پرۆسه‌ى شۆردنه‌وه‌ى مێشك ‌لای رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كان

06/01/2022

:: بەختیار ئەحمەد

پێشه‌كى
شۆردنه‌وه‌ى مێشك به‌ یه‌كێك له‌و پرسانه‌ ئه‌ژمار ئه‌كرێت كه‌ لێكدانه‌وه‌ى زۆری له‌باره‌وه‌ كراوه‌، به‌ خه‌رمانه‌یه‌ك له‌ نهێنی و په‌نهانكارى دەورەدراوە، به‌و پێیه‌ى كه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكاره‌كان و پارت و ڕێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كان به‌كارى ده‌هێنن بۆ گۆڕین و ئاڕاسته‌كردنى بیر و تێكشكاندنى ویست و دواجار سڕینه‌وه‌ و شۆردنه‌وه‌ى مێشك و جێگیركردنى بیر و باوه‌ڕێكى نوێى جیاواز و دژ له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕه‌ كۆنه‌كاندا.

له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنى بواره‌كانى ده‌رونزانى و كۆمه‌ڵناسی، ڕاگه‌یاندن، پڕوپاگه‌نده‌، په‌روه‌رده‌، ئابوورى و بوارگه‌لێكى دیكه‌ى په‌یوه‌ست به‌كاركردنى ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌، بوارى شۆردنه‌وه‌ى مێشكیش ڕووى له‌ به‌رفراوانبوون كردووه،‌ كه ‌له‌ پرۆسه‌یه‌كى تایبه‌ت و له ‌هه‌لومه‌رجێكى گونجاودا له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵات یان گرووپ و رێكخراوه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت. له‌ ئێستا و له‌ رێگه‌ى به‌كارهێنانى یارى و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشه‌وه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ڕۆژانه‌ و له‌ لایه‌ن نێوه‌ندگه‌لێكى دیكه‌ و له‌ناو ماڵه‌كاندا ئه‌نجام ئه‌درێت به‌بێ ئه‌وه‌ى كه‌سه‌كه‌ له‌ ژینگه‌ سروشتییه‌كه‌ى داببڕێنرێت. لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه ‌ئیدی شتێك نه‌ماوه‌ به‌ ناوى ویستى ئازاد و كه‌سه‌كان به‌بێ ئه‌وه‌ به‌ ئاگان بن، له‌ برى كه‌سانى دیكه‌ قسه‌ده‌كه‌ن و بڕیارده‌ده‌ن و ته‌نانه‌ت ده‌شجه‌نگن و پێشیانوایه‌ ئه‌و بیرۆكانه‌ى كه‌ ده‌ریده‌بڕن و ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ى ده‌ینوێنن، تایبه‌ته‌ به‌ خۆیان نه‌وه‌ك كه‌سێكى دیكه‌.

پرۆسه‌ى شۆردنه‌وه‌ى مێشك، پرۆسه‌یه‌كه‌ كه‌ پێشوه‌خته‌ كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت و پلانى بۆ داده‌نرێـت له‌لایه‌ن كه‌سانى شاره‌زا و پسپۆڕ له‌و بواره‌دا، به ‌تایبه‌ت كه‌سانى پسپۆڕ له‌ بوارى ده‌رونزانى و كۆمه‌ڵناسی و فسیۆلۆجیادا. ئامانج له‌ پرۆسه‌كه‌ گه‌یاندنى كه‌سی به‌ئامانجگیراوه‌ به ‌ئاستێك كه‌ تیایدا ویستى خۆى له‌ده‌ست بدات و مێشكى ئاماده‌یی ئه‌وه‌ى تێدابێت كه‌ بیرۆكه‌ى نوێى تێدا بچێنرێت، دواى ده‌ركه‌وتنى ئاماده‌یی كه‌سه‌كه‌ بۆ ده‌ستبه‌رداربوونى بیركردنه‌وه‌ى پێشووتر و سڕینه‌وه‌ى بیرۆكه‌ كۆنه‌كان. به‌ كورتییه‌كه‌ى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ شه‌كه‌تكردنى جه‌سته‌ و ده‌رونى كه‌سه‌كه‌ به‌ ئاستێك كه‌ ئیدی ئاماده‌یی ئه‌وه‌ى تێدابێت ده‌ست له‌ هه‌ر شتێك گیر بكات ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ى له‌و حاڵه‌ته‌ى ‌تیایدایه‌ ڕزگارى ببێت.

 

بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە

# توندڕەوی # تیرۆریزم # ئیسلامی سیاسی

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure