سوپای پاسدارانی ئێران؛ ئەرك و سەركردایەتی

11/08/2021

:: ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان

 

سوپای پاسداران بە یەكێك لە دەزگا سەربازی و ئەمنییە گرنگەكانی ئێران ئەژمار دەكرێت، خاوەنی هێزی زەمینی، دەریایی و ئاسمانییە، دەسەڵاتی سەرپەشتیكردنی چەكە ستراتیجییەكانی هەیە، هاوكات پێگەیەكی سیاسیی و ئابووری گەورەی هەیە، بەشێك لە كەسایەتییەكانی پۆستی سیاسیی باڵایان وەرگرتووە، دیارترینیان مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆك كۆماری پێشوتر.

دروستبوون
سوپای پاسداران پاش هەلایسانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە 1979 بە بڕیارێكی خومەینی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئەوكات دامەزرا، بە ئامانجی پاراستنی رژێمی نوێی وڵات و دروستكردنی جۆرێك لە هاوسەنگی لە بەرامبەر سوپای فەڕمی وڵات، سێ هێزی سەربازی لە ئێراندا هەیە، یەكەمیان ئەرتەش كە هێزی زەمینی، ئاسمانی و دەریایی لەخۆدەگرێت، دووەم "سوپای پاسەوانی شۆڕشی ئیسلامیی" كە بە سوپای پاسداران ناودەبرێت، نیروی انتزامی.

سوپای پاسداران ئەركی پاراستنی سیستمی وڵاتی پێسپێردرا و بە تێپەربوونی كات بووە هێزێكی سیاسیی و ئابووری گەورە لە ئێران.

ئەركی سوپای پاسداران
سوپای پاسداران بە هێزێكی تەریبی سەربازی ئاسایی دادەنرێت لە رووی پەیكەر و پێكهاتەوە، بەهۆی رۆڵێ گرنگی لە بەرگری لە خاكی ئێران و یەكپارچەیی ئەو وڵاتە، بە تایبەت دوای ئەوەی ئەو هێزە بووە خاوەنی موشەك و هێزی موشەكی، رۆڵێ سوپای پاسداران چڕبۆتەوە لە پارێزگاری لە رژێمی كۆماری ئیسلامیی و رێگری لە هەر دەستتێوەردانێكی دەرەكی و رێگریكردن لە كودەتای سەربازی و بزووتنەوە توندڕەوەكان.

پەیكەری سەربازی
سوپای پاسداران لە 2008 دا 31 یەكەی سەربەخۆی بۆ سەرپەرشتیكردنی موشەك دامەزراند، لە رووی كرداریەوە پەیكەری سەربازی هەندێك گۆڕانكاری بەخۆوە بینی، جۆرێك لە نامەركەزی لە بەرێوەبردنی ئەو 31 یەكە نوێیەدا پەیڕەو كرا، یەكەكان بەسەر 30 پارێزگادا دابەشكران، جگە لە تاران كە دوو یەكەی بەركەوت.

هەواڵگری سوپای پاسداران (ئیتلاعاتی سوپای پاسداران)
دەزگای هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێران ناسراو بە ئیتلاعاتی سوپا، رۆڵی لۆجستی و سەرەكی دەبینێت لە كۆكردنەوەی زانیاری، دەزگاكە بەرپرسە لە پلاندانان و جێبەجێكردنی كردەوەی نهێنی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، لەگەڵ میلیشا و گرووپە چەكدارەكان هەماهەنگی دەكات، بە تایبەت لەگەڵ حیزبوڵای لوبنان بۆ مەشقپێكردنی چەكدارانی هاتوو لە پاكستان، ئەفغانستان و یەمەنەوە.

بەسیج
بەسیج وەك هێزێكی نیمچە سەربازی پاڵپشتییە، لە كەسانی خۆبەخش پیكهاتبوو، بەڵام دواتر بە فەرمانی رێبەری شۆڕش فراوانكرا و چەندین میلیشیای لەخۆگرت، ئەركێكی سەرەكی بەسیج بەرەنگاربوونەوەی چالاكیی دژ بە رژێمە لە ناوخۆی وڵات، هەروەك لە 2009 كاتێك دوای راگەیاندنی سەركەوتنی ئەحمەد مەحمود نەژاد لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان سەریهەڵدا، بەسیج ئەركی پارێزگاری لە سیستمی وڵات و پارێزگاری لە بنكەی جەماوەری سیستمەكە گرتەئەستۆ.

فەیلەقی قودس
فەیلەقی قودس هێزێكی سەربازی سەر بە سوپای پاسدارانە، پێشتر قاسم سلێمانی بەرپرسی بوو، لە ئێستادا ئیسماعیل قائانی بەرپرسێتی، زۆرجار بە جێگرەوەی پاسەوانی ئیمپراتۆڕی ئێرانی ناوزەد دەكرێت كە بەرپرس بوو لە پاسەوانی محەمەد رەزا شا و پیكهاتەیەكی سەربازی بوو ژمارەی ئەندامانی لە نێوان 2000- 5000 كەسی سەربازی دەخەمڵێنرا، لە ئێران وەكو یەكەی تایبەتی مامەڵەكردن لەگەڵ چالاكی لە دەرەوە ئەژمار دەكرێت.

وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا "ستیڤ مۆنشن" لە تشرینی یەكەمی 2017 سوپای پاسدارانی تۆمەتباركرد بە "بەسەربازگرتن و مەشقپێكردن و كارئاسانیكردن  بۆ هاووڵاتیانی ئەفغانی و پاكستانی لە هاتنیان بۆ سوریا، هاوكات جەنگانیان لەپاڵ سوپای پاسداران، ئەمە وێڕای بەكارهێنانی فڕۆكەخانەی مەدەنی لە ئێران بۆ گواستنەوەی كەرەستەكانی فەیلەقی قودس بۆ عێراق و سوریا"، ناوبراو راشیگەیاند "بەردەوام دەبێت لە بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی بۆ رێگریكردن لە چالاكییەكانی سوپای پاسداران".

هێزی دەریایی
هێزی دەریایی سوپای پاسداران هاوكاری هێزی ئەرتەشە، لە پاسەوانی سنورە هەرێمی و نێودەوڵەتییە ئاوییەكان، هێزی دەریایی سوپای پاسداران خاوەنی كۆگای گەورەی بەلەمی بچوكی سەربازییە، كە لە جەنگی نابەرابەردا بەكاردێن، پەیڕەوی لە تەكنیكێكی سەربازی دەكەن كە زۆرتر لە جەنگی پارتیزانی نزیكە، خاوەن توانایەكی بەهێزە لە دەریا، چەك و موشەكی كرۆزی دژە كەشتییان هەیە.

هێزی دەریایی سوپای كۆماری ئیسلامیی یەكێكە لە لقەكانی هێزی دەریایی ئێران لە پاڵ هێزی دەریایی سوپای پاسداران چالاكی دەنوێنن، لە رووی ئەرك و بەرپرسیاریەتیەوە لەیەكچوون، بەڵام لە رووی ستراتیجی سەربازی، پڕچەككردن و مەشقەوە جیاوازن، ئەوان بڕبڕەپشتی هێزی دەریاین و جگە لە كەشتیە ئاشكراكان، چەند ژێردەریایی و بەلەمی بچوكی سەربازییان هەیە، كە لە هێرشی ناكاو و خێرا و بە پەیڕەوكردنی تاكتیكی لێدە و هەڵێ كاردەكەن كە زۆرتر لە شێوەی جەنگی پارتیزانییە، هەروەها پارێزگاری لە كەشتیگەلی سەربازی ئێران و موشەكی كرۆز و مینی كەناراوەكان دەكەن، هاوكات هێزێكی دەریایی تایبەتی دەریاییشی هەیە.

هێزی دەریایی 18 هەزار سەرباز لەخۆدەگرێت، لەو ژمارەیەش 2600 كەس لە دامەزراوە سەربازییەكان كاردەكەن، خاوەنی 29 ژێردەریایی و 69 كەشتیی جەنگییە.

هێزی وشكانیی
كۆمەڵی پشتیوانانی مەهدی، یەكەی یەكەمی بەرپرسە لە پاسەوانی گەورەبەرپرسان لە حكومەت و پەرلەمان جگە لە رێبەری گشتی، ئەم یەكەیە لە چوارچێوەی هێزی وشكانیی سوپای پاسداراندایە، لە كۆمەڵێك ئەفسەر پێكهاتوون كە بەلێنیان داوە چەندین كاری گرنگ بكەن، لەوانە، بەرەنگاربوونەوەی سیخوڕی و ئەنجامدانی چالاكیی تایبەت لە دەرەوەی سنوری كۆماری ئیسلامیی ئێران.

هێزە چەكدارەكان لە كاتی ئاشتیدا لە سێ بەشی سەرەكی پێكدێت: ئەرتەش و سوپای پاسداران و نیروی انتزامی، رێبەری گشتیی شۆڕشی ئیسلامیی سەركردەی هێزە چەكدارەكانە، لە حاڵەتی لەناكاو سەركردایەتی سەربازی سەرپەرشتیی هێزەكانی پاراستنی یاسا دەكەن كە لە دۆخی ئاساییدا سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە، وەك ئاماژەی پێدرا هەریەكە لە ئەرتەش و سوپای پاسداران خاوەنی هێزی زەمینی، دەریایی و ئاسمانین.

زۆربەی گرووپە چەكدارەكانی عێراق دەدرێنە پاڵ سوپای پاسداران، لەلایەن ئەو سوپایەوە پاڵپشتی دەكرێن و چەكیان پێدەدرێت و راهێنانیان پێدەكرێت، لە رێگەی حیزبوڵاوە دەستوەردەداتە ناوخۆی لوبنان، ئەندامانی حیزبوڵا چەكدار دەكات و مەشقیان پێدەكات، هەمان شتیش لە یەمەن لە رێگەی حوسیەكانەوە دەكات، چەندجارێكیش هەوڵیداوە دەستوەرداتە كاروباری ولاتانی كەنداوی عەرەبی، لە هەردوو وڵاتی كوەیت و بەحرەین ئەوە بە ئاشكرا دەبینرێت، دەوترێت سوپای پاسداران چەندین كەسی هەیە لە باڵیۆزخانەكانی ئێران لە وڵاتان كە كاری هەواڵگری دەكەن و سەرپەرشتی گرووپەكانی نزیك و پەیوەست بە ئێرانەوە دەكەن.

هێزی ئاسمانی
هێزی ئاسمانی ئێران 30 هەزار سەرباز لەخۆدەگرێت، لەو ژمارە 12 هەزاریان هێزی بەرگری ئاسمانین، هێزی ئاسمانی نزیكەی 330 فڕۆكەی جەنگی هەیە، لەو ژمارە 180 فڕۆكەی شەڕكەری ئەمەریكی، سۆڤیەتی و بەریتانی، 120 فڕۆكەی گواستنەوەی سەربازی و بۆمبهاوێژی ئەمەریكی و روسی و فڕۆكەی راهێنان و زیاتر لە 30 هەلیكۆپتەری جەنكی.

فڕۆكەی بێفڕۆكەوان
بەرنامەیەكە ماوەی چەند دەیەیە ئێران كاری تیادەكات، ئێران بە یەكێك لە گەورەبەرهەمهێنەكانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ئەژمار دەكرێت، ئەو فڕۆكانەی ئێران هەیەتی بە مەبەستی چاودێری و كاری هەواڵگری بەكاردەهێنرێت لە دورەوە تا سنوری 200 كیلۆمەتر، ئەمە وێڕای بەكارهێنانی بۆ پێكانی ئامانجی دیاریكراو لەسەر زەوی لە رێگەی بۆمب و موشەكی ئاراستەكراوەوە.

چالاكی ئابووری
هەندێك راپۆرت ئاماژە بەوە دەدەن كە بەهای كۆمپانیاكانی سوپای پاسداران زیاتر لە 100 ملیار دۆلارە، دیارترینیان كۆمپانیای (خاتەمولئەنبیا) كە گەورەترین كۆمپانیای بەڵێندەرایەتی ئەندازیاری ئێرانییە، سەدان گرێبەستی لەگەڵ حكومەت هەیە و نزیكەی (20) هەزار كارمەند كاری تێدا دەكەن، زیاتر لە 300 كۆمپانیا لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران لە سایەی ئەم كۆمپانیایە كاردەكەن، پشكی لە چەندین بانك، پاڵاوگە، كارگەی ئۆتۆمبێل، پترۆكیمیایی و پیشەسازی خۆراكدا هەیە.

سوپای پاسداران خاوەنی (51%) كۆمپانیاكانی پەیوەندییە لە ئێران، هاوكات خاوەنی (45%) كۆمپانیای (بەهمەن) بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێلی مازدا و كۆمپانیای (ئەنفۆران)ە كە گەورەترین بەرهەمهێنی قوڕقوشمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها كۆمپانیای ئێران بۆ پیشەسازیی دەریایی كە پاپۆڕی نەوت دروستدەكات، بەشداریشە لە پرۆژەكانی نەوت و گاز، هەندێك راپۆرت ئاماژە بەوە دەدەن كە سوپای پاسداران بە رێژەی (15%) بەشدارە لە كۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئێران لە كاتێكدا كەرتی نیمچە حكومی بە گشتیی بە رێژەی (40%) بەشدارە، بەشداری كەرتی تایبەتیش (25%) و كەرتی گشتیش (35%)ە.

پرۆسەی بایۆلۆجی و ناوەکی
سوپای پاسداران پەیوەستە بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە، ئەم پەیوەستیە بە جۆرێكە بەشێك لە سەركردەكانی ئەو سوپایە خراونەتە چوارچێوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە كانونی یەكەمی 2006 و ئازاری 2007 و داهاتەكەیان بلۆككرا، لە تشرینی یەكەمی 2017 سەرچاوەیەك لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا ئاشكرایكرد سوپای پاسداران رێكخراوێكی تیرۆریستییە لە چوارچێوەی ستراتیجی سەرۆك دۆناڵد ترامپ بەرامبەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.

لە ئایاری 2018 ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا سزای بەسەر تۆڕی پارەداركردنی سوپای پاسداران سەپاند، كە ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی لە نێوان وڵاتی ئیمارات و ئێراندا دەكرد، ئەم رێوشوێنەش بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیمارات جێبەجێكرا، بەئامانجگیراویش شەش كەسایەتی و چەند كیانێكی ئێران بوون كە تۆمەتباركران بە كاركردن لە چوارچێوەی تۆرێكی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی كە بڕەكەی ملیۆنان دۆلار بووە.

سەرچاوە:
المركز الأوروبي لدراسات مكافحة الإرهاب والإستخبارات

# ئێران

Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure