تاڵیبان؛ گفتوگۆکانی ئاشتی و کێبڕکێی خوێناوی ناوخۆیی

16/05/2021

:: ئارام مەحمود ئەحمەد

 

کێبڕکێی خوێناوی نیوان تاڵیبانی ئەفغانستان و داعش بووەتە هۆی ئەوەی هەر دوو گرووپەکە پڕوپاگەندە دژی یەکتر ئەنجام بدەن. لە یەکەم ڕوانینەوە وا دەرناکەوێت کە داعش لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەفغانستان بێت، بەڵام لەگەڵ ڕوودانی هێرشە خۆکووژییەکانی گورگە تەنیاکان لە ساڵی 2018وە ئەم گرووپە بووەتە هەڕەشەیەکی جیدی لە سەر تاڵیبان و دەوڵەتی ئێستای ئەفغانستان.

هێرشە تیرۆریستییەکان زیاتر لە ناو شارەکان و شوێنە قەرەباڵغەکان ئەنجام دەدرێن، بۆ نمونە لە زانکۆی کابول، ئەمەش تاڵیبانی ئەفغانستانی لە بارەی داهاتووی دەسەڵاتی ڕابەرایەتی خۆی نیگەران کردووە. داعش بە هەڕەشەیەکی گەورە لە ئەفغانستان هەژمار دەکرێت و ئەم بابەتە ئاماژەیە بۆ مانەوەی ئەو گرووپە لە ئەفغانستان و سەر سنورەکانی پاکستان. لەگەڵ ئەوەی لەو کاتەوەی داعش لە ساڵانی 2014 و 2015 لە ئەفغانستان دروستبووە، تاڵیبان لەگەڵ ئەو گرووپە پەیوەندییەکی نزیکی هەبوو، بەڵام لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری و گواستنەوەی دەسەڵاتی هەندێك ناوچە بۆ تاڵیبان، دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە.

هەر چەندە هێشتا زۆر خاڵی ڕێککەوتنەکەی نێوان تاڵیبان و ئەمەریکا ماون جێبەجێ بکرێن، بەڵام متمانەی نێوان بزاوتی سەرەکی تاڵیبان و جیهادییەکانی ئەندامی ئەم گرووپە نەماوە، چونکە بە ڕوونی دیارە کە تاڵیبان لە ڕێککەوتنەکەیدا لەگەڵ ئەمەریکا جیدییە و ئامادەن بە توندی دژی توندڕەوان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەفغانستان بوەستنەوە. لەم مانگانەی دواییدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی تاڵیبان دەستیان لەو گرووپە هەڵگرتووە و ڕوویان لە داعش کردووە. بەمشێوەیە تاڵیبان بە ناچاری سوود لە هەموو ئامڕازێک وەردەگرێت بۆ ئەوەی بۆشاییەکان پڕبکاتەوە، ئیتر ئەو ئامڕازانە دەتوانن گرووپەکانی وەک قاعیدە بن، نەک لقەکانی داعش لەو وڵاتە.

لە ئێستادا لە ئەفغانستان تاکە گرووپی جیهادی کە دەتوانێت جیهادییەکان بۆ لای خۆی کێش بکات، داعشە، بەڵام ئەوەی کە ئایا داعش دەتوانێت هەزاران تەڵەبەی جیهادی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، دیار نییە، بە تایبەتی کە پێویستی بە بوودجەیەکی زۆر هەیە لە سندوقەکەیدا. لەوانەیە ئەگەر پشتیوانانی دەرەوەی تاڵیبان لە ناو داعشیشدا پشتیوانیان بکەن، ئەوە دێتە دی، بەڵام ڕێگەیەک بۆ پشتڕاستکردنەوە، یان ڕەتکردنەوەی ئەمە نییە.

ئەگەر داعش لە پێگەیەکدا بێت بتوانێت ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی تاڵیبان وەربگرێت، بێجگە لە ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی تاڵیبانی پاکستان، بزووتنەوەی ئیسلامی تورکستان و جیهادییەکانی تر کە پێشتر چوونە ناو داعشەوە، بابەتی بەرپرسیارێتییە ناوخۆییەکانی دێتە پێشەوە. بۆ نمونە ئەگەر سیراجەدین حەقانی ڕابەری تۆڕی حەقانی تاڵیبان بڕیار بدات بچێتە ناو داعشەوە، بە دڵنیاییەوە چاوەڕوانە پێگەیەکی زۆر بەرز لەناو داعشدا بەدەست بێنێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لەناو داعشدا ڕێکخستن و ئاستەکانی بەرپرسیارێتی هەیە و حەقانییەکان هەرگیز ئەوە پەسەند ناکەن کە لە ژێر فەرمانی کەسێکی تردا بن. لەگەڵ ئەوەی دیاری کردنی پۆست و بەرپرسیارێتی باڵا بۆ هەموو ئەندامانی تاڵیبان گرفتێکی گەورە لە داهاتوودا دەبێت.

لە هەمان کاتدا بەشێکی زۆر لە تاڵیبان لە ساڵانی ڕابردوودا فەرمانی شەڕ کردنیان لەگەڵ داعش پشتگوێ خستووە، ئەمە بە پلەی یەکەم لە بارەی تۆڕی حەقانییەوە ڕاستە، کە لەگەڵ داعش ڕێککەوتننامەی هاوکاریان لە بوارە جیاجیاکان لەوانە بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی لەناو کابول هەبووە. ئەم بابەتە لە بارەی (قاری بریال) ڕابەری ئەنجومەنی باکوور و چەند بەرەیەکی بچووکی تاڵیبان لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان ڕاستە. تێکڕای ئەو گرووپانە بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان لەگەڵ داعش و سەرجەم ڕێکخراوە جیهادییەکانی وەک تورکستان و گرووپە پەیوەندیدارەکان پەیوەندی قووڵیان هەیە. ئەگەر بریار بێت حەقانییەکان و بریال و گرووپە بچووکترەکان لە داهاتوودا لەناو تاڵیباندا بمێننەوە، بۆ ئەوان پچڕاندنی هاوکارییەکانیان بۆ داعش زۆر دژوار دەبێت.

لەگەڵ دەستپێکی گفتوگۆکانی ئاشتی ئەفغانستان، داعش و لایەنگرانیی ستراتیژی مانەوەیان گرتووەتەبەر. لەگەڵ ئەوەشدا گرووپێکی شەڕکەر بە ناوی (موهاجیر) بەردەوامە لە چالاکی. ئەم گرووپە لەلایەن شەهابەدین موهاجیر بە ڕەگەز تاجیکی،  فەرماندەیی دەکرێت.

پێدەچێت ڕێککەوتنی نێوان تاڵیبان و ئەمەریکا لەلایەن زۆرێک لە چەکدار و بەرپرسەکانی تاڵیبانەوە بە کشانەوە لە جیهاد دژی داگیرکەر لەقەڵەم بدرێت، ئەمەش دەبێتە یارمەتیدەری توندڕەوی داعش.

لای خۆیەوە داعش پڕوپاگەندە دژی ئەو بەرپرسانە ئەنجام دەدات کە لەگەڵ ئەمەریکا گفتوگۆ دەکەن و تۆمەتباریان دەکات بە ناشیرین کردنی ڕووی ڕاستەقینەی ئیسلام. ئەم بابەتە کەلێنێکی گەورەی لە نێوان ڕابەرانی تاڵیبان کە زیاتر کەسانی مەیدانی و شەڕکەر و شەڕخوازن دروستکردووە.

فۆڕمەڵە بوونی کێبڕکێی ناوخۆیی، برەودان بە سەلەفیەتی مۆدێرن، زیاتر بوونی توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوە لە لێکەوتە سەرەکییەکانی ئەو کەلێنە دەبن و کێبڕکێی نێوان هێزە ناوچەیی و بان ناوچەییەکانی وەک هیند، چین، پاکستان و ئەمەریکا دەتوانێت نەبوونی سەقامگیری زیاتر بکات و هەر یەکێک لەو گرووپە توندڕەوانە لەگەڵ ئامانجە سیاسی و ئابووری و ئاسایشییەکانی خۆیان هەماهەنگ بکەن.

ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە لە پرۆسەی ئاشتیدا لە ئەفغانستان لە ساڵانی داهاتوودا گرفتی زۆر دێنەپێشەوە، کە لە ئەنجامی دەسەڵاتخوازی نێوان گرووپە ناڕازی و خاوەن بەڵێنەکان بۆ تاڵیبان بەرفراوانتر دەبێت و لە ئەنجامدا شەڕ لە نێوان ڕابەرانی تاڵیبان دەبێتە هۆی بەهێز بوونی گرووپە تیرۆریستییە نوێیەکان.

س: http://peace-ipsc.org/fa

# داعش # تاڵیبان

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure