دەوڵەتی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی هێز و نفوزی دەوڵەتی تەریب

16/12/2021

:: ئیدریس سیوەیلی


ن: رائید مەحمود

پێشەكی

مشتومڕ دەربارەی گرووپە چەكدارەكان كە لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدان، بەشێكی بنەڕەتی گرنیگیپێدانی شەقامی سیاسیی عێراقە، بە جۆرێك ئەو گرووپانە بە نزیكیان لە ئێران ئەژمار دەكرێن، كە وەلائیان بۆ سەركردایەتی ئایینی ئێران هەیە و هەر ئەویش سەرچاوەی هێز و پارەداركردنی ئەو هێزانەیە، تا ئەو ئاستەی بوونەتە هێزێكی تەریب بە دامەزراوەكانی دەوڵەت، تەنانەت زیادەڕۆیی نییە ئەگەر گوزارشتی (دەوڵەتی تەریب) بۆ ئەو هێزانە بەكاربێنین.

ئەو گرووپە چەكدارانە بەشێكی سەرەكی حەشدی شەعبین و پێگەی سەركردایەتیان تێیدا هەیە، خۆیان وا دەناسێنن كە بەشێكن لە (میحوەری بەرگری) سەر بە ئێران لە تەواوی ناوچەكە، لە راگەیاندنیشدا بە (گرووپە وەلائیەكان) دەناسرێن، ئەمەش لەبەر وەلائیان بۆ ئێران و رابەری گشتی ئێران عەلی خامنەیی، لەم توێژینەوەدا ئەو گرووپانە لە ژێر ناوی (گرووپە جێبەجێكارەكان) پۆلێن دەكەین، دیارترینیان بریتین لە: رێكخراوی بەدر/ باڵی سەربازی، كەتیبەكانی حیزبوڵا، بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، كەتیبەكانی سەید شوهەدا، كەتیبەكانی ئیمام عەلی، بزووتنەوەی نوجەبا و سریەكانی تەڵیعەی خوراسانی.

پەیكەری حەشدی شەعبی بەو جۆرەیە كە بە فەڕمی دانیپێدانراوە، لەو چوارچێوەدا سەركردەكانی گرووپە جێبەجێكارەكان داكۆكی دەكەن لە ئیدارەدانی دادگا، بەندیخانە، كارگەی پیشەسازی سەربازی و شتەكانی تری تایبەت بە خۆیان بە جۆرێك كە تەریبی دامودەزگاكانی دەوڵەتی عێراق بێت، هەمان ئەو شێوازە بەكاردێنن كە سوپای پاسدارانی ئێران یان گرووپە نزیكەكانی وەكو حیزبوڵای لوبنانی پەیڕەوی لێدەكات. بە فەڕمی حەشدی شەعبی "پێكهاتەیەكی سەربازی سەربەخۆیە و بەشێكە لە هێزە چەكدارەكانی عێراق و پەیوەستە بە سەرۆكی گشتیی هێزە چەكدارەكان".

حەشدی شەعبی زیاتر لە 164000 چەكداری هەیە، بەم جۆرە دابەش بوون، 110 هەزار چەكداریان دابەشبوون بەسەر 67 گرووپی شیعە، لە نێویاندا 44 گرووپیان پەیوەستن بە رێبەری ئێران عەلی خامنەیی، 9 گرووپی حەشدی عەشایەری (نزیكەی 40- 50 هەزار چەكداری عەرەبی سوننە)، 9 گرووپ (كەمتر لە 10 هەزار چەكدار) لە پێكهاتەكانی تری وەك مەسیحی، ئێزیدی، توركمانی و ... تاد كە لە دەشتی نەینەوا و ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان بەغداد و هەولێر بڵاوبوونەتەوە.

لە كۆتایی 2017 و دوای راگەیاندنی شكستی داعش، ركابەری حەشدی شەعبی بۆ دەزگاكانی دەوڵەت لە چەندین بوار لەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەستی داعش بوون دەستیپێكرد، بەشێكی بەرچاوی پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی هەرێمەكان لەژێر سەرپەرشتی گرووپە جێبەجێكارەكانی ناو حەشد بەڕێوەدەچوو، ئەوەش بە شێوەی سەربەخۆ و هاوشێوەی دەزگایەكی تەریب بە دامودەزگاكانی دەوڵەتی عێراق، لە پاڵ ئەم دیاردەیە مومارەسەی هاوشێوەیان لەسەر ئاستی سەربازی و رێكخستنی ناوخۆ پەیڕەودەكرد، بەجۆرێك بەكارهێنانی زاراوەی (دەوڵەتی تەریب) لە بەرامبەر دەوڵەتی عێراق بووە گوزارشتێكی پەسەندكراو.

رێوشوێنەكانی حەشدی شەعبی بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع جۆرێك لە دڕدۆنگی لای كاربەدەستانی حكومەتی عێراقی دروستكرد، ئەوان دەیانویست بڕیاری دامودەزگاكانی دەوڵەت و یاسا جێبەجێبكرێت، بەڵام گروپە جێبەجێكارەكان پاشەكشەیان لە پارێزگاكانی رۆژئاوا و باكوری رۆژائاوای عێراق رەتكردەوە، ئەمەش پێچەوانەی یاسای حەشدی شەعبییە كە دەڵێت "بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی هێزەكان بەسەر پارێزگاكان لە دەسەڵاتی سەركردەی گشتیی هێزە چەكدارەكاندایە".

هەروەك بەدەستهێنانی دەستكەوتی ئابووری لە بەرژەوەندی گرووپە جێبەجێكارەكان لەسەر حسابی دامودەزگاكانی دوڵەتی عێراق دەبووە لاوازكردنی سەروەری و دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر دامودەزگاكاندا و پەكخستنی كەرتی حكومی و كەرتی تایبەت، ئەمە وێرای بێبەشبوونی بودجەی دەوڵەت لەو داهاتە زیادانەی كە دەكرێت بەشداربێت لە دووبارە بنیادنانەوەی ژێرخان و بووژاندنەوەی ئابووری كە بەهۆی جەنگی دژ بە داعش زیانی زۆری بەركەوتبوو.

 

بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە

# شیعە

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure