پرۆسەی عەفرین، بە ئایینكردنی گوتاری سەرۆكایەتی توركیا
ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان
كەرەم سەعید
بەدەر لە رەهەندە ناوخۆیی و هەرێمییەكان كە پاڵنەر
بوون بۆ رژیمی توركیا لە ئەنجامدانی پرۆسەی عەفرین، ئەو پرۆسە رەهەندێكی دیكەی
گرنگی لە گوتاری سەرۆكایەتی توركیا ئاشكراكرد، ئەویش بریتیبوو لە بەئایینكردنی ئەو
گوتارە، لە رێگەی بەكارهێنانی دەقی قورئانی و فەرمودەكانی پێغەمبەر و پەندە
كەلەپوریەكان بەشێوەیەكی چڕوپڕ لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆكی توركیا وەك
هەوڵێك بۆ بەرزكردنەوەی دەسەڵاتەكەی و چەسپاندنی بۆچونە سیاسی و ئایدۆلوجییەكانی،
بە تایبەت لەگەڵ نزیكبونەوەی هەڵبژاردنەكان كە بریارە لە ساڵی 2019 ئەنجام بدرێت.
سەرۆكی توركیا لە زۆربەی گوتارە سیاسییەكانیدا ئەم
دەستەواژەیە بەكاردێنێت "ئێمە نەوەی عوسمانییەكانین" وەك جەختكردنەوەیەك
لە ئاڕاستە عوسمانییەكانی و هەوڵێك بۆ زیندوكردنەوەی میراتی عوسمانییەكان لە رێگەی
هەڵكشانی سیاسی و جوگرافی لە نێو هەندێ لە وڵاتە عەرەبییەكاندا.
لەگەڵ پرۆسەی سەربازی "چڵە زیتون" لە
عەفرینی سوریا كە لە (20/1/2018 )ەوە دەستی پێكردووە، بەئایینكردنی گوتاری سەرۆكایەتی
توركیا زیادیكردوە وەك هەوڵێك بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو شەڕە قورسانەی لە ماوەی چەند
رۆژی رابردودا لە ئارادان و بەهۆیەوە دەیان كوژراو و بریندار لە چەكدار و هاووڵاتی
سڤیل كەوتۆتەوە و كاولكارییەكی زۆر بە گوند و شارۆچكەكانی ناوچەكە گەیشتوون، ئەمەش
وایكردووە ئەنقەرە رووبەڕووی رەخنەیەكی بەرفراوان ببێتەوە، تەنانەت ماكرۆن سەرۆكی
فەرەنسا ئەو پرۆسە سەربازییەی بە داگیركاری وەسفكرد.
پەنابردنی سەرۆكی توركیا بۆ ئایەتی قورئانی و ئەو
شیعر و چامانەی كە خاوەن سیمایەكی ئایینی و مێژوویین شتێكی تازە نییە، بەڵكو
لەوكاتەوە ئەردۆگان جڵەوی دەسەڵاتی سیاسی
لە توركیا گرتۆتە دەست سورە لەسەر دووبارەكردنەوەی، بەڵام ئەوەی تازەیە راكێشانی
بەرامبەر و كۆكردنەوەیان بەدەوری بە ئایینكردنی گوتاری سەرۆكایەتی توركیا گەیشتۆتە
ترۆپك و بۆتە مایەی پاشەكشێی رووبەرە هاوبەشەكانی نێو كۆمەڵگەی توركی، جگە لەوەی
وایكردووە لەكاتی ئیدارەدانی پەیوەندییە دەرەكییەكانی توركیا بە تایبەت لەگەڵ
دەوڵەتانی دراوسێیدا پشت بە دیدێكی ئایدۆلۆجی ببەستێت.
وەبەرهێنانی سیاسی لە بەئایدۆلۆجیكردنی گوتارە
سەرۆكایەتییەكاندا ئەو دەمە بە ئاشكرا دەركەوت كە ئەردۆگان داوای لە هاووڵاتیانی
توركیا كرد بچنە مزگەوتەكان و سورەتی "ئەلفەتح" بخوێنن كە تایبەتە بە
ئەنجامگەیاندنی كار و هێنانەدی خواست و مراز لە پێناو سەرخستنی هێزەكانی توركیا لە
پرۆسەی سەربازی "چڵە زیتون"، سەرۆكایەتی كاروباری ئایینیش لەگەڵ
دەستپێكردنی پرۆسەكەدا ئیمامی مزگەوتەكانی لەوە ئاگاداركردەوە كە سورەتی
"ئەلفەتح" پێش نوێژی خەوتنان و بەیانیان بخوێنن، ئەنجومە ئایینیەكانیش
كە توركیا بەناوی ئەنجومەنەكانی زانایانی ئایینی لە ئەفریقا و ئاسیا دایمەزراندووە
بانگەشە بۆ ئەو هەڵمەتە سەربازییەی توركیا دەكەن و نوێژ بۆ سەركەوتنی جیهادی
توركیا دەكەن.
بەئایینكردنی ئەوەی لە عەفرین دەگوزەرێ شتێكی تازە
نییە، پێشتریش ئەردۆگان لە كاتی كودەتا شكستخواردووەكەی 2016 ئاماژەی
بەوەدا كە ئەوە دیارییەكی خودا بووە، بەر لەوەش لە گوتارێكیدا بۆ زیندوكردنەوەی
یادی فەتحی عوسمانی ساڵی 1453 كە بارەگای دەسەڵاتی عوسمانییەكان گواسترایەوە بۆ
پایتەختی بێزەنتییەكان، ئەردۆگان لە ئەستەمبوڵ رایگەیاند: بوار نادەینە ئەوانەی
دژایەتی بانگدان لە مزگەوتەكاندا دەكەن، ئەردۆگان لە بەردەم لایەنگرانیدا وتی
"دەرفەت نادەینە ئەوانەی دەیانەوی ریشەی فەتح بكوژێننەوە كە 562 ساڵە لە دڵی
ئەستەمبوڵدا داگیرساوە".
ئەردۆگان دەیەوێـت لەرێگەی بە ئایینكردنی گوتاری
سەرۆكایەتی كۆمەڵێك ئامانج بپێكێت كە ئاماژە دەدەین بە دوو لەو ئامانجانە،
یەكەمیان قەناعەتپێكردنی رەوتی كۆنسێرڤاتیڤی ئایینینە لە نێویاندا كورد و
نەتەوەپەرستە بەدینەكان بۆ ئەوەی ببنە فاكتەری بنەڕەتی و یەكلاكەرەوە لە
هەڵبژاردنەكانی داهاتودا كە سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان هیواخوازە لە رێگەیەوە
ببێتە "سوڵتانێكی عوسمانی" بە دەسەڵاتێكی رەهاوە، دووەمیان بەئایینكردنی
گوتاری سەرۆكایەتی دەچێتە خانەی ئەو پروپاگەندانەی ئەردۆگان ئەنجامی دەدات بۆ
مانەوەی لە ترۆپكی دەسەڵات لە لایەك و خستنەگەڕی ئاڕاستەكان بۆ گێڕانەوەی میراتی
عوسمانییەكان لە لایەكی ترەوە، بۆیە ئەردۆگان لە هەموو قەیرانەكانی ناوچەكەدا هەڵی
وروژاندنی گوتاری بەئایینكردن دەدات، بۆ نموونە لە سوریا لە ژێر ناوی
"سەرخستنی موسڵمانانی بێتاوان"
هەزاران جیهادیی مەشق پێكردن و چەكداری كردن و رێگەی بۆ خۆشكردن بچنە
سوریاوە، ئەنجومەنێكیشی دامەزراندووە بەناوی "ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا"
كە "ئیخوان موسلمین" پاوانیان كردووە و وەلائیان بۆی هەیە.
ئەردۆگان بۆ پاساوهێنانەوە بە پرۆسەی سەربازیی
لەدژی یەكینەكانی پاراستنی گەل لە پاڵ هەڵمەتی سیاسیی و دیبلۆماسی و میدیاییدا پشت
بە ئایینكردنی ئەو گوتارە دەبەستێت كە بۆ پرۆسەی عەفرین كاری لەسەردەكات، ئەم بە
ئایینكردنەی گوتاری سەرۆكایەتی توركیاش لەو كاتەوە زیادی كردووە كە ئەردۆگان پەی
بەوە برد ئەركەكانی توركیا لە عەفرین سەختە بەهۆی تێكەڵبون و تێكڕژانی دەرهاویشتە سەربازی
و سیاسسی و جوگرافیەكان و بەهێزی و خۆڕاگری هێزەكانی سوریای دیموكرات.
لەم سۆنگەیەوە پەنابردنی ئەردۆگان بۆ وروژاندنی
هەستی ئایینی هەوڵێكە بۆ ناشرینكردنی نەیارە عەلمانییەكانی، هەروەك چۆن پێشتر
سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری كە پارتێكی ئۆپۆزیسیۆنە و لەلایەن ئەتاتوركەوە دامەزراوە
بەوە تۆمەتبار كرد كە دژی ئایینە، ئاوهاش سەرپەرشتی هەڵمەتێك دەكات بۆ دروستكردنی
گومان لە رادەی پابەندبوونی پارتی گەلانی دیموكراتی بە ئایین و ئەندامانی ئەو
حزبەی بەوە لە قەڵەم دا كە زەردەشتین، هەروەك دەزگاكانی راگەیاندنی سەر بە ئەردۆگان
دیمیرتاشیان بەوە تاوانباركرد كە گۆشتی بەراز دەخوات.
لەلایەكی دیكەوە ئەردۆگان دەیەوێت لەرێگەی بە
ئیسلامیكردنی گۆڕەپانی سیاسی جیاوازی ئیتنیكی و كلتوری و زمانەوانی لە بۆتەی
بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی عوسمانی نوێدا بتوێنێتەوە، بەجۆرێك جێگەی ئەو كەمینانەی
تیادا نەبێـتەوە كە لە دیدی ئەردۆگانەوە بارێكی قورسن لەسەر نەتەوەی تورك و تیرێكن
لە كەمەری ئاسایشی نەتەوەیی وڵات چەقیون و بەربەستێكن لەبەردەم گێڕانەوەی
سەروەرییەكانی دەوڵەتی خیلافەت.
سەرۆكی توركیا زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی ئایەتی
قورئانی و فەرمودەكانی پێغەمبەر دەكات كاتێك كە وەك خۆی وەسفی دەكات بۆ كۆتایهێنان
بە تیرۆریستان وڵاتەكەی شەڕی دادپەروەرانە لە دژی پارتی كرێكارانی كوردستان لە
خۆرهەڵاتی توركیا و عەفرینی سوریا و شاخی
قەندیلی باكوری عیراق ئەنجام دەدات، بەڵام رەفتاری سەربازانەی توركیا ئەوەی
دەردەخات كە بەگەڕخستنی قورئان و ئایین لە گوتاری سەرۆكایەتیدا دەچێتە خانەی
بەرگریكردن لە بەرژەوەندی تەسكی هەنوكەیی، ئەوەی ئەم راستییەش بەرجەستە دەكات
وێنەی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەیە كە بەهۆی پرۆسەی سەربازی توركیا لەدژی كورد بونەتە
قوربانی، بە تایبەت وێنەی سوكایەتیكردن بە جەستەی كوژراوەكان، كە دواهەمینیان
جەستەی شەرڤانێگی كورد بوو لە عەفرین بەناوی "بارین كوبانی" كەسەر بە
یەكینەكانی پاراستنی ژنان بوو لە عەفرین، كە دوای داكەندنی جل و بەرگەكەی
سوكایەتییان بەجەستەی كردبوو، هێزەكانی سوریای دیموكراتیش چەكدارانی سوپای ئازاد
كە باڵی هێزە زەمینییەكانی توركیان لە هێرشكردنە سەر عەفرین بە ئەنجامدانی تاوانی
قێزەونی نەبینراو تاوانبار دەكەن.
لە بەرامبەردا، بەكارهێنانی چروپڕی ئایین لە گوتاری
سەرۆكایەتی، جۆرێكە لە دوو فاقی و پێچەوانەیی لە گوتاری سیاسی توركیادا، چونكە لە
كاتێكدا ئەردۆگان بانگەشە بۆ پشتیوانیكردنی بێتاوانەكانی سوریا دەكات، رێكخراوی
هیومان رایتس وچ لە راپۆرتێكدا لە (3/2/2018 ) ئاشكرای كردووە جەندرمەكانی توركیا
توندوتیژی بەرامبەر ئەو هاووڵاتییە سوریانە بەكاردێنینت كە بۆ پەنابەری و
دۆزینەوەی شوێنێكی ئارام روودەكەنە سنورەكانی توركیا، بەجۆرێك ئەو جەندرمانە بە
فیشەك و مامەڵەی خراپ و راگرتنی هاوكاری تەندروستی ناچاریان دەكەن بگەڕێنەوە.
مەبەست لە بەئایینكردنی گوتاری سەرۆكایەتی توركیا
بەشێوەیەكی زیادەڕۆ لە لایەن ئەردۆگانەوە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەیدایە كە لەلایەك
دەیەوێ چنگی لە جەستەی دەوڵەت و كۆمەڵگەی توركیادا جێگیر بكات، لە لایەكی دیكەوە
دەیەوێت درێژە بە پرۆژەی زیندوكردنەوەی میراتی خیلافەتی عوسمانی بدات، بۆیە بە ئایینكردنی
ئەو گوتارە تەنها پەیوەست نییە بە ناوخۆی توركیاوە، بەڵكو بەشێوەیەكی چڕوپڕ
پەلدەكێشێت بۆ سیاسەتی دەرەوەی توركیا.
پەنابردنی ئەردۆگان بۆ بەئایینكردنی گوتاری سیاسی
ئەوە دەردەخات كە دەسەڵاتـی توركیا لە پشێویدایە، لە نێوان هەوڵدان بۆ
ئاڕاستەكردنی عەقڵی دەستەجەمعی توركیا و بانگەشە كردن بۆ مافی دەستگرتن بەسەر ئەو
ناوچانەی پێشتر لە ژێر ركێفی خیلافەتی عوسمانیدا بوون، ئەردۆگان وا دەڕوانێتە شەڕی
عەفرین و شەڕەكانی دیكەی ناوخۆی وڵات كە شەڕی پیرۆزن و شیاوی ئەوەن جیهادیان لە
پێناودا بكرێت بە مەبەستی گەڕانەوەی "كۆمنۆلسی عوسمانی".