باسكردن لە هەر جۆرە ئازادیەك لە سایەی هەژمونی هەیئەی تەحریر جۆرێكە لە چەواشە

17/11/2021

:: ئیدریس سیوەیلی

دكتۆر عەزام قەسیر، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی لەندەن، توێژەرە لە بواری گوتاری بزاوتە ئیسلامییە چەكدارەكان، لەم گفتوگۆیەدا باس لە دۆخی گرووپە ئیسلامییەكانی سوریا و هەژمونیان دەگات، دیدی خۆی بۆ ئایندەی ئەو گرووپانە و گۆڕانكارییەكانی باكوری سوریا دەخاتەڕوو.

ناوەندی كوردستان: لە ئێستادا نەخشەی دابەشبوونی گرووپە ئیسلامییە چەكدارەكان لە سوریا چۆنە؟

د. عەزام قەسیر: لەمڕۆدا ژمارەیەك رێكخستنی ئیسلامیی چەكدار لە ناوچە جیاوازەكانی سوریا چالاكییان هەیە، بەڵام بە گشتیی بەراورد بە پینج شەش ساڵی رابردوو لاوازترن، دیارترین ئەو رێكخستانە هەیئەی تەحریری شام (بەرەی نوسرەی پێشوو) بە سەركردایەتی ئەبومحەمەد جۆلانی كە كۆنتڕۆڵی زۆربەی ناوچەی ئیدلبی كردووە، هەروەها رێكخستنی پاسەوانانی ئایین كە رێكخستنێكی سەلەفی جیهادیی شوێنكەوتەی رێكخراوی قاعیدەیە، كۆمەڵێك رێكخستنی جیهادی لە شێوەی گرووپی بچووك هەن، دیارترینیان حیزبی ئیسلامیی توركمانی، بە گوێرەی راپۆرتەكان لە بيابانى سوريا دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش) جموجۆڵی هەیە بەڵام بە تەواوی قەبارەی دیارنییە، لە رابردوشدا بزووتنەوەی رزگاریخوازی شام كە رێكخستنێكی سەلەفی بوو لە ریفی حەلەب، ئیدلب و حەما چالاكی هەبوو، بەڵام دوای رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هەیئەی تەحریری شام زنجیرەیەك لێكترازان لە ریزەكانی روویدا و بەمەش بزووتنەوەكە كاریگەری بەتەواوی كەمبوویەوە كە لە چەند ناوچەیەكی ریفی حەلەب كورتهەڵاتبوو، لاوازبوونی بزووتنەوەی رزگاریخوازی شام رێگەیخۆشكرد بۆ بەهێزبوونی چەند گرووپێكی تری ئیسلامیی كە لە ژێر ناوی (سوپای نیشتمانی) و بە پاڵپشتی توركیا لەكاردابوون.

ناوەندی كوردستان: پەیوەندی نێوان هەیئەی تەحریری شام و رێكخراوی قاعیدە كە خۆی لە رێكخستنی پاسەوانانی ئایین دەبینێتەوە چۆنە و لە چ ئاستێكدایە؟
د. عەزام قەسیر: پەیوەندی نێوان هەیئەی تەحریری شام و رێكخستنی پاسەوانانی ئایین پەیوەندی هەژموونە، هەیئە زۆر لە پاسەوانانی ئایین بەهێزترە، ئەگەر رووبەڕووبونەوە لە نێوانیان رووبدات هەیئە سەردەكەوێت، بەڵام هەیئە دەیهەوێت رێكخستنی پاسەوانانی ئایین وەك كارتێكی فشار لەدەستخۆیدا بێڵێتەوە تا شەرعییەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەستبێنێت و وەك یاریزانێكی پەسەندكراو و میانەڕەو بەراورد بە رێكخستنە جیهادییەكانی تر ئەژمار بكرێت، ئەمە دیدی جۆلانیە لەوكاتەوە لە 2016 پەیوەندی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدە پچڕاندوە، لە ئێستادا هەیئە دەیهەوێت وەك تاكەهێز دەربكەوێت كە دەتوانێت گرووپە توندڕەوەكان دەمكوت بكات و دۆخی ئەمنی باكوری رۆژئاوای سوریا كونتڕۆڵ بكات، بە جۆرێك كە رۆڵێكی سیاسیی و سەربازیی زیاتر ببینێت لە داهاتوودا.

ناوەندی كوردستان: هەیئەی تەحریری شام وەك دەسەڵاتدار و تاكە هێز لە ناوچەكانی ژێردەستی مامەڵە دەكات، ئەزمونی هەیئە لەو ناوچانە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
د. عەزام قەسیر: جۆلانی و سەركردەكانی تری هەیئە لە لێدوانەكانیان رایانگەیاندووە كە هەیئە تەنها لە دۆخی سەربازی و ئەمنی ناوچەكە بەرپرسە، دەستوەردان لە كاروباری (حكومەتی رزگاریی نیشتمانی) ناكات، بەڵام لە واقیعدا تەواوی كەرتەكان لەژێر دەستی هەیئەدان، باسكردن لە هەر جۆرە ئازادیەك لە سایەی هەژمونی هەیئە جۆرێكە لە چەواشە، هەیئە بەشێوەی راستەوخۆ دەستوەردان لە كاروباری ژیانی رۆژنەی دانیشتوان ناكات، بەڵام دەسەڵاتی خۆی بەسەر بوارە ستراتیجییەكاندا سەپاندووە، لەوانە، بانك، دەروازە سنوورییەكان، هاوكات لە رێگەی چاودێری پرۆسەی پەروەردە و دامەزراوە پەروەردەیی، ئایینی و راگەیاندنەكانەوە دید و ئایدۆلۆجیای خۆی بەسەر كۆمەڵگەدا سەپاندووە.

ناتوانین نكوڵی لەو گۆڕانكارییە بكەین كە بەسەر هەیئەی تەحریر هاتووە لەڕووی گوتار و شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی، لەمڕۆدا بەراورد بە رابردوو كراوەترە، بەڵام هەڵەیە پەڵە بكەین لە حوكمی كۆتایی بەسەر هەیئەدا بە ئەرێنی یان نەرێنی، گرنگە قشاری زیاتر بخرێتە سەر هەیئە تا ئازادی زۆرتر لە ناوچەكانی ژێردەستی دەستەبەر بكات و تەنگ بە چالاكوانە مەدەنییەكان هەڵنەچنێت و بەشداری بە لایەنەكانی تری ئۆپۆزسیۆن بكات لە بەڕێوەبردنی ناوچەكانی ژێردەستی، هەروەها دژایەتی توندڕەوی بكات نەك بیكاتە كارتێكی فشار بەدەستییەوە.

ناوەندی كوردستان: بە بڕوای بەرێزتان سەركەوتنی تاڵیبان لە ئەفغانستان كاریگەری دەكاتە سەر گرووپە ئیسلامییەكان لە سوریا؟ چۆن؟
د. عەزام قەسیر: بەدڵنیاییەوە بزووتنەوەی تاڵیبان ماوەیەكی زۆر بەر لە سەركەوتنەكانی كاریگەری كردوەتە سەر ستراتیجی هەیئەی تەحریری شام، سەركردەكانی هەیئەی تەحریری شام چاودێری دانوستانەكانی تاڵیبان و ئەمەریكا-یان دەكرد كە لە دووساڵی رابردوەوە لە دەوحە بەڕێوەدەچوون، هەیئە لە دانوستانەكانەوە ئەو وانەیە فێربووە كە دووركەوتنەوە لە رێكخراوی قاعیدە و كردەوەی تیرۆریستی لە دەرەوە هۆكارێكن بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جێگەی پەسەندكردن بێت، بە سەرنجدان لە گوتاری هەیئەی تەحریری شام ئەو كارە تەنها لەسەر ئاستی ستراتیجی گرنگ نییە، بەڵكو بە گوێرەی رێسای (بەدەستهێنانی چاكە و دورخستنەوەی خراپە) خەڵاتێكی شەرعییە و پێویستییەكی پاراستنی موسڵمانانە، بە بڕوای من داهاتوو بۆ هەیئە كراوەیە كە هەنگاوی پراگماتی و ئازایانە بنێت، جۆرێك لە هاوكاری و نزیكی لەگەڵ توركیا و سوپای نیشتمانی سوریا هەیە كە لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێت، دوای سەركەوتنی تاڵیبان، هەیئە ئەو رووداوە قۆستۆتەوە ە هەڵمەتێكی دەستپێكردوە بۆ قەناعەتپێكردنی بانگخواز و جیهادییەكان كە سیاسەتی هەیئە تەندروستە و دوركەوتنەوە لە قاعیدە جۆرێك لە دڵنیایی دەداتە رۆژئاوا تا مامەڵەی لەگەڵ بكەن.

ناوەندی كوردستان: ئەگەری هێرشی حكومەتی سوریا بۆسەر ناوچەی ئیدلب بەهێزە، لە روودانی هێرشێكی وادا داهاتووی ناوچەی ئیدلب و هەیئەی تەحریر چۆن دەبینی؟
د. عەزام قەسیر: رژێمی سوریا ناتوانێت بە هێرش و هەڵمەتی سەربازی كۆتایی بە هەیئە بێنێت، مەگەر لە هێرشێكی زەمینی و ئاسمانی بەرفراوان و پەیڕەوكردنی ستراتیجی زەوی سوتاو و بە بەشداری راستەوخۆی روسیا و هەڵایسانی گڵۆپی سەوزی توركیا و رۆژئاوا بێت، ئەمەش لە ئێستادا بەدور دەزانرێت، كارێكی لەوشێوەیە قوربانی مرۆیی زۆری لێدەكەوێتەوە و ئەگەری ئاوارەبوون و كۆچڕەوی مەزن هەیە، ئەمەش كاردانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا دێنێت، بۆیە رژێمی سوریا، روسیا و ئێران تا ئێستا دەستپێشخەری لەوشێوەیان نەكردووە، بە تایبەت لە كاتێكدا كە دۆخی ئەمنی و سەربازی لە زۆربەی بەرەكان تاڕادەیەك جێگیرە، بە ئەگەری زۆر هێرشەكانی سوپای سوریا بە هاوكاری روسیا بۆ ناوچەكانی دەوروبەری ئیدلب بەردەوامی دەبێت، ئەمەش بە ئامانجی فشارخستنە سەر توركیا تا سازشی زیاتر بكات بۆ سوریا و روسیا، خۆ ئەگەر سوریا هێرشی بەرفراوان بكاتە سەر ئیدلب بەدڵنیایەوە هەیئەی تەحریر دەستی هاوكاری بۆ سوپای نیشتمانی سوریا درێژ دەكات كە پێكەوە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە و لە بەرامبەردا هەیئە دەستبەرداری بەشێك لە دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەی ئیدلب دەبێت، ئەم سیناریۆیەش دەبێتە رێگر لەبەردەم زاڵبوون و بەركەنارخستنی هەیئەی تەحریر، كە ئامانجێكی سەرەكی روسیایە لە سوریا.

ناوەندی كوردستان: لە ساڵانی رابردوودا داعش لە گۆڕەپانی سوریا پاشەكشەی كرد، بە بڕوای بەڕێزتان داعش كۆتایی هاتووە یان جارێكی تر دەگەڕێتەوە و دەستدەگرێت بەسەر ناوچەیەكی جوگرافیدا؟
د. عەزام قەسیر: هێشتا مەترسی گەرانەوەی داهش لەئاراایە، ئاماژەی ئەوە بەردەستە كە شانەكانی داعش لە چەند ناوچەی بیابانی سوریا بەردەوامن لە چالاكیی، بە تایبەت لە ریفی حمس بەرەو حەما و تا سنووری عێراق، گەڕانەوەی راستەوخۆی داعش بەدوور دەزانم، بەڵام هەر گۆڕانێك لە دۆخی ئێستادا دەرفەت بۆ داعش دەڕەخسێنێت ریزەكانی رێكبخاتەوە، چالاكییەكانی زیاتر بكات و پەرە بە هەڵمەتەكانی بدات، بۆ نموونە ئەگەر توركیا هێرشێكی بەرفراوان بكاتە سەر باكووری سوریا، هێزەكانی سوریای دیموكرات و لایەنەكانی تر سەرقاڵی شەڕی توركیا بن دەرفەت دەڕەخسێت بۆ شانەكانی داعش بكەونەوە چالاكیی، یاخود پاشەكشەی لەناكاوی هێزەكانی ئەمەریكا، هاوسەنگی هێز و نفوز دەگۆڕێت، ئەوكات داعش ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە بۆ پەرەپێدانی چالاكییەكانی، داعش لە دۆخی شەڕ و ناسەقامگیر گەشە دەكات، لە ئەگەری پێشهاتی ناوخۆیی و هەرێمی رەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوو داعش پەرە بە چالاكییەكانی بدات.

دەتوانین بڵێین ئامانجی سەرەكی هێرسە بەردەوامەكانی داعش لە سوریا و عێراق خۆسەلماندن و پڕوپاگەندەی ئەوەیە كە هێشتا چالاكە و شانەكانی دەتوانن زیان بە بەرامبەرەكانی بگەیەنن، ئەگەر گۆڕانكاریش لە نفوزی هێزەكان روونەدات ئەوا هەڵمەتەكانی داعش لە سنورێكی دیاریكراودا بەردەوام دەبن و ناتوانن ببنە مەترسییەكی راستەقینە لەسەر لایەنەكانی مملانێكە، بەڵام لەوبڕوایەدام وەكو كێشەیەكی درێژخایەن لە عێراق و سوریا بەردەوام دەبێـت.

ناوەندی كوردستان: توركیا هەڕەشەی هێرشكردنە سەر هێزە كوردیەكان دەكات لە باكووری سوریا، ئەگەر ئەوە رووبدات رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر زیادبوونی نفوزی گرووپە ئیسلامییەكانی نزیك لە توركیا؟

د. عەزام قەسیر: وێڕای ئەوەی زۆربەی ئەو گرووپانەی توركیا پشتیوانیان دەكات ئیسلامین، بەڵام دەبێت ئەو راستییەش لەبەرچاو بگرین لەناو ریزەكانی (سوپای نیشتمانی) دیدگا و ئایدۆلۆجیای جیاواز هەیە، ئەگەر توركیا بێ رەزامەندی روسیا و رژێمی سوریا هەڵمەتی سەربازی فراوان ئەنجامبدات، گرووپە كوردییەكان لە رژێمی سوریا نزیك دەبنەوە و مەرجەكانی قبوڵ دەكەن، بە تایبەت لە كاتێكدا كە ئیدارەی ئێستای ئەمەریكا گرنگی ئەوتۆ بە دۆخی سوریا نادات، لەلایەكی ترەوە، توركیا هیچ كێشەی لەوەدا نییە كە هێزەكانی رژێمی سوریا بگەڕێنەوە ناوچەكانی هاوسنوری توكیا، بەڵام توركیا دەیهەوێت لەبەرامبەر پێشهاتێكی لەوجۆرە دەستكەوتی هەبێت، رەنگە یەكێك لەو دەستكەوتانە ئەوەبێت كە رژێمی سوریا و روسیا رەزامەندبن لەسەر ئەوەی سوپای نیشتمانی رۆڵی گەورەی هەبێت لە ریفی حەلەب و ئیدلب لە داهاتوودا.

# توندڕەوی # تیرۆریزم # ئیسلامی سیاسی

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure