::
ئیدریس سیوەیلی
د. محەمەد بازیانی كەسێكی دیاری ناو رەوتی ئیسلامیی
كوردستانە، ئەو چەندین ساڵ لە ناو ریزی ئیخوان موسلیمین كاریكردوە دواتریش لەناو
بزووتنەوەی ئیسلامیی درێژەی بە خەباتی خۆی داوە، لەم گفتوگۆیەدا باس لە مێژووی ئیخوان
لە كەركوك دەكات، هەروەك سەرنجی خۆی لەسەر چەند وێستگەیەكی هەستیاری مێژووی ئیخوان
و هەڵوێستیان لە سەر بزووتنەوەی ئیسلامیی دەخاتەڕوو و پێی وایە ئیخوان بەرامبەر
بزووتنەوە خیانەتی كردووە، دواجاریش باس لە هۆكاری وازهێنانی لە ئیخوان دەكات.
ناوەندی كوردستان: لەو پرسیارەوە دەستپێدەكەین كە بەڕێرت
کەی ئاشنا بووی بە بیری ئیخوان و تێکەڵ بە کاری ئیخوان بوویت؟
د. محەمەد بازیانی: سەرەتا بەناوی خوا، ئاشنابوونم بە
ئیخوان لە سەردەمی زانکۆ ،بوو، من لە زانكۆی سلێمانی بووم، یەکێک لە مامۆستایان ناوەکەیم بیرچۆتەوە، هاتوو
بە منی وت ئێمە ئیخوانین، لە نێوان ساڵانی 1974- 1975 بوو، بە حکومی ئەوەی چاودێری
ئێمەی کردبوو کە نۆێژ دەکەین، نۆێژکردن و ئیلتیزامکردن بە نۆێژکردنەوە زۆر کەم بوو
لەوكاتەدا، بیرمە لەوكاتەدا ئەوەی من دەمبینی لە زانكۆ تەنیا دوو کەس لەچکیان لەسەر
بوو، ئەویش یەکێکیان لەچکی تەواو بوو ئەوی تریان نیو لەچک بووە، هەردووکیان شیعە
بوون.
ناوەندی كوردستان: پێشتر لە هیچ كارێكی رێكخراوەیی بەشداریت
كردبوو؟
د. محەمەد بازیانی: من پێشتر لە رێكخستنی یەکێتی
قوتابیان بووم، ساڵی 1970 کە بەیانی یانزەی ئازار دەرچوو، شانۆگەریەکمان کرد بەناوی
تروسکەی ڕووناکی، نووسینی خۆم بوو، دوای ئەوە نمایشمان كرد، بلیتمان فرۆشت له
دواناوەندی ئیمام قاسمی کوڕان لە کرکوک، هەموو پارەکەیان برد، بەرپرسی لقی یەکێتی
قوتابیانی کوردستان و جێگرەکەی پارەکەیان بردبوو بۆ خۆیان، ئێمە شکایەتمانکرد، وتمان
پارەیان بردووە، ئەو كاتەدا سکرتاریەت لە بەغداد بوو، لەوێوە لیژنەیەک هاتن، لێپێچینەوەیان
كرد، ساڵێك تەجمیدیان کردن، لەوەوە من كاردانەوەم بۆ دروست بوو، چۆن ئەوەی لە رێكخستنا
بێت دزی دەکات، چۆن قوتابیانی سەر بە شۆڕش شتی وا دەكەن، ئەمە زۆر نیگەرانی كردم. كاردانەوەی
من وابوو كە ئیتر نزیكی هیچ رێكخستنێكی حیزبی نەكەومەوە. بۆیە جۆرێك كە قبوڵنەكردم
هەبوو.
ساڵی 1975 دوای ئەوەی جارێکی تر زانكۆ کرایەوە، عومەری
عەلی حەمەساڵح وتی دەستمان بە كاری رێكخستن كردوەتەوە، بەڵکو جەنابیشت بێیت و بەیەکەوە
ئیش بکەین، وتم وڵا ئیمانم بە رێكخستنی حیزبی نەماوە، لەبەر ئەوەی رێكخستنی حیزبی
خیانەتی تیا بووە و دزی تێدا کراوە. ئیتر ئاوا مامەوە تا زانكۆم تەواو كرد.
كە تەواوبوین، ئەبوایە سەربازیمان بکردایه، لە سەربازی
بۆ یەکەمین جار ئاشنا بووم لەگەڵ گەنجێکا خەڵکی ناوچەی تارمیە بوو، تارمیەی بەغدا،
له کارگەی ئەسکەندەریە بوو، كاتی خۆی ئەوان ناردبوویان بۆ ئەسکندەریە لەگەڵ وەفدێك،
سەیارەیان دروست دەکرد، وەفدەكە پەیوەندییەكی پیشەسازی لە نێوان عێراق و میسر
دروستكردبوو، ئەو كوڕە لەوێ لەگەڵ ئیخوانەکانی میسر دیداری كردبوو، بینیبویان كەسێكی
مولتەزیمە و پێموایە بە بیری ئیخوان ئاشنا ببوو، ئەو گەڕابۆیەوە بۆ سەربازی، کە سەربازی
کرد لەگەڵ ئێمەیا ئەو یەکەم کەس بوو کە كاریگەری زۆر گەورەی هەبو. لەسەرم.
ناوەندی كوردستان: ناوی چی بوو؟
د. محەمەد بازیانی: ناوی موئەیەد بوو کەسێکی زۆر بە كاریگەر
و زیرەک بوو، تەنانەت فێریکردم چۆن جل لەبەر بکەم بە گوێرەی سوننەت، زۆر شارەزابوو
نزیكەی دوو مانگێک بەیەکەوە بووین دوای ئەوە هەر یەکەمان گوێزراینەوە شوێنێک، ساڵی
1979 سەربازیم تەواوكرد و گەڕامەوە كەركوك.
ناوەندی كوردستان: لە كەركوك پەیوەست بوویت بە
ئیخوانەوە؟
د. محەمەد بازیانی: چەند گەنجێك بووین لە گەڕەكی
ئیسكان لە كەركوك، لەوانە: كاك عومەر باڵا بەرز كشتوكالێ تەواو كردبوو، كاك جومعە
ئەندازیار بوو، لەیەك نزیكبووینەوە، بیرمان لەوە كردەوە مەنهەجێك دانێین، هاتوچۆی
مزگەوتی ئیسكانمان دەكرد، كتێبی (اسلامنا)ی سید سابق -مان كردە مەنهەجی خۆمان، جگە
لەو برایانەی ناوم بردن چەند برای تریش بەدەورمانەوە بوون، بە حوكمی تەمەن و پاشخانی
ئایینی بنەماڵەكەمان و شارەزایم تا رادەیەكی زۆر وەكو براگەورە حسابیان بۆ دەكردم،
مامۆستا عەبدوڕەحمان هەبوو لە گەڕەكی ئیسكان لە ئیخوانە دێرینەكان بوو، لە رێگەی
ئەوەوە كتێبەكانی حەسەن بەننامان دەستدەكەوت، هەر ئەو سەردەمە نوسخەیەكی تەفسیری
(فێ ظلال القران)مان دەستكەوت، لەوكاتەدا مامۆستایەكی عەرەب ئەویش
هەر ناوی موئەیەد بوو، دواتر شەهیدبوو، هەر خەڵكی تارمیە بوو هات بۆلامان.
ناوەندی كورستان: هات بۆلاتان یان لە کەرکوک نیشتەجێ
بوو؟
د. محەمەد بازیانی: نا خۆی مامۆستا بوو لەگەڵ خێزانەکەی،
مامۆستای زمانی عەرەبی بوون، لە کەرکوک دامەزرابوون، مامۆستا بەڕەحمەت بێت هات، وتی
ئەوەی ئێوە دەیکەن، ئێمە بە فرانتر دەیکەین، وتم چۆن، وتی ئێمە دووبارە رێكخستنی
ئیخوانمان دروستكردۆتەوە، ئێوەش کۆمەڵە گەنجێکن هەست دەکەین جوڵە و پەیوەندیتان هەیە، وتمان ئێمە خۆرسکین، خۆمانین،
وتی وەرن با بەیەکەوە كاربكەین، ئیشەکان لەسەر ئاساتی کەرکوک تێکەڵاو دەکەین، شۆێنەکانی
تریش ئیش بۆ خۆیان دەکەن، تەنانەت داوای كرد كە خێزانیشی چاوی بكەوێت بە خێزانم، خێزانیشی
دەوری گەورەی هەبوو لەگەڵ خێزانم، خێزانم تەڵەبەی ئەو بوو، با بڵێین ئیشی ئافرەتان.
ناوەندی كوردستان: ئێتر ئێوە پەیوەندی ئۆرگانیتان
درووست کرد لەگەڵی؟
د. محەمەد بازیانی: بەڵی پەیوەندی ئۆرگانیمان دروست
کرد، برایەک بووە بەرپرسی کەرکوک، وەک چاودێری گشتیی، ئەو برایە کە هات لە ڕێگای
مامۆستا موئەیەدەوە بوو.
ناوەندی كوردستان: ئەو کەسە كێ بوو؟
د. محەمەد بازیانی: کاک حاجی قاسم ئەندازیار بوو، بەرپرسی
ئێمە بوو لەسەر ئاستی کەرکوک.
ناوەندی كوردستان: ئەو پەیوەندی بە کێوە هەبوو؟
د. محەمەد بازیانی: ئەو پەیوەندی بە ئیخوانی بەغداوە
هەبوو.
ناوەندی كوردستان: کەواتە ئێوە له کەرکوک پەیوەندیتان
بە ئیخوانی کوردستانەوە نەبووە؟
د. محەمەد بازیانی: نەخێر پەیوەندیمان بە کوردستانەوە
نەبووە.
ناوەندی كوردستان: ئەو خەتەی ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵی
هەبوو كێ سەركردایەتی دەكرد؟
د. محەمەد بازیانی: خەتی ئیخوانی بەغدا دکتور عیسام ڕاوی
سەرپەرشتیاری گشتیی بوو، دكتۆر عیسام ڕاوی لە بەغدا كاریگەری کردبۆوە سەر كوڕێكی
كەركوكی ناوی سەلاحەدین بوو، جیۆلۆجی تەواو كردبوو ئێستا لە ژیان نەماوە، لە رێگەی
ئەوەوە كۆمەڵێك سەردانی كرد بۆ سلێمانی، بۆ ئەوەی لەیادم نەچێت، پێموایە دکتۆر عیسام
لە زانكۆی سلێمانی بوو، لەوێ وانەبێژ بوو، دوایی زانكۆی سلێمانی هاتە هەولێر و
ناوی گۆڕا بۆ سەحەدین، بەوهۆیەوە دكتۆر عیسام لە هەولێر كاریگەری جێهێشتبوو.
ناوەندی كوردستان: لە كەركوك كەسی تر جموجۆڵی هەبوو؟
د. محەمەد بازیانی: بەڵی هەبوو بەڵام لە سایەی بەعسدا
كارەكان بەوپەڕی نهێنیەوە بەڕێوەدەچوون بۆیە تەنها چەند كەسێكی كەممان یەكترمان
دەناسی كە وەكو سەركردە و هەڵسوڕێنەری كارەكان بوون.
ناوەندی كوردستان: دیارترین ئەوانەی لەوكاتەدا لە
كەركوك كاریان دەكرد و ئیخوان بوون كێ بوون؟
د. محەمەد بازیانی: ئەوەی لەیادم بێت، مامۆستا
سەیفەدین هەبوو ئێستاش هەر لە كەركوكە، ئەندازیاری مەدەنی بوو، جومعە محەمەد
بنگردی بوو، مامۆستا عومەر باڵابەرز، لە برا توركمانەكانیش كاك موئەیەد، ئێمە
زیاتر تەركیزمان لەسەر ئەو ناوچە بوو كە خۆمان تێیدا دەژیاین و حەقمان بەسەر
ناوچەكانی ترەوە نەبوو. بەڵام لەگەڵ دوو كەسی ئیخوانی دێرین پەیوەندیمان خۆشبوو،
یەكەمیان مامۆستا ئیحسان قاسم ساڵحی كە پەیامەكانی نووری وەردەگێڕا و ئێمە بۆمان
دەنووسیەوە، چێژی زۆرمان لە پەیامەكانی نوور دەبینی لە رووی ئیمانییەوە، كەسی
دووەم مامۆستا عابدین رەشید بوو، كە تەمەنی لە مامۆستا ئیحسان كەمتر بوو، مامۆستا
ئیحسان دەیوت وریابن كۆمەڵێك كەس دەڵێن رێكخستنی ئیخوانمان دروستكردۆتەوە
نەتانخەڵەتێنن.
ناوەندی كوردستان: چۆن ئیخوان رایسپاردی بچیتە گوندەكان
و كەركوك چۆڵ بكەیت؟
د. محەمەد بازیانی: لە 1983 كاروبارمان فراوان ببوو،
كە شەڕی عێراق و ئێران فراوان بوو، داوامان كرد چارەسەرێكمان بۆ بدۆزنەوە، ئەم شەڕه
شەڕێکی نەگریسە، نامانەوێ بڕۆین تیایدا، داوامان کرد لە برایانی خۆمان بە تایبەت،
ئەو کات ئەڵقەی پەیوەندی ئێمە و بەغداد مامۆستا قاسم بوو، وتی من پرسیارمکردووە، برایان
لە بەغداوه دەڵێن: هەر خزمێکتان هەیە له کوردستان بچنە ئەوی، سەربازی مەکەن، لە
قادسیەی سەدام بەشداری مەکەن، لەوكاتەدا شازدە موالید داواكرابوو بۆ سەربازی، موالیدی منیشی تیا بوو، ئێمە نزیكەی 70 کەس لە
كەركوك دەرچوینە دەرەوە، لەو برایانەمان: مامۆستا وریا کەرکوکی، مامۆستا مۆفەق، کاک
عومەر باڵابەرز، مامۆستا سەلام، دکتۆر کامەران و چەند برای تر.
مامۆستا وریا بە ڕەحمەت بێت وتی وەرە من مامۆستا بووم
لە ناوچەی شارباژێڕ، ئاشنام هەیە، حەزەکەم تۆش بێیت بۆ شارباژێڕ، لەوێ بانگەواز دەکەین،
بەر لە دەرچوونمان پێیان وتین: ئێوە کە دەچنە دەرەوە، وانەزانن دەرەوە ئەمانە، لەوانەیه
مەترسی ئەوێ زۆر لە سەربازی زیاتر بێت، چونکە لەوێ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان
حاکمن، لە كەركوك دەرچووم هاتمە سلێمانی، خزمێکمان هەبوو لە سلێمانی، حاجی حەمید خەڵکی
ناوچەی بازیان بوو، لە ڕێی نەنکی دایکمەوە خزمایەتیمان هەبوو، كاتی کولیە من هاتوچۆی
ئەوێم دەکرد، چونکە ئەوان له سلێمانی بوون، خزم بوون، چووم بۆ ماڵی ئەوان وتم، دەمەوێ
بچمه دێیەك لە دیهاتەکان بەتەمام بچمە شارباژێڕ ئێوە چی دەڵێن؟ وتیان نا چۆن دەبێ
بچی بۆ شارباژێڕ، تۆ تازە ژنت هێناوە، شارباژێر بەفر دەیگرێ بۆ تۆ گونجاو نییە، وتم
ئەی چارەسەر؟ وتیان ئێمه خۆمان دێمان هەیە چۆڵمەک، چۆڵمەکی بازیان، ئەوە ئێستا نەماوە
بووە بە كارگەی چیمەنتۆ، خاڵدان و برایماوا دێی خۆمانن بڕۆ بۆ ئەوێ، خێزانەکەی حاجی
حەمید وتی بنێرە بە دوای حاجی حەمەمینی زینەت، ئەویش خزمی نەنکم بوو، پێیان وت دیوەخانەکە
بە کاکە محەمەد بدە هەتا خانویەکی بۆ دروست دەکەین، دواجار چوومە خاڵدان و لەوێ
نیشتەجێ بووم.
ناوەندی كوردستان: لەوێ كەوتنە جموجۆڵ و چالاكیی؟
د. محەمەد بازیانی: بەڵی هەر بە گەیشتنمان دەستمان
كرد بە چالاكی و من نزیكەی پێنج ساڵ لەوێ مامەوە.
ناوەندی كوردستان: پەیوەندیتان بە كەركوكەوە مابوو؟
د. محەمەد بازیانی: بەڵی هەمان بوو بەردەوام زانیاری
و رێنماییان بۆمان دەنارد.
ناوەندی كوردستان: تاكەی لەوێ مایتەوە؟
د. محەمەد بازیانی: من تا ساڵی 1988 مامەوە، بەڵام
هەندێك لە برایان رۆیشتن و هەندێكیش گەڕانەوە، لەو ماوەدا یەكێتی زەحمەتیان داین و
ناڕەحەتیان كردین. ئێمەش تا رادەیەكی زۆر كار و چالاكیمان بەرفراوان ببوو خەڵكی
زۆرمان پێگەیاندبوو.
ناوەندی كوردستان: دوای 1988 چوویتە كوێ؟
د. محەمەد بازیانی: چوومە ئێران، لەو ساڵە هەڵمەتی
ئەنفال دەستیپێكرد، بیریشم نەچێت دواتر زنجیرەیەكم دەربارەی ئەنفالەكان لەژێر ناوی
(تیشكێك لە نركە و ناڵەی ئەنفالەكان) بەناوی خوازراوی (ئەمیر عەبد،ولا ئەحمەد)
بڵاوكردەوە و كرایە عەرەبی و لە چەند گۆڤارێك بڵاوكریەوە و دەنگدانەوەی باشی هەبوو
لەسەر ناساندنی ئەنفال، پێشوەخت پێشبینیی هێرشی حكومەتی بەعسمان دەكرد، ئیخوان
تەوجیهی پێدابووین ئەگەر هێرش بۆ لای ئێمە كرا بچینە ناوچەكانی گەرمیان، ئەگەر بۆ
گەرمیانیش كرا ئەو برایانەی لەوێ خۆیان پەناداوە بێنە لای ئێمە، پێشیان وتین ئەگەر
بتوانن خۆتان بگەیەننە ناوچەكانی رانیە و قەلادزە باشترە، شێخ مستەفا زینوێ هەیە
لەوێ پەیوەندیمان هەیە لەگەڵی، ئەو لەوێوە دەتوانێت بتانگەیەنێتە ئێران.
ناوەندی كوردستان: ئەی ئاگاتان لە دامەزراندی
بزووتنەوەی ئیسلامیی نەبوو؟
د. محەمەد بازیانی: لە 1987 مەفرەزەكانی بزووتنەوەی
ئیسلامیی هاتنە ناوچەكە، مامۆستا ئیبراهیمی كوڕی مامۆستا مەلا عوسمان و مەلا
عەبدوڵای جیهادیان لەگەڵ بوو، ئیتر ئاشنابووین بە بزووتنەوەی ئیسلامیی، هەڵبەتە
پێشتر لە 1983- 1984 مامۆستا شێخ محەمەد نامەی بۆ ناردم داوای كرد پەیوەندی بكەین
بە بزووتنەوەی پەیوەندییەوە، منیش وتم ئێمە مەرجەعی خۆمان هەیە و دەبێت پرس بكەین،
ئیخوان داوایان لە من كرد سەردانی بزووتنەوەی ئیسلامیی بكەم و سەرنج و زانیاریان
لەوبارەوە پۆ بنێرم، من چوومە قەرەداغ بۆلای هێزەكانی بزووتنەوەی ئیسلامیی، پێم
وتن من نوێنەری ئیخوانی عێراقم، گفتوگۆی زۆرمان كرد و ئامادەیی هەر هاوكارییەكم
دەربڕی بۆیان، گەڕامەوە راپۆرتێكم نووسی بۆ سەركردایەتی ئیخوان و وەسفی ئەو هێزەم
كردبوو.
ناوەندی كوردستان: ئەی بۆ پەیوەندیتان نەكرد بە بزووتنەوەی
ئیسلامییەوە؟
د. محەمەد بازیانی: ئێمە رێكخستنێك بووین لەو
قۆناغەدا هیچ نیەتێكی كاری چەكداریمان نەبوو، هەرچەندە بڕوامان بە كاری جیهادی
هەبوو.
ناوەندی كوردستان: ساڵی 1988 بۆچی بڕیارتاندا بچنە
ئێران و چۆن گەیشتن؟
د. محەمەد بازیانی: ئێمە بە دوو مەبەست ویستمان بچینە
ئێران، خۆڕزگاركردن و هەواڵپیرسیی برایان كە لە دێهاتەكان بوون تا بزانین سەلامەتن،
هەروەها ئاگاداربوون لە كاروباری بزووتنەوەی ئیسلامیی تا بزانین ئەم كارە لە
سەرچاوەكەیەوە چۆنە، من لەگەڵ چەند برایەك لە رێگەی قەڵاتوكانەوە گەیشتمە ئێران،
لەوكاتەی گەیشتیبوینە قەڵاتووكان شەڕ لە نێوان بزووتنەوەی ئیسلامیی و حكومەتی
عێراق دروستبوو، برایانی ئێمەش بەشدارییان تێدا كرد، ئێمە چوار كەس رێكەوتین بچینە
ئێران و مامۆستا مەلا عوسمان ببینین.
ناوەندی كوردستان: باشە گەیشتنە ئەوی سەرنجتان چی بوو
لەسەر بزووتنەوەی ئیسلامیی؟
د. محەمەد بازیانی: بەراستی ئەوەی ئێمە بینیبوومان لە
قەرەداغ لە مامۆستا عەبدوڵای جیهاد و پێشمەرگەكان، ئەوەی لەكاتی رۆیشتمان بۆ
قەڵاتوكان لە سماقوڵی بینیمان لە مامۆستا عەبدولقادری برایەتی و ئەوان، هەروەها
مامۆستا عەلی باپیر و ئەوان لە قەندیل، سەرنجێكی ئیجابییان لامان دروستكردبوو، لە
قەندیل مامۆستا عەلی باپیر پێیوتین حەزدەكەم لێرە بمێننەوە، ئەوەی لێرە دەیبینن و
ئەگەر بچنە سنە و ئەوەی لەوی دەیبینن رەنگە تووشی جۆرێك لە شۆكتان بكات، بۆیە ئەو
جەختیكردەوە لەسەر نەڕۆیشتن، بەڵام ئیمە رۆیشتین بۆ سنە، سەرەتا مامۆستا
عەبدوللەتیف واژەیم بینیی، هەڵبەتە دۆستایەتی پێشترم هەبوو لەگەڵی، هەستمكرد
بێتاقەتی پێوە دیارە، وتم با مامۆستا مەلا عوسمان ببینین، مامۆستامان بینی و لەگەڵی
دانیشتین، پێم وت ئیخوان بە ئێمەی وتوە لە خزمەتتا بین و چی پێویستە بیكەین، ئەو
وتی زۆرم پێخۆشە كەسانی وەكو جەنابت لەگەڵمان بن و هاوكارمان بن. بە گشتیی
بەداخەوە لەوێ سەرنجێكی باشمان لەسەر بزووتنەوە بۆ دروست نەبوو، پێموابوو راستە
ئەمانە بۆ خوا كاردەكەن، بەڵام حیزبێكی رێكخراوەیی نییە رێكخستنێكی پتەوی نییە،
ئەگەر زۆر بەسادەیش شتێكی تر بڵێم ئەوەی لەوێ سەرنجمدا بوونی جۆرێك لە شەڕكردن هەبوو
لەسەر دەستكەوتی تایبەتیی.
ناوەندی كوردستان: كەی گەڕایتەوە باشووری كوردستان؟
د. محەمەد بازیانی: هەمان ساڵ گەڕامەوە، لە هەولێر
نیشتەجێ بووم، دەفتەر خدمەی سەربازیی تەزویرم دروستكرد و بەهۆیەوە خۆم پەنادابوو
لەدەست بەعس.
ناوەندی كوردستان: لە هەولێر كەوتیتەوە جموجۆڵ و
لەگەڵ كێ پەیوەندیت هەبوو؟
د. محەمەد بازیانی: لەگەڵ حاجی موخلیس پەیوەندیم كرد،
ئەو یەكێك بوو لە ئیخوانە چالاكەكان، ئەو قوتابی پێدام، تا ساڵی 1991 بەوشێوە
بەردەوام بووین و پەیوەندیمان بە ئیخوانی عێراقەوە هەبوو، چەند شانەی ترمان
دروستكرد لە هەولێر، لەو برایانەی لەگەڵمان بوون، مامۆستا وریا، مامۆستا
عەبدولكەریم كارەبا، مامۆستا حیسامەدین و چەند برای تر.
ناوەندی كوردستان: لە راپەڕین رۆڵتان چی بوو؟
د. محەمەد بازیانی: لەگەڵ حاجی موخلیس كە سەرپەرشتیی
دەكردین و مامۆستا مەحمود فەقی چەكمان هەڵگرت و بەشداری راپەرین بووین.
ناوەندی كوردستان: دوای راپەرین سەلاحەدین محەمەد
هاتەوە و پەیوەندی بە ژمارەیەك لە رێكخستن و ئەندامە هەڵسوڕاوەكانی ئیخوانەوە كرد،
بەڕێزت چ زانیاریەكت لایە لەوبارەوە؟
د. محەمەد بازیانی: ساڵی 1988 لە ئێران مامۆستا
سەلاحەدینم بینی لە روانسەر، ویستم بچم بۆلای مامۆستا سدیق، ئەو لەگەڵ مامۆستا
سدیق لە ناكۆكیدا بوون لەسەر ئەوەی كێیان شایستەترە و كارەكە ببات بەڕێوە، مامۆستا
سەلاحەدین بە حوكمی ئەوەی پاسپۆرتی ئێرانی هەبوو ئازادی هاتوچۆی زۆربوو،
دەستیگەیشتبوو بە سەركردەكانی ئیخوان لە دەرەوە، توانیبووی جۆرێك لە رەسمیەت بۆخۆی
دەستەبەر بكات، لە كاتی دامەزراندنی بزووتنەوەش نامەیەكی هێنابوو لەسەر مامۆستا
مەلا عوسمان كە ئەمانە ئیخوان نەماون، بە بڕوای من ئەوە
خیانەتێكی گەورەبوو ئیخوان كردی، ئێستاش باجەكەی دەدرێتەوە، مامۆستا سەلاحەدین
كە لە روانسەر بینیم بەجۆرێكی نەشیاو باسی مامۆستا سدیقی كرد كە هەر نەچم بۆلای، منیش
نەچووم بۆلای، دوای راپەڕینی 1991 مامۆستا سەلاحەدین داوای لێكردم پەیوەندی بەوانەوە
بكەم و وتی من شەرعیەتم هەیە و سەرپەرشتی
كاری كوردستان دەكەم، وتم ئەمیرم هەیە دەبێت پرسی
پێبكەم، لەوكاتەدا دكتۆر عیسام راوی هاتە کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لە سلێمانی کە برایانی کەرکوک ئامادە بوون لەگەڵ مامۆستا
سەڵاحەدین، دكتۆر عیسام بە مامۆستا سەلاحەدینی، وت بەپێی پەیڕەوی ئیخوان شەرعیەت
لای ئێمەیە و ئێمە لە ناوخۆی عێراقین و سەرپەرشتیاری كارەكەین، بەڵام مامۆستا
سەلاحەدین نكوڵی كرد و دەیوت من شەرعیەتم هەیە و سەرپەرشتیاری كارەكەم، بەهەرحاڵ
نەگەیشتینە ئەنجام و ئێمە لەكاری خۆمان بەردەوام بووین.
دواتر هەواڵمان زانی مامۆستا سدیق گەڕاوەتەوە، لە
رێگەی مامۆستا نازام عەبدوڵا و كاك ئارام قادر پێیان خۆش بوو دانیشتنێك بكەین
پێكەوە، پێكەوە زنجیرەیەك كۆبوونەوەمان كرد، ئێمە لە رێگەی ئەندازیار سەیفەدینەوە
لە كەركوك پەیوەندیمان بە ئیخوانی عێراقەوە مابوو، رێكەوتین لەگەڵ مامۆستا سدیق
لەسەر ئاستی كوردستان پێكەوە كاربكەین و هاوكاربین، ئەویش برا گەورەبێت لەسەر
ئاستی كوردستان، هەر لەوكاتەدا مامۆستا سەلاحەدین توانیبوی بەهۆی ئەو پەیوەندییەی
كە هەیبوو لەگەڵ سەركردەكانی ئیخوان جۆرێك لە شەرعییەتی تر بۆخۆی وەرگرێت لەو
ناوچانەی كوردستان كە لە ژیر دەستی حكومەتی بەعس نەماوە ئەو سەرپەرشتی كارەكانی
ئیخوان بكات و وابەستە نەبێت بە ئیخوانی عێراقەوە، ئیخوانی ناوچەكانی ژێر دەستی
بەعس خۆیان بە سەربەخۆ كاربكەن.
ناوەندی كوردستان: لەو نێوەندەدا چارەنووسی ئێوە چی
بەسەرهات؟
د. محەمەد بازیانی: نابێت ئەوەمان لەبیربچێت لەوكاتەدا
ئێمە لەگەڵ سەركردایەتی بزووتنەوە بەتایبەت مامۆستا مەلا عوسمان و مامۆستا عەلی
باپیر چەند دانیشتنێكمان كرد، مەیلی ئەوەمان هەبوو لێیان نزیك بینەوە، بزووتنەوە
رێكخستنێی بەهێزی نەبوو لەو رووەوە زۆر لاواز بوو، دەمانویست مەكتەب رێكخستن بەهێز
بكەین، چونكە ئێمە ئەزمونی كاری رێكخستنمان هەبوو، ئەمەشمان بە ئیخوانی عێراق وت،
ئەوكاتە ئەوان سێ بژارەیان خستەبەردەستمان، هاوشێوەی پێشوو پەیوەست بین بە ئیخوانی
عێراقەوە و لەوانەوە بڕیار و رێنمایی وەرگرین و بەردەوامبین لە كار، یان بچینە ناو
بزووتنەوەی ئیسلامیی و لە مەكتەب رێكخستنی ئەو حیزبە دەستبەكاربین و پەیوەندی
ئۆرگانیمان بە ئیخوانی عێراقەوە نەمێنێ، یان پەیوەست بین بە خەتی مامۆستا
سەلاحەدینەوە، بە بڕوای من ئەم بڕیارەی ئیخوان هەڵەیەكی ستراتیجی بوو.
ناوەندی كوردستان: كەواتە نزیكبوونەوە یان
پەیوەستبوون بە سدیق عەبدولعەزیزەوە لەناو بژاردەكاندا نەبوو؟
د. محەمەد بازیانی: نەخێر مامۆستا سدیق لەناو
بژاردەكانی ئەواندا نەبوو.
ناوەندی كوردستان: ئێوە كام بژارەتان پەسەند كرد؟
د. محەمەد بازیانی: من و مامۆستا وریا و چەند برایەك چوینە
ناو بزووتنەوە.
ناوەندی كوردستان: پەیوەندیتان بە ئیخوانی عێراقەوە
پچڕا؟
د. محەمەد بازیانی: ئێمە چووینە ناو بزووتنەوە و
ئیخوانیش پەیوەندی لەگەڵ ئێمە پچڕی.
#
بزوتنەوە
#
ئیخوان موسلمین