::
ئیدریس سیوەیلی
بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق،
یەكگرتووی ئیسلامیی 4 كورسی و كۆمەڵی دادگەری 1 كورسی بەدەستهێنا، هەرچەندە
یەكگرتوو ئەم ئەنجامە بە سەركەوتن دەزانێت و كۆمەڵ بە شكست، بەڵام لە واقیعدا بە
راورد بە مێژووی خەباتی ئەو دوو حیزبە هەردوكیان لە شكستدان، تەنانەت ئەگەر
بەراورد بكرێن بە هێزێكی وەكو نەوەی نوێ، كە هیچ بارەگا، مێژوو، ئایدۆلۆجیا ...
تاد نییە نزیكەی دوو هێندەی ئیسلامییەكان دەنگی هێناوە، دیسان ئیسلامییەكان بە
شكستخواردو ئەژمار دەكرێن.
خوێندنەوە بۆ شکستی ئیسلامییەکان
شكستی ئیسلامییەكان خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرێت، هەرچەندە بەشێك لە ئەندام
و لایەنگرانی ئەو حیزبانە دەخوازن لە چوارچێوەی سۆزی ئایینی شیكاری بۆ شكستەكە
بكەن، بە پلەی یەكەمیش كە چاوەكان لەسەر كۆمەڵی دادگەرییە وابەستەی دەكەن بە
لێكردنەوەی پاشگری ئیسلامیی لە ناوی حیزب لە چوارەمین كۆنگرە و هەندێ بۆچوونی ئەم
دواییەی عەلی باپیری سەرۆكی حیزبەكە سەبارەت بە بابەتەكانی ناسیخ و مەنسوخ، رەنگە
ئەمە كاریگەرییەكی لاوەكی هەبووبێت، بەڵای پێناچێت بگاتە ئاستێكی زۆر كاریگەر، ئەوەی
لێرەدا زۆرتر لەسەری دەوەستین چۆنێتی مامەڵەكردنی ئەو دوو هێزەیە لەگەڵ ئەم
هەڵبژاردنەدا، بەپێی زانیارییەكان لە سەرەتای ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن و تۆماری
قەوارەكان، یەكگرتوو و كۆمەڵ لە دانوستاندا بوون كە پیكەوە بە یەك لیست بەشداری
بكەن یان بەلای كەمەوە هەماهەنگی لە نێوانیان هەبێت لە دیاریكردنی كاندید بە
گوێرەی بازنەكان، بەڵام دواجار هەردولا سوربون لەسەر داواكارییەكانی خۆیان و
نەگەیشتنە هیچ رێكەوتن و هەماهەنگییەك، یەكگرتوو سوربوو لەسەر كاندیدكردنی (زوهێر
خۆشناو) لە بازنەی چواری هەولێر، كۆمەڵ (عەبدولستار مەجید)ێ لە هەمان بازنە كاندید
كرد، لە هەڵەبجەش كە سنووری بازنەی سێی سلێمانی بوو كۆمەڵ سووربوو لەسەر
كاندیدكردنی (ئەحمەد حاجی رەشید)، یەكگرتوو لە هەمان بازنە (موسەننا ئەمین)ی
كاندید كرد، بەمجۆرە ململانێی هەردولایان و عینادی سیاسیی لەسەر كاندیدكردنی ئەو
كەسایەتیانە لە سنووری هەمان بازنە وای كرد تووشی ئەم شكستە ببن، ئەگەر ئەو دوو
هێزە یەكێكیان كاندیدەكەی بازنەی سێی سلێمانی بخستایەتە بازنەیەكی تر، ئەگەری
دەرچوونی مسۆگەرتر بوو، چونكە هەردوو كەسایەتییەكە تا رادەیەكی زۆر جەماوەری بوون،
سەبارەت بە دوو كاندیدەكەی هەولێریش لە بازنەی چوار، كاندیدەكەی كۆمەڵ (13447)
دەنگی هێناوە، كاندیدەكەی یەكگرتوو (2288) دەنگ، كۆی دەنگی هەردوكیان دەكاتە (15735)،
ئەگەر پێكەوە بونایە و كۆی ئەو دەنگانە بۆ یەك كاندید بچوایا كورسی سێیەمی ئەو
بازنەیان دەبرد، چونكە كورسی سێیەمی ئەو بازنە كە كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان
بردویتی (15439) دەنگی هێناوە و ئەوەی كۆمەڵ لەبەر كۆتای ئافرەتان دەرنەچوو.
هۆکارەکانی شکست
نەبوونی سەلیقە و شارازایی لە دابەشكردنی كاندید بەسەر بازنەكان، هۆكارێكی
تری شكستی ئیسلامییەكان بوو، هەر سێ
پارێزگای دهۆك، هەولێر و سلێمانی بەسەر (12) بازنەدا دابەشكرابوو، یەكگرتووی
ئیسلامیی تەنها (6) بەربژێری هەبوو بۆ هەموو بازنەكان، لە دهۆك لە بازنەكانی (1،
2)، هەولێر لە بازنەكانی (3، 4) و سلێمانی لە بازنەكانی (1، 3)، بەڵام كۆمەڵ (5)
بەربژێری هەبوو بەمجۆرە: هەولێر لە بازنەكانی (3، 4) و سلێمانی لە بازنەكانی (2،
3، 4)، هەردوكیان لە بازنەی سێی هەولێر ئافرەتیان بەربژێر كردبوو، وەك دەبینین لەو
ژمارە كەمەی كاندیدەكانی هەردوو حیزب، لە سێ بازنەدا هەردوكیان لە بوونی بەربژێر
هاوبەشن، سێ لە بەربژێرەكانی كۆمەڵ لە هەمان ئەو بازنانە بەربژێر بوون كە یەكگرتوو
بەربژێری هەبووە، ئەگەر لە دانانی بەربژێرەكان لە بازنەكان رەچاوی ئەوەیان
بكرادایا و كەسانی بەهێزیان دانایە، بە ئەگەری زۆر كورسی زۆرتریان مسۆگەر دەكرد،
هاوكات ئەگەر لە سەرجەم بازنەكان كاندیدیان هەبوایا بە تایبەت لە بازنەی پێنجی
سلێمانی كە ناوچەی گەرمیان دەگرێـەوە و بازنەی یەكی هەولێر كە ناوچەی سۆران
دەگرێتەوە و ئیسلامییەكان لەو دوو ناوچە ژمارەیەكی بەرچاو دەنگیان هەبوو، ئەگەرێكی
تر هەبوو كورسی زیاتر بەدەستبێنن، بۆیە كەمئەزموونی لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەڵبژاردنی
فرەبازنەیی هۆكارێكی سەرەكی شكستی ئیسلامییەكان بو لەم هەڵبژاردنە.
#
یەکگرتوو
#
کۆمەڵ
#
ئیسلامی سیاسی