كۆنگرەی هوداپار، خۆنوێکردنەوە یان خولانەوە لە بازنەدا

19/06/2021

:: ئەحمەد قادر

كۆنگرە، وێستگەی نوێ

لە ژێر دروشمی "مەملەکەت پێویستی بە هوداپار"ە ڕۆژی چوارشەممە ٢ حوزەیرانی ٢٠٢١ چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی بانگەوازی ئازاد (هوداپار) لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەچوو. لە کۆنگرەکەدا پاش وازهێنانی بۆ ماوەی ٣ ساڵ جارێکی تر یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتەکە زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو وەک کاندیدی بێ ڕکابەر بە سەرۆکی هوداپار هەڵبژێردرایەوە.

زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو، ٦ مانگ دوای دامەزراندنی هوداپار و لە ١ حوزەیرانی ٢٠١٣ لە کۆنگرەی یەکەمی پارتەکەدا وەک سەرۆکی هوداپار هەڵبژێردرا، پاش دەستلەکارکێشانەوەی بۆ ماوەی ٣ ساڵ و لە کۆنگرەی چوارەمی هوداپاردا کە لە ٢ حوزەیرانی ئەمساڵدا لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو جارێکی تر لە کۆی ٩١١ ئەندامی کۆنگرە دەنگی ٦٢١ ئەندامی بەدەستهێنا و وەک سەرۆکی هوداپار هەڵبژێردرایەوە. لە ساڵی ٢٠١٨ تاوەکو دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی هوداپار جێگری سەرۆکی پارتەکە بووە.

زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو پاش هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی پارتەکە لە وتارێکدا بە ئاماژەدان بەوەی کە "ئەگەر هوداپار بگاتە دەسەڵات ئەوا بە سیاسەتی ڕاست و دروست  دادپەروەری دەچەسپێنن" ڕەخنەی لە سیاسەتی ئێستای دەوڵەتی تورکیا گرت کە خاوەن سیاسەتێکی ڕاست و دروست نییە و نەیتوانیوە دادپەروەری لە کۆمەڵگەی تورکیادا بچەسپێنێت. لە وتارەکەیدا زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو ئاماژەی بەوەشدا کە "هەم کۆمەڵگە و هەمیش پەرلەمانی تورکیا پێویستییەکی زۆری بە هوداپار هەیە"، لەگەڵ ئەوەشدا پارتەکە هیچ ئەندامێکی لە پەرلەمانی تورکیادا نییە.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەنجامدانی گۆڕانکارییە لە سەرۆکی هوداپار-دا، بە جۆرێک لە هەر کۆنگرەیەکدا سەرۆکی پارتەکە دەگۆڕێت کە تاڕادەیەک نموونەیەکی دەگمەنە لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا. لەلایەکی تریشەوە ئەو کەسەی کە لە کورسی سەۆکایەتی هوداپار لادەبرێت بێ دڵشکان و جیابوونەوە وەک جێگری سەرۆکە نوێیەکە یاخود وەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی هوداپار بەردەوام دەبێت لە کار و چالاکی سیاسی. هەر ئەم دۆخەی هوداپار-ە وای لە کەسێکی وەک محەمەد عەلی پۆڵات سەرۆکی کۆمپانیای ماک بۆ ڕاپرسی و ڕاوێژکاری سیاسی لە تورکیا کردووە لە تویتێکدا بڵێت "هوداپار بۆ تورکیا نموونەیەکی زۆر گرنگە کە لە هەر کۆنگرەیەکدا سەرۆک دەگۆڕدرێت، هەرچەندە گواستنەوەی ئەم کلتوورەی هوداپار بۆ پارتەکانی دیکەی تورکیا قورسە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە وەک مۆدێلێکی گرنگ چاوی لێبکرێت". لە ڕاستیدا لێدوانی سەرۆکی ناوەندێکی گەورەی ڕاپرسی لە تورکیا لەسەر پارتێکی کوردی و وێناکردنی بەوەی کە ببێتە نموونە بۆ پارتەکانی دیکەی تورکیا مایەی سەرکەوتنە بۆ هوداپار.

مێژوو و پێگەی هوداپار 

پارتی بانگەوازی ئازاد (هودا پار) لە ١٢ کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٢ لە لەلایەن ٤٥ کەسەوە وەک دامەزرینەرانی پارتەکە کە ٨ کەسیان ئافرەت بوون ڕاگەیەنرا. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتەکە هوداپار کورتکراوەی ناوی تەواوی پارتەکەیە. لۆگۆی پارتەکە بریتییە لە کتێبێکی کراوە کە لاپەڕەکانی سپی سادەن و لە پشتی کتێبەکەیشەوە تیشکی خۆری هەڵهاتوو دەردەکەوێت، تەواوی ئەمانە لەگەڵ کورتکراوەی پارتەکە لەسەر ڕووپەڕێکی سەوز  نەخشینراوە. ئایدۆلۆجیای سەرەکی پارتەکە ئیسلامی ڕاستڕەو، ئوممەت، پارێزگار و دادپەروەری کۆمەڵایەتییە. لە ئێستاشدا لە کۆی ٣٦ ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی گشتی هوداپار کە بەرزترین ئۆرگانی بەڕێوەبردنی پارتەکەیە ٤ ئەندامیان ئافرەتن و لەمانەش یەکێکیان بە ناوی سەما یارار یاریدەدەری سەرۆکی هوداپار و بەرپرسی لقی خوشکانی پارتەکەیە.

ناوەندی سەرەکی هوداپار لە دیاربەکرە و لە تەوای شارە گەورە و ناوەندییەکانی باکوری کوردستاندا لق و ناوچەی هەیە، هەروەها لە زۆرێک لە شارە گەورەکانی وەک ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ لقی کردۆتەوە. جگە لەوەش لە ١٩ ئایاری ٢٠١٩ لە هەولێر بە فەرمی نوێنەرایەتی کردۆتەوە. لە ئێستاشدا هوداپار جگە لەوەی کە پرۆگرامی پارتەکەی بە زمانی کوردی شێوەزاری کرمانجی ژووروو هەیە لە هەمانکاتدا ئەو پڕۆگرامەی وەرگێڕاوەتە سەر شێوەزاری سۆرانی و لە قۆناغی چاپکردندایە.

هوداپار لە حکومەتە خۆجێییەکانی تورکیادا تەنها سەرۆکایەتی شارەوانی قەزای کایاپناری سەر بە پارێزگای دیاربەکری بەدەستەوەیە. ئەم پارتە لە ڕووی میدیاییەوە خاوەنی هەریەکە لە "ئاژانسی هەواڵی ئیلکهاİlke Haber Ajansı (İLKHA) " ڕۆژنامەی "هەواڵی ڕاست Doğru Haber" و تەلەفزیۆنی "ڕەهبەرRehber " و "ناوەندی توێژینەوەی فیکری ستراتیژیی Stratejik Düşünce Araştırmaları Merkezi"یە. ئاژانسی هەواڵی ئیلکها بە هەریەک لە زمانەکانی (کوردی شێوەزاری کرمانجی و سۆرانی، تورکی، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی) هەواڵ و بابەتی میدیایی بڵاودەکاتەوە.

یەکەم سەرۆکی پارتەکە و دامەزرێنەری محەمەد حسێن یڵماز بووە، پاشان لە کۆنگرەی یەکەمی پارتەکەدا لە ٣٠ حوزەیرانی ٢٠١٣ زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو وەک سەرۆکی هوداپار هەڵبژێردراوە. دوای ئەوەی بەهۆی خۆکاندیدکردنی وەک کاندیدی سەربەخۆی دیاربەکر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥ دەستی لە پارتەکەی کێشایەوە، پاش ئەوەی نەیتوانی دەنگی پێویست بۆ بوون بە ئەندامی پەرلەمان بەدستبهێنێت لە کۆنگرەی نائاسایی پارتەکەدا لە ١٣ حوزەیرانی ٢٠١٥ و پاشان لە کۆنگرەی دووهەمی پارتەکە ١٥ ئایاری ٢٠١٦ زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو وەک سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردراوە، لە ٢١ ئایاری ٢٠١٨ بەهۆی ئەوەی وەک کاندیدی سەربەخۆی دیاربەکرد خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کاندیدکرد، دیسان سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا و وەک جێگری سەۆکی هوداپار بەردەوامبوو لە کاری سیاسی. لە ساڵی ٢٠١٥ کە دەستی لەکارکێشایەوە ئەرکی سەۆکایەتی پارتەکە بە وەکالەت بە دامەزرێنەری پارتەکە محەمەد حسێن یەڵماز و لە ساڵی ٢٠١٨ ئەرکی سەرۆکایەتی پارتەکە بە وەکالەت بە محەمەد یاڤوز سپێردراوە. لە ٧ تشرینی دووەمی ٢٠١٨ لە کۆنگرەی سێیەمی پارتەکەدا ئیسحاق ساغڵام وەک سەرۆکی پارتەکە لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە هەڵبژێردرا.

لە كاری خێرخوازی بۆ پارتی سیاسیی

ئەگەر سەرنجێک لە پاشخان و ڕابردووی دامەزرێنەرانی پارتەکە و بنەما سەرەکییەکانی بدەین، دەبین هەمان ئەو کەسانەی کە پێشتر لە ڕێکخراوی ستەملێکراوان و هاریکاری Mustazafler ve Dayanışma Derneği (Mustazaf-Der) بوون و دوای داخستنی ڕێکخراوەکە لەلایان دەوڵەتی تورکیاوە لە ساڵی ٢٠١١ هوداپار-یان لە ساڵی ٢٠١٢ دامەزراند. وەک دەزانرێت Mustazaf-Der یش درێژکراوەیەکی "حیزبوڵای کوردی Kürt Hizbullahı" تورکیایە کە لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی بیستەمەوە لەلایەن حسێن ڤەلی ئۆغڵو Hüseyin Velioğlu وەک ڕێکخراوێکی ئیسلامی توندڕەو لە باکوری کوردستان دامەزرێنرا و چەقی کارەکانی شارەکانی دیاربەکر و باتمان بوو. لە پاش زیاتر لە دوو دەیە کارو چالاکی و لەلایەک ململانێی سەختی نێوان دوو باڵی حیزوڵا و لەلایەکی دیکەوە ململانێی خوێناوی حیزبووڵا لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پاش کوژرانی سەرۆکی ڕێکخراوەکە حسێن ڤەلی ئۆغڵو لە ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسی ئیستەنبوڵ لە ١٧ کانوونی دووەمی ٢٠٠٠ و ناونانی حیزبوڵا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەلایەن دەوڵەتەوە کار و چالاکییەکانی ڕووی لە کزی کرد و پاشان پووکایەوە، دواتریش ئەوانەی کە مابوونەوە بە سەرۆکایەتی محەمەد حسێن یڵماز لە ژێر ناوی ڕێکخراوی ستەملێکراوان و هاریکاری دەستیان بە کار و چالاکی کردەوە تاوەکو ساڵی ٢٠١١ کە ئەو ڕێکخراوەش داخرا و پاشان هوداپار-یان دروستکرد.

كوردایەتی و ئیسلامەتی

هودا پار وەک لە پڕۆگرامی گشتی پارتەکەدا هاتووە کوردستانی وەک خاکێکی یەک پارچە پێناسە کردووە پێی وایە "کورد یەکێکە لە کۆنترین نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە زمانی کوردی لە ناوچەیەکدا کە پێی دەگوترێ خاکی کوردستان دەژین. ئەم ناوچە جوگرافییە لە خۆرهەڵاتەوە لە چیاکانی زاگرۆسەوە، لە خۆرئاواوە لە خۆرهەڵاتی چیاکانی تۆرۆسەوە، لە باکورەوە لە بەشی باشوری چیاکانی دەریای ڕەشەوە بەرەو باشوری خۆرهەڵات و لە باکوری کەنداوی بەسڕە نزیک دەبێتەوە، لەباکوری خۆرهەڵاتەوە تاوەکو ناوەڕاستی قەوقاز درێژ دەبێتەوە و لە باشوری خۆرئاوادا تاوەکو هێڵی باکوری حەلەب دەڕوات".

هوداپار لەگەڵ ئەوەی بانگەشەی برایەتی نێوان "کورد و برا مسوڵمانە تورکەکان" دەکات، پێی وایە کە "ئایدۆلۆجیای کۆماری نوێی تورکیا لەسەر هەردوو بنەمای سێکیولاریزم و تورکچێتی" بینیاتنراوە. چارەسەری کێشەی کورد-یش لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئیسلامیدا دەبینێت کە هەموو مسوڵمانان وەک ئوممەتێک وان و کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی ناو ئوممەت مافی خۆی پێدەدرێت.

هەرچەندە بەردەوام هوداپار بە هەبوونی پەیوەندی نزیکی بە ئێرانەوە تۆمەتبار دەکرێت، بەڵام سەرۆکی پێشووی پارتەکە ئیسحاق ساغڵام لە چاوپێکەوتنێکیدا کە ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان لە تەمموزی ٢٠٢٠دا بڵاویکردۆتەوە هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و پەیوەندییەکانی هوداپار لەگەڵ ئێران وەک پەیوەندییەکانی ئەو پارتەی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئیسلامیدا هەڵسەنگاندووە.

هودا پار دۆخی کورد لە تورکیادا وەک "کێشەی کورد" ناو دەبات و بەرپرسانی پارتەکەش بەردەوام دەستەواژەی "کێشەی کورد لە تورکیادا Türkiye’de Kürt Sorunu" بەکاردەهێنن. هەروەک چۆن لە کۆنگرەی چوارەمیشدا سەرۆکی پێشووی پارتەکە ئیسحاق ساغڵام بەشیکی وتارەکەی تایبەت کردبوو بە "کێشەی کورد لە تورکیا". ساغڵام لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ ئەوەی لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و لە جەنگی ڕزگاری تورکیادا Kurtuluş Svaşı کوردەکان وەک برا لەگەڵ تورکەکاندا لە پێناو ڕزگارکردنی تورکیا و خاکی ئیسلامدا جەنگان، بەڵام دوای دامەزراندنی کۆماری نوێی تورکیا ئەو برایەتییە لەلایەن تورکەکانەوە گۆڕدرا بۆ نەتەوەپەرستی. ساغڵام باسی لەوەش کرد بەدرێژایی مێژوو هێندەی سەد ساڵی ڕابردوو کورد ڕووبەڕووی دژایەتیکردن و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی نەبووەتەوە. سەرۆکی پارتەکە لە ڕێگەی گوزارشتی "تا ئێستاش ئەقڵییەتی ئینکاری کورد و نەناسینی وەک نەتەوەیەک لە تورکیا بەردەوامە" ڕەخنەی لە کۆمەڵگە و دەوڵەتی تورکیا گرت کە بە جددی کاری لەسەر کێشەی کورد نەکردووە. جگە لەمانەش ساغڵام جارێکی تر جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە زمانی کوردی وەک دووەم زمانی فەرمی لە تورکیادا بناسێنرێت".

ئیسحاق ساغڵام یەکێک بووە لەو کەسایەتیانەی کە بەردەوام ڕەخنەی لەو ٤ ماددە سەرەکییەی دەستوری ساڵی ١٩٨٢ی تورکیا گرتووە کە دەڵێت نابێت ئەم دەستورە "ڕەخنەی لێبگرن و بیگۆڕن و تەنانەت ناشتوانن داوای گۆڕینی بکەن". تەنانەت لە ٢١ مارتی ٢٠٢١ کە پرسی گۆڕانکاری لە دەستوری تورکیادا هاتە ئاراوە، ئیسحاق ساغڵام و وەفدی هوداپار ژمارەیەک دانیشتنیان لەگەڵ سەرۆکی سەرجەم پارتە سیاسییەکانی تورکیادا ئەنجامدا، لەو کۆبوونەوانەدا بە ئاشکرا لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر چەسپاندنی مافی زمان و ناسنامە و کلتووری کوردیدا داوایان کردبوو ئەو ٤ ماددە بنەڕەتیەی دەستور-یش بگۆڕدرێت.

دەرکەوتنی هوداپار وەک پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی دەوڵەت و حکومەتی تورکیا بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە کە هەردوو هۆکارەکە بەشێکن لە ناسنامەی ڕەگداکوتاوی پارتەکە و ئەندامانی. یەکەمیان ئیسلامیبوونی پارتەکەیە کە بە تەواوی دژی سێکیولاریزمی دەوڵەتی تورکیا و پایە سەرکییەکانی کەمالیزمە لەو وڵاتەدا. بەردەوامیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە "پێوستە سیستەمی دەوڵەت و حکومڕانی لەگەڵ بنەما و بەها باڵاکانی کۆمەڵگەدا بگونجێنرێت" نەک وەک ئەوەی لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیای نوێ و هەتا ئیستاش بەردەوامە کە هەوڵدەدرێت پێوەر و بەها باڵاکانی کۆمەڵگە لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی کەمالیزم و سێکیولاریزمدا بگونجێنرێت. دووهەمیان پەیوەندی بە کوردبوونی دامەزرێنەران و زۆرینەی ڕەهای ئەندام ولایەنگرانی پارتەکەوە هەیە کە بە بەردەوامی لەسەر کێشەی کورد لە تورکیا و ڕووداوەکانی پەیوەست بەو کێشەیە هەڵوێستیان هەبووە و پێیان وایە هەتاوەکو مافە بنەڕەتییەکانی ناسنامە و کلتوور و زمانی کوردی لە تورکیادا فەراهەم نەکرێت کێشەی کورد لە تورکیادا چارەسەر نابێت. لەگەڵ ئەمانەشدا لە پرسە ئیسلامییە سەرەکییەکاندا هەڵوێستی هوداپار زۆربەی جار لەگەڵ هەڵوێستی ئێستای پارتی دەسەڵاتداری تورکیا پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) Adalet ve Kalkınma Partisi (AKP) یەکدەگرێتەوە و پشتیوانی هەنگاوەکانی حکومەت دەکەن، هەر لەبەر ئەمەشە هەندێکجار جەماوەر دەکەونە گومانەوە لە هەڵوێستی هوداپار و پێیان وایە لە هەندێک بابەتدا لایەنداری بۆ دەوڵەتی تورکیا دەکات.  

لەلایەکی تریشەوە بەهۆی ئەو ڕابردووەی کە سەرکردەکانی هوداپار لە سەردەمی "حیزبوڵای کوردی" و ڕێکخراوی هاوکاری و ستەملێکراوان"دا لەگەڵ پەکەکە هەیبووە و لە ئێستاشدا بەهۆی ئەو ململانێ بەردەوامەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و ڕەوتی چەپ و بزووتنەوە نەتەوەییە کوردییەکان لە باکوری کوردستان هەیەتی بەردەوام تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە بە بیانووی ناسنامەی ئیسلامییەوە پشتیوانی لە سیاسەتەکانی دەوڵەت و حکومەتی تورکیا دژی کوردستان و گرووپە نەتەوەییە کوردییەکان لە باکور و باشوری کوردستان دەکات.  


# تورکیا

Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure