ڕابەرە سەرەكییەكانی تاڵیبان

18/09/2021

:: ئەژی ئازاد ئەبوبەکر

پێشەكی
تاڵیبان گروپێكی چەكداری خاوەن بیری توندڕەوانەی ئیسلامین. ئەم گروپە بە شێوەیەكی پێكهاتەیی لە ساڵی 1994 دروست بوون و چوونەتە ناو گۆڕەپانی شەڕی ناوخۆیی ئەفغانستان، لە ئیستادا پاش دوو دەیە دووبارە دەسەڵاتیان گرتووەتەدەست. پێكهاتەی سەرەتایی ئەم گروپە بە زۆری لەو جەنگاوەرە موجاهیدانە پێكدێت كە بە پشتیوانی ئەمەریكا لە هەشتاكانی سەدەی بیست، دژ بە هێزەكانی یەكێتی سۆڤییەت شەڕیان كرد. 

تاڵیبان لە پاش دامەزراندنی، بە خێرایی ویلایەتەكانی ئەفغانستانیان خستە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان و لە ساڵی 1996 چوونە ناو شاری كابوڵ. لە ماوەی دەسەڵاتداریی تاڵیبان، خەڵكی ئەفغانستان بینەری جێبەجێكردنی سزا بێڕەحمەكان، بەربەستكردنی ئازادییەكانی ژنان، سەركوتكردنی كەمینە ئایینزایی و ئیتنیكییەكان و سەپاندنی بیروباوەڕە توندڕەوە ئیسلامییەكان بوون لەسەر بنەمای تێگەیشتنەكانی ئەم گروپە لە ئیسلام. 

دامەزرێنەری گروپی تاڵیبان، محەمەد عومەر(1) ناسراو بە "مەلا عومەر" بوو كە لە دەسپێكی هێرشی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ ئەفغانستان لە پاییزی 2001 بۆ وڵامدانەوەی هێرشەكانی 11-ی سێپتەمبەر، لە شوێنێكی نادیاردا خۆی شاردەوە. لە ساڵی 2015 چەند هەواڵێك لەسەر ئەگەری مردنی مەلا عومەر بڵاوبوویەوە. لە هەمان ساڵدا، تاڵیبان بەبێ داننان بە هەواڵی مردنی ڕابەرەكەیان، "ئەختەر مەحمود مەنسور"یان(2) وەك ڕابەری نوێی خۆیان ناساند. بەڵام دووەمین ڕابەری تاڵیبان نزیكەی یەك ساڵ لە دوای ڕاگەیاندنی، لە هێرشی ئاسمانیی ئەمەریكا لە خاكی پاكستان كوژرا و دواتر "هەیبەتوڵا ئاخوندزادە" ڕابەری ئیستای گروپی تاڵیبان وەك جێنشینی ئەختەر مەحمود دیاری كرا. تاڵیبان لە ساڵی 2019 پاش تێپەربوونی شەش ساڵ، مردنی مەلا عومەری لە ساڵی 2013 ڕاگەیاند.

ئیستا بە هاتنەوە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ناوی ئەم گروپە و ناوی ڕابەڕەكانیان لە جیهاندا دووبارە هاتووەتە ناو میدیاكانەوە. پێكهاتەی ڕابەرایەتی گروپی تاڵیبان لەم بیست ساڵەی كۆتاییدا تووشی گۆڕانكاری و ئاڵۆزیی بووەتەوە. لەم ڕاپۆڕتەدا پێشینەی شەش كەس لە ڕابەرانی سەرەكی ئەم گروپە بەسەر دەكرێتەوە. 

هەیبەتوڵا ئاخوندزادە

تەنیا ئەم وێنەیە لە هەیبەتوڵا ئاخوندزادە لەبەردەستە (ڕێككەوتی وێنەكە دیار نییە)

هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، ڕابەری تاڵیبان، ساڵی 1960 (60 ساڵان) لە ناوچەی پەنجوائی (یەكێكە لە شارۆچكەكانی سەر بە ویلایەتی قەندەهار) لە دایك بووە. سەر بە تایفەی نورزەی و پەشتوون-ەكانە(3). هەیبەتوڵا كە جێنشینی ئەختەر محەمەد مەنسورە، پێشتر یاریدەدەری ڕابەری تاڵیبان بوو. ئەو زیاتر وەك كەسایەتییەكی ئایینی دەناسرێتەوە و پێدەچێت پێشینەیەكی لە باڵی سەربازی تاڵیبان نەبێت. بە هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان لە دەیەی 1990، كاتێك تاڵیبان دەستی بەسەر ویلایەتی فراھ-دا گرت، وەكو دادوەری ناوچەكە دیاری كرا.

ئاخوندزادە پاش ئەوە بوو بە بەرپرسی دادگایی سەربازیی تاڵیبان لە قەندەهار و ماوەیەك دواتر بووە بەرپرسی دادگای سەربازی لە نەنگەرهار (ویلایەتێكە دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان و زۆرینەی دانیشتوانی پەشتون). پاشان پێگەی بەرزتر بووەیەوە و بەرپرسیارییەتی دادگای سەربازی لە نەنگەرهاری وەرگرت. دوای هێرشی ئەمەریكا بۆ ئەفغانستان، ئاخوندزادە بووە ڕابەری "ئەنجومەنی زانایانی تاڵیبان" و دەوترێت كە زۆربەی فەتواكانی تاڵیبان لە لایەن ئەوەوە دەركراوە. دەوترێت ئاخوندزادە قوتابخانەیەكی لە نزیكی كویەتە (ناوەندی ویلایەتی بلوچستانە و دانیشتوانی لە بلوچ، هەزارە و پەشتوون پێك هاتووە) لە پاكستان بەڕێوەبردووە كە زۆرێك لە فەرماندە باڵاكانی تاڵیبان لەوێدا خوێندوویانە و تاوەكو پێش ئەوەی لە ساڵی 2016 ببێتە ڕابەری گروپی تاڵیبان، لەم قوتابخانەیە سەرقاڵی وانەوتنەوە بووە. گومانی ئەوە دەكرێت كە ئاخواندزادە پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ ئەنجومەنی كویەتەی تاڵیبان هەبووبێت. بڕیارە سەرەكییەكانی تایبەت بە ڕابەری تاڵیبان لەم ئەنجومەنە دەدرا.

پێدەچێت كە هەیبەتوڵا ئاخوندزادە سەركەوتوو بووبێت لەوەی كە بە درێژایی ئەم ساڵانەی دوایی، لایەنە جیاوازەكانی تاڵیبان یەك بخات، بە تایبەتی كە دەوترێت لە دوای مردنی ئەختەر محەمەد مەنسور، پێكهەڵپرژانی ناوخۆیی لە سەر دەسەڵات لە نێو تاڵیبان گەیشتووەتە لوتكە. ئەیمەن زەواهری، ڕابەری ئەلقاعیدە، ئاخوندزادەی بە "ئەمیرولموئمنین" ناو بردووە و بەیعەتی پێداوە، بابەتێك كە دەتوانێت پێگە و ئیعتیباری ئاخوندزادە لە لای گروپە چەكدارە ئیسلامییە توندڕەوەكان بەهێز بكات. 

عەبدولغەنی برادەر

عەبدولغەنی برادەر لە كاتی دانوستانەكانی دەوحەی قەتەر
عەبدولغەنی برادەر، لە ساڵی 1347 لە ویلایەتی ئوروزگان (زۆرینەی دانیشتووانی لە پەشتوونەكان و دواتر لە هەزارە و تاجیكەكان پێكدێن) لەدایك بووە و لە قەندەهار گەورە بووە. عەبدولغەنی لە قوتابخانە ئایینییەكان دەستی بە خوێندن كردووە، بەڵام دەوترێت كە خوێندنی ئایینی نەگەیاندووەتە كۆتایی و وەرگرتنی بڕوانامە. لەگەڵ ئەمەشدا بە "مەلا برادەر" بەناوبانگە و دەوترێت لەگەڵ پێكهاتەی پوپەلزەی لە هۆزەكانی قەندەهار پەیوەندی ڕەچەڵەكی هەیە.

وێنەی عەبدولغەنی بەرادەر لە كاتی  واژووی ڕێككەوتننامە لەگەڵ ئەمەریكادا لە تەنیشت زەڵمای خەلیلزاد، نوێنەری ئەمەریكا و وێنەی ئەو لەگەڵ مایك پەمپیۆ، وەزیری دەورەی ئەوكاتەی ئەمەریكا، بە وێنە مێژووییەكانی جەنگ لە ئەفغانستان دادەنرێت. لەو ساڵانەی كە موجاهیدین دژ بە هێزەكانی یەكێتی سۆڤییەت و دەوڵەتە پاڵپشتیكەرەكەی سۆڤییەت لە كابوڵ دەجەنگان، عەبدولغەنی برادەر، ئەندامی حیزبی ئیسلامی بە ڕابەرایەتی "مەولوی یونس خاڵس"(4) بوو. ئەو یەكێكە لەو چوار كەسەی كە لە ساڵی 1994 گروپی تاڵیبانیان بە ڕابەری مەلا عومەر دامەزراند و لە پێناو ئەم حیزبەدا لە رۆژئاوای ئەفغانستان و شاری كابوڵ بەشداری شەڕەكانی كردووە.

عەبدولغەنی برادەر لە تەنیشت مایك پەمپیۆ وەزیری پێشووی ئەمەریكا

لە كاتی هێرشی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ ئەفغانستان لە ساڵی 2001، ئەو یاریدەدەری وەزارەتی بەرگری بووە و پاش كەوتنی گروپی تاڵیبان بەدەست ئەمەریكا، بووە یاریدەدەری محەمەد عومەر ڕابەری ئەو كاتەی تاڵیبان. دوای نزیكەی 9 ساڵ لە دوای هێرشی ئەمەریكا لە شاری كەراچی پاكستان دەستگیر كرا و لە ساڵی 2018 لە بەندینخانە ئازاد كرا و بووە سەرۆكی نووسینگەی تاڵیبان لە دەوحە. عەبدولغەنی برادەر ماوەیەك سەرۆكی دانوستانەكانی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی ئەفغانستان و نوێنەرەكانی دەوڵەتی ئەمەریكا بوو و دوای ئەو ئەم بەرپرسیاریەتیە بە عەبدولحەكیم حەقانی سپێردرا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو وەك یەكێك لە بەرپرسە باڵاكانی تاڵیبان لە دانوستانەكان بوونی هەبوو و ڕێككەوتننامەی لەگەڵ ئەمەریكادا واژوو كرد.

محەمەد یەعقوب
محەمەد یەعقوب كوڕی مەلا عومەر یەكەمین ڕابەری تاڵیبانە. ئەو پێدەچێت لەدایك بووی ساڵی 1991بێت و لە سەرەتاكانی تەمەنی 30 ساڵیدایە. محەمەد سەر بە هوتكی-یەكانە (بەشێك لە هۆزی غلزی، یان غلزییەكان/ غلجاییەكان) و لە تایفەی پەشتونە. ڕاپۆڕتەكان دەڵێن ئەو لە كەراچی پاكستان خوێندنی ئایینی تەواو كردووە. هیچ وێنەیەكی باوەڕپێكراوی ئەو لەبەر دەست نییە.

یەكەمین جار لە ساڵی 2015 بوو كە ناوی هاتە نێو میدیاكانەوە، محەمەد یەعقوب بە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك ڕایگەیاند كە باوكی، مەلا عومەر، بە مردنی ئاسایی كۆچی دوایی كردووە. ئەم بەیاننامەی لە دوای ئەوە بڵاوبوویەوە كە چەند هەواڵێك سەبارەت بە ئەگەری كوژرانی مەلا عومەر بڵاوببوویەوە. دەوترێت ئەو نەیاری ئەختەر محەمەد مەنسور بووە و تەنانەت پێشنیاری ئەوی بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارییەتی لە ڕابەریی تاڵیبان ڕەت كردووە، هەڵبەت ئەم هەواڵانە بە شێوەیەكی سەربەخۆ جێگەی باوەڕ نین.

لە بەهاری 2016 پاش ئەوەی كە هەیبەتوڵا ئاخوندزادە بوو بە ڕابەری تاڵیبان، محەمەد یەعقوب وەكو بەرپرسی كۆمیتەی سەربازی لە 15 ویلایەتی ئەفغانستان دیاری كرا و هەروەها وەكو ئەندامی ئەنجومەنی بڕیاردانی تاڵیبان ناسێنرا. لە بەهاری 2020 محەمەد یەعقوب وەكو ڕابەری كۆمیسیۆنی سەربازی تاڵیبان دیاری كرا، پێگەیەك كە محەمەد یەعقوبی دەكردە بەرپرسی پرۆسەی سەربازی گروپی تاڵیبان.

لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، چەند هەواڵێك سەبارەت بە گروپی تاڵیبان بڵاوبوویەوە كە پێگەی محەمەد یەعقوبی زیاتر ڕوون كردەوە. پێرار ساڵ بە پێی زانیارییەكانی لایەن هەواڵگرییەكان، گومانی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە نێو ڕابەرانی تاڵیبان هاتە ئاراوە. بڵاوكراوەی (Foreign Policy) لە زاری یەكێك لە ئەندامانی تاڵیبان بە ناوی "محەمەد عەلیجان ئەحمەد"، ئەوەی ئاشكرا كرد كە كە لە نەبوونی هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، محەمەد یەعقوب بووەتە جێنشینی.  هەڵبەت "سیراجەدین حەققانی" كە بە كەسایەتیی ژمارە دووی تاڵیبان دادەنرێت، بە پێی چەند ڕاپۆڕتێك لەم قۆناغەدا تووشی نەخۆشی بووە. ئەگەرچی پێدەچێت جێنشینی ڕابەری تاڵیبان بۆ محەمەد یەعقوب لە ماوەی پەتای كۆرۆنا كاتیی بووبێت، بەڵام دەشێت ئەمە هەڵسەنگاندنێك بێت بۆ پێگەی ئەو لە نێو ڕابەڕانی تاڵیبان.

سیراجەدین حەققانی

وێنە كێشراوەكانی سیراجەدین حەققانی كە لە لایەن وەزارەتی دادیی ئەمەریكا و ئێف بی ئای بڵاوكراونەوە

سیراجەدین حەققانی لە نێوان ساڵانی 1973 تاوەكو 1980 لەدایك بووە و تەمەنی لە نێوان 41 بۆ 48 ساڵە، زانیاریی ورد سەبارەت بە شوێنی لەدایك بوونی سیراجەدین لە بەردەست نییە. وەزارەتی دادیی ئەمەریكا  بۆ زانیارییەكی هەواڵگری كە ببێتە هوی گرتنی سیراجەدین، پێنج ملیۆن دۆلار خەڵاتی دیاری كردووە. ئەمەریكا ئەو بە لەدایك بووی ئەفغانستان یان پاكستان دەزانێت و لە ئیستادا یاریدەدەری هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، ڕابەری تاڵیبانە.  

سیراجەدین كوری "جەلالەدین حەققانی"یە و بەشێك لە شوناس و پێگەی ئیستای ئەو لە ڕابەرایەتی تاڵیبان پەیوەندی بە پێشینەی باوكییەوە هەیە. جەلالەدین حەققانی كە یەكێك بوو لە ڕابەرانی گروپی موجاهیدین لە ماوەی شەڕی دژ بە هێزەكانی سۆڤییەت، بۆ خۆی دامەزاوەیەكی سەربازی ناحكومیی سەربەخۆی پێكهێنا كە لە ڕواڵەتدا وا دیاربوو بە شێوەی خێزانی بەڕێوەدەچێت. بە هاتنەسەر دەسەڵاتی تاڵیبان، حەققانی هاتە ناو ئەم گروپە، بەڵام ڕێكخستنەكەی بە شێوەی پێكهاتەیەكی نیمچە سەربەخۆ لە دڵی گروپی تاڵیبان جێی خۆی كردەوە. هەر لەبەر ئەمەشە  بەم رێكخستنەی ناو دڵی تاڵیبان دەڵێن "تۆڕی حەققانی". تۆڕی حەققانی بەرپرسی هێرشە خوێناوی و بێبەزەییەكان بوو. ئەمەریكا چوار كوڕی جەلالەدینی لە هێرشە ئاسمانی و وشكانییەكان كوشتووە.

بەڵام سیراجەدینی حەققانی كە لەدوای مردنی باوكی بووە جێنشینی، چەندین جار لە مردن ڕزگاری بووە، چەند رۆژ پێش واژووی رێككەوتنی ئەمەریكا و تاڵیبان، بابەتێك لە نووسنی سیراجەددین لە رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوبوویەوە. سیراجەدین حەققانی، فەرماندەی پرۆسە سەربازیییەكانی تۆڕی حەققانی و یاریدەدەری گروپی تاڵیبان، لە یەكەمین وتارێك كە یەكێك لە بەرپرسە باڵاكانی تاڵیبان لە رۆژنامەیەكی ڕۆژئاوایی بڵاویكردوەتەوە، نووسیوێتی گروپی تاڵیبان بەڵێن دەدات كە لەگەڵ لایەنەكانی تری ئەفغان "لەسەر بنەمای ڕاوێژ و ڕێزگرتنی واقیعیانە بۆ هێنانەدی ڕژێمی سیاسیی نوێ و گشتگیر رێككەوتنێك بكات كە تێیدا دەنگی هەموو ئەفغانەكان رەنگدانەوەی هەبێت و هیچ كەسێك هەست نەكات كە كەوتووەتە دەرەوەی ڕێككەوتننامەكە". لە بەشێكی تری ئەم وتارەدا هاتووە كە "تاڵیبان ئامادەیە لە دوای چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دابینكردنی ئاشتیی درێژخایەن و بونیادنانەوەی ئەفغانستان هاوكاری بكات".

عەبدولحەکیم حەقانی

 لە دایكبووی ساڵی 1957 (64 ساڵ) لە شاری قەندەهار و لە پەشتونەكانی دوڕانی (بە ئەبدالی-ش ناویان دێت) و لە ئیسحاحقزی-یە (هۆزێكی سەر بە تایفەی دوڕانییەكانن). تاڵیبان دەڵێت كە ئەو لە هاورێیانی نزیكی محەمەد عومەر ڕابەری پێشووی ئەم گروپەیە و لە دامەزراندنی گروپی تاڵیبان ڕۆڵێكی گرینگی بینیوە. ناوی عەبدولحەلیم حەققانی دوای ئەوەی كە لە لایەن ڕابەری تاڵیبان وەكو سەرۆكی تیمی 21 كەسی دانوستان لەگەڵ ئەمەریكادا دیاری كرا، زیاتر لە میدیاكاندا ناسێنراوە.

پێشتر قازیی باڵای (قاضی القضات) تاڵیبان و لە كەسە نزیكەكانی ئەختەر محەمەد مەنسوڕ ڕابەری پێشووی تاڵیبان بووە كە لە دوای كوژرانی، ناوی وەك یەكێك لە بژاردەكانی ڕابەرایەتی تاڵیبان هاتە بەرباس. دەوترێت كە تاڵیبانەكان لە ڕووی ئایینییەوە پێگەیەكی تایبەتیان بۆ حەققانی داناوە و هەیبەتوڵا ئاخوندزادە ڕابەری گروپی تاڵیبان ئەو بە "ئەمینی خۆی" دەزانێت.

شێر محەمەد عەباس ستانیكزای

شێر محەمەد عەباس ستانیكزای، لە ویلایەتی لوگەر (دانیشتووانەكەی لە پەشتوون و تاجیك پێكهاتوون) لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان لە ساڵی 1959 (62 ساڵ) لە دایك بووە. ئەو دەرچووی پەیمانگای سەربازی كابوڵە و لە (ئەكادیمی سەربازی دەهرادون)ی هیندستان مەشقی سەربازی بینیوە. شێر محەمەد عەبباس ستانیكزای لە سەردەمی حكومەتی تاڵیبان، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و ماوەیەك یاریدەدەری وەزیری تەندروستی بووە.

ناوی ستانیكزای لە ساڵانی دواییدا لە نێو گروپەكانی نوێنەرایەتی تاڵیبان لە ئاستی نێودەوڵەتی بینراوە. ئەو ماوەیەك سەرۆكایەتی تیمی دانوستانی تاڵیبانی لەگەل ئەمەریكادا لە ئەستۆ بووە و پاش ئەوە بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی ڕابەری، یاریدەدەری نووسینگەی سیاسی و یاریدەدەری تیمی دانوستانەكان لە دەوحە.

پەراوێزەكان
محەمەد عومەر ناسراو بە "مەلا عومەر" ساڵی 1960 لە ویلایەتی قەندەهار لە دایك بووە. ساڵی 1994 دەبێتە ئەمیری گروپی تاڵیبان و ساڵی 1996 بە "ئەمیرولموئمنین"ی ئیمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان ناودەبرێت. ئەمەریكا مەلا عومەری خستبووە ڕیزی 10 ڕابەری مەترسیداری گروپە تیرۆریستییەكان و خەڵاتێكی 10 هەزار دۆلاری وەك پاداشت بۆ گرتنی دیاری كردبوو. لەگەڵ ئەمەشدا مەلا عومەر تەنیا ڕابەرێكی تاڵیبان بوو كە بۆ چەندین ساڵ هیچ زانیارییەك سەبارەت بە شوێنی ژیانی لەبەردەست نەبوو.

ئەختەر محەمەد مەنسوڕ ناسراوە بە "مەلا ئەختەر مەنسور" لە ساڵی 1968 لە ویلایەتی قەندەهار لە دایك بووە. لە بەیاننامەی گروپی تاڵیبان كە ڕۆژێك پاش ڕاگەیاندنی كوژرانی مەلا عومەر بڵاوبوویەوە، باس لەوە كراوە كە زانایان، شێخ و گەورە پیاوانی ئیمارەتی ئیسلامی بەیعەتیان بە مەلا ئەختەر وەكو "ئەمیرولموئمنین" داوە، مەلا ئەختەر لە كاتێكدا كە لە لایەن ئەمەریكییەكان لە ژێر چاودێری وردا بوو و دوای ئەوەی لە خاكی ئێرانەوە بەرەو پاكستان هەڵدەهات، لە لایەن فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمەریكی كرایە ئامانج و كوژرا.

پەشتون، تایفەیەكی دانیشتووی ئەفغانستانن كە شوێنی سەرەكی نیشتەجێبوونیان بۆ باكوری پاكستان، ڕۆژهەڵات و باشوری ئەفغانستان دەگەڕێتەوە و لە ناوچەكانی تری ئەفغانستان بە شێوەیەكی پەرشوبڵاو دەژین. پەشتوونەكان موسڵمانی سووننە و لە سەر مەزهەبی حەنەفین. زمانی ناوچەییان، پەشتووە و بەشێكیان بە زمانی فارسیش قسە دەكەن. پەشتوونەكان گەورەترین گروپی ئیتنیكی ئەفغنستانن و زیاتر لە ( 35%) ئەم وڵاتە پێكدەهێنن. سەبارەت بە پێكهاتەی ئیتنیكی تاڵیبان، زۆرینەی ئەندامەكانی ئەم گروپە -لە پاش قۆناغی یەكەمی دەسەڵاتیان لە ئەفغانستان 1996-2001- كە لە ئیستادا دووبارە دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست لە پەشتونەكانن. هەروەها دوو سەرۆك كۆماری پێشووی ئەفغانستان، حامد كەرزای و ئەشرەف غەنی سەر بەم تایفەیەن.

مەولەوی محەمەد خاڵس یونس (1919-2006)، زانای ئایینی و یەكێك بووە لە سەركردەكانی موجاهیدینی ئەفغانی لە بەرەنگاربوونەوەی هێزەكانی یەكێتی سۆڤییەت و سەركردایەتی "حیزبی ئیسلامیی ئەفغانستان- لقی خاڵس"ی لە ئەستۆدا بووە. لە پاش دروستبوونی تاڵیبان پەیوەندی بەم گروپە كرد و بەشداریی شەڕی دژ بە هێزەكانی ئەمەریكای كرد.


سەرچاوە: بی بی سی فارسی

# توندڕەوی # تیرۆریزم # تاڵیبان

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure