تۆڕەکان و ستراتیجی کڕینی چەک لەلایەن داعشەوە

23/12/2020

:: ئارام مەحمود ئەحمەد

 

کۆمپانیا خەیاڵییەکان و ناردنی پارە بە نهێنی و کۆمپانیا خێزانییەکان، توێژینەوەیەک دەریخستووە چۆن خەلیفەی داعش توانیویەتی چەک لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهان بکڕیت و دژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بوەستێتەوە.

ڕێکخراوی (کۆنفلێکت ئارمەمنت ڕیسێرچ)ی ناحکومی تایبەت بە توێژینەوەی خۆپڕچەک کردن لە ڕاپۆرتێکیدا ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن داعش توانیویەتی خۆی پڕچەک بکات و لە ماوەی ساڵانی 2014 تا 2019 چەندین تەن مادەی تەقینەوە و کەرەستەی ئەلیکترۆنی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کڕیوە، بێ ئەوەی کەس هەستی پێبکات.

بۆ نمونە دووکانێکی بچووکی فرۆشتنی مۆبایل بڕی 6 تەن هەویری ئەلەمنیۆمی کڕیوە، هەروەها دابەشکەرێکی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە تورکیا بڕی 200 هەزار دۆلاری بۆ کڕینی سووتەمەنی مووشەک داوە. هەروەها لە نێوان ساڵانی 2015 و 2017 نزیکەی 100 بەرمیلی پڕ لە هەویری ئەلەمنیۆم کە لە چین درووستکراوە لە ناوچەکانی ژێر دەستی داعش دەستیان بە سەردا گیراوە.

داعش لەم کارانەدا پشتی بەستووە بە کەسەکان و کۆمپانیا خێزانییەکان کە وەک بریکار کاریان کردووە لە نزیک ئەو ناوچانەی باڵادەست بووە تێیاندا، بە تایبەتی لە باشووری تورکیا.

ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، کە نیترات و هەویری ئەلەمنیۆم لە دروستکردنی تەقینەوەدا بەکاردێت، هەروەها بۆ سووتەمەنی مووچەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان. داعش هەوڵیداوە سیستمێکی دژە فڕۆکە دروستبکات، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک لە سەر سەرکەوتنی بەردەست نییە. هەروەها ڕێکخراوەکە بۆی دەرکەوتووە کە 28 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەستکاری کراون بۆ ئەوەی پڕچەک بکرێن.

ئەو تۆڕەی ئاشکرا کراون ئاماژە دەکەن بەوەی کە کیانێکی بازرگانی دامەزراندووە و مامەڵەی لەگەڵ جیهان لە ڕێگەی 50 کۆمپانیا لە زیاتر لە 20 دەوڵەت کردووە.

ئەو کۆمپانیایانە بە شێوەیەکی یاسایی تۆمار کراون و خزمەتگوزاری لۆجستیکیان بۆ داعش دابینکردووە، لەپاڵ ئەوەشدا چەندین ماڵپەڕی وەهمی و تۆڕی پەیوەندی پارێزراو و گواستنەوە و حەواڵە کردنی پارە و پێدانی تێچوو لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە هەبووە.

ڕاپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە داعش جەند کەس و کۆمپانیای لە دانیمارک و ئیسپانیا و سوریا و تورکیا و بەریتانیا دامەزراندووە.

دوای نەمانی داعش لە سوریا و عێراق
تا ئێستاش ئەو چالاکیانەی داعش لەگەڵ ئەوەی لاواز بووە بەردەوامە و ڕێکخراوەکە کە بنکەکەی لە بەریتانیایە پێیوایە پێویستە ئەو هێمایانەی کە ئاماژەن بۆ هاوکاری کردنی داعش بە کەم دانەنرێن، چونکە ئەوانە هێمای سوورن.
چونکە داعش دوای لاواز بوون و نەمانی لە سوریا و عێراق لە ساڵی 2019دا، لە ئێستادا هەوڵدەدات لە وڵاتی شام خۆی بوونیاد بنێتەوە.

لای خۆیەوە سام هیلەر شیکەرەوەیەکی سەربەخۆ بۆ کاوباری سوریا پێیوایە، بە ڕوانین لەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 بڵاوکراونەوە بۆمان دەردەکەوێت کە چەکی ئاساییان پێیە، کە دەتوانرێت بە هەرزان دەستبکەون و داعش بەردەوامی بە کردەوەکانی خۆی بدات.

هەروەها شارەزایەکی چەک کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر خۆی بە (کالیبەر ئوبسکۆرا) دەناسێنێت، پێیوایە لە ئیستادا داعش کەرەستەی کەم لە دەرەوە دەکڕێت، کە بریتین لە ئامڕازە پێشکەوتووەکان.

بە بڕوای ئوبسکۆرا، داعش پشت بەو کەرەستانە دەبەستێت کە بۆی ماونەوە، هەروەها بازاڕی ڕەش و میلیشیاکان و ئەو ئەندامانەی هێزە چەکدارەکان کە گەندەڵن.

سام هیلەر بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، داعش دەتوانێت سوود لە ئەزموونەکەی وەرگرێت و ئەگەر ڕۆژێک خۆی لە دۆخێکی ستراتیجیدا ببینێتەوە، ئەوا بۆی ئاسان دەبێت بێتەوە مەیدانەوە.

س: الغد

# داعش

Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure