ئایا ئیسلام ئایینێکی توندوتیژە؟
ئارام مەحمود ئەحمەد
نووسین: ئالان گرێش
بابەتی توندوتیژیی ئیسلام
بەردەوام لە ڕاگەیاندنەکانەوە باس دەکرێت. گوایە ئیسلام لە ئایینەکانی تر زیاتر توندوتیژە،
ئەویش بە هۆکاری پەیوەندیدار بە خودی دەقی قورئان یان کەسایەتیی پێغمەبەرەکەیەوە کە
بەو ڕێژەیەی ڕابەرێکی مەزهەبی بووە، ڕابەرێکی شەڕیش بووە.
"خوا ئەم خەڵکە ڕادەستی تۆ دەکات و بەسەر ئەو
خەڵکەدا تۆقاندنێک نیشان دەدات کە دەبێتە هۆی لەناوچوونیان. ئەو پاشاکان بەرامبەر تۆ
شکست دەدات و تۆ ئەوان لەناو دەبەی، هیچ کەسێک لە بەرامبەر تۆدا خۆی ناگرێت و تۆ هەموویان
لەناو دەبەیت."
ئایا ئەم بانگهێشتە بۆ
کوشتار لە دەقی قورئانەوەیە؟ نەخێر، دەقی تەورات سەردەمی دێرین، کتێبی شەشەم، لە ئایەتەکانی
٢٣ و ٢٤ وەرگیراوە. هەروەها دەتوانرێت لەو دەقەدا بخوێنرێتەوە کە «هێرش بکەرەوە سەر
دوژمنەکانت و پارچە پارچەیان بکە! ئێستا سەرجەم منداڵە نێرەکان بکوژن و هەموو ژنەکان
کە هاوسەریان نییە بکوژن» (تەورات، بەشی شەشەم، ئایەتەکانی ١٦ و ١٧).
«گومان مەکەن کە من بۆ سەپاندنی ئاشتی لەسەر ڕووی
زەوی هاتووم، من بۆ هێنانی ئاشتی نەهاتووم، بۆ دەسەڵاتدار کردنی شمشێر هاتووم. من هاتووم
بۆ ئەوەی لە نێوان کوڕ و باوک، کچ و دایک، بووک و دایکی هاسەر ناکۆکی دروست بکەم. مرۆڤ
دوژمنەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا دەبێت.» (ئینجیلی ماتیۆ، بەشی ٥، ئایەتەکانی ٣٤ تا ٣٦)
دەتوانرێت ئەم وتەیەی عیسا
مەسیحیش بهێنرێتەوە «لەبارەی دوژمنەکانی منەوە، کەسانێک کە نەیاندەویست من دەسەڵاتداریان
بم، بیانهێننە ئێرە و لەبەردەمی مندا سەریان بپەڕێنن!» (ئینجیلی لوقا، بەشی ١٩، ئایەتی
٢٧)
پاساوی یەکگرتن و شەڕەکان
قورئانیش بە نۆبەی خۆی
پڕە لە بابەتی ترسێنەر، ئایا ئەمە لە دەقە پیرۆزەکانی تر ترسێنەرترە؟ (جاکلین شابی)
مێژووناس خوێندنەوەیەکی خەڵکناسی بۆ قورئان ئەنجامداوە و توندوتیژییەکانی قورئانی لەگەڵ
هاوشێوەکانی لە ئینجیلدا بەراورد کردووە. بە بۆچوونی شابی لە کۆتاییدا توندوتیژی ناو
قورئان لەو ڕێژەیە کەمترە کە لە تەوراتدا هەیە. هۆکاری سادەی ئەمە ئەوەیە کە قورئان
لە چوارچێوەی پەیوەندییە خێڵەکییەکاندا هەبووە و تێیدا شەڕ بە خێرایی کۆتایی هاتووە،
چونکە یاسای (چاو لە بەرامبەر چاو) بۆ مانەوەی خودی گرووپە ناکۆکەکان مەترسیدار بووە.
ئەوەش جێی سەرنجە کە لەو
سەردەمەی ئەم دەقانەی تێدا نووسراوە، هیچ سەرنجێک لە مافەکانی مرۆڤ یان یاساکانی شەڕ
نەبووە و لە هزری هیچ کەسێکدا نەبووە دژی سزاکانی مەرگ بوەستێتەوە.
دەقە پیرۆزەکان کەمتر لەوەی
هۆکاری شەڕەکان بن، لە قۆناغەجیاجیاکاندا پاساو بۆ توندوتیژی دێننەوە. بەڵام ئەمە بەردەوام
دژی (دوژمنانی باوەڕ) نەبووە.
وەک (جەک گودی) خەڵکناسی
بەریتانی لە بارەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی دەڵێت «ساڵی ١٥٣٩ شارلی پێنجەم لە کاتێکدا
کە نەیدەتوانی لەگەڵ پرۆتستانتەکان ڕێکبکەوێت، هەوڵیدا لەگەڵ عوسمانییەکان دەست لە
دوژمنایەتی هەڵگرێت. لە هەنگاریا کاتێک (فێردیناند هابسبۆرگ) خۆی وەک پاشا ڕاگەیاند،
(ژان ئول زاپولیا)ی ڕکابەری لەگەڵ سوڵتانی عوسمانی یەکیگرت بۆ ئەوەی پارێزگاری لە تاجەکەی
بکات. فێردیناند لە کاتی خۆیدا بە دوای ئەو پاراستنەوە بوو کە ئەوانی تر پێش و دوای
ئەو عەوداڵی بوون: فرانسوای یەکەم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی ئیمپراتۆری، ئێلیزابێس
ئیر بۆ دروستکردنی بەرەیەک لە بەرامبەر هیزی کاسۆلیکەکان.» هەموو دەسەڵاتدارێک لە دەقە
مەزهەبییەکاندا پاساوێکی دۆزیەوە بۆ هاوپەیمانێتی پێچەوانەوەی سروشتی خۆی.
لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵی ئایینەکان
لە شەڕەکانی سەدەکانی نۆزدە و بیستدا بە دیاریکەر دانانرێن. شەڕی ڕووسیا لەلایەن ناپلیۆن
پۆناپارت ساڵی ١٨٨٢ (کارەساتێک) بوو، زەمینەی بۆ توندوتیژییەکانی دواتری شەڕی جیهانی
یەکەم ئامادە کرد. لەبارەی دوو شەڕی جیهانی سەدەی بیستەمەوە، ئایین تێیاندا ڕۆڵی لاوەکی
هەبوو، ئەمەش لە کاتێکدا کە ئایدۆلۆجییە نامەزهەبییەکانی وەک کۆمۆنیزم، نەتەوە پەرستەکان،
نازییەکان، فاشیستەکان ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو.
شیکارە جیاوازەکان
دەقە مەزهەبییەکان کە مێژوویەکی
چەند سەد ساڵە یان چەند هەزار ساڵەیان هەیە، زیاتر بە شێوەیەکی نادیار نووسراونەوە،
کە ڕێگە بۆ شیکاری جۆراوجۆر و مشتومڕ بە کراوەی دەهێڵنەوە. کڵێسای کاسۆلیک کە لە دەوری
پاپا کۆبوونەوە، دادوەری بزووتنەوە جیاجیاکانە لە لایەنگرە مەزهەبییەکانەوە تا توندوڕەوە
کۆنەپەرستەکان.
لە ئیسلامدا ئەمە زیاتر
بەرچاو دەکەوێت، چونکە تێیدا هیچ مەرجەعێکی باڵا بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان بوونی نییە
و بە درێژایی مێژوو شیکاری جیاواز بۆ قورئان خراونە ڕوو. بەمشێوەیە ساڵی ١٩٥٠ ژنە میسرییەکان
بۆ داواکردنی مافی دەنگدان ڕژانە سەر شەقامەکان، ئەزهەر وەک باڵاترین مەرجەعی سوننە،
بە بڵاوکردنەوەی فەتوایەک ڕایگەیاند کە دەنگدانی ژنان پێچەوانەی بنەما ئایینییەکانە،
دە ساڵ دواتر ژنانی زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەکان مافی دەنگدانیان هەبوو.
لە واقیعدا لە قورئاندا
سورەتی توندوتیژی هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە لەلایەن ئەم یان ئەو شێکەرەوەوە
چۆن شیدەکرێنەوە. ئەوەی کە شێخ (سی حەمزە بوبەکر) لە بارەی ئەم ئایەتەی قورئان «بجهنگن
له پێناوی ڕێبازی خوادا دژی ئهوانهی كه دژتان دهجهنگن، نهكهن دهستدرێژی بكهن،
چونكه بهڕاستی خوا ئهو دهستدرێژكهرانهی خۆش ناوێت.» (سورەی بەقەرە، ئایەتی
١٩٠) بەمشیوەیە شی کردووەتەوە «ئەم ئایەتە مەحکوم کردنی هەموو شێوازەکانی توندوتیژییە
کە دژی ژنان، منداڵان، پیرەکان، کۆیلەکان یان باوەڕداران و بەشێوەیەکی گشتی ئەو کەسانەی
لە شەڕدا بەشدار نین، بەکاردێت، ئەشکەنجەدەران پێویستە لەبارەی ئەم داواکارییەی قورئان
قوڵ ببنەوە. ڕووخاندنی تەلارەکان، لەناوبردنی درەخت یان بەرهەمی کشتوکاڵی و کوشتنی
گیانەوەرانیش بە دەرچوون لە فەرمانی خوا هەژمار دەکرێن.» ئەڵبەتە ئەمە ئەو شیکارە نییە
کە موفتییەکانی قاعیدە یان داعش بۆ قورئان پێشکەشی دەکەن.
دەقە مەزهەبییەکان دەبنە
ئەوەی کە باوەڕداران دەیانەوێت
بۆ گەڕانەوەی دووبارە بۆ
لێکۆڵینەوەی مێژوویی و خەڵکناسانەی قورئان پێویستە سەرنج لەو واقیعییەتە بدرێت کە ڕووبەڕووبوونەوەکانی
کاتی هاتنە خوارەوەی قورئان تەنیا چەند گرووپێکی سنورداری لەخۆدەگرت و کافرەکان و ئەوانەی
وەڵامی پەیامەکەی پێغمەبەریان دەدایەوە تەنیا لەو گرووپ و لایەنگرانەدا سنوردار دەبوو،
نەک بە شێوەیەکی گشتی بۆ پەیڕوانی مەزهەبەکانی تری وەک مەسیحی، یەهودی یان گرووپە جیاجیاکان
یان بێ باوەڕەکان.
گشاتاندنی کافرەکان شیکارێکە
لەلایەن بزووتنەوە توندڕەوە ئیسلامییەکانەوە بە مەبەستی سیاسی – مەزهەبی بەکاردێت.
ئەوە هەڵەیە کە ڕەخنەگرانی ئیسلام ئەوانە وەک شیکاری باو دەناسێنن، کە گونجاوە لەگەڵ
یاسا مەزهەبییەکان، پێویستە ئەوە بیربهێنرێتەوە کە بە ڕێژەی مەسیحییەت جۆراوجۆری هەیە.
پێویست ناکات جەخت لەسەر
ئەو واقیعییەتە بکرێتەوە کە مەسیحییەت کە خۆی وەک ئایینی خۆشەویستی بۆ ئایندە دەنوێنێت،
لەلایەن داگیرکەرانی ئەمەریکاوە بۆ لەناوبردنی خەڵکانی ڕەسەنی ئەم کیشوەرە بەکارهات.
بانگەشەی ئەوەی کە ئایین هۆکاری شەڕەکانە یان سروشتێکی شەڕەنگێزی هەیە، ئایدیایەکی
هەڵەیە. ڕاستییەکە ئەوەی کە دەتوانرێت سوود لە هەموو باوەڕەکان بۆ دروستکردنی شەڕ وەربگیرێت.
قورئان، تەورات یان ئینجیل یان دەقە بووداییەکان، ئەمانە نە دەقی ئاشتیخوازن و نە دەقی
شەڕخواز، نە بانگهێشتی خۆشەویستی دەکەن و نە بانگهێشتی نەفرەت. شتێکن کە باوەڕداران
بەپێی هەلومەرجە مێژوویی و کۆمەڵایەتییە بەردەوام گۆڕاوەکان شیکاریان بۆ دەکەن.
سەرچاوە: https://orientxxi.info/magazine/articles-en-farsi/article2695