قورئان بۆ ئەوە ھاتووە تا قیامەت بەرنامەی ژیانی مرۆڤایەتی بێ، ئەگەر راڤە و
تەفسیرەكەی كۆتایی پێ بێ مانای وایە عەتا و بەخشندەییەكەشی كۆتای پێ ھاتووە، لە
كاتێك وەسفی قورئان ئەوەیە كە كه‌ریمە، وەسفی قورئان ئەوەیە بەردەوام شیفا بێ،
وەسفی قورئان ئەوەیە كە بەیان و بەرنامەی ژیان بێ، قورئان ھاتووە كە موعجیزه‌ی
ھەمیشەی بێ، بۆیە ھەر كەسێك دەرگای تەفسیر و راڤەی قورئان دابخا ستەمێكی گەورەیی
لە دەق كردوە و رەحمەتی فراوانی خوای لەسەر مرۆڤەكان تەسك كردۆتەوە.
ناوەندی كوردستان: ئەگەر دەرگای
تەفسیر و تەئویل دانەخراوە ئەی بۆچی تەفسیرە كۆنەكان لە ریزبەندیدا لە پێشەوەی
ھەموو تەفسیرەكانن؟
م. حەسەن عه‌لی: دوو ھۆكاری سەرەكی
ھەیە، یەكەم زۆرێك لە مسوڵمانان پێیان وایە تەفسیری سەلەف قابیلی مناقەشە نییە و
تا راددەیەك بەرگی قودسیەتی بەبەردا كراوە. دووه‌م كەمتەرخەمی زانایانە لەمرۆدا كە
كەمتر ئەو بابەتەیان وروژاندوە و قسەیان لەسەر كردوە. رەخنەكەش تەواو لە جێی
خۆیدایە، چونكە قورئان بۆ سێ ئامانجی سەرەكی ھاتوە 1. تەوحید كە راستترین راستییە
لە وجوددا كە ئەمە مافی خوایە، 2. تەزكیە كە ئەمە مافی بەندەكانە، چونكە گەورەترین
كێشەی مرۆڤایەتی پەروەردە نەبونە، 3. ئاوەدانكردنەوە، پاراستنی ژیان و ژینگە كە
ئەمە مافی ھەموو مرۆڤایەتی و زیندەوەرانە، چۆن دەكرێ ئەم مەبەستانە بێنە دی كە ئەم
داخوازیانە رۆژانە لە نوێبونەوەدان! بۆیە پێویستە قورئان «دەق» وەڵامگۆی
پرسیارەكانی ئەمرۆ بێت، ناكرێ پێویستی ئەمڕۆ بە وەڵامی ھەزار ساڵ لەمەوپێش وەڵام
بدرێتەوە.
ناوەندی كوردستان: وەك چۆن دەقەكان
پیرۆزن، تەفسیرەكانیش پیرۆزن؟
م. حه‌سه‌ن عه‌لی: بێگومان راڤە و لێكدانەوەی
قورئان ئەگەر لە پێغەمبەرەوە نەبێ (درودی خوای لەسەر بێت) ھیچ پیرۆزیەكی نییە،
چونكە ئەوكات كە پیرۆز و موقەددەس بێ جیاوازی قورئان و وتەی خەڵك چییە؟
ناوەندی كوردستان: به كێ ده‌وترێ موفەسیر، بە
واتایەكی تر هه‌موو كه‌س ده‌توانێ ته‌فسیر بكا؟
م. حەسەن عەلی: موفەسیر ده‌بێ شاره‌زا بێ له قورئان،
فه‌رموده، زمانی عەرەبی، زانستی كەلام، كتێبەكانی تایبه‌ت به مەبستەكانی
شەریعەت،، شاره‌زابوونی له واقعی كۆمەڵگا، توێژینەوەكانی تایبەت بە ئایینەكان،،
شاره‌زاییه‌ك له زانسته سروشتییەكان، له راستیدا بۆ كه‌سێك بیه‌وێ سه‌ركه‌وتو
بێ له ته‌فسیرێكی مەبەستگەرایی سه‌رده‌میانه ئه‌وانه پێویستن، بێگومان هه‌موو
كه‌س ناتوانێ ته‌فسیر بكا چونكه ئه‌م زانستانه كۆكردنه‌وه‌یان قورسن.
ناوەندی كوردستان: جۆره‌كانی ته‌فسیری قورئان و قوتابخانەكانی
چۆن پۆلێن ده‌كرێن؟
م حەسەن عەلی: ئیمه چه‌ندین قوتابخانەی جیاوازمان هه‌یه
بۆ راڤه‌ی قورئان وه‌ك:
1. ته‌فسیر
به‌مه‌ئسور: ئه‌مه ته‌فسیری قورئان به قورئان، قورئان به سوننه، قورئان به
لێكدانه‌وه‌ی سه‌حابی و تابعی ده‌گرێته‌وه، له دیارترین ئه‌و ته‌فسیرانه ته‌فسیری
ته‌به‌ری، ته‌فسیری سیوتی، ته‌فسیری ئیبن كه‌سیر و زۆری تریش.
2.ته‌فسیر بەڕاوبۆچوون: له دیارترین ته‌فسیره‌كان
ئەنوار تەنزیلی بەیزاوی، مەداریك تەنزیلی نەسەفی، روحولمەعانی ئالوسی، مەفاتیحولغەیبی
رازی و ... تاد.
3- ته‌فسیره زمانه‌وانی و نه‌حوییه‌كان: ته‌فسیره‌كانی
پێشوتر وه‌ك مەفاتیحولغەیب، بەحرولموحیت، روحولمەعانی و ته‌فسیری كەشاف له‌م بوارەدا
له ریزبه‌ندی یه‌كه‌من.
4- ته‌فسیره فیقهیه‌كان: له دیارترینیان ته‌فسیری
ئیمامی قورتوبی، ته‌فسیری ئەحكامو لئورئانی ئیبنولعەرەبی، ته‌فسیری رازی و ئالوسی.
5- ته‌فسیره كه‌لامی و فه‌لسەفیه‌كان: وه‌ك ته‌فسیری ماتوریدی، رازی، ئالوسی و زەمه‌خشه‌ری.
6-
ته‌فسیره سۆفیگه‌ری و ئاماژه‌ییه‌كان: وه‌ك لەتائبفولئیشاراتی قوشەیری.
7-
ته‌فسیره هاوچه‌رخه‌كان: وه‌ك ته‌فسیری ئەلمەنار، تەفسیرەكەی سەید قوتب و
ئەلمونیر، له كوردی ته‌فسیری مه‌لای گه‌وره له دیارترینیانه، ته‌فسیری تریش
زۆرن به‌لام به‌راستی مه‌لای گه‌وره به جورئه‌ته‌وه قسه‌ی خۆی كردوه و نوێگه‌ری
زۆری پێوه دیاره، ته‌فسیری خال و ته‌فسیری قورئانی پیرۆزی مامۆستا عوسمان عەبدولعەزیز.
8-
ته‌فسیره به‌یانیه‌كان: ته‌فسیری زەمه‌خشه‌ری، ئیعرابولقورئان و زۆری تریش هه‌ن،
دیاره ئاراستەی واشمان هه‌یه كه ده‌یه‌وێ ته‌فسیر به عەلمانی بكات و هیچ
قودسیه‌تێك بۆ ده‌ق نه‌هێڵێ، وه‌ك ئه‌رەگۆن، حامد ئەبونەسر، شەحرور و زۆری تریش،
به‌لام ئه‌و لێكدانه‌وانه ئه‌گه‌ر چی شتی جوان و نوێی تیدایه، به‌ڵام لادان و
ئینحرافی زۆریشیان تێدا كراوه.
9- له ئه‌مرۆدا
ته‌فسیری بابەتیی و پسپۆری، زۆر بووه و زۆریش گرنگه، ده‌كرێ سێ بواری ته‌فسیر
زیاتر له ئه‌مڕۆدا له‌هه‌موو بواریك زیاتر گرنگی پێ بدرێت ئه‌مانیش، ته‌فسیری مەبەستگەرایی:
جا مەبەستی هه‌موو قورئان بێت، یان مەبەستی سوره‌ته‌كان بێت، یان مەبەستی ئایه‌ته‌كان
بێت، ته‌فسیری زانستی ئیعجازی: ئه‌م بواره‌ش زۆر زۆر فراوانه، ته‌فسیری پسپۆڕیی:
ئه‌م جۆره ته‌فسیره بێكۆتایه چونكه هه‌موو بواره‌كانی قورئان ده‌كرێ لێكۆڵینه‌وه‌ی
وردی له‌سه‌ر بكرێ، ئه‌مه هه‌مووی ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌اته‌وه كه قورئان زۆر
فراوانه و بێكۆتایه، ده‌كرێت له هه‌موو بواره‌كان و به هه‌موو پسپۆڕیه‌كان
خزمه‌ت بكرێت، بۆیه ئه‌و كه‌سه‌ی پێیوایه تاكه سه‌رچاوه‌ی
ته‌فسیری قورئان ته‌فسیری سه‌له‌فه زۆر به هه‌ڵه‌دا چووه و سته‌می له
قورئانی پیرۆز كردوه، دیاره هه‌مان شتیش بۆ فه‌رموده راسته، ده‌كرێت ئێمه شه‌رحه‌كان
بكه‌ین به سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ به‌لام نابن به تاكه سه‌رچاوه، به‌لام ئه‌وه
مانای ئه‌وه نییه كه ته‌فسیری تازه و تازه‌گه‌ری هیچ مه‌رج و پابه‌ندیه‌كی نییه،
بەڵكو پێویسته به چه‌ندین مه‌رج و رینمای ئه‌م كاره بكرێ، ده‌كرێ ته‌فسیری ده‌سته‌جه‌معی و ناوه‌ندی
زانستی و پسپۆڕی له‌مرۆدا گرنگی تایبه‌تی پێ بدرێ و زۆریش سه‌ركه‌وتو ده‌بێت.
ناوەندی كوردستان: كه‌م نین ئه‌وانه‌ی له‌مڕۆدا باس
له ته‌فسیری مه‌به‌ستگه‌رایی (مقاصدی) ده‌كه‌ن بۆ قورئان، رای به‌ڕێزتان له‌وباره‌وه
چییه؟
م. حەسەن عەلی: مه‌به‌ست له ته‌فسیری مەبەستگەرایی
زه‌قكردنه‌وه‌ی مه‌به‌سته سه‌ره‌كی و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی قورئانی پیرۆزه، بۆ
نموونه ده‌ڵێی ئامانجه سه‌ره‌كیه‌كانی قورئان - ناساندنی خوایه -. ناساندنی مه‌عاده
ناساندنی نبووه‌ته، ناساندنی فه‌لسه‌فه‌ی بوونه، رێكخستنی په‌یوه‌ندی تاكه به
خواوه، ریكخستنی خیزانه، رێكخستنی په‌یوه‌ندی مرۆڤایه‌تییه، دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته،
باسی ئاشتی و شه‌ره، باسی به‌ندایه‌تیه، باسی ره‌وشته، گرنگیدانه به زانست چ
ئینسانی بێ چ زانستی روت بێت، ده‌كرێ ئه‌مانه به‌گشتی له ته‌فسیری قورئان به
ئامانج بگیرێ و وه‌ڵامی چڕ‌وپڕیان بدرێته‌وه.
كه‌واته ته‌فسیری مەبەستگەرایی هه‌وڵده‌دا ئیبرازی مەبەستەكانی
قورئان و سوره‌ت و ئایه‌ت بكات، ده‌بیت به‌سود وه‌رگرتن بێت له زانستی كەلام،
زمانی عەرەبی، هەڵگۆستن و به‌دوداچونی وردی شه‌ریعه‌ت، كتێبەكانی تایبه‌ت به
مەبەستەكانی شەریعەت و دراسه‌كردنی و واقع و گرفت و داخوازیه سه‌رده‌میه‌كان.
ناوەندی كوردستان: له ئه‌مرۆدا ته‌فسیری مەبەستگەرایی
چ خزمه‌تێك ده‌كات؟
م. حەسەن عەلی: خزمه‌تی ته‌فسیری مه‌به‌ستگه‌رایی
روونه، واده‌كات خوێنه‌ر به ئاسانی له شه‌ریعەت تێبگات ھۆكار و حیكمه‌تی شته‌كان
رون ده‌بێت، رونتر وه‌ڵامی ئیشكاله‌كان وه‌رده‌گرێت، ریگایه‌كی كورته بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی
مولحید و بێدینه‌كان، هۆكارێكه بۆئه‌وه‌ی كه دڵ و ده‌روونی مرۆڤه‌ان ئارام ببێت،
به تایبه‌ت كاتێك له ھۆكار و حیكمه‌تی شتێك تێده‌گات.
ناوەندی كوردستان: دەكرێت رووداوە جیاوازەكانی
ئێستا بە تەفسیرە كۆنەكان راڤە و لێكدانەوەی بۆ بكەین؟
م. حه‌سه‌ن عه‌لی: ئەگەر ئێمە نموونە
بە زانست بێنینەوە، دوو جۆرە زانستمان ھەیە یەكەم زانیارییە سروشتییه‌كان، ئەمانە
بواری زانستی روتن (العلوم البحتة) ئەگەر دەقێكی سەحیح و سەریحمان نەبێت ناتوانین
بە ھیچ شێوەیەك بە قسەی سەلەف تەفسیر و راڤەی بكه‌ین، ئەگەر وابكەین كارەساتە، چۆن
دەكرێ باسی زانستی كیمیا، فیزیا، فەلەك و پزیشكی بكەین لەم رۆدا بەقسەی سەلەف؟
بۆیە ئەم وتەیە كە بەردەوام دەوترێ قورئان و فەرمودە بە تێگەیشتی سەلەفی سالح راست
نییە، ئەمە بۆ بەشێكی راستە. بەشی دووەمی زانست بریتییە لە زانستە مرۆڤایەتییەكان،
كە لە مەشدا دیسان راست نییە ئێمە بگەرێینەوە سەر راڤەی سەلەف لە ھەموو
لایەنەكانیدا، بۆیه لە بواری زانستی بە ھەردو جۆرەكەی: زانستی سروشتی و زانستی
مرۆیی لە بەشێكی زۆری پێویستمان بە راڤەی تازەیە، چونكە ناكرێ بۆ بابەتی كیمیا،
فیزیا، پزیشكی، بیركاری، ئەندازە و چەندین بوار ھەیە كە ناكرێ بگەرێینەوە بۆ
تەفسیری سەلەف، بواری مامەڵە و سیاسەت و ئیدارە لەمڕۆدا بێ سنورە، راستە دین رەنگڕێژی
گشتی ھەمو بوارەكانی كردووە، بەلام بۆ وردەكاریەكەی پێویستمان بە زانستی تازەیە،
بواری ئیعجازی كە بوارێكی گرنگە بە ھەموو لایەنەكانیەوە پێویستمان بە زانستی تازەیە.
ناوەندی كوردستان: ئایا گرفتێك ھەیە
پشتببەستین بە تەفسیرە تازەكان؟
م. حه‌سه‌ن عه‌لی: نەخێر ھیچ گرفتێك
نییە بۆ بوارە نوێكان، بۆ بوارە زانستیەكان، بۆ پرسیارە ھەنوكەییەكان بگەرێینەوە
سەر راڤە و لێكدانەوە تازەكان، بەڵكو پێویستە بە تایبەت لە بواری مامەڵە و سیاسەت
و زانستە سروشتییەكان، دەبێ رێگا بە خۆشمان بدەین تەفسیری دەق بكەین بە تێگەیشتنی
خۆمان، بەلام بەمەرجی خۆی و بە شارەزایی تەواو لە زمانی عەرەبی و مەبەستەكانی
شەریعەت و تێگەیشتن لە واقیع.
ناوەندی كوردستان: تەفسیركردنەوەی
تازە ھیچ كێشە بۆ دین دروست دەكا؟ چ شتێك بۆ دین زیاد دەكا؟
م. حه‌سه‌ن عه‌لی: تەفسیركردنەوەی تازە
ھیچ كێشەیەك بۆ دین دروست ناكا، بەلام وتمان بە مەرجی خۆی، تەفسیری مەنار، خەواتری
شەعراوی، نابلسی، كەنزوسەمینی ته‌نتاوی، تەفسیری مەلای گەورە، خزمەتی زۆر گەورەیان
بە قورئان كردوە بۆ ئێستا، دین زۆر قازانج دەكا لەم راڤە سەردەمیانە.
ناوەندی كوردستان: ئه‌گه‌ر ته‌فسیری تازه
بۆ ده‌قه‌كانی قورئان له‌مرۆدا كێشه نین، ئه‌ی بۆچی كه‌من؟
م. حه‌سه‌ن عه‌لی: سەبارەت بەوەی كە
لەمڕۆدا لەم تەفسیرانە بۆچی كەمن؟ لەوانەیە وەك پێویست نەبێت بەلام كەم نییە،
چونكە لە بواری ئیعجاز، مامەڵە سەردەمیەكان و توێژینەوەی بابەتی تەغسیری زۆرمان
هەیە، چەندین ئەكادیمیا و ناوەند و كۆڕبەندی فیقهی دامەزراون، سەدان كتاب لەسەر مەبەستەكانی
شەریعەت نوسراوە، بەلام ھێشتا پێویستە خزمەتی زیاتر بكرێت بۆ راڤەی سەردەمیانەی
قورئانی پیرۆز.
ناوەندی كوردستان: دەوتریت ھۆكاری
كەمی لێكدانەوەی تازەی قورئان دەگەرێتەوە بۆ دژبوونی رەوتی سەلەفی كە لە جیھاندا
باوە، ئەمە تا چەند راستە؟
م. حه‌سه‌ن عه‌لی: بەڵێ ئەمە راستە
كاریگەری نەرێنی ھەبووە بۆ تازەگەری و نوێبونەوە و خوێندنەوەی تازە بۆ دەق، دەمارگیرەكانی
مەزھەبیش ھەمان گرفتیان ھەبوە، مەدرەسەی تەسەوفیش بەشێك لەم حاڵەتەی تێدا بووە، بەلام
مەدرەسەی تەسەوف لە رووی ھەڵوێست و شۆرش و بەگژداچونەوەی زولم و زۆر كاریگەری
باشیان بووە، شیعەش قوڵبونەوەی تەواوی بەو خورافیاتەوە ھەبووە و خەلكی پێوە
گۆشكراوە. بەكورتی كەمتەرخەمیەكی بەرچاو ھەیە لە راڤە و لێكدانەوەی سەردەمیانەی
دەق، بەڵام هەوڵێكی بەرچاویش ھەیە نابێ ئەمە نادیدە بگیرێت.
ناوەندی كوردستان: ئایا ده‌توانرێت
به‌وه‌نده ته‌فسیره‌ی كه سه‌له‌ف كردوویانه یان ئه‌وه‌نده‌ی كه له رابردوودا
كراوه ئیكتیفا بكه‌ین؟
م. حه‌سه‌ن عه‌لی: ئێمە ناتوانین بە
تەفسیری سەلەف ئیكتفا بكەین، ناتوانین بەوەندە تەفسیرەی كە ئەوان كردویانە لە ھەموو
قورئان تێبگەین، چونكە هاوەڵان تەفسیریان زۆر كەم ھەیە بۆ قورئان، پێغەمبەر ھەموو
قورئانی تەفسیر نەكردوە، لەبەر ئەوەی كە ئەوان لە لوتكەی زمانی عەرەبیدا بوون،
ژیانیش ئەوەندە ئالۆز و فراوان نەبووە، غەیرە عەرەبیش ئەوەند مسوڵمان نەبوون و
تێكەڵ بە مسوڵمانان نەبوون.، ئێمە دەتوانین ئەوەی كە بە دەق تەفسیركراوە سودی
لێوەربگرین بە تایبەت قورئان تەفسیری یەكتر دەكا، بە سونەت تەفسیری قورئان دەكرێت،
لەو شتانەی ئەوان لەسەری كۆك بوون كە ئەمە زۆر كەمە بگەرێینەوە بۆ لای ئەوان، بۆ
بابەتی بیروباوەڕ، عیبادەت، زمانەوانی پێویستمان بە تەفسیری ئەوانە و لێكدانەوەی
ئەوان لەم بوارانەدا لەپێشترە لە لێكدانەوەی ئێمە.
#
سەلەفی
#
قورئان