::
یاسین عزەم
پێشەكی
فیداییانی ئیسلام وەك ڕێكخراوێكی ئایینی سیاسی توانی
كاریگەری گەورە بەجێ بهێڵیت لەسەر شانۆی سیاسی لە ئێرانی دوای جەنكی دووەمی
جیهانی، ئەگەر بە وردی لە كار و چالاكی ڕێكخراوەكە بڕوانین لە گەڵ ژمارەی ئەندامە
كارا و چالاكەكانی زیاتر گرنگی و كاریگەری ئەم ڕێكخراوە ڕووندەبێتەوە، چونكە ئەم
ڕێكخراوە لەماوەی یانزە ساڵی تەمەنیدا توانی دەست بۆ چەندین كاری گەورەی پڕ مەترسی
بەرێت، لەناویاندا هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە محەمەد ڕەزا شا تا دەگاتە هەوڵە سەركەوتووەكانیان
لە تیرۆركردنی نووسەرە دیارەكان و سەرۆك
وەزیران و وەزیری دەرباری پاشایەتی، ئەم ڕێكخراوە هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە
بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا داوای دامەزراندنی حكومەتێكی ئیسلامی دەكرد، بۆ بەدەستهێنانی
ئامانجەكەی سڵی لە هیچ جۆرە چالاكییەك نەدەكردەوە، هەر لە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ تا
دەگاتە دەستبردن بۆ لەناوبردن و تیرۆركردنی ئەو كەسانەی كە پێیانوابوو ڕێگرن لە
بەردەم پرۆژەی دامەزراندنی حكومەتێكی ئیسلامی لە ئێرانی پاشایەتیدا، بۆ ئەم كارە ڕێكخراوەكە
توانی بووی پشتگیری بەشێك لە پیاوانی ئایینی بۆ خۆی مسۆگەر بكات تابتوانێت
ڕەوایەتی بدات بەو كارەی پێی هەڵدەستان لە ڕێگەی ئەندامەكانیانەوە، ئەوەی گرنگی ئەم
ڕێكخراوە بەدەردەخات لەو ڕۆژگارەدا ئەوەیە كە بۆ یەكەمین جارە گرووپێك لە گەنجانی
وابەستە بە دینی ئیسلامی ئایینزای شیعە مەزهەب لە ئێران داوای دامەزراندنی
حكومەتێكی ئیسلامی دەكەن، لە گەڵ ئەوەی ژمارەشیان كەمە، بەڵام توانیویانە لە ڕێگەی
چالاكییەكانیانەوە كاریگەری دابنێن لەسەر ڕەوتی ڕووداوەكان لەو قۆناغەی كە ڕێكخراوەكەی
تێدا دەركەوتووە، بۆیە گرنگی پرۆژەی ڕێكخراوەكە و شێوازی كارو چالاكییەكانیان
جێگەی سەرنج بوو بەڕادەیەك كە پێوست بكات شێوازی دامەزراندن و چالاكی و داواكاری و
كۆتاییهێنانی بخەینەڕوو.
بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە
#
ئیسلامی سیاسی
#
ئێران