گرووپە چەكدارەكان چۆن بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكەن؟

23/09/2021

:: ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان

 

وا بڕیارە 10 تشرینی یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، بە گوێرەی زانیاریەكان نزیكەی 300 كاندید كە نوێنەرایەتی 20 گرووپی چەكداری دەكەن، لە ژێر ناوی جیاوازدا ركابەری دەكەن بۆ گەیشتنە ئەنجومەنی نوێنەران.بەپێی دواین زانیاریەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، 3244 كاندید لە چوارچێوەی 21 هاوپەیمانی، 109 حیزب و سەربەخۆ لە كێبڕكێدان بۆ بەدەستهێنانی 329 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران.

گرووپە چەكدارەكانی بەشداری هەڵبژاردن كێن؟
زۆرینەی گرووپە چەكدارەكان كە بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، ئەوانەن كە سەر بە حەشدی شەعبین، لە سەروی هەموویانەوە (هاوپەیمانی فەتح) بە سەرۆكایەتی هادی عامری بەرپرسی رێكخراوی بەدر گەورەترین گرووپی ناو حەشدی شەعبی، هاوپەیمانی فەتح بە 73 بەربژێر لە چەند پارێزگایەك بەشدارە، جێی باسە رێكخراوی بەدر خاوەنی 13 لیوایە لەناو حەشدی شەعبی و ژمارەی چەكدارەكانی بە نزیكەی 24 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت.

هاوپەیمانی فەتح، 6 هێز لەخۆدەگرێت، دیارترینیان  (بزووتنەوەی سادیقون) باڵی سیاسیی گرووپی (عەسائبی ئەهلی حەق) بە رێبەری قەیس خەزعەلی كە خاوەنی دوو لیوای سەربازیە لەناو حەشدی شەعبی و ژمارەی چەكدارەكانی بە 10 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت.

تەجەموعی سەنەد بە رێبەری ئەحمەد ئەسەدی بەرپرسی (كەتیبەكانی جوندلئیمام) یەكێكی ترە لە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانی فەتح، لەناو حەشدی شەعبی لیوایەكی هەیە، هەروەها بزووتنەوەی جیهاد و بینا بە رێبەری حەسەن رازی بەرپرسی سریەكانی جیهاد یەكێكی ترە لە پێكهێنەرانی هاوپیەمانی فەتح.

لە دەرەوەی هاوپەیمانی فەتح، چەند هێزی تر كە گرووپی چەكداریان هەیە بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، لەوانە: رەوتی سەدر كە خاوەنی (سریەكانی سەلام)ە و ژمارەی چەكدارانی لە ناو حەشدی شەعبی بە 15 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت، رەوتەكە 95 بەربژێری بۆ هەڵبژاردنەكان هەیە.

لەو حیزبە نوێیانەش كە لەم هەڵبژاردنە بەشدارن،  (بزووتنەوەی حقوق)ە كە سەر بە كەتیبەكانی حیزبوڵایە بە رێبەری حسێن موئنیس، گومان دەكرێت ناوبراو هەمان كەسایەتی (ئەبو عەلی عەسكەری) بەرپرسی ئەمنی كەتیبەكانی حیزبوڵا بێت، بزووتنەوەكە بۆ ئەم هەڵبژاردنە 40 بەربژێری هەیە.

هەروەها (بزووتنەوەی عێراقی وەتەنی) یەكێكی ترە لەو حیزبە نوێیانەی بەشداری ئەم هەڵبژاردنە دەكات، بزووتنەوەكە لەلایەن محەمەد شاكر شەمەری سەركردە لە (كەتیبەكانی ئیمام عەلی) سەركردایەتی دەكرێت كە لیوایەكی ناو حەشدی شەعبیە و بۆ هەڵبژاردن 24 بەربژێری هەیە.

هاوكات ئەبو عەلی دەراجی سەرۆكایەتی (رەوتی تەحەدی) دەكات و بە 6 بەربژێر بەشداری هەڵبژاردنە، ناوبراو بەرپرسی (كەتیبەكانی ئەبولفەزل عەباس)ە كە وەك گرووپێكی چەكدار لە دەرەوەی حەشدی شەعبی چالاكی دەنوێنێت و بەشداربووە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش. هاوپەیمانی (قادرون) بە سەرۆكایەتی حەسەن حەسناوی ئەمینداری گشتیی (هێزەكانی ئیمام) گرووپێكی تری دەرەوەی حەشدی شەعبییە كە بە 26 بەربژێر بەشداری هەڵبژاردن دەكات، هەروەك یوسف سەناوی كاندیدی (حیزبی سەئروڵای ئیسلامی) دەكات، ئەم حیزبە تۆمەتبارە بە بەئامانجگرتنی چالاكوانانی بەسرە و بۆ هەڵبژاردن 3 بەربژێری هەیە. هەروەها فالح خوزاعی یاریدەدەری جیهادی كەتیبەكانی سەید شوهەدا لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەكی نوێ بەناوی (قادمون) بەشداری دەكات، شایانی باسە كەتیبەكانی سەید شوهەدا بەر لە ماوەیەك بە هێرشكردنە سەر فڕۆكەخانەی هەولێر تۆمەتبار كرا.

لەناو كەسایەتیی و رەوتە سونییەكانیش ژمارەیەك كەس كاندیدن كە سەر بە حەشدی شەعبین، لەوانە رەوتی پارێزگاران كە بە سەرۆكایەتی وائیل شەمەری رێبەری (حەشدی بەرگری) بە 12 بەربژێر لە پارێزگای ئەنبار بەشدارە، لە پارێزگای موسڵیش چەند بەرپرسێكی حەشدی شەعبی خۆیان كاندید كردووە، لە ناو مەسیحیەكانیش رەیان كلدانی بەرپرسی فەسیلی بابلیون خۆی كاندید كردوە.

هۆكاری ململانێی نێوان گرووپە چەكدارەكان

لە ئێستادا كە رۆژ لە دوای رۆژ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن گەرمتر دەبێت، گرووپەكان لە ململانێیەكی توندان، هۆكاری ئەم ململانێیەش دەگەڕێتەوە بۆ:

1-ناكۆكی نێوان كەتیبەكانی حیزبوڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەمەش دوای ئەو هەنگاوانەی كەتیبەكانی حیزبوڵا نای و ئەوەی تێدا دەخوێندرایەوە كە دەخوازێت هاوپەیمانی لەگەڵ چەند هێزێك بكات كە ركابەری عەسائیبن.

2-دوای كوژرانی قاسم سلێمانی سەركردەی نوێی فەیلەقی قودس ئیسماعیل قائانی نەیتوانیوە دۆخی عێراق بە تەواوی كۆنتڕۆل بكات و تەواوی گرووپەكان گوێرایەڵی نین، ئەمەش رەنگدانەوەی هەبوو لەسەر شێوازی بەشداریكردنی ئەو گرووپانە لە هەلبژاردنی ئەمجارەدا.

3-لە دەرەوەی هاوپەیمانی فەتح، كەتیبەكانی حیزبوڵا توانیویەتی جۆرێك لە نزیكی و هاوپەیمانی دروستبكات، ئەمەش كاریگەری بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكان دەبێت، تەنانەت توانیویانە پەیوەندی لەگەڵ هەندێك هێزی سوننەش دروستبكەن، بەلای عەسائیبەوە ئەمەش دەرچوونە لە پرەنسیپی كاركردنی گرووپە بەرگریكارەكان.

4-ناكۆكی نێوان گرووپەكان لەسەر دەنگی تایبەتی چەكدارانی حەشدی شەعبی، هەر لەو چوارچێوەشدا لەم ماوەدا ژمارەیەك سەركردە و بەرپرسی حەشدی شەعبی گۆڕدران.

سیناریۆكانی دوای هەڵبژاردن
ئەو دابەشبوونەی گرووپە چەكدارەكانی پێدا تێدەپەرێت، دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان خۆی لەبەردەم سێ سیناریۆدا دەبینێتەوە:

یەكەم: كۆبوونەوە لە سێبەری هاوپەیمانی فەتح، رەنگە ئەمە بەهێزترین ئەگەر و سیناریۆ بێت لەبەردەم گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حەشدی شەعبی، چونكە لە دۆخی پەرتەوازەییانا توانایان دابەش دەبێت و كاریگەرییان لە گۆڕەپانی سیاسیی لاواز و سنوردار دەبێت.

دووەم: كاركردن لە دەرەوەی هاوپەیمانی فەتح، لە دۆخێكی وادا كەتیبەكانی حیزبوڵا لە دەرەوەی ئەو هاوپیەمانیە دەمێننەوە و بە شێوەی سەربەخۆ و بە گوێرەی كورسییەكانیان لە واقیعی سیاسیی دوای هەڵبژاردن رۆڵیان دەبێت.

سێیەم: هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی فەتح، لە ئەگەری پێكنەهاتنی گرووپەكان رەنگە هاوپەیمانی فەتح هەڵوەشێـەوە و هێزەكانی ناوی هەریەكەیان بە گوێرەی قورسایی و قەبارەی خۆی بە شێوەی سەربەخۆ كاربكات یان بیر لە هاوپەیمانی نوی بكەنەوە.








# ئیسلامی سیاسی # حەشدی شەعبی

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure