كێ جێگه‌ى سه‌ركرده‌ كوژراوه‌كانى داعش ده‌گرێته‌وه‌؟

28/04/2021

:: بەختیار ئەحمەد

ن: د. سامی مبیچ

له‌ماوه‌ى یه‌ك هه‌فته‌دا، رێكخراوى داعش له‌ عێراق دوو زیانى گه‌وره‌ى به‌ركه‌وت. یه‌كه‌میان ئه‌بو یاسر عیساوى فه‌رمانده‌ى گشتى رێكخراوى داعش له‌ عێرق كه‌ له‌ 29 كانونى دووه‌م له‌ نزیك كه‌ركوك كوژرا و دووه‌میش ئه‌بو حه‌سه‌ن غه‌رباوى والی باشوورى عێراق بوو كه‌ له‌ 3 شوبات كوژرا. ئه‌م دوو ناوه‌ به‌رپرسی سه‌ره‌كى دووباره‌ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ى داعش بوون به‌م دواییانه‌ كه‌ ترۆپكى ئه‌و ده‌ركه‌وتنه‌ش ئه‌و دوو كرده‌وه‌ خۆكوژییه‌ بوو كه‌ مانگى رابوردوو به‌غداى كرده‌ ئامانج و بووه‌ هۆى كوژرانى 32 كه‌س.

ئه‌م تیرۆره‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كانه‌، ئه‌ركێكى قورسی دروستكردووه‌ بۆ ئه‌بو ئیبراهیم قوره‌یشی كه‌ خۆى كردووه‌ به‌ خه‌لیفه‌ تا جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌م دوو كه‌سه‌ بدۆزێته‌وه‌، ره‌نگه‌ دۆزینه‌وه‌ى جێگرێك بۆ غه‌رباوى كارێكى زۆر گران نه‌بێت بۆ قوره‌یشی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌م جۆره‌ شه‌ڕكه‌رانه‌ كه‌م نین له‌ناو ریزه‌كانى داعش. ره‌نگه‌ یه‌كێك له‌ بژارده‌كان عه‌بدوڵا مه‌كى رافعی بێت (ناسراوه‌ به‌ ئه‌بو خه‌دیجه‌)، ناوبراو پێشتر والی پارێزگاى دیاله‌ بووه‌ و ئێستا به‌رپرسی چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌ له‌ كه‌ركوك. رافعی له‌دایكبووى گوندى (رفیعات)ه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوورى به‌غدا به‌ دوورى 70 كیلۆمه‌تر، له‌ ئێستاشدا له‌ جموجوڵدایه‌ له‌نزیك حه‌ویجه‌ له‌ ڕۆژئاواى كه‌ركوك.

ئاڵنگارى سه‌ره‌كى دۆزینه‌وه‌ى جێگرێكه‌ بۆ عیساوی، كه‌ به‌ پله‌ى دووه‌م دێت له‌دواى خه‌لیفه‌وه‌. خه‌لیفه‌ لێره‌دا ته‌نها پۆستێكى ئیدارى پڕ ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو خودی ئه‌و كه‌سه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت كه‌ جێگه‌ى خۆى ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیارى ده‌كرێت پێویسته‌ شیاوى ئه‌وه‌ بێت ببێت به‌ خه‌لیفه‌ له‌كاتى كوژران، یا خود كه‌م توانایی خه‌لیفه‌ى ئێستا.

شایانى باسه‌ كه‌ قوڕه‌شی له‌پڕ و له‌ناكاوا ئه‌م پۆسته‌ى وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵكو ئه‌بوبه‌كرى به‌غدادی سه‌ره‌تا له‌ مانگى ئابی 2019 به‌ر له‌ سێ مانگ له‌ كوژرانى خۆى، كردی به‌فه‌رمانده‌ى سه‌ربازى رێكخراوه‌كه‌، هه‌ر له‌و كاته‌شه‌وه‌ ده‌وترێت كه‌ خه‌لیفه‌ى نوێ كه‌ ئه‌ویش ناسراوه‌ به‌ عه‌بدوڵا قرداش، كه‌سایه‌تییه‌ سورییه‌كان له‌ پۆسته‌ باڵاكانى داعش دوور ده‌خاته‌وه‌ و ده‌یانگۆڕێت به‌ هاوڵاتى عێراقی. بازنه‌ى ده‌وروبه‌رى له‌ پێنج جیهادی پێكدێن، كه‌ هیچ كامیان سوری نیین، ئه‌م كه‌سانه‌ش زۆر دوورن له‌و كۆمه‌ڵه‌ سه‌ره‌كییه‌ى كه‌ داعشى دامه‌زراند، ئه‌و گرووپه‌ى كه‌ ئه‌و كاته‌ پێكهاتبوو له‌ هاوڵاتى سوری، عێراقی، كوێتى و سعودی. به‌ڵام وه‌ك دیاره‌ قوڕه‌یشی هه‌ستا به‌دووباره‌ نوێكردنه‌وه‌ى رێكخراوه‌كه‌ تا هیچ كه‌سێك گه‌ر عێراقی نه‌بێت، بۆى نه‌بێت به‌ پله‌كانى سه‌ركه‌وتندا سه‌ربكه‌وێت و هیچ "بێگانه‌یه‌ك" نه‌توانێت ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر رێكخراوه‌كه‌دا.

 

خشته‌ى ناوه‌كانى قوڕه‌یشی

قوڕه‌یشی خشته‌یه‌كى دوور و درێژی له‌به‌ر ده‌ستدایه‌ تا له‌ناویاندا ئه‌و كه‌سه‌ هه‌ڵببژێرێت كه‌ جێگه‌ى عیساوى ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌و كه‌سه‌ ده‌بێت فه‌رمانده‌یه‌كى سه‌ربازى بێت، قاڵ بێت له‌شه‌ڕى پارتیزانیدا، باشتریش وایه‌ كه‌ ئه‌ندام بووبێت له‌ سوپاى سه‌دام حسێندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى 2014ه‌وه‌ ئه‌و شه‌ڕكه‌رانه‌ تواناى بێوێنه‌ى خۆیان سه‌لماندووه‌ له‌ كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كاندا.

به‌ڵام قوڕه‌یشی مه‌رجێكى دیكه‌شی هه‌یه‌ كه‌ زۆر گرنگتره‌ له‌ تواناى كه‌سه‌كه‌ له‌ بوارى سه‌ربازیدا، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌سه‌كه‌ ده‌بێت به‌بنه‌چه‌ له‌ رێگه‌ى هۆزى قوڕه‌یشه‌وه‌ بگاته‌وه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ر (د خ)، ئه‌مه‌ش مه‌رجێكی كۆنه‌ له‌ ئیسلامدا بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سێك پۆستى خه‌لیفه‌ پڕبكاته‌وه‌.  شایانى باسه‌ به‌غدادى رایگه‌یاندبوو كه‌ بنه‌چه‌ى ده‌گاته‌وه‌ به‌ نه‌وه‌ى پێغه‌مبه‌ر و له‌سه‌ر ته‌واوى ئه‌و به‌یاننامانى كه‌ بڵاوى ده‌كرده‌وه‌ واژۆى به‌ ناوى (ئه‌بو به‌كر به‌غداى قوڕه‌یشی ئه‌لحه‌سه‌نى)ه‌وه‌ ده‌كرد و جه‌ختى له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه‌ كه‌ ڕه‌وایه‌تى شه‌رعى پێبه‌خشیوه‌ و له‌ رێگه‌یه‌وه‌ جێگره‌وه‌كانى پێغه‌مبه‌ر دیارى ده‌كرێن.

ئه‌م له‌به‌رچاوگرتنه‌ روونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ بۆچی خه‌لیفه‌ى ئێستاى داعش كه‌ ناوه‌ راسته‌قینه‌كه‌ى (ئه‌میر محه‌مه‌د سه‌عید عه‌بدولڕه‌حمان)ه‌، ناوى (ئه‌بو ئیبراهیمی قوڕه‌یشی) هه‌ڵگرتووه‌. بۆ رۆژئاواییه‌كان ره‌نگه‌ ئه‌م ناوه‌ ئاسایی بێته‌ پێش چاو، به‌ڵام بۆ موسوڵمانه‌ سوننه‌كان ئه‌وانه‌ى له‌ ڕووى ئایینییه‌وه‌ پابه‌ندن و ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ش كه‌ سه‌ر به‌ رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامی نیین، ئه‌م كاره‌ گرنگه‌ و دیارى ده‌كات كه‌ كێ ده‌بێت به‌ خه‌لیفه‌.

خه‌لیفه‌ چاوه‌ڕێكان

چاودێرى جوڵانه‌وه‌ جیهادییه‌كان و چه‌ند شرۆڤه‌كارێكى دیكه‌ش، سه‌باره‌ت به‌و سه‌ركردانه‌ى داعش ئه‌وانه‌ى كه ‌له‌ چاوه‌ڕوانیدان، كۆمه‌ڵێك بژارده‌ى به‌رفراوانیان له‌به‌رده‌ستدایه‌، له‌وانه‌ ئه‌حمه‌د عیسا ئه‌لروارى (ئه‌بو ته‌ڵحه‌ ئه‌لشایب)، موعته‌ز نوعمان ئه‌لجبورى (ئه‌لحاج ته‌یسیرى)، ناوى یه‌كه‌م والی پێشووترى عێراق، دووه‌م ناویش شاره‌زایه‌ له‌ بوارى دروستكردنى بۆمب و كه‌سێكى نزیكبووه‌ له‌ به‌غدادی. ئه‌م دوو ناوه‌ له‌ناو لیستى داواكاراوانى ویلاته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكادان به‌ تۆمه‌تى تیرۆر و بۆ ده‌ستگیركردنیشیان پاداشت دیاریكراوه‌، به‌ڵام گرفت لێردا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ردووكیان له‌چه‌ند مانگى پێشوودا كوژراون، یا له‌سه‌ر ده‌ستى هێزه‌ عێراقییه‌كان، یاخود له‌ رێگه‌ى هێزه‌كانى ویلاته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا.

له‌و خشته‌یه‌دا كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كورته‌، به‌ڵام زۆر به‌ وردى ناوه‌كان دیاریكراوه‌، ئاماژه‌ به‌ ناوى ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ عێراقیانه‌ دراوه‌ كه‌ تا ئێستا چالاكن و له‌ ریزی عێراقییه‌ یاخییه‌كاندان و به‌ نهێنى كارده‌كه‌ن وه‌ك:

ئه‌بو حه‌مزه‌ى قوره‌یشی، وته‌بێژى فه‌رمى رێكخراوى داعش. هیچی له‌باره‌وه‌ نازانرێت جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ به‌پێى ناوه‌كه‌ى ده‌رده‌كه‌وێت عێراقییه‌ و بنه‌چه‌ى ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر هۆزى قوڕه‌یش. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ ناوبراو دواى كوژرانى ئه‌بو محه‌مه‌دى عه‌دنانى (وته‌ بێژه‌ى پێشوو) ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رگرتووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌زانین كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و بوو له‌ 26 تشرینی یه‌كه‌مى 2019 مردنى به‌غدادى راگه‌یاند.

وه‌لید جاسم ئه‌لعه‌لوانى (ئه‌بو ئه‌حمه‌د)، فه‌رمانده‌ى پێشووى ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى داعش، ئه‌فسه‌رى پێشووى سه‌رده‌مى سه‌دام حسێن. سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ عه‌لوانى به‌ كه‌سێكى نزیك له‌ خه‌لیفه‌ ئه‌ژمار ده‌كرێت و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ كه‌ له‌ بری عیساوى سه‌رپه‌رشتى ویلایه‌تى عێراق له‌ ئه‌ستۆ بگرێت، به‌ڵام به‌دوور ده‌زانرێت كه‌ ئه‌و یه‌كێك بێت له‌ به‌ربژێره‌كان بۆ جێگره‌وه‌ى خه‌لیفه‌ له‌به‌ر نه‌بوونى تواناى پێویست بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و پۆسته‌ له‌كاتى نه‌مانى خه‌لیفه‌ى ئێستادا جا به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت.

به‌شار خه‌تاب سمێدعی (حه‌جی زێد)، سه‌رۆكى ئێستاى ئه‌نجومه‌نى شه‌رعى داعش، هۆزه‌كه‌ى له‌ سمێدعى، باكورى ڕۆژئاواى رومادى داده‌نیشێت. ده‌وترێت كه‌ بنه‌چه‌كه‌ى ده‌گاته‌وه‌ به‌ ئیمامى عه‌لى چوارم خه‌لیفه‌ى راشیدین و زاواى پێغه‌مبه‌ر. ئه‌م كه‌سه‌ به‌ بژارده‌یه‌كى نمونه‌یی داده‌نرێـت بۆ جێگرتنه‌وه‌ى خه‌لیفه‌ و له‌ لایه‌ن سوپاى عێراقیشه‌وه‌، له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ى لیستی دیارترین داواكاراوه‌كانه‌وه‌یه‌.

له‌ كۆتایشدا، ناوى سامى جاسم محه‌مه‌د ئه‌لجبورى به‌رچاو ده‌كه‌وێت كه‌ ناسراوه‌ به‌ (حه‌جى حامد). ناوبراو له‌ نێوان ساڵه‌كانى (2014 بۆ 2019) وه‌زیری دارایی داعش بووه‌ و له‌هه‌مان كاتدا به‌رپرسی بازرگانى كردن بووه‌ به‌ نه‌وت و چه‌ك و مرۆڤه‌وه‌ و له‌هه‌مان كاتیشدا نوێنه‌رى داعش بووه‌ له‌ موسڵ. له‌ ئێستادا به‌ یه‌كێك له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانى خه‌لیفه‌ داده‌نرێت. ساڵى 2016 كورده‌كان رایانگه‌یاند كه‌ توانیویانه‌ جبورى بكوژن، دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و راگه‌یاندنه‌ هه‌ڵه‌ بووه. له‌ مانگى ئه‌یلولى ساڵى ڕابوردوو، هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ى زانیارى بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنى سوریا له‌ پارێزگاى ئیدلب كوژراوه‌، دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ش هه‌ڵه‌ بووه‌.

سه‌رچاوه‌:
من سيخلف قادة داعش المقتولين؟
https://eeradicalization.com/ar/%D9%85%D9%86-%D8%B3%D9%8A%D8%AE%D9%84%D9%81-%D9%82%D8%A7%D8%AF%D8%A9-%D8%AF%D8%A7%D8%B9%D8%B4-%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%82%D8%AA%D9%88%D9%84%D9%8A%D9%86%D8%9F/


# داعش

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure