کچانی ئەورووپی ناو داعش؛ بازنەی بەردەوامی خۆشەویستی و ماتەمینی

02/11/2021

:: ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان

 

ئازادە موعاونی کە دوای شکستی داعش لەسەر ژنانی ئەو گرووپە لێکۆڵینەوەی کردووە دەڵێت ئەوان پرۆسەی هەمیشەیی عەشق و ماتەمینیان هەبوو، چونکە هاوسەرەکانیشیان لە شەڕدا دەکوژران و ناچار دووبارە هاوسەرگیران دەکردەوە.

دوو بۆ سێ سەدەیە جیهانی ئیسلام لەگەڵ سەرهەڵدانی بەردەوامی گرووپە سەلەفی و تەکفیرییەکان ڕووبەڕووە کە یەکێک لە نوێترینیان داعش بوو، بە کۆنترۆڵ کردنی ڕەقە لە سووریا و چەند شارێک لە عێراق دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شامی پێکهێنا. ئەوان لە هەندێک بوار لە گرووپەکانی دیکەی سەلەفی و تەکفیری جیاوازیان هەیە کە یەکێکیان بابەتی پڕوپاگەندەیە.

هەر لە سەرەتای شەڕی بەرگری ئیسلامی لەگەڵ داعش ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانیان لە موسڵمانانی ڕۆژاوایی پێکدەهات و بابەتێکیش کە نابێت لەبیر بکرێت ئەوەیە کە ژمارەی ئەو ژنانەی کە چوونە ناو داعشەوە زۆر بوو. داعش داوای لە ژنان دەکرد کە بچنە ڕیزی ئەوانەوە. لە بانگەشەکانیان کە لە رێگای گرتەی ڤیدیۆییەوە بە هەموو زمانەکان بڵاودەبووەوە داوایان لە کچانی ڕۆژئاوا دەکرد بچنە ناو داعشەوە.

کچانی موسڵمان و تەنانەت ناموسڵمانیش بۆ ئەوەی لە ڕیگەی هاوسەرگیرییەوە لەگەڵ سەربازانی داعش بگەنە پلە و پێگەیەک دەچوونە ناو ئەو گرووپەوە. بەڵام لەم نێوانەدا کۆمەڵێک کێشە هەبوون. هیوا بە ژیان و تەمەنی سەربازنێکی داعش ئەو پەڕی چەند مانگێک بوو، ژنەکەی  دەبوو دووبارە هاوسەرگیری بکاتەوە. کەواتە ماوەیەکی کورت دوای هاوسەرگیری تازیەباری ژن دەستیپێدەکرد و دوای تازیەبارییەکی کورت دەبوو دووبارە هاوسەرگیری بکات. ئەگەر ژنێک هاوژینەکەی بکوژرایە و خۆی دووگیان بوایە، ماوەی تازیەباریەکەی درێژتر دەبوو، بەڵام هیچ گومانێک لە دووبارە هاوسەرگیری کردنی نەبوو، لە ڕاستیدا پرۆسەی عەشق و تازیەباری لە ماوەیەکی کورتدا، دووبارە دەبووەوە. ژنان دوای کوژرانی هاوژینەکانیان دەبوو بچنە بێوەژنخانەکان و بۆ هاوسەرگیری دووبارە سەرەیان دەگرت و باشترین هاوژین بۆ ئەوان دۆستی نزیک، یان هاوسەنگەری هاوژینە پێشووەکەیان بوو.

ئازادە موعاونی نووسەر و ڕۆژنامەوانی ئەمەریکی بە ڕەگەز ئێرانی لە ڕاگەیاندنە جیاوازەکانەوە لەوانە لۆس ئەنجلس تایمز، نیۆیۆرک تایمز و ... کاری کردووە. ناوبراو شرۆڤەکاری پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەو دوای شکستی داعش چووە لای هەندیک لە ژنانی داعش و گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەوان بووە کتێبێک لە ژیر ناوی "میوانخانەی بێوەژنە گەنجەکان". ئەو کتێبە ئەنجامی گفتوگۆی موعاونی لەگەڵ 13 ژنی دەستگیرکراوی داعشییە.

ئازادە موعاونی دەڵێت ئەو کتێبەم لە گفتوگۆ لەگڵ 13 ژنی داعشی نووسیوە. لە شارەکانی لەندەن، شانلی ئورفا لە تورکیا، تونس، هەولێر و کەمپەکانی ئەلهەول و ئەلرج لە سووریا و لەگەڵ یەکێکیانیش خەڵکی ئەڵمانیا بوو لە رێگای واتس ئاپەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ گفتوگۆم کرد.

ناوبراو سەبارەت بە دۆخی بیری ژنانی داعش دەڵێت: هەندێکیان هەر ئایدۆلۆژیک بوون، بەڵام دوای ئەندامێتیان لە داعش هەستیان کردبوو کە ئەو گرووپە، جووڵەیەکی ئیسلامی توندرەوی ڕاستەقینە نییە و لە دەرەوەی چوارچێوەی ئیسلام کار دەکەن. ئەو گرووپە ئەگەر ئەلتەرناتیڤێکیان هەبوایە و گرووپێکی دیکە هەبوایە، ئامادەیی ئەوەیان هەبوو بەرەو لای بڕۆن. هەندێکیشیان هێشتا هەر داعشی بوون.

ئەو نووسەرە دەڵێت، لە لێکۆڵینەوەکانمدا بۆم ڕوونبووەوە کە جیهادی نیکاح ڕاست نەبووە. هەڵبەت بانگەشەکانی داعش ئەوە بوو کە بە هەموو ئەو سەربازانەی کە دەیانەویست بچنە ڕیزیانەوە، بەڵێنی ژنی دەدا. هەر بۆیە پێویستیان بە ژنی زۆر هەبوو. هەر بۆیەش بەدوای وەرگرتنی ژنان و کچانی گەنج بوون تا سەربازەکانیان ببنە خاوەن بنەماڵە، بەڵام لە پڕوپاگەنداکانی داعش ئەوە نەدەهاتە ئاراوە. ژنان لە بەشەکانی دیکەی بانگەشەکان داعش وەردەگیران. بەڵام دوای یەکەم هاوسەرگیریان دەکەوتنە ناو ڕەوتێکی شایی و تازیەبارییەوە واتا هاوژینەکەیان کە دەکوژرا دەبوو بچنە بێوەژنخانەکان و چاوەڕوانی هاوژینی دیکە دەبوون. من بەس یەک دوو حاڵەتم بیست کە ژنان توانیویانە کە دەسەڵاتداران ڕازی بکەن کە دوای هاوژینەکەیان زەواج نەکەن، بەڵام هەر ئەندامی داعش بمێننەوە.

ئەوەش شیاوی باسە کە هاوسەرگیری کردن بەناچار و زۆرەملێ بوو، لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت نەیاندەهێشت کە ماوەی عدەی ژنان کۆتایی بێت و ژنەکانیان ناچار دەکرد بە دووبارە زەواج کردن.

ئازادە موعاونی لەسەر کاریگەری توندتیژی لە سەر ژنانی داعشیش دەڵیت، توندوتیژی بۆ ئەوان ئاسایی بووە. بەتایبەتی ژنانێک کە لە ڕەقە ژیانیان دەکرد ئەوەندە تەرم و کەسانی سەربڕاویان دیتبوو کە زۆر ئاسایی بووە بۆیان. ئەوان لە کاتی قسە کردن لەسەر توندوتیژییەکان هەرگیز هەستیان نەدەجووڵا و زۆر ئاسایی لە ئەو بارەیەوە قسەیان دەکرد و ئەو بابەتە بووە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەیان.

ناوبراو هەروەها لەسەر ئەوەی کە چ شتێک دەبووە هۆی ئەوەی کە ژنانێک کە لە ڕۆژاوا لە کەشێکی تەواو ئازاددا لەدایک بوون و گەورە بوون بچنە ڕیزی ئەو گرووپە توندڕەوەوە؟ ئایا بەس بانگەشەکانی داعش لە ئەو بابەتە کاریگەر بوو، یان هۆکارگەلێکی دیکەش کاریگەریان هەبوو؟ دەڵێت، بێگومان بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ بانگەشە سەرکەوتووەکانی گرووپە سەلەفییەکان لە شارە ئەورووپییەکان. هیچ کەسێک تەنانەت لیبراڵەکانیش ئەوە قبووڵ ناکەن کە لە فەڕەنسا و نەمسا باڵاپۆش قەدەغە بێت. ئەوە ڕاستییەکە کە لە کەشی ئازادی وڵاتانی ئەورووپی، گرووپە سەلەفی و وەهابییەکان توانیان دزە بکەن. ئەو کچە ئەڵمانییە کە من لەسەری نووسیومە ڕێک لە ئاوەها کەشێکدا وەرگیران و تەنانەت توانی هاوژینەکەشی بباتە سووریا.

 

س: مهرنیوز

# داعش

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure