ئیسلامی سیاسی یان موسڵمانی سیاسی؟
مەلا یاسین وەرتی
هیچ سیاسەتێک لەم سەر زەویەدا، نە لە ئێستاو
نە لەڕابردوودا، سیاسەتی ئیسلام نەبوەو نیە، ئیسلام دینی خوایەو بێ خەوشە، سیاسەت ئیشی
مرۆڤەکانەو هەرچەند باش بێ بێهەڵەو کەمو کوڕی نابێ .
ئەوەی دەبێ سیاسەت بکات تاکی موسڵمانە نەک
(ئیسلام)، بەڵێ موسڵمان پێویستە لەهەموو کەس زیاتر لە سیاسەت بزانێ و سیاسەتیش بکات
بەڵام بەناوی خۆیەوە نەک بەناوی دینەکەیەوە، دەبێ بڵێ من موسڵمانم و سیاسەت دەکەم بەپێی
ئەو بنەماو پرەنسیپانەی ئیسلام دایناون ، بەڵام هەق نیە سیاسەتەکانی خۆی پاڵ بداتە
لای ئیسلام و دین، چونکە مرۆڤ بەگشتی و کەسی سیاسی بەتایبەتی چەندە موسڵمان و ئیمانداربێت
ناتوانێ بڵێ سیاسەتەکانی من تەواو بەپێی ئیسلامن ، پابەند بوونی مرۆڤەکان بە ئیسلامەوە
ڕێژەییەو کەس ناتوانێ گرەنتی ئەوە بدات هەموو بڕیارو هەنگاوەکانی موافقی شەرع دەبن
، بۆیە واباشە مرۆڤی موسڵمان لە سیاسەت کردندا زۆر خۆی نەداتە پاڵ ئاین و دروشمە دینیەکان
، بەڵام بەکردار چەندە بتوانێ پێ بەپێی شەرع بڕوات، بەوە باشترین خزمەتی دینی خواو
خەڵکی خواش دەکات .
چەندەها ئەسەرو ڕیوایەت باس لەوە دەکەن لەسەردەمی
پێغەمبەری خواو ڕاشیدین دا کاتێک سوپایەکیان بەڕێکردوە پێیان گوتراوە بەناوی خۆتانەوە
بەڵێن و پەیمان و حوکم بدەن بە دوژمنەکانتان نەک بەناوی خواو پێغەمبەرەوە، تەنانەت
پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم بڕیارو هەنگاوە سیاسی و سەربازیەکانی خۆی نەداوەتە
پاڵ خواو دینەکەی، دەوڵەتەکەشی بە دەوڵەتی مەدینە ناسراوە نەک دەوڵەتی ئیسلامی .
بەدرێژایی مێژووی موسڵمانان ئەوانەی زۆرترین
ناوو دروشمی دینیان بەرز کردۆتەوە گەورەترین زیانیان لە ئیسلام داوە ، هەر لەوانەوە
کە بەناوی ئالوبەیتەوە سیاسەتیان کردوە یان خۆیان ناوناوە الحاکم بامر اللە تا دەگاتە
دەوڵەتی داعش .
ئەو حیزب و لایەنە ئیسلامیانەش کە لە دوای
نەمانی خیلافەت لە چوارچێوەی بێداری و ڕابوونی موسڵمانان دروست بوون و ئیشی سیاسیان
بەناوی (ئیسلامی) یەوە دەست پێکرد زیاتر لەکاردانەوەی شەپۆلی بلۆکی شیوعی و ئایدیۆلۆجیای
کۆمۆنیستی بوو کاتێک ناسنامەی ئیسلامی موسڵمانان لەژێر هەڕەشەدا بوو، دەتوانین بڵێین
هەنگاوێکی ناچاری ئەو قۆناغە بوو ، هەق وایە لە ئێستادا پێداچوونەوەی بۆ بکرێ، سیاسەت
بە کاکڵێکی ئیسلامیەوە بکرێ بێ ئەوەی ببەسترێتەوە به دروشمی دینی .
(ئیسلامی
سیاسی) و (سیاسەتی ئیسلامی) دوو دروشمی ناڕاستن ساڵانێکە زۆر بەکاردێن، یەکەمیان لەلایەن
نەیارانی ئیسلام و ناوەندە عەلمانیەکانەوە بەکار دێت، بۆ جیاکردنەوەی ئەو موسڵمانانەی
بەدروشمی ئیسلامیەوە کاری سیاسی دەکەن لەوانەی سیاسەت ناکەن یان خزمەت بە سیاسەتی حیزبە
عەلمانیەکان دەکەن .
دوەمیشیان لەلایەن ناوەندو لایەنە ئیسلامیەکانەوە
بەکار دێت و مەبەستیان پێی ئەوەیە کە لە هەندێک لە سەرچاوەکاندا بە سیاسەتی شەرعی ناوبراوەو
زانایانی پێشوو چوارچێوەیان بۆ داناوە، هەندێک جاریش مەبەستیان پێی سیاسەتی خۆیان و
خەلیفەو دەسەڵاتدارە موسڵمانەکانی ڕابردووە .
نادروستی ئەو دوو دەربڕینە لەوەدایە هەردووکیان
سیاسەتی کۆمەڵێک مرۆڤ دەخەنە ئەستۆی ئیسلام، عەلمانی و چەپەکان دەیانەوێ لە ڕێی زاراوەی
ئیسلامی سیاسی هەرچی هەڵەو پەڵەی ئەو خەڵکە موسڵمانەی لەژێر دروشمی دینیەوە سیاسەت
دەکەن بداتە پاڵ ئیسلام، ئەوەش ستەمێکی گەورەیە لە ئیسلام دەکرێ، چونکە مەرج نیە ئەوەی
دروشمی ئیسلامی بەرز کردەوە ڕاست بکات ئەگەر ڕاستیش بکات مەرج نیە تەواو بی پێکێت .
زاراوەی (سیاسەتی ئیسلامی)ش بۆیە هەڵەو ناڕاستە
چونکە وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد هیچ گرەنتەک نیە ئەوەی زانایان ناویان ناوە سیاسەتی
شەرعی یان ئەو سیاسەتەی لایەنە ئیسلامیەکان پەیڕەوی دەکەن تەواو موافقی شەرع بێت و
نوێنەرایەتی خودی ئیسلام بکات ، بۆیە وا باشترە بەناوی کەسەکان یان حیزبەکان خۆیانەوە
ناوبنرێت .
لەکۆتایی دا دەبێ بزانین ئیسلام تەنها چوارچێوەیەکی
ئەخلاقی و چەند بنەمایەکی گشتی بۆ سیاسەت داناوە، بەڵام هونەری سیاسەت و ئیدارەکردن
و بەرەو پێش بردنی کۆمەڵگا ئیشی خەڵکە و دەبێ بەئەزموون و عەقڵ و زانستی خۆیان پێی
بگەن، پەیوەندی بە هیچ دین و ئایدیایەکەوە نیە .