ناكۆكی ناوخۆیی نێوان گرووپە وەلائیەكان لە عێراق

18/03/2021

:: ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان

نووسینی: فیراس ئیلیاس

گرووپە وەلائیەكانی سەر بە عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران، بوونەتە هێزێكی تەریب بە سوپای عێراق، زۆرجاریش وەكو نوێنەری سەرەكی شیعەی عێراق خۆیان نمایش دەكەن، بەڵام ئەم هەڵكشانەی ئەو هێزانە بەخۆیانەوەبینی دوای كوژرانی قاسم سلێمانی سەركردەی سوپای قودس و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی لە 3 كانونی دووەمی 2020 بەرەو لاوازی رۆیشت، لەناو ریزەكانی گرووپە وەلائیەكان ناكۆكی پەرەیسەند و یەكڕیزی ئەو هێزەی خستە مەترسیەوە، لەلایەكی تریشەوە دۆخی سیاسیی و ئەمنی عێراق جۆرێك لە ناسەقامگیری بەخۆیەوە بینوە، لەم راپۆرتەدا ناكۆكییەكانی نێوان گرووپە وەلائیەكان خراوەتەڕوو.

تاوسەندنی ناكۆكییە ناوخۆیەكانی نێوان گرووپە وەلائییەكان و هۆكارەكانی

هۆكارگەلێك رۆڵی بینیوە لە تاوسەندنی ناكۆكییەكانی نێوان گرووپە وەلائییەكان لەم دەمەی كۆتایدا، گرنگترین هۆكارەكانیش بریتین لە:

1-بۆشایی سەركردایەتی دوای كوژرانی سلێمانی و موهەندیس، ئەو دوو كەسایەتییە رۆڵێكی دیاریان گێڕا لە گەشەسەندنی گرووپە وەلائییەكان و یەكحستنی ریز و هەڵوێستەكانیان، بە هۆی كەسایەتیی كاریزمی و مێژووی خەباتیان لە كاری چەكداری و پێگەیی رێكخراوەییان، سەركردەی نوێی سوپای قودس ئیسماعیل قائانی نەیتوانیوە ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە، كە بە كوژرانی سلێمانی دروستبوو، بەتایبەت لەسەر ئاستی پابەندی بە رێنماییەكان و هەڵوێستەكانی تاران، بە روونی ئەمە لە هەڵوێستی ئێران بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە بەرامبەر ئەمەریكا لە عێراق بەدیدەكرێـت.

2-ناسەقامگیری سیاسیی لە عێراق، بە دیاریكراویش لە قۆناغی دوای سەرهەڵدانی ناڕەزاییەكانی تشرینی یەكەمی 2019 بەدواوە كە رەنگدانەوەی هەبوو لەسەر هەڵوێستی گرووپە وەلائییەكان، كە نەیانتوانی یەكهەڵوێست بن بەرامبەر رووداوەكان و چەندین دۆسیەی هەستیار.

3-سەرهەڵدانی ململانێ لە نێوان سەركردەكانی ئەو گرووپانە، ئەمەش لەسەر ئاستی ناوەندێتی بڕیاری ئێران یان پەیوەندی لەگەڵ حكومەتی عێراق، یان رووبەڕووبوونەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا لە عێراق، دیارترین نموونەی ئەم ناكۆكیە بە روونی دەركەوتووە لە نێوان هادی عامری رێبەری رێكخراوی بەدر، قەیس خەزعەلی رێبەری گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق، عەبدولعەزیز محەمەداوی (ئەبوفەدەك)، ئەكرەم كەعبی كە وەك نوێنەری فەیلەقی قودس لە ئێران ناسێنراوە، لەگەڵ پاڵپشتی روونی ئێران بۆ گرووپی حیزبوڵای عێراق سەركردەی هەندێ گرووپی تر هەستدەكەن تا رادەیەك پەراوێزخراون، بە نموونە قەیس خەزعەلی، بۆیە ئەویش دەخوازێت وا خۆی دەربخات كە هەڵوێستەكانی جیاوازە لە هەڵوێستی ئێرانییەكان لە عێراق، هەروەك لە بابەتی بۆردومانی باڵیۆزخانەی ئەمەریكادا دەركەوت كە گرووپەكەی قەیس خەزعەلی لەپشت بۆردومانی ناوچەی سەوز بوون لە 20 كانونی یەكەمی 2020، حكومەتی عێراقیش عەلی حوسام ئەزیرجاوی بەرپرسی یەكەی موشەكیی عەسائیبی ئەهلی حەقی دەستگیر كرد، ئەمەش پاڵینا بە ئیسماعیل قائانی لە 23 هەمان مانگ سەردانی بەغداد بكات و ئاگاداری سەرجەم گرووپەكان بكات كە وازبێنن لە بەئامانجگرتنی بارەگای هێزەكانی ئەمەریكا.
4-ململانێ و ناكۆكی نێوان گرووپەكان لەسەر دەستكەوتی ماددی و بەرژەوەندی ئابووری، هەڵوەشاندنەوە و راوەدونانی سەركردەكانی (سریەكانی تەلیعەی خوراسان) هەرچەند لەژێر ناوی جێبەجێكردنی یاسادا بوو، بەڵام لە بنەڕەتدا ململانێی نێوان گرووپە بەهێز و چاولەبەرژەوەندییەكان بوو، دواجاریش لەسەر بنەمای مانەوە بۆ ئەو هێزەیە كە خاوەن چەك و نفوزی سیاسیی زیاترە ململانێكە یەكلابوویەوە.

كاریگەرییە چاوەڕوانكراوەكانی ناكۆكی نێوان گرووپە وەلائیەكان

بەردەوامی ئەو ناكۆكیانە كاریگەری و جێكەوتەی گەورەی دەبێت لە داهاتوودا، بە تایبەت ئەگەر سنووری رێپێدراوی تێپەڕاند، لەو روەوە چوار جێكەوتەی سەرەكی دەستنیشان دەكەین:

1-لەسەر ئاستی هێزی گرووپە وەلائیەكان، ئەو نفوزە كەڵەكەبووەی ئەو هێزانە دوای داعش بەدەستیانهێنا، پێگەی سیاسیی و ئابوری و ئەمنیان بەهێز بوو، بە پلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ ناوەندێتی بڕیار و هەڵوێستی ئەو هێزانە لە رابردودا، بەڵام بوونی ناكۆكی لە نێوان ئەو هێزانە زیان بە ناوەندێتی بڕیار دەگەیەنێت و نفوزیان لاواز دەكات.

2-لەسەر ئاستی نفوزی ئێران، ئێران هەوڵی زۆری داوە بە مەبەستی پەرەپێدان و پارێزگاری لە نفوزی خۆی كاریگەری لەسەر گرووپە وەلائیەكان جێبێلێت، بۆیە ناكۆكی نێوان ئەو هێزانە بەشێوەی راستەوخۆ رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر رۆڵی ئێران لە عێراق، هەر ئەمەش نهێنی سەردانە یەكلەدوای یەكەكانی ئیسماعیل قائانییە بۆ عێراق كە دەیهەوێت سنوورێك بۆ ئەو ناكۆكیانە دابنێت.

3-لەسەۆ ئاستی واقیعی سیاسیی عێراق، هەڵكشانی نفوزی هێزە وەلائییەكان لە عێراق دوای بەشداریكردنی ئەو هێزانەیە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە 2018 لە چوارچێوەی هاوپەیمانی فەتح 48 كورسیان هێنا، بۆیە ناكۆكیەكانی ئێستا كاریگەری دەبێت لەسەر پێگەی ئەو گرووپانە لە واقیعی سیاسیی عێراقدا، بە تایبەتیش ئەگەر ئەو ناكۆكیانە بگاتە ئاستی لێكترازان و بەشداری لە هەڵبژاردنەكان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی جیاوازدا، لە 24 كانونی یەكەمی 2020 هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند كە لە چوارچێوەی یەك هاوپەیمانیدا بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیش بەشدارە لەگەڵیان، دەستەیەكی سەركردایەتی پێكهێنراوە لە هادی عامری، قەیس خەزعەلی، ئەحمەد ئەسەدی و هومام حمودی، لەناو ئەوانەشدا هادی عامری وەك ئەمینداری هاوپەیمانیەكە دەستنیشان كراوە، ئەم راگەیاندنە كۆتایی نییە، هێشتا دەرفەتی پێكهێنانی هاوپەیمانی ماوە، لە ئەگەری پەرەگرتنی زیاتری ناكۆكییەكان رەنگە هاوپەیمانی نوی پێكبهێنرێت.

4-لەسەر ئاستی ستراتیجیەتی حكومەتەكەی كازمی، مامەڵەی حكومەتەكەی كازمی لەگەڵ ئەو گروپانە تا ئێستا دەرخەری ئەو راستیەن كە كازمی نەیتوانیوە ملكەچی حكومەتیان بكات، ستراتیجی كازمی خۆیدەبینێـەوە لە لەخۆگرتنی ئەو هێزانە و كەمكردنەوەی هەژموونیان بەسەر حكومەت و دەزگاكان و رەفتارە ئاڵنگارییەكانیان دژ بە حكومەت، لەو روەوە دەخوازێت سوود لە ململانێی نێوان ئەو هێزانە و رەوتی سەدر و حەشدی عەتەبات وەرگرێت، هەروەك دەیهەوێت پشتببەستێت بە رۆڵی ئێران لە كۆنترۆڵكردنی ئەو هێزانە، بێگومان ململانێی نێوخۆی گرووپە وەلائیەكان یارمەتیدەری جێبەجێبوونی ستراتیجی حكومەتەكەی كازمییە، بە جۆرێك كە عێراق سەقامگیری سیاسیی بەخۆیەوە ببینێت لە نزیكمەودادا و چاكسازی لە بواری ئەمنی لە دورمەودادا بكرێـت، ئەمەش پاڵپشتی جەماوەری و نێودەوڵەتی هەیە.

پوختە و دەرئەنجام

دوای جەنگی دژ بە داعش گرووپە وەلائییەكان بوونە هێزێكی تەریب بە سوپای عێراق، خزمەتی بەرژەوەندییەكانی ئێران لە عێراق ئەركی سەرشانی ئەو هێزانە بوو، دەبو بە رووی هەر هەوڵێكدا بوەستنەوە كە بخوازێت نفوزی ئێران لە عێڕاق كەمبكاتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا و دوای كوژرانی سلێمانی و موهەندیس رووبەڕووی ئاڵنگاری گەورەبوونەوە، لەسەر ئاستی سەركردەكانیان ناكۆكی زۆر دروستبوو، كە وێنەكەی لە هێرشەكانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغداد و بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانە و هێوركردنەوەی دۆخەكە لەگەڵ واشنتۆن روونتربوویەوە.

لەسەر ئاستی پەیوەندی لەگەڵ ئێران، دوای كوژرانی سلێمانی گۆڕانی ریشەیی بەسەردا هات و تا رادەیەكی زۆر نەتوانرا كۆنتڕۆلبكرێن، لە ئێستادا قائانی وەك گەیەنەری رێنمایی و پەیامەكانی رابەری گشتیی مامەڵە دەكات وەك لەوەی رۆڵی كارتێكەر ببینێت، تەنانەت سەردانە فەڕمییەكانی بۆ عێراق لە چوارچێوەی چارەسەری ئەو دۆسیانەدایە، نەك دانانی ستراتیجێكی دورمەودا وەك لە سەردەمی سلێمانی پەیڕەوی لێدەكرا، رەفتاری ئێستای ئەو گرووپانەش رەنگدانەوەی سیاسەتی ئێرانە بەرامبەر حكومەتەكەی بایدن، ئەمە سەرەڕای ململانێی نێوان دەزگای هەواڵگری ئێران و فەیلەقی قودس لە عێراق، هەریەك لەو دوولایەنە چەند گرووپێك لەخۆدەگرن، لەم دوایانەشدا ئێران دەیهەوێت جۆرێك لە ناوەندێتی لە بڕیار لە نێوان ئەو هێزانە دروستبكاتەوە و هەنێك گرووپیشیان هەڵوەشێنێتەوە، ئەمەش بە مەبستی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوانیان ئەمەش بە شێوەی راستەوخۆ یان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی كازمی.

لەو چوارچێوەشدا دودڵی كازمی لە كۆنتڕۆلكردنی جوڵەی ئەو هێزانە، بەشدارە لە نەبوونی دیدێكی روون بۆ رۆڵی ئەو هێزانە لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، ئەمەش دەبێتە ئاڵنگارییەك لەبەردەم ئایندەی عێراق ئەگەر ئەو هێزانە زیاتر یاخی ببن، بەمەش عێراق دەكەوێتە بەردەم چەندین ئاڵنگاری كە چۆن بتوانرێت هاوسەنگی لە نێوان هەڵوێستی هەرێمی و نێودەوڵەتی دژ بە ئێران و رۆڵی هێزە وەلائییەكانی سەر بە ئێران لەناوخۆی عێراق دابنێـت، بەجۆرێك رۆڵی ئەو گرووپانە لاوازبكرێت و كەرتی ئاسایش چاكسازی تێدا بكرێـت.

سەرچاوە:
سەنتەری ئیمارات بۆ سیاسەت

# شیعە

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure