بۆ مێژوو!

هاوژین عومەر

04/12/2017

لەم دۆخە ناهەموار و پڕقەیرانەی هەرێمی کوردستاندا، بەندە وەکو ئیسلامییەکی پابەند وای دەبینم، گوناهبار و تاوانباری ڕاستەقینە بە تەنها ئەوانە نین کە ستەمکاریی دەکەن و ملهوڕ و گەندەڵکارن، یان هاوبەش و شەریکی فیعلیی دەسەڵات و هێز و بەرپرسە گەندەڵەکانن، بەڵکو ئەوانەش گوناهبارن کە لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، حیزب، ڕێکخراو، خێڵ و عەشیرەت و بنەماڵەکان، کەسانی ناسراو و کاریگەرن و توانای گەڵاڵەکردن و دەربڕینی هەڵوێستی ئیجابی و ڕۆشنیان هەیە، لەسەر بابەتە سیاسی و گشتییەکان بە تایبەت، بەڵام سەری خۆیان کز کردووە و هیچ نقەیان لێوە نایەت و چاوەڕێی کەسانی دیکە دەکەن ئەو ڕۆڵەیان بۆ ببینن.


لەسەر ئاستی ڕابوونی ئیسلامییش بە تایبەت، بە سەرجەم هێز و ڕەوت و قوتابخانە و ڕێکخراوەکانیەوە، بەبێ لێدەرکردن، کەسانێک هەن لە دوور و نزیک تەنانەت یەک کۆمێنت و دەستەواژەشیان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە دژی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە و لە بەرژەوەندیی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان نەنووسیوە. ئەو جۆرە کەسانە لەسەر هەموو ئاستەکان و لە ناو هەموو توێژەکانی ڕەوتی ئیسلامییدا هەن، لە بەرپرس و بانگخواز و ئەکادیمی و نووسەر و سەرمایەدار و هتد، لە سیاسی و سەلەفی و سۆفی و خەلەفیی و هتد، لە کاتێکدا زۆرێک لەوان ساڵانێکی زۆرە باس لە دادگەریی ئیسلام و پێویستیی دەنگهەڵبڕین لە ئاستی ستەمکاردا دەکەن و لە ناو میسالیاتی ئیسلامییدا مەلە دەکەن و دەخولێنەوە.


بوونی هەڵوێست کار و بەرپرسیارێتییەکی کەسییە بەر لەوەی کارێکی دەستەجەمعی و بەکۆمەڵ بێت، بەهەڵوێستبوونی حیزب و ڕێکخراو و تەریقەت و لایەنە ئیسلامییەکان، هیچ کات شەفاعەت بۆ ئەو کەس و ئەندام و بەرپرسانەیان ناکات کە توانای دەربڕینی هەڵوێستیان هەیە، بەڵام لە پێناوی خۆخراپنەکردن و پاراستنی بەرژەوەندیی و دەستکەوتەکانیاندا، خۆیان بێدەنگ و کڕ کردووە.


من سەیرم لێدێت، ئەو کەسانە ئەگەر لەم دۆخە سەختەدا شارەزایی و ڕۆشنبیریی و پابەندیی ئاینیی خۆیان ناخەنە خزمەتی خەڵکی بەشمەینەت و ستەملێکراوەوە و دیفاع لە مافخوراوان ناکەن و بە ناهەق ناڵێن ناهەق و بە هەقیش ناڵێن هەق و خۆیان بە کاری دیکەی بێبەرهەمەوە خەریک دەکەن، ئەو هەموو فەرمانەی خوای گەورە و پێغەمبەرەکەی (د.خ) چی لێدەکەن و کەی کاریان پێدەکەن، کە باس لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و ناعەدالەتی و بێڕەحمیی دەکەن؟! ئەو کەسانە ئەگەر پێیان وایە بەم کارە لاوەکییانەیان دەتوانن فێڵ لە خەڵکی بکەن و خۆیان لە بەرپرسیارێتیی ئاینی و نیشتمانی و مێژووییان بدزنەوە، ئەوا هەرگیز ناتوانن فێڵ لە خودای گەورە بکەن، کە لە نیازی دڵەکانیشیان ئاگادارە.


ئێمە هیچ کات بانگەشەی ئەوە ناکەین هەموان بەبێ جیاوازیی زمان لە سیاسەت و لایەنە کردەییەکەی بکوتن، ئەگەر چی پسپۆڕیی و ئەرکی دیکەشیان هەبێت، بەڵام تۆ دەتوانیت لە یەک کاتدا پزیشک، یان ئەندازیار، یان مامۆستا و هتد بیت، بەڵام بایی ئەوە هۆشیارییت هەبێت کە لەسەر کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگەکەت قسەت هەبێت و خاوەن خەمی گشتی بیت.


مایەی شەرم و خەجاڵەتییە کەسێکی پاشخان ئیسلامیی و تێگەیشتوو دەبینیت، کە لە ئێستا و ڕابردووشدا کەسایەتییەکی دیار بووە و لەسەر ورد و درشتی بابەتە ئاینییەکان قسەی هەبووە و هەیە، بەڵام لەم دۆخە ناهەموارەدا بە هیچ شێوەیەک ڕایەکی لێنابیسترێت کە بەرهەڵستییکردن و دژایەتییکردنی دەسەڵاتە ستەمکار و بێباکەکەی هەرێمی لێبخوێنرێتەوە، وەک ئەوەی ئیسلام ئاینێکی دوور لە خەمەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بێت و بۆ مرۆڤەکان نەهاتبێتە خوارەوە.


ڕابوونی ئیسلامیی لەم جۆرە کەسانەی زۆرن، ئەگەر چی بەراورد بە ژمارەی کەسە بوێر و دڵسۆزەکانیش کەم بن، ئەوەی لەم نێوەندەدا گرنگە ئەوەیە، هەموان لە نیاز و بێهەڵوێستیی ئەو جۆرە کەسانە ئاگادار بین و سبەی ڕۆژێ کە بارودۆخ ئاسایی دەبێتەوە و ترس و بیمێکی ئەوتۆ نامێنن، نەیەڵین بێنەوە بەر مەیدان و بە دوو قسەی لووس و بە ناوی ئاینەوە خەڵکی هەڵبخەڵەتێنن و بکەونەوە خۆهەڵکێشان و دابینکردنەوەی پێگە و بەرژەوەندییەکانی خۆیان.
پێغەمبەری سەروەرمان (د.خ) جوانی فەرمووە: (إن من أعظم الجهاد كلمة عدل عند سلطان جائر).

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure