::
ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان
یەكشەممەی رابردوو
كەتیبەكانی حیزبوڵای عێراق رایگەیاند كە سەرجەم (گرووپەكانی بەرگری) رەزامەندن
لەسەر ئاگربەست، ئەمەش دوای هەڕەشەكانی ئەمەریكا بە داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی
لە بەغداد.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەر لە
زاری محەمەد محیی وتەبێژی كەتیبەكانی حیزبوڵاوە رایگەیاند "گرووپە چەكدارەكان
رازیبوون بە ئاگربەست و هەڵپەساردنی هێرشی موشەكی بۆسەر هێزەكانی ئەمەریكا،
بەمەرجێك حكومەتی عێراقی خشتەیەكی زەمەنی دابنێت بۆ پاشەكشەی هێزە بیانییەكان
لەناویشیاندا هێزەكانی ئەمەریكا"، ناوبراو وتوشیەتی "گرووپەكان
ئاگربەستی مەرجداریان پەسەندكردووە". بەڵام وتەبێژەكە ئەوەی ئاشكرانەكردوە كە ئایا ئەم
ئاگربەستە تەنها موشەكبارانی باڵیۆزخانە و بنكە سەربازییەكان دەگرێتەوە، یان هێرشی
سەر كاروانە سەربازییەكانیش.
لە مانگی ئابی رابردوو
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە پێشوازی مستەفا كازمی
سەرۆك وەیزرانی عێراق لە واشنتۆن رایگەیاند كە ئەمەریكا هێزەكانی خۆی لە عێراق
دەكێشێتەوە. بە كردەوەش ئەمەریكا ژمارەی هێزەكانی لە عێراق كەمكردوەتەوە، بەڵام
ئەمە نەبووە پاڵنەر بۆ راوەستانی هێرشی بەردەوامی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران كە
زۆرجار لە رێگەی موشەكەوە دەیانكردە سەر باڵیۆزخانە و بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا
لە عێراق.
دواجار ئەمەریكا پەیامێكی
هەڕەشەئامێزی لەسەر زاری مایك بۆمبیۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی گەیاندە بەرهەم ساڵح
سەرۆك كۆمار و بەرپرسانی تری عێراق، كە ئەگەر هێرشی میلیشیاكان بەردەوام بێت ئەوا
ئەمەریكا باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە عێڕاق دادەخات ئەمەش بەمانای لێدانی گورزێكی
سیاسیی و ئابوری لە عێراق، بۆیە بەرپرسە عێراقییەكان پەیامەكەی ئەمەریكایان بەجدی
وەرگرت و كەوتنەخۆ بۆ سنورداركردنی هێرشی میلیشیاكان. لە كۆتایی مانگی ئەیلول مستەفا
كازمی لەگەڵ (25) باڵیۆزی وڵاتان كۆبوویەوە و بەڵێنی پاراستنی نێردە
دبلۆماسییەكانی دا، بەڵام دوای چەند رۆژێك لە كۆبوونەوەكە جارێكی تر میلیشیاكان
ناوچەی سەوزیان لە بەغداد لە رێگەی موشەكەوە بە ئامانج گرت كە بالیۆزخانەی
ئەمەریكا و وڵاتانی تر و بارەگای سەرەكی حكومەتی عێراقی لێیە.
میلیشیا شیعەكان كە هەڕەشەن
بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، ئەمەش
ئاڵنگارییەكی گەورەیە لەبەردەم حكومەتەكەی كازمی كە ئایا دەتوانێت میلیشیاكان
كۆنتڕۆڵ بكات و هاوسەنگی لە نێوان ئەمەریكا و ئێران راگرێت و لەم دۆخە خراپەی
ئابوری و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا هەنگاوی چاكسازی بنێت، یان دواجار خۆی رادەستی
واقیعەكە دەكات؟ لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی لێكۆڵینەوە لە سەرپێچیە ئەمنییەكان و
بەئامانجگرتنی نێردە دبلۆماسییەكان، كە رۆژی 6 ئەم مانگە بەرێوەچوو، مستەفا كازمی
وتی" بڕیاری جەنگ و ئاشتی لەدەست حكومەتی عێراقدایە"، هاوكات حكومەتی
عێراق هەر ئاگربەستێكی مەرجداری رەتكردۆتەوە و رۆژنامەی (ئەلعەرەب)ی لە ندەنی لە
سەرچاوەیەكی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانەوە ئاشكرایكردەوە كە حكومەت دانوستانی لەگەڵ
هیچ گرووپێكی چەكدار نەكردووە بۆ وەستاندنی هێرشەكانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا،
ئەوەش كە گرووپە چەكدارەكان رایانگەیاندوە دوای ئەوەدێت كە سوپای عێراق لەناو شاری
بەغداد بڵاوبوونەتەوە بۆ راوەدونان و هەڵكوتانە سەر ئەو لایەنانەی فڕۆكەخانەی
بەغداد و باڵیۆزخانەكان موشەكباران دەكەن.
لای خۆشیەوە لیوا تەحسین خەفاجی
وتەبێژی پرۆسە هاوبەشەكانی دژ بە داعش رایگەیاند "گۆڕانكارییان كردوە لە
پلانی هەڵكوتانە سەر گرووپە تیرۆرستییەكان و هێزە نێودەوڵەتییەكان پابەندن بە
كشانەوەی هێزەكانیان بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو و هاوكات پابەندن بە راهێنانی هێزە
عێراقییەكان و هاوكاریكردنی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"، هەروەها راشیگەیاند
"عێراق كەنارگیر نابێت لە وڵاتانی جیهان و نابێتە گۆڕەپانێك بۆ یەككردنەوەی
حساباتی وڵاتان یان هێرشكردنە سەر نێردە دبلۆماسیەكان".
لە ئێستادا دۆخی عێراق
لەوپەڕی ئاڵۆزیدایە، سەڕەڕای پەرەسەندنی پەتای كۆرۆنا، دۆخی ئابوری بە هۆی گەندەڵی
و دابەزینی نرخی نەوت لە لێواری داڕماندایە، هاوكات نزیكبوونەوەی كاتی هەڵبژاردنی
پێشوەخت و هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا و ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان و
بەرژەوەندییەكانیان هێندەی تر دۆخی عێراقی ئاڵۆز كردووە و ئەم وڵاتەی خستوەتە
بەردەم داهاتویەكی نادیار.
#
حەشدی شەعبی