ئیسلامی سیاسی و دروشمی میانەڕەوی

02/01/2022

:: ئارام مەحمود ئەحمەد

سەرچاوە: میدڵ ئیست ئۆنلاین

بزووتنەوەی تاڵیبان دوای گەیشتنەوە دەسەڵات بەراورد بە 2001 کە حوکمی ئەفغانستانی دەکرد، هەوڵدەدات وەک بزووتنەوەیەکی میانەڕەو دەرکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا بەو ئامانجە بگات، چونکە دژی بنەماکانییەتی. بە هەمانشێوەش لە بارەی بزووتنەوە جیاجیاکانی ئیسلامی سیاسیی کە دەیانەوێت ئایین و مەدەنی بوون کۆبکەنەوە، بەڵام بە هۆی بنەما و شەریعەتەوە ڕووبەڕووی گرفت دەبنەوە.

ڕەخسانی زەمینە
کاتێک زەمینە بۆ دەرکەوتنی حزبی ئیسلامیی سیاسی لە هەندێک وڵاتی عەرەبی ڕەخسا، ئەم حزبانە دروشمی میانەڕەوی و پاراستنی دەوڵەتی مەدەنی و ئازادییە گشتییەکانیان بەرزکردەوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت لە حوکمڕانی دەرکەوت کە ئەم حزبانە ئەو دروشمانەیان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی ڕۆژئاوا و ئارامکردنەوەی شەقامی ناوخۆ بەکارهێناوە.

ئەوەی ئەمڕۆ ئەفغانییەکان لە سەرکوت و توندوتیژی تاڵیبان ئەزموونی دەکەن، نوێ نییە، بەڵام دەرکەوت کە باسی ئاشتەوایی و میانەڕەوی شتێکی بێجگە لە مادەیەکی برەودان بە بازاڕی ئەو بزووتنەوەیە نییە. دوای چوونە ناو کابول، هەوڵیداوە توندوتیژی کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی لەڕووی نێودەوڵەتییەوە پەسەندکراو بێت.

چەند کاتژمێرێک بەر لە دەستبەسەرداگرتنی کابول، سوهەیل شاهین وتەبێژی تاڵیبان ڕایگەیاند، دوای گەڕانەوەی تاڵیبان پاش 20 ساڵ هیچ هەڕەشەیەک لەسەر تەلارە مێژووییەکانی بوودایی نییە. ڕستەیەک کە ئەفغانی و جیهانییەکانی بۆ دوو دەیە بردەوە دواوە.

ئەفغانییەکان لە ترسی تارمایی ئەو مێژووەی تاڵیبان بەسەریهێنابوون ڕوویان لە فڕۆکەخانەی کاوبل کردبوو بۆ ئەوەی گۆشەی فڕۆکەیەکیان دەستبکەوێت و لەو دۆزەخە قوتاریان بێت.

ڕابەرانی تاڵیبان لە قەتەرەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ترس و تۆقینەی باڵی بەسەر ئەفغانییەکاندا کێشابوو، بە خێرایی کەوتنە سڕینەوەی ترس لەو ڕابردووەی بەسەر ئەفغانییەکاندا هێنابوو، ئەوان بە ئارامی باسی ئاشتی و مافی ژنانیان دەکرد و دەیانوت "هاوڵاتیانی ئەفغانستان بینەری گۆڕانی ئەرێنی ژیانی ڕۆژانەیان دەبن".

بەرجەستەترین وتەبێژی ئەو بزووتنەوەیە زەبیحوڵا موجاهید ڕایگەیاند "ڕگەی کار کردن و خوێندن بە ژنان دەدرێت و لە کۆمەڵگەدا زۆر چالاک دەبن، بەڵام لە چوارچێوەی شەریعەتدا".

بەپێی ئەو واقیعە ئەگەری گۆڕان نییە و شەریعەت بەپێی شیکردنەوەی ئەو گرووپە توندڕەوە دەبێت و ئەو میانەڕەوییەی باسی دەکەن لە ڕوانگەی بزووتنەوەکەوە دەبێت، نەک یاساکانی مافی مرۆڤ و گونجاو لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە بە تێپەڕین ڕۆژگار دەرکەوت. بە بەهێزتر بوونی دەسەڵاتی تاڵیبان، لە بارەی ماف و ئازادییەکان بە تایبەتی لە بارەی ژنانەوە هەنگاوێک کشایەوە. بۆ نمونە کاتێک بزووتنەوەکە ڕایگەیاند کە لەو کاتەوەی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست داهاتێکی زۆری کۆکردووەتەوە و دەستیکردن بە پێدانی مووچە، بڕیارێکی دەرکرد کە دەرکەوتنی ژنانی لە ڕاگەیاندنەکانەوە سنوردار کرد.

کۆتوبەند لەسەر ڕاگەیاندنەکان

وەزارەتی امر بالمعروف و نهی عن المنکر داوای لە تەلەفزیۆنە ئەفغانییەکان کردووە، کە پەخش کردنی زنجیرە تەلەفزیۆنییە ژنانەکان بوەستێنن. لە بەڵگەنامەیەکدا دەرکەوتووە کە تاڵیبان فەرمانی کردووە "کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان خۆیان بەدوور بگرن لە پەخش کردنی ئەو زنجیرە تەلەفزیۆنییە خۆشەویستیانەی لە ژنان ڕپڵیان تێدا دەگێڕن.

هەروەها ئەو وەزارەتە داوای کردووە کە ڕۆژنامەنووسە ژنەکان لە کاتی دەرکەوتنیاندا لەسەر شاشە، پێویست قژیان داپۆشراو بێت، بێ ئەوەی ڕوونیبکاتەوە کە ئەمە تەنیا کردنی لەچکە، یان باڵاپۆشییە.

هاکیو موهاجیر وتەبێژی ئەو وەزارەتە وتویەتی "ئەمانە یاسا نین، بەڵکو دەستووری مەزهەبین. داوا لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانیش کراوە ئەو بەرنامانە پەخش نەکەن کە دژی بەها ئیسلامییەکانن". ئەمە دووەمجارە ئەو وەزارەتە هەوڵدەدات کۆنترۆڵی کەناڵە تەلەفیۆزنییەکان بکات لەو کاتەوەی تاڵیبان دەسەلاتی گرتووەتەوە دەست.

لە ماوەی یەکەم دەسەڵاتداری تاڵیباندا لە 1996 تا 2001 ئەو وەزارەتە ئەرکی ئەوە بوو کە دڵنیا بێت لەوەی هاوڵاتیان ڕێز لە بەها ئیسلامییەکان دەگرن. هەروەها تاڵیبان لەو ماوەیەدا تەلەفزیۆن و سینەما و هەموو جۆرە سەرگەرمییەکی یاساغ کردبوو، چونکە بە بڕوای تاڵیبان دەبووە هۆی بێڕەوشتی. ئەم بزووتنەوەیە لەو سەردەمەدا هەر کەسێکی بگرتایە بە تاوانی بینینی تەلەفزیۆن، یان گوێ کردن لە ڕادیۆ، جەڵدی لێدەدا.

هەرچەندە تاڵیبان لە دووەم دەسەڵاتداریدا نەرمتر دەردەکەوێت، بەڵام ڕێگەی بە زۆرێک لە ژنان نەداوە لە دامودەزگا دەوڵەتییەکاندا بچنەوە سەر کارەکانیان. هەروەها گرفت بۆ خوێندنی کچان دروستکراوە.

نەمانی ئازادییەکان

ئەوەی ئەمڕۆ لە ئەفغانستان ڕوودەدات، بانگەشەکانی تاڵیبان بۆ میانەڕەوی  و ڕێزگرتن لە مافی هاوڵاتی بوون سنوردار دەکات و بیرهێنەرەوەی بەڵێنی بزووتنەوە ئیسلامییە سیاسییەکانە کە دوای بەهاری عەرەبی دەسەڵاتیان گرتەدەست و چۆن باسی ڕێزگرتن لە دەوڵەتی مەدەنی و کۆدەنگی لە نێوان شەریعەت و یاسایان دەکرد.

ئەمە بۆ نمونە لە تونس بۆ بزووتنەوەی نەهزە ڕاستبوو. کە چەندین جار خۆی لە بەرامبەر دژیەکی نێوان دەقە یاساییەکان و بنەماکانی ئایین بینییەوە، لەوانە فرەهاوسەری، یەکسانی، ئازادییەکان و ... هی تر.

نەهزە لە ساڵانی سەرەتای دەسەڵاتی خۆیدا ڕووبەڕووبوونەوەی زۆری لەگەڵ شەقامی تونسی هەبوو، بەڵام سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا، لەبەرئەوە بە ناچاری باوەڕی لە سیاسەت جیاکردەوە.

حزبە ئیسلامییەکان مانۆڕیان دەکرد و باسی ئازادی و میانەڕەویان دەکرد بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی نێودەوڵەتی و دەنگی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکاندا. لەلایەکی ترەوە باسکردنی میانەڕەوی تەنیا دروشمێک بۆ هەڵبژاردنەکان بوو، جێبەجێکردنی شەریعەت بنەما بوو.

لە میسر دۆخی ئیخوانەکان بە هۆی ئەزموونی کورتماوەی دەسەڵاتداریان لەلایەک و تایبەت بوونی کۆمەڵگەی میسری جیاواز بوو. بەڵام دەکرێت لەبارەی ئەزموونی میسرەوە بە ڕوانین لە ئەزموونەکانی تر دادوەری بکرێت.

ئەندامانی ئیخوان کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ژیابوون و خوێندبوویان لە کاتی گەڕانەوەیاندا بۆ میسر و تونس لە جیاتی هێنانی ئەزموونی باش و شارستانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ پێشخستنی کۆمەڵگەکانی خۆیان، هەوڵی لەناوبردنی ئەو دەستکەوتانەشیان دا کە هاوڵاتیان بەدەستیانهێنابوو.

لێکۆڵینەوەی جیاجیا پیشانیانداوە، کە بزووتنەوە ئیسلامییە میانەڕەوەکان ناوەندی کێشکردنی توندڕەوەکانن، سەرچاوەکانیان یەکن و سەرجەم ئیسلامگەراکان لە ئامانج و ئاڕاستەدا هاوڕان، بەڵام ژمارەیەک لەوانە مانۆڕی ئاشتیخوازی و دووری لە توندڕەوی دەکەن و برەو بە باسی میانەڕەوی دەدەن.
لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەلایەن دامەزراوەی تۆنی بلێر بۆ گۆڕانە جیهانییەکان لەوپەڕی دەسەڵاتی داعشدا ئەنجامدرابوو، پیشانیدەدا کە هیچ جیاوازییەکی بنچینەیی لە نێوان ئیسلامی میانەڕەو و توندڕەودا نییە. بەڵام بەپێچەوانەوە چوون بەرەو توندڕەوی لە ڕێکخراوە ئیسلامییە میانەڕەوەکانەوە دەستپێدەکات، لەبەر ئەوە وشەی میانەڕەوی لە فەرهەنگی بزووتنەوە و حزبە ئیسلامییە سیاسییەکاندا بوونی نییە.

# توندڕەوی # تیرۆریزم # ئیخوان موسلمین # تاڵیبان

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure