رەبعەڵا، گەڕانەوە بۆ تیمەكانی مەرگ

31/10/2020

:: ئیدریس سیوەیلی

خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردووی عێراق و هەڵكوتانە سەر بارەگای بەشێك لە حیزبە شیعەكان لە شارەكانی باشووری عێراق، بە تایبەت ئەو حیزبانەی كە بە وەلائی بۆ ئێران ناسراون، پاشانیش كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە سەرەتای ئەمساڵ گرووپە وەلائیەكانی ناو حەشدی شەعبی هێنایە سەر ئەو بڕوایەی لەژێر ناوی تردا تۆڵەی خۆیان بكەنەوە، لەو نێوەندەشدا بەگوێرەی هەندێك بەدواداچوون لە ماوەی كانونی دووەمی تا تشرینی یەكەمی 2020، نۆ گرووپی نوێی شیعە راگەیەندراون لەژێر ناوی جیادا، ئەوی هەموویان تێیدا هاوبەشن دژایەتی هێزە بیانییەكان لە عێراق لەسەروشیانە ئەمەریكا و تۆڵەكردنەوە لە بكوژانی سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و ئەوانەی دژایەتی ئەجێندای گرووپە وەلائییەكان دەكەن لە عێراق.

بەپێی ئەو ئامار و ڕووپێویانەی لە 2020 كراون، ژمارەی گرووپە جۆراوجۆرەكانی حەشدی شەعبی لە نێوان ساڵانی (2014-2018) بەم جۆرە بووە: 67 گرووپی شیعە، 43 سوننە، 9 لە كەمایەتییەكان (ئێزدی و مەسیحی). لەناو گرووپە شیعەكاندا، شوێنكەوتووانی “عەلی خامنەیی” ڕابەری شۆڕشی ئێران، دەگەنە 44 گرووپ، شوێنكەوتووانی عەلی سیستانی 17 گرووپ، لە دەرەوەی ئەم دووانەش؛ 6 گرووپی تر شوێنكەوتووی مەرجەعی تری ناوخۆ و دەرەوەی عێراقن، لە ڕووی ژمارەشەوە باڵادەستیی پێكهاتەی شیعە ڕوونە، چونكە لە كۆی 164 هەزار چەكدار و كارمەندی دەستەی حەشدی شەعبی، 110 هەزاریان لە پێكهاتەی شیعەن كە دەكاتە  (67%) لەناو ئەو ژمارەش دەوروبەری 70 هەزاریان كە دەكاتە (42%) كۆی گشتیی ئەو هێزە لەسەر حەشدی ویلایەت و تاران ئەژمار دەكرێن، ئەمەش پێگەی گرووپە وەلائییەكان لە ناو حەشدی شەعبی دەسەلمێنێت.

لەناو ئەو گرووپە نوێیانەی لەمساڵدا دەركەوتون، ماوەیەكە ناوی گروپی رەبعەڵا لە هەمووان زیاتر بەرچاوە، بەتایبەت كە چالاكی گرووپەكە لەوە دەرچووە تەنها لە رێگەی بەیاننامەوە خۆیان بناسێنن، بەڵكو بە كردەوە بەرپرسیارێتی خۆیان لە چەندین چالاكیی راگەیاندووە.

رەبعەڵا، گرووپێكی میللی رێكخراوە لە تێكەڵەی دەیان گەنج و كادیری گرووپە وەلائییەكانی سەر بە ئێران لە عێراق پێكهاتووە، بەتایبەت كادیر و لاینگرانی كەتیبەكانی حیزبوڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، عەسائیبی ئەهلی حەق و سریەكانی خوراسانی، ئەوان هیچ بارەگایەكی فەرمیان نییە، بەڵام چەندین چالاكیی جۆراوجۆریان لە بەغداد و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئەنجامداوە، بەگوێرەی بەیاننامەكانیان بەرپرسیارێتی خۆیان لە چەند هێرشێكی سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق گرتوەتە ئەستۆ.

ئەم گرووپە، سەركردەیەكی دیاریكراوی راگەیەنراوی نییە، بەڵام سوپایەكی راگەیاندنی بەهێزیان هەیە لە واتساپ، تیلێگرام، تویتەر و فەیسبوك، چەندین كەناڵ، پەیج و ئەژماریان هەیە، لەو رێگەیەوە چالاكییەكانیان بڵاودەكەنەوە و نەیارانیان دەترسێنن، بەجۆرێك ئەوان بەر لە ئەنجامدانی چالاكییەكانیان لە تۆڕە كۆمەلاەیەتییەكان ئامادەسازی بۆ دەكەن، بە بڕوای سەلمان دەهام شارەزا لە گرووپە چەكدارە عێراقییەكان، هێرشەكانی رەبعەڵا بە جۆرێك ئامادەسازی بۆ دەكرێت لە رێگەی دەیان ئەژماری جیاواز لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هێرش دەكەنە سەر ئامانجە دیاریكراوەكە و جۆرێك لە رایگشتی لەدژی دروستدەكەن، تا جەماوەر بزانێت هەڵكوتانە سەر ئەو شوێنە داواكارییەكی  جەماوەریە و دواجاریش بەكردەوە كارەكە ئەنجام دەدەن و بارەگاكە یان شوێنە بەئامانجگیراوەكە دەسوتێنن. محەمەد جبران شیكاری سیاسیی پالپشتی لە بۆچوونی سەلمان دەهام دەكات و دەشڵێت "ئەم گرووپە توانایەكی زۆریان هەیە، هەمیشە بەر لە هێرشەكانیان لە راگەیاندنەوە زەمینەسازی بۆ دەكەن، بۆیە كەمترین قوربانی دەدەن لە كاتی هێرشەكانیان و خۆیان وەك خاوەن ماف دەردەخەن".

مۆدێلی كاركردنی ئەم گرووپە كە سەركردە و هەڵسوڕێنەرانی بە فەرمی نەناسراون، لە گەڕانەوە دەچێت بۆ تەكنیكی ساڵانی بەر لە كشانەوەی سوپای ئەمەریكا و دەركەوتنی داعش كە بە "تیمەكانی مەرگ" دەناسران، بە تایبەت لە ساڵی 2007 و لوتكەی ململانێی مەزهەبی لە عێراق، دەیان كەس لەلایەن تیمەكانی مەرگ كوژران، كاركردنی رەبعەڵا بەم جۆرە بێ بوونی بارەگا و ئاشكراكردنی سەركردە بۆ دوركەوتنەوەیە لە پەرچەكرداری حكومەت و هێزەكانی ئەمەریكا، ئەوان لە رێگەی تۆقاندن و ئامادەسازی پێشوەخت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەیارانیان چاوترسێن دەكەن، هاوكات شەرعییەتیش دەدەنە كارەكانیان و رایگشتیی بۆ دروست دەكەن، هەروەك لە سوتاندنی بارەگای كەناڵی UTV كوڕی خەمیس خەنجەر و هەڵكوتانە سەر نوسینگەی بەغدای MBC  عێراق كردیان، ئەوان لە زیارەتی چلەی ئیمام حوسێنی ئەمساڵیشدا بەشێوەیەكی فراوان لە شەقامەكانی كەربەلادا دەبینران، هەروەك لە17 تشرینی یەكەم لە كاردانەوەی قسەكانی وشیار زێباری هەڵیانكوتایە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغداد و سوتاندیان، بەر لە هەڵكوتانە سەر بارەگای پارتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نوسیوبیان چەرخەكانتان هەڵگرن.

رەبعەڵا هەروەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویانكردوەتەوە، زۆرتر دروشمی "ناترسین و شەرم ناكەین" بەرزدەكەنەوە، ئەوان لە بەیاننامە و هەڕەشەكانیان ئەو خۆپیشاندەرانەی ساڵی رابردوو هەڵیانكوتایە سەر بارەگای حیزبە شیعەكان لەكاتی خۆپیشانداكان و ژمارەیەك بارەگایان سوتاند بە جۆكەر ناوزەدیان دەكەن، هەروەك هەڕەشە لە دەزگا ئەمنیەكان و چالاكوانە مەدەنییەكان دەكەن  و هێزەكانی عێراق بە میلیشیاكانی كازمی ناودەبەن.

لە ئێستادا رەبعەڵا و گرووپە وەلائییەكانی تر ئاڵنگارییەكن لەبەردەم حكومەتەكەی كازمی، بە تایبەت دوای هەڕەشەكانی ئەمەریكا بە داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد لە كاتی بەردەوامی هێرشی میلیشاكان بۆسەریان، كە هەنگاوێكی لەوشێوەش گورزێكی سیاسیی و ئابوری گەورەدەبێت لە حكومەتەكەی كازمی، دواجار مانەوە و داهاتوی كازمی لەناو ئەم ململانێیەی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان لەبەردەم چارەنوسێكی نادیاردایە و وێڕای خراپی دۆخی ئابوری عێراق، بە نزیكبوونەوە لە هەڵبژاردنەكان رەنگە ململانێكان بچێتە قۆناغێكی توندترەوە و عێراق بەرەو داهاتویەكی نادیار ببات.

# حەشدی شەعبی

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure