دراوە ئیسلامیەکانی سەدەی حەوتەمی زاینی چیمان لەسەر عەرەبە موسوڵمانەکان پێ دەڵێت و دەبێت ئێمەی کورد چیان لێوە فێرببین؟
سۆران حەمەڕەش
تێگەیشتنمان لەسەر عەرەبە موسوڵمانەکان بە تایبەتی لە قۆناغی سەرەتای هاتنیاندا، زۆر سادە و تا ڕادەیەکی زۆر بارگاویە بە ڕقێکی قوڵی علمانی یان خۆشەویستیەکی زۆری ئاینداری. لەو نێوانەدا شتەکان لە خوێنەری ئاسایی و هەندێک جار لە خەڵکی ڕۆشنبیریش لێڵکراون. هەندێک دەڵێن کورد هەمووی زەردەشتی بوون و عەرەبە موسوڵمانەکان بە هاتنیان ئاینی کوردیان گۆڕیوە و هەندێکی تر دەڵێن کە کورد بە ئارەزووی خۆی چووەتە سەر ئاینی ئیسلام و چەندین بۆچوونی لاینەگرانەی تری لەو جۆرە. جا ئەمانە بۆچوونی ئارەزوومەندانەن و هیچ لە تێگەیشتنمان زیاد ناکەن لەبەر ئەوەی لەسەر بناغەی لێکۆڵینەوە و بە متمانەکرد لەسەر بەڵگە دانەڕێژراون. ئەوانە بۆچوونی خۆمانن و دەمانەوێت بەرگی مێژووی بکەینە بار.
جا لێرە لەم وتارەدا هەوڵ نادرێت بە قوڵی باسی ئەو سەردەمە بکرێت بەڵام سەیری دراوی دوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی عەرەبە موسوڵمانەکان دەکرێت کە هەندێک زانیاری سەیر لەسەر ئەو قۆناغە دەخەنە ڕوو و وانەیەکی گەورەشمان پێ دەدەن.
یەکێکێک لەو دراوانە هی ناوچەکانی ئێران و عێراقی ئەمڕۆیە کە پێشتر ساسانیەکان تێیدا باڵا دەست بوون (بڕوانە دراوەکەی لای ڕاست). ئەو دراوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٦٩٢-٦٩٤ زاینی، واتە دوای سەردەمی خەلیفە ڕاشیدیەکانە. سەرنج دەدرێت ئەم دراوە لە ڕواڵەتدا بە تەواوی وەک پارەی ساسانیەکان دەردەکەوێت. لە دێوێکی کەلەسەری پادشای ساسانی وەک خۆی بێ دەستکاری لەسەر ماوە. هەروەها ئاگری زەردەشتیەکان لە دیوی دووەمدا دانراوە. تاقە گۆڕانکاری کە لە دراوەکەدا کراوە دانانی دەربڕینی ئیسلامی (بسم الله ) و (محمد رسول الله) یە. ئەم دراوە لە زۆر ڕووەوە دژایەتی ئاینی ئیسلام دەکات لەبەر ئەوەی یەکەم ئاگری زەردەشتی و دووەم شێوەی مرۆڤی لەسەر نەخشێنراوە کە ئەو دوو کارە هەردووکی بە تەواوی پێچەوانەی بیروڕای ئیسلامن. جگە لەوەی کە وێنەی پادشای دوژمن و سیمبوڵی ئاینەکەی کە زەردەشتی بووە، وەک خۆی دانراوەتەوە.
دراوی دووەم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی معاویەی کوڕی ئەبو سوفیان و دراوەکە لە سەردەمی ئەمەویدا لە نێوان ساڵانی ٦٦١-٦٨٠ لێدراوە (بڕوانە دراوەکەی لای چەپ). ئەوەی کە سەرنج دەدرێت لەم دراوەدا ئەوەیە کە وێنەی کەسێکی لەسەرە کە خاچی کریستیانی بەدەستەوەیە و خاچەکە لەسەر سەریشی دانراوە. لە دیوی دووەمدا هەموو سیمبوڵە ئاینیە دێرینەکانی تێدایە. ئەستێرە و مانگ کە زۆر پێشتر لە سەر دراوی ساسانی و ڕۆمیش هەبوون هەروەها خاچی کۆنی میسری دەبینرێت کە لە نووسینی هیرۆگڵێفی میسریدا بەکارهاتووە و پەیوەستە بە بیروباوەڕی ئاینی میسری کۆنەوە و زۆربەی کەسایەتیە ئاینیە دێرینەکانی میسر بەدەستیانەوە بووە. لە ڕاستیدا تاقە سیمبوڵی عەرەبی کە لەسەری نووسرابێت (بسم الله) لە دیوێکیەتی لە دیوەکەی تری وشەی (طیب) نووسراوە. جا عەرەبەکان لەو ناوچانەدا هەر لە ڕووی شکڵەوە دراوەکانیان لە ڕۆم وەرنەگرتووە بەڵکو ناوی دراوەکەشیان بە تەواوی ڕۆمیە. (درهم) ی عەرەبی لە (دراخما) ی یۆنانیەوە وەرگیراوە و (دینار) لە (دیناریۆس) ی ڕۆمەوە وەرگیراوە کە هەردووکیان دراوی ئەوان بوون. واتە هەردوو ناوەکەش وەک خۆی وەرگیراوە.
تا ئێرە باسەکە لەسەر نەخشی سەر دراوەکە بوو، بەڵام لە ڕاستیدا نەخشەکانی هەموو سەردەمێک ڕەنگدانەوەی هەلومەرجی سەردەمەکەن.
ئەو نەخشانە بە ڕوونی دەری دەخەن کە ئیسلام لە سەرەتادا بەو جۆرە نەبووە کە ئەمڕۆ هەندێک خەڵکی کۆنەپارێز بۆ خەڵکی باس دەکەن. دەبینرێت لە ناچاری و لەبەر نەبوونی توانای عەرەبە موسوڵمانەکان، هێشتا بە ڕوونی هەموو سیمبوڵە نائیسلامیەکانیان نەک لە ژیانی ڕۆژانەدا قبوڵ بووە بەڵکو لەسەر دراوی ئیسلامیش قبوڵیان بووە. هەروەها نیشانی دەدات کە سیمبوڵە ئاینیەکانی وەک مانگ و ئەستێرە و تەنانەت خاچی میسری کۆن کە هەموویان بیروباوەڕی ئاینی دێرینیان لە پشتەوەیە قبوڵ کراو بوون. نەک هەر قبوڵکراو بوون، ئەستێرە و مانگی سەر دراوی ساسانی و ڕۆمی کە بنەچەکەیان سۆمەریە (پێشتر بابەتم لەسەری نووسیوە)، عەرەبە موسوڵمانەکان وەک خۆی وەریان گرتووە و ئەمڕۆ وەک سیمبوڵێکی ئاینی ئیسلامی ڕەسەن خراونەتە سەر مزگەوتەکان و لەسەر ئاڵای زۆر وڵاتی ئیسلامی دەبینرێن و بە سیمبوڵێکی ئیسلامی و تا ڕادەیەکیش پیرۆز سەیردەکرێن و ئەم ئاڕاستەیە هەتاوەکو دوای سەردەمی خەلیفە ڕاشیدیەکان بەردەوام بووە.
ئێمە چی لەم دراوانەوە فێر ببین؟
وەک ئاماژەی پێکرا، ئەو ڕوخسارەی کە لە لایەن خەڵکانی علمانیەوە لە هزرماندا چەسپێنراوە کە ئەوەی هەر کەس موسوڵمان نەبووبێت ملی پەڕێنراوە بێ بناغەیە و بەهەمان شێوە ئەو ڕوخسارەی خەڵکانی دیندار چەسپاندوویانە کە گوایە لەو سەردەمەدا موسوڵمانان پەیڕەوی ئاینێکی پاکوبێگەردی سەلەفیانەیان کردووە، ئەویش وێنەیەکی خەیاڵی بێ بناغەیە و شتەکان بە تەواوی پێچەوانەی ئەو هەقایەتە ئاینیانەیە کە ئەو سەردەمە وەک سەردەمێکی میسالی ئاینی دەخەنە ڕوو.
ئەم دراوانە رەنگدانەوەی سەردەمێکن کە دەبینرێت تێیدا موسوڵمانە عەرەبەکان نەیانتوانیوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە دوای دامەزراندنیان بتوانن گۆڕانکاری لە بیروباوەڕی خەڵکدا بکەن، نەک هەر نەیانتوانیوە بەڵکو ئەو بیروباوەڕانە کە هی سەردەمی "بتپەرستی" بوون قبوڵ کراو بوون و کاریگەریان لەسەر ئاینی ئیسلام بەجێهشتووە و ئەستێرە و مانگی ئیسلام نموونەیەکی زەقی ئەو دیاردەیەیە. واتە ئەو وێنەیەی کە لە هزری تاکی موسوڵماندا چەسپێنراوە، وێنەیەکی خەیاڵیە و لە سەردەمی دێریندا جۆرێک لە سنگفراونی هەبووە و قبوڵی بیروڕای جیاواز کراوە و بیر وباوەڕی دێرنیش سەرەڕای نەگونجانیان لە بناغەوە لەگەڵ ئاینەکەدا، بەڵام کاریگەری گەورەیان لەسەر ئاینە نوێکان بەجێهێشتووە و زۆر لایەنی گۆڕێون، بێ جیاوازی.
جا لەبەر ئەم هۆکارەیە کە مرۆڤ کریستیان،ئێزدی، کاکەیی، جوو، زەردەشتی یان هەڵگری هەر بیروباوەڕێکی ئاینی بیت، دەبێت بە سنگێکی فراوانەوە سەیری بیروباوەڕی ئاینەکەی تر بکات و ئاگاداری ئەو ڕاستیەش بێت کە ئاینەکەی ئەویش وەک هەموو ئاینەکانی تری جیهان پڕن لە بیروباوەری دێرین کە زۆر جار لەگەڵ تێگەیشتنی ئەمڕۆی ئاینەکەیاندا ناگونجێن. بۆیە تاقە چارەسەر هەر یەکتر قبوڵکردنە کە لەو سەردەمەدا بەدی دەکرێت و لە کوردستانی ڕابردوو و تا سەردەمی نوێش زۆر کەس هەر لەبەر هەمان هۆکار بووە کە پەیڕەوی ڕێچکەیەکی موسوڵمانیی سۆفیگەرانەی سنگفراوانی کوردانەیان کردووە پێش ئەوەی کە ڕەشەبای نوێی ڕێچکەی سعودی هەڵبکات بەرەو ناو کوردان و بیانەوێت وێنەیەکی نامۆی وشکی بێ بناغە و خەیاڵی لەناو هزری نەوەیەکی نوێی موسوڵمانی کورد دا دابڕێژن. وێنەیەک کە هیچ کات لە مێژووی ئاینەکەدا بوونی نەبووە و نامۆ بووە بەو موسوڵمانیەی کە سۆفیە کوردەکانی وەک عومەری سورەوەردی و مەولانا خالید و برایم کوردی گۆرانی شارەزووری و سەدانی تر پەیڕوەیان کردووە.
ئەوەی کە ڕوونە لە هەموو جیهاندا هەر ئاینێک لە ناوچە نوێکەیدا بەرگێکی تر بۆخۆی دەپۆشێت، کریستیانەکانی ئەفریقا و ئەوروپا و ئاسیا و ڕۆژهەڵات جیاوازن لەیەکتری. لە ناو ئەوروپا خۆشیدا بە هەمان شێوە جیاوازی ڕوون لە نێوانیاندا هەیە. ئەمەش لە ناو ئاینەکاندا دیاردەیەکی سروشتیە و لە ئاینەکانی تردا بەدی دەکرێت و ئیسلامیش وەک هەر ئاینێکی تر ئەو دیاردەیە تێیدا ڕەنگی داوەتەوە. موسوڵمانان بەپێی فەرهەنگە جیاوازەکانیان، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئاینەکەوە ئەو جیاوازی بینینەیان بەدی دەکرێت. باوباپیرانی ئێمەش بە هەمان شێوە ئەوانەی کە بوونەتە موسوڵمان، پەیڕەوی ئیسلامێکی کوردانەیان کردووە و بناغەی موسوڵمانی کوردی ئەوان دایان ڕشتووە. ئەو ئاڕاستەیەش هەر لەخۆیەوە نەبووە، ئەوە ئەنجامی تێگەیشتنێکی قوڵ بووە لە فەرهەنگی باوباپیرانیان و ئاینی ئیسلام. بەڵام لە بیست ساڵی ڕابردوودا ڕەشەبایەکی نامۆ کە وەک ئاینێکی نوێ خۆی دەنوێنێت خەریکە ئەو بناغە کوردیە کۆنە تێکدەشکێنێت و شتێک کە بە فەرهەنگی کوردی نامۆیە و زیاتر لەگەڵ هەوای تورکی و سعودیدا دەگونجێت و بەرگێکی سیاسی لەبەردایە، دەهێننە کایەوە. ڕێچکەی ئاینی کەسایەتیە گەورە کوردەکانی وەک عومەری سورەوەردی و مەولانا خالید و برایم کوردی گۆرانی شارەزووری و یوسف کوردی گۆرانی و هەموو ئەو زاتە مەزنە کوردانەی کە لە خۆیان و لە فەرهەنگ و ئاینەکەشیان تێگەیشتبوون لە ناو هەناوی فەرهەنگی کوردیەوە سەری هەڵدابوو و هەر ئاڕاستەی ئاینی ئەوانیشە کە لەگەڵ کەشوهەوای کوردیدا دەگونجێت.
تێبینی
- وێنەکەی لای ڕاست وێنەی دراوی ئیسلامی ناوچەکانی عێراق و ئێرانی ئەمڕۆیە و ئەوەی لای چەپ وێنەی دراوی ئیسلامی ناوچەی سوریای ئەمڕۆیە کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی ڕۆمەکاندا بووە.
- ئا لەم سەردەمەدا هێندە بزرین هەندێک موسوڵمانی کورد دوای کەسایەتیەکی ڕەگەزپەرستی سیاسی تورکی وەک فەتحوڵا گولەن دەکەون کەچی نائاشنان بە مەولانا خالیدی کورد.
- ئەو دوو دراوە تاقانە نین و سەدان دراوی ئیسلامی هاوشێوە لە جیهاندا پارێزراون.
لە فەیسبووکی نووسەر وەرگیراوە...