تاڵیبان لە حوجرەی مزگەوتەوە بۆ سەرۆكایەتی وڵات

10/07/2021

:: ئیدریس سیوەیلی

 

ماوەیەكە جموجۆڵ و چالاكییەكانی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، سەرنجی چاودێرانی بەلای خۆیدا كەمەندكێش كردووە، بە تایبەت كە وا بڕیارە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ هێزەكانی ئەمەریكا ئەو وڵاتە جێبێڵن، بەمەش پێشبینی ئەوە دەكرێت لە ماوەیەكی كەمدا جارێكی تر بزووتنەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی بكەوێتەوە دەست، لەم بابەتەدا مێژووی دروستبوونی ئەو بزووتنەوەیە و ئایدۆلۆجیا و شێوازی حوكمڕانیكردنی لە ماوەی دەسەڵاتیدا خراوەتەڕوو.

دامەزراندن

سەرەتای دامەزراندنی بزووتنەوەی تاڵیبان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1994، لەسەردەستی ژمارەیەك قوتابی قوتابخانەی زاسنتە شەرعییەكان لە ویلایەتی قەندەهار بە رێبەرێ مەلا محەمەد عومەر دامەزرا، قوتابیەكان بەیعەتیان پێدا پاڵپشت و هاوكاری بن، وشەی تاڵیبان كۆی وشەی (تاڵیب)ە لە زمانی پەشتۆن بە واتای قوتابی، بزووتنەوەكە هەڵگری ئایینزای حەنەفی و زۆرینەیان لە رەگەزی پەشتۆن-ن كە بە گوێرەی هەندێك ئاماری نافەڕمی 38% دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێكدێنن و لە ناوچەكانی رۆژهەڵات و باشوور نیشتەجێن.

ئایدۆلۆجیا

وەك ئاماژەی پێدرا بزووتنەوەكە هەڵگری ئایینزای حەنەفییە و پابەندن بە جێبەجێكردنی حوكمە شەرعییەكان بەپێی ئایینزای حەنەفی، هاوكات بزووتنەوەكە كاریگەربووە بەو میتۆدی خوێندنەی لە قوتابخانەی خوێندنی زانستە شەرعییەكان پەیڕەوی لێدەكرێت. لە قوتابخانەكان بابەتە ئایینییەكان بە شێوەیەكی زۆر تەقلیدی دەخوێندرێت، بە پلەی یەكەم تەركیز كراوەتە سەر تەفسیر، فەرمودە، ژیاننامەی پیغەمبەر (د. خ) و چەند زانستێكی سەردەم كە سەرجەمیان بە شێوەیەكی زۆر تەقلیدی لە قوتابخانەكان دەخوێندرێن، قوتابی بە شێوەی پلە پلە لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەستپێدەكات پاشان قۆناغی ناوەندی و تەواوكاری، كۆتا ساڵیش قوتابی خۆی تەرخان دەكات بۆ خوێندنی زانستی فەرمودە، بەپێی قۆناغی خوێندننیش پلەی قوتابیەكە بەرزدەبێـەوە، لە قۆناغی سەرەتایی پێی دەوترێت قوتابی (طالب)، لە قۆناغی ناوەندی پێی دەوترێت (مەلا) و دوا قۆناغیش بە (مەولەوی) ناودەبرێت كە خوێندنی تەواو كردوە و مۆڵەتی زانستی وەرگرتوە و مەندیل دەكاتە سەری و مافی ئەوەی هەیە وانە بڵێتەوە.

لە سەرەتای دروستبوونی بزووتنەوەكەوە، لە 3 تشرینی دووەمی 1994 لەسەر زاری وتەبێژی بزووتنەوەكە عەبدولمەنان نیازی رایگەیاند: تێدەكۆشن بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری و ئاسایش بۆ ئەفغانستان و كردنەوەی رێگا گشتییەكان و گێڕانەوەی مافی زەوتكراوی خەڵكی. دوای دەستبەسەراگرتنی چەند ولایەیتێك ئامانجەكانی بزووتنەوەكە گەشەی كرد بۆ دروستكردنی حكومەتێكی ئیسلامیی بە گوێرەی میتۆدی خیلافەی راشدین، ئەمەش لەسەر زمانی مەلا محەمەد عومەر رێبەری بزووتنەوەكە لە 4 نیسانی 1996 لەبەردەم ژمارەیەك زانا و كەسایەتی راگەیانرا، لەو دەمەدا بزووتنەوەكە ئامانجەكانی خۆی بڵاوكردەوە كە خۆیدەبینیەوە لە:

1- دامەزراندنی دەوڵەتێكی ئیسلامیی لەسەر پەیڕەوی خیلافەتی راشدین.
2- دەبێت ئیسلام ئایینی فەڕمی گەل و حكومەت بێت.
3- دەبێت كەسانی زانا و پابەند بە ئایین دیاریبكرێن بۆ گرتنەدەسەتی دەسەڵات و پۆستەكانی حكومەت.

4- ریشەكێشكردنی دەمارگیری نەتەوایەتی و خێڵەكی.
5- پارێزگاری لە ئەهلی سوننە و ئەوانەی پانایان هێناوەتە بەر ئەفغانستان بە گوێرەی شەریعەتی ئیسلام.
6- بەهێزكردنی پەیوەندی لەگەڵ تەواوی وڵاتان و رێكخراوە ئیسلامییەكان.

7- باشكردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامیی بەگوێرەی بنەما شەرعییەكان.
8- جەختكردنەوە لەسەر پۆشینی حیجاب لەلایەن ئافرەتانەوە لە تەواوی دۆخەكاندا.
9- دامەزراندنی دەستەی فەرمان بە چاكە و رێگری لە خراپە لە سەرانسەری وڵاتدا.

10-قەدەغەكردنی ماددەی هۆشبەر و وێنە و فیلمی نەشیاو لە سەرانسەری وڵات.
11-سەربەخۆیی دادگا شەرعییەكان لە سەرجەم ویلایەتەكان.
12-پەیڕەوكردنی میتۆدی ئیسلامیی لە سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن بە زانكۆكانیشەوە.
13-لە هەموو بابەتە سیاسیی و نێودەوڵەتییەكاندا بەپێی قورئان و سوننەت مامەڵە بكرێت.

بۆچی تاڵیبان بەو خێراییە گەشەی كرد؟

پرسیارێكی جدی كە بە زەینی هەمواندا دێت بۆچی لە ماوەی دوو ساڵدا 1994- 1996 بزووتنەوەی تاڵیبان بەو شێوەیە گەشەی كرد و توانی كۆنترؤڵی زۆرینەی ئەفغانستان بكات، بێگومان هۆكاری زۆر لە پشت ئەو دۆخەوە بوو لەوانە:

1 – بەردەوامی جەنگی ناوخۆی گرووپە ئەفغانییەكان بە هۆی ململانێیان لەسەر دەسەڵات، هەر لایەكیان خۆی بە شایستەی دەسەڵاتداری ئەفغانستان دەزانی، ئەم ململانێ و شەڕە ناوخۆییەش زیانێكی گیانی و ماددی زۆری لە ئەفغانییەكان دا، بۆیە دەركەوتنی هێزێك كە بانگەشەی كۆتایی بەو دۆخە بكات بە گشتیی لەسەر ئاستی جەماوەری پێشوازی لێدەكرا.

2- پشێوی و نەمانی ئاسایش: دوای پاشەكشەی هێزەكانی یەكێتی سۆڤیەت و جەنگی ناوخۆی گرووپە ناكۆكەكانی ئەفغانستان، ئەو وڵاتە تووشی دۆخێكی سەخت بوو، هێمنی و سەقامگیری تێدا نەما، هەر گرووپە و ناوچەیەكی دابڕیبوو بۆخۆی حوكمڕانی تێدا دەكرد، بێ ئەوەی رێزی یاسا بگرێت، ئەمەش مەترسییەكی گەورەبوو لەسەر یەكێنتی وڵاتەكە، بۆیە دەركەوتنی تاڵیبان بەلای خەڵكەوە بە جۆرێك لە رزگاری و فریادەڕەس لەو دۆخە لێی دەڕوانرا.

3- بڵاوبوونەوەی گەندەڵی، راوڕوت و یاساشكێنی، بە جۆرێك چەندین پێكدادانی چەكداری لە نێوان گروپی جیاواز لەناو سەنتەری شارەكان روویدەدا، بە هۆیەوە جگە لە زیانی گیانی دزی و راوڕووت پەرەیسەندبوو، تەنانەت كار گەیشتبووە بڕینی هەندێك رێگای سەرەكی، ئەمە وێرای ئەوەی هەندێك لە سەركردەكان دەستیاندابویە بازرگانی بە بەرد و كانزای گرانبەهاوە، تاڵیبانیش لە سەرەتاوە بانگەشەی نەهێشتنی ئەم دیاردە و سزادانی تاوانبارانی كرد، ئەو دەرفەتەی قۆستەوە بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی جەماوەر.

4- كاریگەری هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان: پاكسان خوازیاری دروستبوونی حكومەتێك بوو لە ئەفغانستان كە هاوكاری بێت لە كارئاسانی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، بۆیە حكومەتەكەی بورهانەدین رەبانی و ئەحمەد شا مەسعودی بە هاوكار و نزیك لە هیندستانی نەیاری دەزانی، ئەمەش وای كرد كە هاوكاری تاڵیبان بكات لە رووخاندنی ئەو حكومەتە و هاتنەسەركاری تاڵیبان، دەوترێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لەسەرەتادا ئەمەریكا لە دەركەوتنی تاڵیبان نیگەران نەبووە و بە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییەكانی خۆی نەزانیوە، بەڵام دواتر و بەتایبەت كە تاڵیبان بووە هاوكاری رێكخراوی قاعیدە، ئەمەریكا كەوتە دژایەتی و لە چوارچێوەی نەیارانی خۆی ئەژماری كرد.

گرتنەدەستی دەسەڵات

لە تەمموزی 1994 یەكەم چالاكیی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ویلایەتی قەندەهار دەستیپێكرد، تا كۆتایی هەمان ساڵ توانی چوار ویلایەت كۆنتڕۆڵ بكات، رۆژ لە دوای رۆژ هێزەكانی تاڵیبان لە پێشرەویدا بوون و ناوچەی زیاتر دەكەوتە بندەستیان، لە 3 نیسان 1996 مەلا محەمەد عومەر 1500 زانای ئایینی وەكو نوێنەری ناوچە جیاوازەكان كۆكردەوە و هەموویان بەیعەتیان دایە مەلا محەمەد عومەر و نازناوی (میری باوەڕداران)یان پێ بەخشی، تا كۆتایی هەمان ساڵ تاڵیبان كۆنتڕۆڵی زۆربەی خاكی ئەو وڵاتەی كرد، لە مانگی ئایاری 1997 پاكسان وەك یەكەم وڵات دانینا بە حكومەتی تاڵیبان، دوای ئەویش سعودیە و ئیمارات نیانپێدانا.

پەیكەر و سیستمی حوكمڕانی

مەلا محەمەد عومەر وەك كەسی یەكەمی ئەفغانستان و ئەمیری بزووتنەوەكە بەیعەتی پێدرابوو، ئەو دەسەڵاـێكی بەرفراوانی هەبوو بۆ رایكردنی كاروبارەكانی، هیچ ماوەیەك بۆ حوكمڕانی دانەنرابوو، وەك خەلیفەیەك ئەژمار دەكرا كە لەلایەن ئەهلی حەلوعەقدەوە هەڵبژێردراوە و بەیعەتی پێدراوە و لەسەر هەمووان بوو گوێرایەڵی فەرمانەكانی بن و تەنها لە حاڵەتی بێتوانایی لە راپەڕاندنی كارەكانی، یاخود سەرپێچیكردنی شەریعەت دەسەڵات لەدەستدەدات، بۆیە تا مردنی بەردەوام دەبێت لە سەرۆكایەتی، ئەو ئەنجومەنێكی بۆ راپەڕاندنی كاروبارەكانی كابول بە سەرپەرشتی خۆی پێكهێنابوو، هاوكات ئەنجومەنی وەزیران هەبوو كە هەفتانە كۆدەبویەوە و كاروباری وڵاتی دەبربەڕێوە، ئەنجومەنی فەتوای دامەزراندبوو بۆ راپەڕاندنی كاروبارە شەرعییەكان، بۆ هەر ویلایەتێكیش والیەكی دانابو كە دەسەڵاـێكی بەرفراوانی هەبوو، هەر والیەكیش ئەنجومەنێكی شورای هەبوو كە راوێژی پێدەكردن لە بەڕێوەبردنی كاروباری ویلایەتەكە، كاروبارە سەربازیەكانیش لەلایەن ژمارەیەك سەركردەوە بەرێوەدەبران كە راستەوخۆ فەرمانیان لە مەلا محەمەد وەردەگرت.

كۆتایی حوكمڕانی تاڵیبان

دوای رووداوی یانزەی سێپتەمبەر، تاڵیبان لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە بە پاڵپشتی رێكخراوی قاعیدە تۆمەتباركرا، بۆیە ئەمەریكا هێرشی كردە سەر ئەفغانستان و كۆتایهێنا بە حوكمی تاڵیبان، بەڵام ئەمە نەبووە مایەی كۆتایهێنان بە بزووتنەوەكە، بەڵكو بزووتنەوەكە بە شێوەی جۆراوجۆر و بە تایبەت جەنگی پارتیزانی درێژەی بە چالاكیی خۆیدا، ئەمە وێرای ئەنجامدانی چەندین كاری خۆكوژی و تەقینەوە كە هەزاران قوربانی لێكەوتەوە، لەو نێوەندەشدا هێزە بیانییەكان رایانگەیاندوە لە دوای رووخانی تاڵیبانەوە زیاتر لە 3000 سەربازیان لەسەردەستی ئەو بزووتنەوەیە لە شوێنە جۆربەجۆرەكانی ئەفغانستان كوژراون، ئەمەش بووە پاڵنەرێك بۆ بانگەشەی پاشەكشەی هەندێك لەو هێزانە لە ئەفغانستان و دواجاریش بە ناوبژیوانی قەتەر دانوستان لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و تاڵیبان دەستپێكرد.

داهاتوی ئەفغانستان و گەڕانەوەی تاڵیبان

لە 2015 بزووتنەوەی تاڵیبان كۆچی دوایی مەلا محەمەد عومەری راگەیاند، دوای ئەو مەلا ئەختەر مەنسور بووە رێبەری بزووتنەوەكە، ئەویش لە 2016 كوژرا و مەلا هەیبەتوڵا ئاخونزادە بووە رێبەری بزووتنەوەكە، وەك لە بەیاننامەی بزووتنەوەكەدا هاتووە بە هەمان شێوەی رێبەرانی پێش خۆی بە (میری بڕواداران) ناوزەد كراوە، لە ئێستاشدا كە وا بڕیارە لە مانگی ئەیلول هێزەكانی ئەمەریكا بە فەڕمی ئەفغانستان جێبێڵن، چاوێران پێشبینی ئەوە دەكەن لە ماوەی شەش مانگی داهاتوو جارێكی تر تاڵیبان باڵادەستی خۆی بەسەر ئەفغانستان بسەپێنێت و بگەڕێتەوە سەر شانۆی سیاسیی ئەو وڵاتە، گۆڕانكارییە خێراكانی چەند رۆژی رابردووش لە گۆڕەپانی ئەفغانستان كە هێزەكانی تاڵیبان لە ماوەیەكی كەمدا چەندین ناوچەیان كۆنتڕۆل كرد زیاتر دروستی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنن، رەنگە گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات گۆڕانكاری لە بەشێك لە هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە و تەرازوی هێزدا بكات.

# توندڕەوی # تیرۆریزم # تاڵیبان # تەکفیر # جیهاد # رەوتە ئیسلامییەکان

Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure